تورکیا هەڵۆکانی پەکەکە دەکاتە ئامانج

بەئامانج گرتنی دیار غەریب لەچوارچێوەی هەوڵێکی تورکیا دێت بۆ لاوازکردنی پەکەکە لەڕێگەی تیرۆرکردنی کەسایەتییە کاریگەرەکانییەوە

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

سوپای تورکیا لەڕێگەی بە ئامانج گرتنی سەرکردەو دامەزرێنەرانی پەکەکەوە، دەیەوێت ئەو حزبە بەتەواوی لاواز بکات کە چوار دەیەیە لەشەڕێکی خوێناویدایە لەگەڵی، بەڵام پەکەکە جەخت لەبەردەوامی بەرەنگاربوونەوەی ئەو وڵاتە دەکاتەوە.

دیار غەریب ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە و یەکێک لەدیارترین بەرپرسەکانی پەکەکە، دوایین سەرکردەی ئەو پارتە بوو کە بەهۆی بە ئامانج گرتنییەوە لەلایەن سوپای تورکیاوە لە بناری قەندیل گیانی لەدەستدا.

کەمتر لە ساڵێک لەگیان لەدەستدانی ئەو سەرکردەیەی پەکەکە، زەکی شنگالی ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە ناوەڕاستی مانگی هەشتی ساڵی رابردوودا و بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە شنگال گیانی لەدەستدا.

دیار غەریب یەکێک بوو لەو سەرکردە دەگمەنانەی ناو پەکەکە کە زیاتر وەکو سەرکردەیەکی سیاسی ناسرابوو نەک سەربازی، لەناو پارتێکدا کە لەساڵی ١٩٨٤ەوە لەشەڕدایە لەگەڵ تورکیا و مۆڵگەی سەرەکیان لە زنجیرە چیاکانی قەندیلە کە دەکەوێتە سێگۆشەی سنوری عێراق و ئێران و تورکیاوە.

تا ئێستا وردەکاریی گیان لەدەستدانی دیار غەریب دیار نییە و تورکیا و  کەجەکە قسەی جیاواز لەو بارەیەوە دەکەن.

بەپێی راگەیەنراوێکی کەجەکە کە حەوتی ئەم مانگە بڵاویکردەوە، دیار غەریب بەهۆی بۆردومانی سوپای تورکیا لە پێنجی ئەم مانگەداو لەگەڵ دوو گەریلای پەکەکە گیانی لەدەستداوە، بەڵام تورکیا دەڵێت رۆژی ٢٧ی مانگی رابردوو دیار غەریب کراوەتە ئامانجی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سوپای تورکیا و دەزگای هەواڵگری میت، لەهەمان ئەو رۆژەی کە بەهۆی بۆردومانێکی فڕۆکەکانی تورکیاوە سێ ئەندامی خێزانێک لەو شوێنە گیانیان لەدەستدا و چواری دیکەش برینداربوون.

فایەق گوڵپی سیاسەتمەداری نزیک لە پەکەکە بە ‌هاوڵاتى وت «تورکیا یەکێک لە پلانەکانی ئەوەیە سەرکردەکانی پەکەکە بە ئامانج بگرێت و شەهیدیان بکات، ئەمە پلانێکی درێژخایەنە و پێش هاتنی سەر دەسەڵاتی ئەکەپەش بڕیارێکی تورکیا هەبووە بۆ لەناوبردنی دامەزرێنەرانی پەکەکە».

وتیشی «بۆ نمونە ساکینە جانسز کە لەفەرەنسا شەهید کرا یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە بوو، تا ئێستا هەوڵی زۆریانداوە لەو بارەیەوە، پێشتر تیمێکی میت هاتبونە هەرێمی کوردستان بۆ شەهیدکردنی جەمیل بایک کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، تا ئێستا چەند هەوڵێکی دیکەشیان داوە».

رۆژی ١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠١٣ تەرمی ساکینە جانسز یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە و دوو هاوڕێی دیکەی کە لە ریزەکانی پەکەکە کاریاندەکرد، لە نزیک پەیمانگای کوردی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا دۆزرانەوە و پەکەکە تورکیای بە تیرۆرکردنیان تۆمەتبارکرد.

هەروەها ساڵی رابردوو پەکەکە دەستگیرکردنی تیمێکی میتی لەنزیک دوکان راگەیاند، کە بەوتەی ئەوان پلانیان بۆ تیرۆرکردنی جەمیل بایک دانابوو.

فایەق گوڵپی پێیوایە، هێرشەکانی ئێستای تورکیا هەڕەمەکی نییە کە شوێنێک بۆردومان بکات و بگەڕێتەوە، بەڵکو لەرێگەی سیخوڕەکانییەوە دەیەوێت شوێنی سەرکردەکانی پەکەکە دیاری بکات و بەئامانجیان بگرێت.

کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) پێیوایە، دیار غەریب کە ماوەی ٢٥ ساڵ بوو لە ریزی پەکەکەدا بوو، بە رێکەوت نەبووە، بەڵکو «تورکیا لەگەڵ نۆکەر و سیخوڕەکانیدا هێرشێکی پلان بۆکراویان لە دژی ئەنجام داوە».

هەروەها میدیاکانی نزیک لە پەکەکە، باس لە ئەگەری تێوەگلانی پارتی دەکەن لەو رووداوەدا، بەڵام ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لەبەرامبەر تۆمەتبارکردنی پاراستنی پارتی رایگەیاند « بوونی پەکەکە هۆکارێکی سەرەکییە، بۆ ڕاکێشانی شەڕو نائارامی بۆ ناو هەرێم».

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەچەند رۆژی ڕابردوودا، هەندێ میدیای نزیک لە پەکەکە، تۆمەتێکی ناڕەوایان خستۆتە پاڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، کە گوایە لە کوشتنی سەرکردەیەکیان تێوەگلاون، بەداخەوە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنی نێوخۆییش بۆ سوودی سیاسی پەرەیان بەم تۆمەتە بێ بنەمایەداوە».

هەروەها ئەنجومەنی ئاسایش تۆمەتەکان ڕەتدەکاتەوەو هێما بۆ ئەوەشدەکات « بوونی پەکەکە بەم شێوازەی ئێستایان لە هەندێک ناوچەی هەرێم هۆکارێکی سەرەکییە، بۆ ڕاکێشانی شەڕو نائارامی بۆ ناو هەرێم، چەندین ساڵیشە رێگرن لە ئاوەدانکردنەوەی زیاتر لە ٨٠٠ گوندو ئاوایی هەرێمی کوردستان».

جەختی لەوەشکردەوە «پەکەکە خۆی خستۆتە پەنای گوندەکان و بەوهۆیەشەوە هاوڵاتیانی مەدەنی بونە قوربانی»، ئەنجومەنی ئاسایش دژایەتی خۆشی بۆ سیاسەتی پەکەکە دوپاتدەکاتەوەو داواشدەکات، «کێشەکەیان بگوازنەوە بۆ گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خۆیان و ئەو ڕاستییە دەخەینەوەڕوو کوردستانێکی ئازاد پێویستیی بە ئازادکردن نیە».

بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە ئاژانسی رۆژ نیوزی نزیک لە پەکەکە بڵاویکردووەتەوە، دیار غەریب هەشت ڕۆژ پێش شەهیدبوونی لەگەڵ پێشمەرگە دێرینەکانیدا لەبناری قەندیل کۆبووەتەوە و باسی هێرشەکانی تورکیای کردووە.

فایەق گوڵپی پێیوایە، بۆیە تورکیا دیار غەریبی بە ئامانج گرتووە، «چونکە هەوڵیداوە بێدەنگی حزب و رێکخراوەکان و خەڵک لەباشور بەرانبەر هێرشەکانی تورکیا بشکێنێت و وەکو کەسێک دەرکەوتووە کە دەیەوێت پڕۆژەی تورکیا لە باشور تێکبشکێنێت، بۆیە بە ئامانج گیراوە».

وتیشی «تورکیا پێش لێدانی لەپەکەکە، ئامانجی ئەوەیە شەڕ لەنێوان لایەنە کوردییەکاندا دروستبکات و بۆئەوەی فەوزایەک دروستبێت و زەمینەی لەبار بۆ چارەسەری پرسی کورد لەبارببات».

بە ئامانجگرتنی دیار غەریب لەلایەن تورکیاوە هاوکاتە لەگەڵ توندبوونەوەی شەڕی چەکداری نێوان پەکەکە و تورکیا کە لەساڵی ٢٠١٥ەوە دەستیپێکردووەتەوە، دوای هەرەسی پڕۆسەی ئاشتی کە دوو ساڵ بەردەوام بوو.

محەمەد ئەمین پێنجوێنی سیاسەتمەدار پێیوایە، تورکیا شەڕی هەمەلاینەی راگەیاندووە بەرانبەر پەکەکە، ئەوان بەپێی توانای خۆیان روبەڕوویان دەبنەوە، هێرشەکانیش کاریگەری خۆیان دروستدەکەن،  چونکە تورکیا بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو هێرش دەکات.

باسی لەوەشکرد، ئەم کارانە کاری دەزگای هەواڵگرییە، کە لەم ناوە بڵاوبوونەتەوەو سیخوڕی زۆریان هەیە، کارەکانیش چاوەڕوانکراون.

بەوتەی پێنجوێنی «رەنگە شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە تا وەرزی زستان بەم شێوەیە بەردەوام بێت، چونکە ئەوکات بەهۆی سەختی ناوچەکەوە رەنگە تورکیا نەتوانێت بەم شێوەیە بەردەوامی پێبدات».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار