عەباسی كیاڕۆستەمی -ئەو ئێرانییەی سیمای سینەمای لەجیهاندا گۆڕی- 

5 ساڵ لەمەوپێش



 

حوسام فەهمی

شوان ئەحمەد كردویەتی بەكوردی

 (سینەما بەگریفیت دەستی پێكردو بەعەباسی كیاڕۆستیمی كۆتایی هات.(

بەم وشانە جان لۆك گۆداری دەرهێنەری فەرەنسی، باس لەكاریگەری عەباسی كیاڕۆستەمی دەكات لەسەر سینەما.

بۆ ئەوەی بەچەند وشەیەكی سادە ئەو ڕستەیە ڕون بكەینەوە، دەتوانین دەیڤد ۆرك گریفت وەها بناسێنین  كەدامەزینەری سینەمای ئەمریكیە لەسەرەتاكانی سەدەی بیستەمداو  بەتایبەتیش لەساڵی 1908.

ئەو یەكەم كەسە دەستی بەجوڵاندی كامێرا كردبێت و یەكەمین كەسیشە مۆنتاژی هاوتەریب و (كلۆز ئەپ)ی بەكارهێنا بێت، وەك چۆن یەكەم كەسە لەشوێنی وێنەگرتندا، وشەی (ئەكشن)ی بەزاردا هاتبێت.

بەڵام ئەوەی ئەو ڕستەیەی وتووە، (ژان لوك گۆدار)ی دامەزرێنەری شەپۆلی نوێی سینەمایە، لەپەنجا و شەستەكانداو یەكێكە لەباشترین دەرهێنەرەكان لەمێژووی سینەمادا.

كەواتە ماوەتەوە چی؟

ماوەتەوە ئەوەی بەعەباسی كیاڕۆستەمی ئاشنابین، ئەوكەسەی بەپێی ڕستەكەی گۆدار سینەما لەودا كۆتایی دێت.

ئەو كابرایە كێیە كەلەخۆرهەڵاتەوەو (بەدیاریكراویش لەئێرانەوە)دێت؟ ئەی چی كردووە تا شایەنی ئەو هەموو ڕێز و پیاهەڵدانە بێت؟ ئەی چ كاریگەریەكی لەسەر سینەما جێهێشتووە، تا ئەو ئاستەی گەورە دەرهێنەرانی دنیا ناچار بكات بەوەی، دان بەباڵادەستیدا بنێن و بۆ فێربوون و چێژبینینیش، بەدیار فلیمەكانیەوە دابنیشن؟

ئەی چۆن مردنەكەی لەوڵاتانی عەرەبیدا، ئاوەهاو بێ‌ هیچ گرنگی پێدانێك كەشایەنی باس بێت تێپەڕێ‌؟ یان چۆن پێشتریش ئاوڕمان لەژیانی نەدایەوەو زۆربەی زۆریشمان هیچ یەك لەفلیمەكانیمان نەبینی؟

كیاڕۆستەمی و سەر لەنوێ‌ پەیبردنەوە بەسینەما:

ئەوەندە نابێت جارێكی دی تەماشای فلیمی (كلۆز ئەپ)م کردەوە، وەک بەشدارییەک لەماڵئاوایی کردنی عەباسی کیاڕۆستەمی کەبەری چەند ڕۆژێک کۆچی دوایی کرد(٤ – ٧ – ٢٠١٦). ئەو کاتەم بیر هاتەوە کەبۆ یەکەمجار ئەو فیلمەم تێدا بینی.

ئێمە چەند هاوڕێیەك بووین كەحەزمان بەسینەما بوو، سەیری فیلمێكی ئێرانیمان دەكرد. فیلمی ئەو وڵاتەی هەمیشە لەخەیاڵدانماندا بەهەمان ئەو وێنە باوەوە دەردەكەوێت كەلەوڵاتانی عەرەبیدا باوەو ڕەواجی پێدەدرێت.

وێنەیەك وەها وێنای ئێران دەكات، وەك ئەوەی دەوڵەتێكی بەد و خراپە كارەو بەردەوام هەوڵدەدات خۆی لەكار و بارەكانمان هەڵقورتێنێت. دوای چەند دەقیقەیەك لەدەستپێكردنی فیلمەكە، ئەو وێنەیە كاڵبووەوە.

فلیمەكەش پەرۆشی ئەوە نیە وێنەی شتێك لەو شتانە نیشان بدات كەسەبارەت بەئیران لەدنیادا هەیە، بەڵكو ئەوەی فلیمەكە كاری لەسەر دەكات نزیك بوونەوەیە لەمرۆڤ، ئەو مرۆڤەی سەرباری هەموو شتێك، هێشتا هەر لەئێمەو مانان دەچێت و بەمرۆڤەكانی دیكەش دەچێت لەهەرجێیەكی دنیادا.

ئەوكات كەفلیمەكە تەواوبوو، نەمانزانی ئایا سەیری فیلمێكی دیكۆمێنتەریمان كردووە یاخود فیلمێكی درامی؟

هەرچیەكمان بینی ڕووداوگەلێكی ڕاستەقینەبوو كە (كیاڕۆستەمی) تۆماری كردبوون. واتە هەرچی ڕویدا، بەهۆی (كیاڕۆستەمی)یەوە ئامادەكاری بۆ كرابوو، هەروەها نوسرابووەوە. ئێمە ئەوەمان نەدەزانی، وەلێ‌ لەگەڵ ئەوەشدا دڵخۆش بووین بەو سەردانیكردنە خێرا و ڕاستەقینەیە كە (كیاڕۆستەمی) بۆ ناوجەرگەی ئێران بۆی فەراهەم كردین.

چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ڕەخنەگری سینەمایی (محەمەد میسری)، نوسیبووی: (بینەرانی فیلمی كلۆز ئەپ كەوتنە دۆخێكەوە،، هاوشێوەی بینەرانی سەرەتاكانی پەیدابوونی  سینەما لەسەدەی نۆزدەدا. ئەوكات سەروەختێك بینەران دەبینن شەمەندەفەرێك لەسەر شاشەیەكی سپی دەجوڵێت، وادەزانن ڕاستەو وایان لێدێت بەپرتاو هۆڵی سینەماكە جێدێڵن، لەترسی ئەوەی شەمەندەفەرەكە لەشاشەكە بێتەدەرێ‌ و بیانشێلێت. ئێمەش بەفیعلی دوای بینینی- كلۆزئەپ-، لەدۆخێکی وەهادا بووین. چەند ساتێک بەر لەكۆتایی تێگەیشتین كەدواجار بەچاخێكی نوێی سینەما ئاشنابووین و ئەوكات زانیمان، بۆچی گۆدار وتویەتی: سینەما بەگریفیت دەستی پێكردو بەكیاڕۆستەمی كۆتایی هات).

سینەما وەك چەند دەلاقەیەك كەبەخەون و خەیاڵ دەچێت:

لای كیاڕۆستەمی سینەما پێناسەیەكی زۆر جوانی هەیەو ئەو پێناسەیەش بەسەیركردنی بۆ ئەندێشەو ئەو ئەكتە دەستپێدەكات كە بەسەر زەمینی خەیاڵ و خەونەوە دەمانبەستێتەوە. لەو بارەیەوە دەڵێت: (زۆرجار لەخۆم پرسیووە، ڕۆڵ و وەزیفەی خەون چییە؟ لەكوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ بۆچی توانای ئەوەمان نییە خەو ببینین و بۆچی دەبێت خەون بینین؟ گەرخەون هیچ ڕۆڵێكی لەژیانماندا نەبێت، كەواتە هۆكاری بوونی دەبێت چی بێت؟).

دواجار هۆكارەکەیم دۆزینەوە. كەی پەنا دەبەینە بەر خەون؟ لەو ئان و ساتانەی كەبەبارودۆخی خۆمان ڕازی نابین.

سەیرترین شتت ئەوەیە هیچ دیكتاتۆرێك لەدنیادا، ناتوانێت كۆنترۆڵی خەونەكانمان بكات. سستمێكی لێپێچینەوە نیە بتوانێت، لەئەندێشەو خەیاڵاتی مرۆڤ بكۆڵێتەوە.

دەتوانن بتخەنە كونجی زیندانەوە، وەلێ‌ هێشتا توانای ئەوەت هەیە بەدرێژایی ماوەی زیندانیەكەت، لەدەرەوەی هەموو ئەوانەداو بەبێ‌ كۆمەكی هیچ كەسێك بژیت.

لەڕێی ئەندێشەوە دەتوانیت ئەو دیوارە  ئەستورانە ببڕیت، بێ‌ ئەوەی شوێن پێ‌ و نیشانەیەك جێبهێڵێت و بە بەردەوامی دەشتوانیت بگەڕێیتەوە جێی خۆت، بی ئەوەی كەس هەست بكات.

من پێموایە خەون پەنجەرە و دەلاقەیەكە لەژیانماندا. گرنگی سینەماش لەوەدایە کەلەو پەنجەرەو دەلاقەیە دەچێت.

تێڕوانینی كیاڕۆستەمی بۆ سینەما وەك پەنجەرە، بەخەون بینین دەچێت لەژیانی پڕجەنجاڵی ڕۆژانەماندا. وەڵامێكی پڕاوپڕە بۆئەوانەی پێیان وایە، فیلمەكانی ڕێتمیان خاوە یاخود بەجۆرێك لەجۆرەكان جاڕسكەرن.

لەوەڵامی پرسیارێكدا كەداوای لێدەكەن باسی ئەو شتانە بكات كە لەسینەمادا حەزی پێیانە، دەڵێت: (ناتوانم باسی ئەو شتانەت بۆ بكەم كەدڵخوازیانم، لەبەرئەوەی لەفیلمەكانمدا دەیبینیت. دەتوانم لەبری ئەوە، باسی ئەو شتانەت بۆ بكەم كەحەزم پێیان نییە. من حەزم بەوە نییە ختوكەی بینەربدەم و ناشمەوێت ئامۆژگاری بكەم. بەگونجاویشی نازانم لەئاستی كەم كەمەوە، یان وایلێبكەم هەست بەگوناه بكات. ئەمانە ئەو شتانەن كە لەفیلمدا حەزم پێیان نییە. لەڕاستیدا من ئەو فیلمانەشم پێ‌ باشە، وادەكات بینەران لەهۆڵی نمایشدا خەویان لێبكەوێت. لەو باوەڕەدام ئەو فیلمانە وەك پێویست جوانن كەبواری ئەوەت دەدەنێ‌ سەرخەوێكی كورت بشكێنی و ناهێڵن سەروەختێك هۆڵی سینەماكە جێدێڵیت، توشی پەشۆكان و سەرەگێژە بیت. هەندێ‌ فیلم وایانلێكردووم لەناو هۆڵی سینەمادا خەوبمباتەوە، وەلێ‌ هەر ئەو فیلمانە ناچاریان كردووم، بەدرێژایی شەو تابەیانی بیریان لێبكەمەوە. دوای ئەوەش بۆ چەند هەفتەیەك هەر بیرم لێكردونەتەوە. من حەزم لەو  جۆرە فیلمانەیە).

بەڵێ‌ لەهەندێ‌ فیلمی كیاڕۆستەمیدا دەشێت بۆ ساتێك خەوبتباتەوە، یان ماوەیەك هەست بە ئارامیەك بكەیت، بێ‌ هیچ ڕووداوێكی خێرا و چاوەڕواننەكراو.

هەست دەكەیت ئەم کابرایە كەم تا زۆر چەند خولەكێكت دەداتێ‌، بۆئەوە لەناو دنیایەكی پڕكێشەو ڕووداودا، هەناسەیەك بدەیت. وەلێ‌ دواتر وەك من واقت وڕدەمێنێ‌ كەدوای چەندین ساڵ، سەیركردنی یەكێك لەفیلمەكانیت هەر بیرماوە.

زیادەڕۆی ناكەم گەر بڵێم: (دوای ئەوەی سینەمای كیاڕۆستەمی دەبینی، تێڕوانینت بۆ ژیان دەگۆڕێت و وەك خۆت نامێنیتەوە).

 دەربارەی (كلۆس ئەپ):

گەر بەشێوەیەكی تایبەت باس لەفیلمی(کلۆس ئەپ) بکەین، وەک دەروازەیەک بۆ سینەمای کیا ڕۆستەمی، ئەوا دەتوانین ڕووداوەکانی فیلمەکە لەوەدا کورت بکەینەوە کەبریتیییە لەبەدواداچوونێکی ڕۆژنامەوانی، بۆ بەسەرهاتی ڕاستەقینەی کەسێک کەخۆی دەکات بەدەرهێنەری بەناوبانگی ئێران(موحسین مەخمەڵباف) و لەڕێی ئەوەشەوە، ئەو کەسە خانەوادەیەکی ئێرانی دەناسێت کەلەتاران دەژین و قەناعەتیان پێدێنێت بەوەی لەفیلمێکدا کەلەدەرهێنانی خۆیەتی، کوڕەکەیان دەست نیشان دەکات تا ڕۆڵی سەرەکی تێدا بگێڕێت.

پاشان ڕووداوەكان بەردەوام دەبن، تائەوەی بەچاوی خۆمان دەبینین (حسێن سابزیان) كە خۆی كردووە بە (موحسین مەخمەڵباف)ی دەرهێنەر، دەسگیر دەكرێت.

ئێمە دادگایكردنی ڕاستەقینەی كابرا دەبینین، وەك چۆن كیاڕۆستەمی دەبینین كاتێك داوادەكات ڕێگەی پێبدەن وێنەی دادگایكردنەكە بگرێت، لەگەڵ ڕووداوەكانی دیكە فیلمەکەدا.

تەنانەت ئێمە لەدیمەنێك لەدیمەنەكاندا، گوێبیستی دەنگی دوان لەوانە دەبین كە كارەهونەرییەكان ڕایی دەكەن، مشتومڕیانە لەسەرئەوەی یەكێك لەو میكرۆفۆنانەی لە فیلمەكادا بەكاری دێنن، بەباشی كار ناكات.

فیلمەكە  بەردەوام دەبێت  بۆ ئەوەی ئەو پرسیارە كۆنە تێكبشكێنێت كەداوا لەسینەما دەكات، تالاسایی واقیع بكاتەوە یاخود ئەلتەرناتیڤێكی بۆ پەیدابكات، بۆ ئەمە كیاڕۆستەمی وەڵامێكی تازەی پێیە، ئەویش ئەوەیە كەفیلمەكە خۆی ببێتە بەشێك لە واقیع.

هەروەها ئەو بەربەستە ساختەیەش تێك دەشكێنێ‌ كەدەیەوێت وا لەبینەر بگەیەنێت، ئەوەی ڕوودەدات لەكات و شوێنێكی دیكەدا ڕوودەدات. بێ‌ ئەوەی هەستی ئەوەیان بداتێ،‌ كاستێك لەپشت ئەو بەرهەمە هونەریەوە هەیە كەپێشكەشیان دەكرێت.

لە(كلوس ئەپ)دا ئەوە تێك دەشكێت، چونكە تۆ هەموو شت دەبینیت. جگە لەو داهێنانە لەبواری فیلم سازیدا، لەسەر ئاستی ناوەڕۆكیش داهێنانێكی دیكە  هەیەو وادەكات (كلۆس  ئەپ) جیاواز لەزۆرێك لە فیلمەكانی دیكە، زۆر ڕاستگۆیانە تر گوزارشت لەعەشقی سینەما بكات. ئەشقێك كەخاوەنەكەی بەشێوەیەكی ڕاستەقینانە پەلكێش دەكات، تاببێتە بابەتی ئەو فیلمە.

شتێكی دیكە كە بەبەردەوامی لەسینەمای كیاڕۆستەمیدا بەدی دەكرێت، ئەوەیە زۆر پابەستە بەخاك و خەڵك و خوای وڵاتەكەیەوە. ئەوەش بەڕادەیەكە ئەو قسەیە دەكاتە ڕاستیەكی حاشا هەڵنەگر كەدەڵێت: (گەر دەتەوێت بەئێران ئاشنابیت، ئەوا بچۆ فیلمەكانی كیاڕۆستەمی ببینە).

ئاخر لەفیلمەكانی ئەودا وەها ئێران دەبینی، وەك ئەوەی بەشەقامەكانیدا پیاسە بكەیت و دەتوانیت گوێبیستی قسەگەلێكی ڕاستەقینە بیت، تائەو ئاستەی باوەڕ نەكەیت بەوەی پێشوەختە ئامادەكاری بۆ كرابێت یان نوسرابێتەوە. هەروەها دەتوانیت لەودیوو هەموو ئەوانەوە ڕابمێنیت، تا ئایدیاگەلێكی نوێ‌ ببینیت، ئایدیا گەلێک کەهەر جارێک فیلمەکانی ئەو ببینیت، بەدییان دەكەیت.

دا(کلۆس ئەپ)لە كیاڕۆستەمی هاوسۆزی بەسەرهاتەكەی (حسێن)ە، ئەو كەسە ئاساییەی حەزی زۆری بۆ سینەما وای لێدەكات، تاوانی ئەوە بكات خۆی بگۆڕێت بەكەسێكی دیكە.

بەسەرهاتی ئەو دەكات بەچیرۆكی فیلمەكەی و دواتریش ئەوە ژیانی ئەو مرۆڤە دەگۆڕێت. پاش چەند ساڵێكی دیكە لەفیلمێكی دیكۆمێنتی دیكەدا بەشدار دەبێت و لەوێدا باس لەوە دەكات، چۆنچۆنی دوای بەشداربوونی لە (كلۆس ئەپ)دا ژیانی گۆڕاوە.

وەلێ‌ گاڵتەجاڕی قەدەر جارێكی دی ڕوودەداتەوەو حسێن سەروەختێك لەوەدا دەبێت بچێت بۆ دیدارێكی تایبەت،  بۆ خۆ ئامادەكردن بۆ فیلمێكی نوێ‌ لەگەڵ كیاڕۆستەمیدا، دووچاری تەنگژەیەكی دەرونی دێت و لەپای ئەوە بێهۆش دەكەوێت و سەرەنجام لەتەمەنی پەنجا و دووساڵیدا ماڵئاوایی لەژیان دەكات.

شایەنی باسە ساڵی 2012 پەیمانگای  فیلمی بەریتانی، (کلۆس ئەپ)ی وەک یەکێک لەباشترین پەنجا فیلمی مێژووی سینەما پۆلێن کرد.   

 

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار