سعود لسنعوسى: لە ڕۆمانی (قەدی بامبۆ)دا پێویستم بەوە نەبوو لە پەیوەندییە سێکسییەکاندا زۆر ڕۆبچم.

2019-07-17 09:29:29



پاش بڵاوبونەوەی ڕۆمانی (قەدی بامبۆ) و ئەو دەنگدانەوە باشەی کە هەیبوو لە لایان خوێنەرانەوە، بڵاوکراوەی پەڕاوی هاوڵاتی بە ئەرکی خۆی زانی کە ژمارەیەکی بڵاوکراوەکە تایبەت بکات بە قسەکردن دەربارەی گرنگی رۆمانەکە. لە دواتریشدا و هەر لەبەر ئەم گرنگیە وەک یەکەمین میدیاو بڵاوکراوەی کوردی پەیوەندەمانکرد بە نوسەری ڕۆمانەکەوە کرد لە وڵاتی کوەیت و دەربارەی هەندێک لە لایەنی شاراوەی ڕۆمانەکە و زۆر بابەتی گرنگی تری ئەدەبی چەند پرسیارێکمان لێکرد و بە خۆشحاڵیەوە وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە.

سازدانی: شاخەوان سدیق

ڕێکخستن و وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ڕەنجدەر جەبار

 

 

هاوڵاتی: زۆر باس له‌ سیحرى ئه‌ده‌ب بۆ مرۆڤ ده‌کرێت، و زۆر جار به‌ گه‌وره‌ترین داهێنانى مرۆڤ ناوده‌برێت، ئه‌م ئه‌فسونه‌ گه‌وره‌ى ئه‌ده‌ب له‌ کوێوه‌ هاتووه‌؟ ئه‌ى پەیوەندی ئەدەب بەژیانەوە چیە؟

سعود لسنعوسى: ئەدەب ئاوێنەی ژیانە، هۆکارێکە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی شتەکان و ڕۆچوون بە قووڵاییەکانیاندا. بۆ ئەوەی هاوکاریمان بکات باشتر لێیان تێبگەین. ئەدەب ئەزموونێکە، هەلی ئەوە بە مرۆڤ دەبەخشێت، کە لە کات و شوێنێکی تردا، یان لە هەمان کات و شوێندا کەسێکی دیکە بێت. ئەوە تەنها ئەدەبە ئەو دەرفەتە دەبەخشێت ژیان و بیرکردنەوەی کەسانی دیکە ئەزموون بکەیت. ئەدەب گەشتەیلێکە بە هزری کەسانی دیکەدا و بە کات و شوێنی مرۆڤەکانی دیکەدا. ئەدەب هۆکارێکە بۆ پەیپێبردنی مەعریفە.

هاوڵاتی: هەموو مرۆڤێک لە سەرەتای منداڵییەوە حەزوو خولیایەکی هەیە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ببێت بە شتێک، هەڵبژاردن و کارکردنی ئێستات وه‌ک نوسه‌ر، حەزو خولیای منداڵیتە، یاخود دواتر هۆکارێکی تایبەت بەرەو دنیای ئەدەبی بردیت؟

سعود لسنعوسى: ئەمە یەکێکە لەو پرسیارە قورسانەی ڕووبەڕووم دەبێتەوە. دڵنیا نیم بوون بەنووسەر بە بڕیارێکی پێشوەختە بژاردەی خۆم بووبێت. هێندە دەزانم منداڵێک بووم شەیدای خوێندنەوە بووم، بەڕادەیەک هەر بەمنداڵی لەگەڵیدا هەستم بە گرفتەکان دەکرد. دواتر هەستم کرد وەک منداڵێکی شەرمنی کەمدوو پێویستم بەوەیە لە ڕێگەی نووسینەوە ناخی خۆم دەرببڕم. نووسین تاکە هۆکاری دەربڕینم بوو، کە لە ڕێگەیەوە هەستم دەکرد مرۆڤێکی ئازادم. هەرچەندە نووسینەکانم تەنها لە دەفتەرەکانمدا و لە چوارچێوەیەکی کەسیدا بوو. تەنها لە ڕێگەی نووسینەوە بەڕاستی هەستم بەبوونی خۆم کرد.

هاوڵاتی: گوستاف فلوبێرله‌ نوسینکدا ده‌لێ:( مادام بۆڤاری خۆمم). ده‌شوترێت" هه‌موو نوسه‌رێک له‌ نوسیندا به‌شێک له‌ ڕابردووى خۆى ده‌نوسێته‌وه‌، ده‌کرێت بزانین تۆ تاچه‌ند له‌ پشت نوسینه‌کانته‌وه‌یت؟ خۆت له‌کوێیى تێکسته‌کانتى؟

سعود لسنعوسى: بمەوێت و نەمەوێت، بەمەبەست بێت یان بێمەبەست لە هەموو دەقەکانمدا بوونم هەیە. من لە هەموو کاراکتەرەکانمدا، کە نووسیومن بوونم هەیە. مەرج نییە کتومت ئەو کەسایەتیانە بم، بەڵام بە هەموو دژبەرەکانیانەوە خۆم دەئاخنمەوە ئەو کاراکتەرانەی دەیاننوسمەوە. کەسایەتییە باشەکان، خراپەکان، بڕوادارەکان، بێبڕواکان، کەسایەتییە وێڵەکان بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارانەی، کە وەڵامەکانیان ئەستەمن. هەموو ئەو وردەکارییانە لە ڕووداو و کەسایەتی و کات و شوێن بە جۆرێک لە جۆرەکان هەر خۆمم. من دەربارەی بابەتی جۆراوجۆر دەنووسم، ئەوانی تێیاندا ژیاوم، یان ئەوانەی ئاواتەخواز بووم تێیاندا بژیم، ئەو ئەزموونانەی پێیاندا تێپەڕیووم، یان ئەوانەی کەسانی تر پێیاندا تێپەڕیوون، خۆمم خستووەتە جێگەیان. من کتومت کوێتییەک نیم لە دایکێکی فلیپینی، بەڵام بۆ ئەوەی کەسایەتی هوزێ میندۆزا/ عیسا تارووف لە خۆمدا بەرجەستە بکەم، سعود ئەلسنعوسیم بە هەموو وردەکارییەکانەوە خستووەتە ئەو بارودۆخەوە. لە خەیاڵمدا تا ئەندازەیەکی نزیک لە ڕاستی لەو ئەزموونەدا ژیاوم. تەنانەت بۆ ئەوەی ڕۆمانێکی لەو جۆرە بنووسم، ناچار بووم سەفەری ئەو شوێنە بکەم و لە شوێنێکی هاوشێوەی شوێنی ژیانی پاڵەوانی ڕۆمانەکەم بژیم. لە کۆتاییدا ئەو کەسایەتییانەی دەیاننووسم هەموویان هەر خۆمن.

هاوڵاتی: ئێستا زۆرکه‌س پێى وایه‌ سه‌رده‌مى ڕۆمانى قه‌باره‌گه‌وره‌ به‌سه‌ر چووه‌و باوى خوێنه‌رى ڕۆمانى گیرفانیه‌ له‌ دونیادا، تاچه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆ چونه‌دایت، پێتان وایه‌ سه‌رده‌مى ڕۆمانى قه‌باره‌ گه‌وره‌ به‌سه‌ر چوو؟

سعود لسنعوسى: هەرگیز بەو جۆرە بیر ناکەمەوە. بابەتی کارەکە خۆی بڕیار لەسەر شێوە و سەبک و زمان و ژمارەی پەڕەکان دەدات. بڕیارم نەدابوو (قەدی بامبۆ) لە چوارچێوەی کتێبێکدا بێت ٤٥٠ پەڕە لەخۆ بگرێت. بابەتەکە خۆی ئەوە دیاری دەکات. من لە چوارچێوەی پێودانگەکانی بابەتەم دەنووسم. هەرکاتێک هەستم کرد ئەوەی دەمەوێت گوتوومە، دەست لە نووسین هەڵدەگرم . . ڕۆمانی (قەدی بامبۆ) و (فئران أمي حصة) سنووری ٤٥٠ پەڕەیان تێپەڕاندووە، بەڵام ڕۆمانی (حمام الدار) ژمارەی پەڕەکانی ناگاتە ١٨٠ پەڕە. ئێستا ڕۆمانێکم ئامادەیە کە لە چەند مانگی پێشوو لە نووسینی بوومەوە، ژمارەی پەڕەکانی ناگاتە ٩٠ پەڕە. داواکارییەکانی بازاڕ و ویستەکانی خوێنەران لەسەر ئەم بابەتە لەبەرچاو ناگرم. هێندە دەنووسم، هەتا هەست دەکەم ئەوەی دەمەوێت هەموویم گوتووە.

هەرگیز قەبارەی بەرهەمەکانم گرنگ نییە بەلامەوە. با نموونەیەکت بۆ باس بکەم، بەو پێیەی خوێنەرم بەردەوام لەگەڵم دووبارە دەبێتەوە. هەندێکجار کتێبێکی ٨٠ پەڕەیی بە دە ڕۆژ تەواو دەکەم، هەندێکجاری دیکە کتێبێکی گەورەی ٥٠٠ پەڕەیی بە سێ ڕۆژ تەواو دەکەم. کاتێک کتێبێک سەرنجڕاکێش بێت بەخێرایی تەواوی دەکەم، بەبێ ئاوڕدانەوە لە ژمارەی کاژێرەکان و ژمارەی پەڕەکان. لەو کاتەدا ژمارەی پەڕەکان هیچ شتێک ناگەیەنێت. ڕەنگە کتێبێک هەبێت قەبارەی بچووک بێت، بەڵام بێزارکەر بێت، بۆیە کاتێکی زۆرت لێدەبات، وەک ئەوەی هەزار پەڕەت خوێندبێتەوە.

هاوڵاتی: بیرۆکه‌ى سه‌ره‌کى نوسینى ڕۆمانى (قه‌دى بامبۆ) له‌ چییه‌وه‌ هات؟ به‌ چه‌ند نوسیت و چه‌ندجار پاکنوسى ویست؟ ئایا پاش ته‌واو بوونى هیچ به‌شێکت لێ زیادو که‌م کرد؟ ئایا ناوه‌که‌ى هه‌ر ئه‌م ناوه‌ى ئێستابوو یان ناوێکى دیکه‌ى هه‌بوو؟

سعود لسنعوسى: ماوەی ساڵێکی تەواو سەرقاڵی سەفەر و گەڕان بووم بۆ نووسینەوەی (قەدی بامبۆ)، بەدیاریکراوی لە ئایاری ٢٠١٠ هەتا ئایاری ٢٠١١. نووسینەوەی و ئامادەکردنی بەشێوەیەکی نیمچەڕۆژانە ساڵیکی تری پێچوو. لە مانگی ئایاری ٢٠١٢ بڵاوکرایەوە. واتا ساڵێک بۆ گەڕان و ساڵێکیش بۆ نووسینەوەی. ئەمەش ماوەیەکی تا ڕادەیەک کەمە، بەڵام من لە بابەتەکە و وردەکارییەکانیدا قاڵ ببووم. هەر لەو ماوەیە چاوم بە چەندین کەس کەوت، کە نیمچە کوێتی و نیمچە فلیپینی بوون. ناونیشانی ڕۆمانەکە لە سەرەتادا و هەتا پێش ئەوەی کۆتایی پێبێت (ئەناناس لە بیابان گەشە ناکات) بوو، وەک ئاماژەیەک بۆ ڕووەکێکی کەمەرەیی، کە زەحمەتە لەگەڵ ژینگەی کوێت یان ژینگەی کەنداو خۆی بگونجێنێت. وەک ئەو گەنجەی لە فلیپین گەورە بووە، زەحمەتە بۆی بتوانێت دواتر لە کوێت بژی. بەڵام پاش لێبوونەوەم لە نووسینی ڕۆمانەکە ناونیشانێکی دیکەم هەڵبژارد (تارووف)، ناوی خێزانی پاڵەوانی ڕۆمانەکە لە کوێت، کە ئەویش هێما و نیشانەی خۆیی تێدایە دواتر کارەکە دەریدەخات. تارووف واتا تۆڕی ڕاوکردنی ماسی. بەڵام پێش ئەوەی ڕۆمانەکە بدەم بە دەزگای بڵاوکردنەوە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم لە خانمێکی هاوڕێمەوە پێگەیشت، پێی گوتم ڕۆمانەکە لێوانلێوە لە وردەکاری دەربارەی ڕووەکی (بامبۆ). ماڵە هەژارەکانی فلیپین لە قەدی ئەم جۆرە ڕووەکە دروست دەکرێت و ئینجانەکانی ماڵی نەنە غەنیمەش لە کوێت پڕن لەم جۆرە ڕووەکە. سروشتی ئەم ڕووەکەش لە خەونەکانی پاڵەوانی ڕۆمانەکە دەچێت، کە هیوا دەخوازێت وەک (قەدی بامبۆ) بێت، کە پێویستی بە ڕەگ نییە. هێندەی بەشێک لە قەدەکەی ببڕیت و لە زەوییەکی تر بیچەقێنیت، ڕەگی تازە دروست دەکات. پاڵەوانی ڕۆمانەکەش هیوای ئەوەی دەخواست لە کوێت ڕەگی تازە داکوتێت. خێرا بە پێشنیارەکەی ڕازی بووم. پێشتر لە ڕۆمانەکەدا بە گرنگی قەدی بامبۆم نەزانیبوو. دواتر زانیم ڕۆمانەکە هەر لە سەرەتاوە (قەدی بامبۆ) بووە.

هاوڵاتی: له‌ ڕۆمانى (قه‌دى بامبۆ)دا تێماى سه‌ره‌کى کاره‌که‌ت ته‌رخانکردوه‌ بۆ پرسى شوناس، سه‌رانسه‌رى ڕۆمانه‌که‌ پرسى گه‌ڕانى مرۆڤه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ى خۆى، ئایا پێتان وایه‌ به‌ تێکڵبونى کلتوره‌کان کێشه‌ى شوناس سه‌رى هه‌ڵداوه‌ و ئیتر مرۆڤ له‌یه‌ککاتدا خاوه‌نى چه‌ند ناو نیشتمان و کلتورێکه‌؟ یان ئێوه‌ چۆن له‌ پرسى شوناس ده‌ڕوانن؟

سعود لسنعوسى: لەو کاتەی منداڵ بووم بابەتی شوناس بۆ من مایەی تێڕامان بوو، بەتایبەت، چونکە من لە وڵاتێکی بچووکی وەک کوێت دەژیام، پڕ بوو لە ڕەچەڵەکی جۆراوجۆری نەژادی و ئایینی. وڵاتێکی تێکەڵ بوو لەڕەچەڵەک و ئایین و کولتووری جیاواز. خەڵکانێک لە نەجد لە ناوەڕاستی نیمچەدورگەی عەرەبی، لە وڵاتی فارس و لە عێراق، موسوڵمانانی شیعە و سونە، باوەڕدارانی ئایینی مەسیحی و ڕەوەندگەلێک خۆیان لە دەستی کاری بیانیدا دەبینییەوە بەجیاوازی ئایینی و نەژادییانەوە؛ هیندۆس، بووزی، بێدین. ئەو بەربەستانەی بەدەوری خۆماندا دروستمان دەکرد و ترسمان لە کەسانی تر جێگای تێڕامانم بوو. ڕەنگە هەر ئەو هۆکارانە لە پشت گرنگیدانم بووبێت بە نووسین دەرباری شوناسی نەژادی لە (قەدی بامبۆ) و شوناسی ئایینی لە (فئران أمي حصة).

هاوڵاتی: له‌م ڕۆمانه‌تدا جگه‌ له‌ پرسى شوناس گرنگیت داوه‌ به‌ مه‌سه‌له‌ى ململانێى چینایه‌ت و ته‌به‌قاتى خێزانى له‌ کۆمه‌ڵگادا و پرسی جیاکارى ئاینیشت وه‌ک یه‌کێک له‌ پرسه‌ زیندوه‌کان وروژاندوه‌. تاچه‌ند ململانێى چینایه‌تی و جیاوازى ئاینى کێشه‌ى ئێستاى کۆمه‌ڵگاکانن؟

سعود لسنعوسى: بەلامەوە دیاردەیەکی ئاساییە، ئەگەر بێت و ترسمان لە بەرامبەرەکانمان نەبێت. ئێمە لەوانی دیکە دەترسین چونکە هیچ شتێک دەربارەیان نازانین. هەروەها لەبەر ئەوەی هێندە متمانەمان بە خۆمان نییە ڕووبەڕووی بەرامبەرەکانمان ببینەوە و بە ڕوویاندا بکرێینەوە. لەمڕۆدا لە کوێت لە دۆخێکی سەیردا دەژین، هەرچەندە لە ڕابردوودا ئێمە لە کوێت زیاتر کراوە بووین و زیاتر بەرامبەرەکانمان قبووڵ دەکرد، ئەگەر سروشتی تاکی کوێتی لە ڕابردوودا لەبەرچاو بگرین، پێش هاتنی سەردەمی نەوت و سەقامگیری، کە ژیانیان بە پلەی یەک لەسەر گەڕان و گەشتی بازرگانی ڕاوەستابوو. کۆمەڵگەیەکی بچووک تێیدا موسوڵمانانی شیعە و سونە، هەروەها مەسیحی و جوولەکە هەریەکە لە تەنیشت یەکدی لە بستە زەمینێکدا لە ئەنجامی کۆچەوە سەقامگیر ببوون.

ئەمڕۆ ئێمە بەدەست بێمتمانەییەوە دەناڵێنین، بەجۆرێک هەر گروپێک ترسی لە گروپێکی دیکە هەیە. ئەو ترسەش تەنها ڕادەی ئەو لاوازی و ئەو فشەڵییەی ناخمان پیشان دەدات، بەجۆرێک هۆکاری هەموو کێشەکانمان دەخەینە ئەستۆی ئەوی دی.

هاوڵاتی: ئه‌وه‌ى له‌م ڕۆمانه‌دا زۆر گرنگه‌ پاش چیرۆک، ته‌کنیک و شێوازى گێڕانه‌وه‌یه‌. به‌ جۆرێک که‌ (قه‌دى بامبۆ) دوو ڕۆمانه‌ له‌ ناو یه‌ک ڕۆماندا، ئێوه‌ تا چه‌ند گرنگى به‌ ته‌کنیک ده‌ده‌ن و به‌ خاڵى به‌هێز بۆ ڕۆمانى زیندووى ده‌زانن؟

سعود لسنعوسى: وەک لە وەڵامی پرسارێکی پێشوودا گوتم، بابەتەکە خۆی شێوە و سەبکی خۆی هەڵدەبژێرێت. ڕۆمانی (قەدی بامبۆ) بەو سەبکە هاتووە، کە زیاتر لە ڕۆمانێکە لە ناو ئەم ڕۆمانەدا. هەمان شت لە ڕۆمانی (فئران أمي حصة) دووبارە دەبێتەوە. هەندێکجار بیر لە فۆرمێک دەکەمەوە بۆ پێشکەشکردنی بابەتەکەم، بەتایبەت ئەگەر ڕۆمانەکە مەودایەکی زەمەنی فراوانی هەبێت، بۆ نموونە چل بۆ پەنجا ساڵ. لەو کاتەدا بیر لە فۆرمێک دەکەمەوە ئەو ماوە زەمەنیە تیێدا جێگەی ببێتەوە. ئەمەش وادەکات لای خوێنەر وەک زیاتر لە ڕۆمانێک بێتە پێش چاو. ئەوەش لەبەر ئەوەی خوێنەر هەست بە بێزاری نەکات.

هاوڵاتی: له‌ ڕۆمانى (قه‌دى بامبۆ)دا زۆر خۆتان له‌ وێنه‌ ئیرۆتیکیه‌کان پاراستوه‌، له‌م ڕۆمانه‌دا خوێنه‌ر به‌ر هیچ جۆره‌ گێڕانه‌وه‌و وێنه‌یه‌کى سێکسى ناکه‌وێت ته‌نانه‌ت هى دایک و باوکى کاره‌کته‌رى سه‌ره‌کى ڕۆمانه‌که‌ش، ته‌نانه‌ت له‌و شوێنه‌شدا که‌ بۆ یه‌کمجار به‌ به‌له‌مه‌که‌ ده‌چنه‌ ناوه‌ڕاستى ده‌ریا، هۆکارى ئه‌مه‌ چییه‌؟ په‌یوه‌ندى به‌ شه‌رمنانه‌نوسینى خۆته‌وه‌ هه‌یه‌ یان کلتورى کوه‌یتى وا ده‌خوازێت؟ یان ڕۆمانه‌که‌ وا پێویسته‌ ده‌کرد؟

سعود لسنعوسى: ئەم پرسیارە زۆرجار گوێم لێدەبێت. کولتوور و شەرمنیم لە نووسیندا هەرگیز پەیوەندی بەو کارەوە نییە. من لە کاتی نووسیندا ئەوپەڕی ئازادی بە خۆم دەدەم. هیچ کێشەیەکم نییە بۆ وەسفکردنی دیمەنە ئیرۆتیکییەکان، کاتێک بزانم گرنگە و شتێک بۆ کارەکەم زیاد دەکات. بەڵام (قەدی بامبۆ) پێویستی بەوە نەبوو لە پەیوەندییە سێکسییەکاندا زۆر ڕۆبچم. کاتێک دەڵێم پیاوەکە و ژنەکە پاش هاوسەرگیرییە نهێنیەکەیان سواری بەلەمێک بوون، لەوێ لەو تاریکاییە و لەژێر ڕووناکی مانگ سەرەڕای مەنگی و ئارامی دەریا بەلەمەکە دەلەرییەوە، پێم وایە بە کەمترین وشە زۆر شتم گوتووە. لەبری ئەوەی وەسفی کارێکی بەڵگەنەویستی بۆ بکەم، خوێنەر ئازادە چۆن خەیاڵی وردەکاری ڕووداوەکانی ئەو شەوە دەکات. لە ڕۆمانەکانی دیکەدا وردەکاری زیاترم دەربارەی کردە سێکسییەکان خستووەتە ڕوو، چونکە ئەو وردەکارییانە وادەکات کاراکتەرەکان لە ڕێگەی خووە سێکسییەکانیانەوە باشتر بناسین. ئەوەی لە (قەدی بامبۆ) ڕوویدا پەیوەندییەکی سێکسی تێپەڕ بوو لە نێوان پیاوێک و کارەکەرەکەی، کە ببوو بە هاوسەری. بۆیە هیچ شتێکی نامۆ بوونی نییە پێویست بکات وردەکارییەکانی بنووسمەوە. گرنگ ئەو کەسەیە لە ئەنجامی ئەو پەیوەندییە سێکسیەوە پەیدا بوو، کە ئەویش پاڵەوانی ڕۆمانەکە عیسا تارووف/ هوزێ میندۆزا بوو.

هاوڵاتی: ڕۆمانى (قه‌دى بامبۆ) وه‌رگێڕدراوه‌ بۆ زمانى کوردى و له‌ کوردستان و له‌ناو خوێنه‌رانى کوردا ده‌نگدانه‌وه‌ى باشى هه‌بوه‌و باش خوێنرایه‌وه‌، تاچه‌ند ئاگادارى ئه‌مه‌یت؟ هه‌ستان چۆنبوو کاتێک زانیتان ڕۆمانه‌که‌تان کراوه‌ته‌ کوردى؟ ئایا تۆ هیچ ده‌رباره‌ى کورد و ئه‌ده‌بیاتى کوردى ده‌زانیت؟ قه‌ت بیرت له‌وه‌ کردۆته‌وه‌ سه‌ردانى کوردستان بکه‌یت بۆ بینینى خوێنه‌ره‌کانت؟

سعود لسنعوسى: بێگومان ئەو هەواڵە دڵخۆشی کردم، بەتایبەت پاش سەردانی هەولێر ساڵی ٢٠١٧ و دیدارم لەگەڵ خوێنەران لە کوردستانی عێراق. دڵخۆشم بەگەیشتنی کارەکەم بە خوێنەرانی کورد و چاوەڕێی وەرگێڕانی کاری زیاتر دەکەم. ڕەنگە من کەمتەرخەم بووبم لە خوێندنەوەی ئەدەبی کوردی، جگە لەو بابەتانەی بە پێنووسە عەرەبییەکان نووسراون. بەڵام ئەوەی بیرم دەکەوێتەوە ڕۆمانە وەرگێڕدراوەکانی کوردەکانی تورکیا لە نموونەی (سەڵاحەدین بۆڵووت)ـم خوێندووەتەوە. هەروەها زۆر ناوی (بەختیار عەلی)ـم بیستووە و بەنیازم بەرهەمە وەرگێڕدراوەکەی بخوێنمەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار