مه‌تین بارزانى له‌سه‌ر هێرشه‌که‌ى دوێنێى هه‌ولێر روونکردنه‌وه‌یه‌ک بڵاوده‌کاته‌وه
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
مه‌تین دلۆڤان بارزانی، له‌باره‌ى بوونى له‌و رێستۆرانته‌ى که تێیدا کارمه‌ندێکى کۆنسوڵخانه‌ى تورکیا له هه‌ولێر و دوو هاونیشتمانى خه‌ڵکى سۆران له رووداوێکى ته‌قه‌کردندا کوژران، روونکردنه‌وه‌یه‌ک بڵاوده‌کاته‌وه و ده‌ڵێت:" هه‌ندێ که‌ناڵى نابه‌رپرسى راگه‌یاندن، هه‌بوونى منیان له‌وێ قۆستووه‌ته‌وه بۆ مه‌رامى دیکه و هه‌واڵى بێبنه‌مایان له‌سه‌ر نووسیووه".
ده‌قى روونکردنه‌وه‌که‌ى مه‌تین دلۆڤان بارزانى:
روونکردنه‌وه
ئه‌مڕۆ له کاتى رووداوى ته‌قه‌کردن له رێستورانتێکى هه‌ولێر، من و چه‌ند هاوڕێیه‌کیش وه‌ک ده‌یان هاوڵاتى تر بۆ خواردنى نیوه‌ڕۆ له‌وێ بووین. سوپاس بۆ خوا که هه‌موومان سه‌لامه‌ت بووین و به‌رنه‌که‌وتین، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ندێ که‌سى تر به‌رکه‌وتن و بوونه قوربانی.
دیاره هه‌ندێ که‌ناڵى نابه‌رپرسى راگه‌یاندن، هه‌بوونى منیان له‌وێ قۆستوه‌ته‌وه و بۆ مه‌رامى تر هه‌واڵى بێبنه‌مایان له‌سه‌ر نووسیوه. لێره‌وه رایده‌گه‌یه‌نم که له‌سه‌ر ئه‌م که‌یسه په‌نا بۆ یاسا ده‌به‌م و داواى یاسایى له‌سه‌ر ئه‌و که‌ناڵانه تۆمار ده‌که‌م.
خوا کوردستان بپارێزێت.
مه‌تین دلۆڤان بارزانی
له رووداوى هێرشى رۆژى چوارشه‌ممه له هه‌ولێر که له ریستۆرانتێک ئه‌نجامدرا، کارمه‌ندێکى کۆنسوڵخانه‌ى تورکیا و هاونیشتمانییه‌ک به‌ناوى نه‌ریمان عوسمان کوژران، که‌سێکى دیکه‌ش به‌ناوى به‌شدار ره‌مه‌زان بریندار بوو که به‌هۆى سه‌ختى برینه‌که‌یه‌وه چه‌ند کاتژێرێک دواى رووداوه‌که له نه‌خۆشخانه گیانى له‌ده‌ستدا.