رۆحانی داوایەک ئاراستەى ئەمریکا دەکات

2019-08-12 04:51:47



هاوڵاتى

حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئێران، داوای لە ئەمریکا کرد ئەو ئاراستەیە بگۆڕێت کە لە کەنداو پەیڕەی دەکات و رایگەیاند ئەوە "ئاراستەیەکی هەڵەیە".

سەرۆکایەتی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە سەرکۆماری ئەو وڵاتە، حەسەن روحانی و میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و لە میاندا پێشهاتەکانی ئەم دواییەی گەرووی هورمز و کەنداویان تاوتوێکردووە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، حەسەن روحانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختیکردووەتەوە کە گرنگە بە جۆڕێک گرژییەکان لە ناوچەکە یەکلایی بکرێتەوە کە لە بەرژەوەندی هەموواندا بێت و داوای لە ئەمریکا کردووە ئەو ئاراستەیە بگۆڕێت کە لە کەنداو پەیڕەی دەکات و رایگەیاند ئەوە "ئاراستەیەکی هەڵەیە". 

روحانی تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە گرنگە ئاسایش لە کەنداو، گەرووی هورمز و دەریای عومان دەستەبەر بکرێت، سەقامگیری و ئاسایش لە کەنداو بەدی نایەن ئەگەر رێوشوێنی پێویست لە لایەن وڵاتانی ناوچەکەوە نەگیرێتەبەر.

بەپێی راگەیەندراوەکە لای خۆیەوە میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا رایگەیاندووە کە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە خزمەت بە بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکە و جیهان دەکات و جەختیکردووەتەوە، وڵاتەکەی پاڵپشتی لە هەر هەولێک دەکات کە بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان بخرێتەگەڕ.

تەمیم بن حەمەد ئال سانی ئاماژەی بەوەشداوە کە گرنگە ئاسایشی کەنداو لە لایەن وڵاتانی ناوچەکەوە دەستبەر بکرێت و راشیگەیاندووە کە قەتەر هاوکاری ئێران دەکات لە دەستەبەرکردنی ئاسایش لە ناوچەکەدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار