چێژی دەسەڵات‌و کورسی هیچ مۆڕاڵێک ناناسێت!

5 ساڵ لەمەوپێش



دلێر محه‌مه‌د نورى

دەسەڵات بە عەرەبی (السلطة) و کە بە لاتینیش (Authority)ی پێ دەڵێن، سیحرێکی هێندە بەهێزی هەیە کە لە هەر کەس و لایەنێک بکرێت، ئیتر ئەو کەس و لایەنە نە عورف و نە ڕەوشت و نە پەیوەندی فیکری نە خزمایەتیش ناخوێنێتەوە. لە پێناو گرتنە دەستی دەسەڵات و جڵەو کردنی ئەوانی دیکەدا ئامادەی هەموو کردەیەکی نەکردە و نەگوونجاو و ناپەسەندیشن. لە زۆر شوێن و لە کونجی زۆر کتێب و لە زۆر مێژووی جیا جیادا پێناسەی جۆراوجۆر بۆ دەسەڵات و هێز کراوە، بەڵام بە گشتی هەمووان کۆکن لە سەر ئەوەی کە دەسەڵات توانستێک و وەبەرهێنانێکە لە هێزدا لە پێناو زۆربۆهێنان یان ئاراستەکردنی ئەوانی دیکە بەرەو ئاراستەیەکی دیاریکراو. بە واتایەکی تر دەسەڵات بەرهەمی هێزێکە بە ئامانجی ئاراستەکردنی هەڵسوکەوتی ئەوانی دیکەیە. دەسەڵات وەرگرتن یان دانیشتن لە سەر کورسی دەسەڵات دوو جۆری هەن؛ دەسەڵاتێک کە بە شەرعی دادەنرێت لە لایەن بندەستەکانەوە کاتێکیش ئامانجەکانی خۆی ئەپێکێت هەستی بندەستەکان بریندار ناکات و ئیرادەیان زەوت ناکات. جۆرەکەی تری دەسەڵاتیش ئەوەیە کە شەرعییەتی خۆی لە سەپاندنی واقیعی حاڵ یان هەر دۆخێکی ئەژماردبۆنەکراوەوە وەرگرتووە کە ئەمەیان دەسەڵاتێکی ڕاستەقینە نییە بەڵکو دەسەڵاتی سەپاوە. لە مێژووی نووسیندا گەلێک لە بارەی دەسەڵات و پاوانخوازی و هێز و ململانێوە نووسراون. جگە لە کتێبی (شازادەی-الامیر) ی ماکیافیلی، نموونەیەکی تری ناوازە دەهێنینەوە کە ئەویش کتێبێکی نووسەری بەناوبانگی ئەمریکی (ڕۆبەرت گرین 1959)یە، کە نووسەری کتێبی(48 یاسا بۆ دەسەڵات 1998)ە. نووسەر وەک خۆی لە پێشەکییەکەیدا باسی لێوە دەکات کە لە نووسینی ئەم 48 یاسایەدا پشتی بە کۆی ڕووداوە سیاسی و مێژووییەکانی سێ هەزار ساڵی ژیانی مرۆڤایەتی بەستووە. کاتێکیش یاساکان و بەشەکانی ئەم کتێبە دەخوێنینەوە بۆمان دەردەکەوێت کە یاساکان لە شێوەی ئامۆژگاری هاتوون بۆ کەسانێک کە ئارەزوو ئەکەن بگەن بە دەسەڵات یان هیچ نەبێت لە ناوەندی هێز بمێننەوە، کە دەبێت بە گوێی ئەم ئامۆژگارییانە بکەن یان بە واتایەکی دیکە ماسک ببەستن و ڕووی ڕاستی بشارنەوە و فێڵ لە بەرانبەر بکەن. ئەمەش ئەگەرهیچێکمان پێ نەڵێت ئەوەمان پێ دەڵێت کە زۆربەی زۆری ئەوانەی دەگەنە ناوەندی هێز یان دەسەڵات بە توانا و بەهرەیەکی ڕاستەقینە ناگەنە ئەو پێگەیە ئەوەندەی بە فێڵ و تەڵەکە ئەیگەنێ، هەروەها ئەوشمان پێ دەڵێت کە گەیشتن بە دەسەڵات و هێز ململانێ و دووڕوویی و زۆرداری گەرەکە و گرنگی دەسەڵاتیش وەکو ڕێگەیەک بۆ بە دەستهێنانی هێزی مەعنەوی و مادییە کە وا ئەکات فێڵ و تەڵەکەی بۆ بکرێت و ماسکی بۆ ببەسترێت. لە سەر تیشکی ئەو وردکردنەوانەی سەرەوەدا گەر ئاوڕێک لە هەندێ ململانێی جۆراوجۆر بدەینەوە لە جوگرافیاو مێژووی نزیک بە خۆمان کە ئەگەر چی ململانێکان لە بەر هەندێ رەهەندی ئایینی و کۆمەڵایەتی و خزمایەتی و فیکری بووایە نە دەبوو ببنە مایەی خوێن ڕشتن یان ناو زڕاندنی یەکتری، بەڵام بە پێچەوانەوە شیرینی و چێژی دەسەڵات کارێکی وای کردووە هیچ کام لەو ڕەهەندانە لە بەرچاو نەگیرێ لە پێناو گەیشتن بە کورسی دەسەڵات. ئەگەر بە خێرایی چاوێک بە ململانێ نێو ئایینە ئاسمانییەکان بخشێنین دەبینین،لە نێو ئایینی جوو و کرستیان و ئیسلامیش لە گەڵ ئەوەی کە هەر ئایینێک لەمانە یەک پەیامبەر و یەک خودای هەیە بەڵام هەر ئایینە و دابەشی سەر چەندین مەزهەب و تیپی جۆراوجۆری دژ بە یەک و ناکۆک بە یەکن و لە زۆر شوێن و کاتیش کەوتوونەتە ململانێی خوێناوی لە سەر دەسەڵات گرتن. بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی باسەکە گەر سەیرێکی مێژووی ئیسلام بکەین دەبینین لە دوای مردنی پەیامبەریان زۆربەی خەلیفەکان و هاوەڵە نزیک و خزمەکانی پەیامبەری ئیسلام لە ئەنجامی ململانێی دەسەڵات کوژراون، دەستیان چووەتە خوێنی خۆیان. ئەمەش ڕاستی تیایە سەبارەت بە ئایینەکانی دیکەش. هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆشمان پیاوانی ئایینی و سەلەفی هێندە تینوون بە خوێنی سەری یەکتری وەک ئەوەی نوێنەری ئایین و خودا و پەیامبەری جودابن، نەک سەر بە یەک ئایین و خودا. هەمووشی ململانێیە لە سەر دەسەڵاتی شەرعییانە و بوون بە تاکە خەلیفەی پەیامبەر بۆ ڕەعیەت و هیچ تر. ئەگەر کەمێک لە مێژوو دوور بکەوینەوە و بێینە سەر واقیعی نەتەوەیی و سیاسی و حیزبی خۆمان، ئەوا دەردی کووشندە ململانێ لە سەر دەسەڵات لە هەر بوارێکی کە زیاتر لەم مەیدانە دەردەکەوێت. جێگەی باوەڕە گەر بڵێم هیچ نەتەوەیەک هێندەی کورد پێویستی بە کۆکردنەوەی سەرجەم تواناکان نییە بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکانی خۆی. بەڵام مێژووی کورد بە گشتی و بەشە عیراقییەکەی کوردستان بە تایبەتی سیخناخن بە ململانێی خوێناوی لە پێناو ڕابەرایەتی کردن و جلەوگرتنی شۆرش و ڕاپەڕینەکان. هیچ کاتێک هەتا ئەمڕۆشی لە گەڵدا بێت چارەنووس و ئامانجی هاوبەش ڕێگەی لەوە نەگرتووە کە حیزبەکان بە ناشرینترین شێوە پەلاماری یەکتری نەدەن لە ململانێکانیاندا دژ بە یەک لە سەر دەسەڵاتدارێتی و ڕابەرایەتی شۆڕش و وڵات. بەم ململانییانەشیان کاری دوژمنانیان گەلێک ئاسانتر کردووە. لە تازەترین نموونەی ئەم جۆرە لە ململانێ کورسی سەرۆک کۆماری عیراق بوو کە چۆن هەردوو حیزبی گەورەو دەسەڵاتداری کوردستان کەوتنە ململانێی سەخت و لەمپەردانان بۆ یەکتری تا دواتر بە جۆرێک لێکترازان کە هەتا ئەمڕۆش پارچەکانی خۆیان بۆ پێک نالکێنرێنەوە. گەر نموونەی وردتر بهێنینەوە لە سەر ململانێ لە سەر کورسی لە نێو خودی یەک حیزب و یەک پرۆگرام و یەک بەرنامە ئەوا حیزب نییە لەم ململانێ نەشیاوو قێزون لە سەر کورسی دەسەڵات ڕزگاری ببێت. ئەگەر جاران ململانێ و باڵباڵێنی ناو خودی یەکێتی بە تەندرووست لە قەڵەم بدرایە، ئەوەی ئێستای زیاتر لە نەخۆشی ئەچێت بەوەی هەندێ لە سەرکردە و باڵەکانی هێند لە حیزبی دیکە دەچن، ئەوەندە وەکوو یەکێتی نایەنە بەرچاو. ئەگەر جاران دوو یەکێتی بچوونایەتە کۆبوونەوە و بە سێ یان چوار ڕەئی بهاتنایەتە دەرەوە دەوڵەمەندی بوو، ئەوا جیاوازی و ناکۆکی ودوورکەوتنەوەی ئێستایان

لە یەکتری ئەو پەڕی هەژاری سیاسی و حیزبی نیشان ئەدەن. تەماشا بکەن چۆن پەیڕەو و پرۆگرام و فیکری سیاسی لە نێو حیزبیش ڕێگە لەوە ناگرێت کە ئەندامەکانی نەیگۆڕنەوە بە کورسی دەسەڵات. ئەم نموونەیەی یەکێتی بۆ گۆڕانیش و حیزبەکانی دیکەش بووە بە ڕاستی. بەڵام کاتێک باس دێتە سەر حزبێکی وەکو پارتی کە ئەگەر تا دوێنی و بە دڕێژایی مێژووی نزیکی بڕیارە گەورە و بچووکەکانیشی هەر لە نێو بازنەی خێزانێکدا دەدران و دادەبەزینە خوارەوە، ئەوا ئەمڕۆ خەریک سیمای جووت ئاراستە و جووت بڕیار ئەکەوێتە بەر تیشکی هەتاو. پارتی حیزبێکی هێندە قاڵبی بوو کە هەرگیز کەس بڕوای بەوە نەدەکرد ڕۆژێک بێت و ململانێکانی ناو هەمان خێزان بکەونە سەر لاپەڕەی ڕۆژنامەکان. ئەگەر جاران دەوترا مەنجەلە سەروپێکەی پارتی یەک سەر و یەک عەقڵ و بیرکەرەوەی تێدایە و باقی پێچکە و زمانە، ئەوا خەریکە دوو سەر و دوو ئاراستە و دوو بڕیاری تیا دەردەکەوێت. وەنەبێت ئەم ململانێیە شتێکی تازە بێت لە نێو پارتیدا، بەڵکو هەموو ئەمانە و زۆر توندتریش بە شاراوەیی کراون، بەڵام دیسپلینە توندەکانی بنەماڵە ڕێگەی لە بڵاوبوونەوەی گڕتووە. بەڵام چێژی کورسی یەکەمی دەسەڵات و شیرینی و کاریگەری ئەو پۆستە دوو ئامۆزای خستە ململانێیەکی وەها ئاشکراوە کە دیسپلینی بنەماڵەش نەتوانێت ڕێگە لەو هەناسەدانی بەر لە تەقینەوە بگرێت. هەر ئەمەشە پێمان دەڵێت کە چێژی کورسی دەسەڵات ئەندامانی یەک خێزانیش ناناسێت. لە سەروبەندی نووسینی ئەم ووتارەدا و لە گفتوگۆیەکی کراوەدا لە گەڵ (Eyvind Jorgensen )دا کە ئێستا سەڕۆکی کوتلەی ئۆپۆسیۆنە لە شارەوانی (Jessheim)لە وڵاتی نەروێج لە پشکی پارتی کاری نەرویجی و کاندیدی بەهێزیشە بۆ سەرۆکی شارەوانی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانی لە مانگی داهاتوودا لە نەرویج. لە وەڵامی چەند پریسیارێکدا ووتی هەوڵدانم بۆ بە دەستهێنانی ئەو پۆستە لە ئارەزووی جێبەجێ کردنی بەرنامەی کاری حیزبی کاری نەرویجییەوە سەری هەڵداوە و ئەگەر ئەو پۆستە بە من ڕەوا ببینن ئەوا جگە لەوەی سەرکەوتنە بۆ حیزبەکەم ترس و دڵڕاوکێی بۆ من دروست ئەکات. ئەوە بەرپرسیارێتییەکی گەورەم دەخاتە ئەستۆ و ئەبێت زۆر بە باشی خۆمی بۆ ئامادە بکەم. من کە خەریکی کاری ئاسایی خۆم بووم بڕە پارەیەکم دەست دەکەوت، کە چوومە کەمپینی هەڵبژاردنەوە لە هەڵبژاردنی پێشوو نەمتووانی سەربکەوم و بووم بە سەرۆکی کووتلەی ئۆپوسزیون بەوەش کارەکەم لە دەستدا و خەریکی ئەو پۆستە حکومییە بووم و بە هۆیەوە بڕێکی بەرچاو لە داهاتی ساڵانەم کەمی کرد. لە ئەگەری دەرچوونم بۆ سەرۆکی شارەوانی لە مانگی داهاتوودا، ئەوا داهاتەکەم بڕێک دەچێتە سەرەوە، بەڵام من بەڵێنێکم داوە بە دەنگدەران کە جگە لە بەرنامەی کاری حیزبەکەم ئەگەر من هەڵبژێرن ئەوا بڕی مووچەی سەرۆک زۆر کەم دەکەمەوە بە ڕادەی مووچە مامۆستایەک و پۆستی مامۆستایەکی لە شارەوانییەکەم پێ زیاد ئەکەم. کەواتە بۆ من وەرگرتنی پۆست دەستکەوتی مادی نییە، بەڵکو مایەی دڵەڕاوکێیە، کە ئەمەش تووشی پیاوانی سیاسی دەبێت لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا. منیش دەڵێم بەداخەوە هەڵپەکردن بۆ پۆست وەرگرتن لە لای ئێمە هێندەی بیرکردنەوەیە لە داهاتی مادی و مەعنەوی هیچ نەبۆتە مایەی دڵەڕاوکێ بۆ خاوەنی پۆست لە وڵاتی ناشەفاف و گەندەڵ و بێ چاودێری و لێپرسینەوە هەر بۆیەش ململانێکنمان لە سەر کورسی و دەسەڵات هیچ مۆڕاڵێک ناناسێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار