نــاوچەی ئــارام کــێشــــەی زیاترە لەچـارەسەر

5 ساڵ لەمەوپێش



 

ڕاپۆرت: زە ناشناڵ ئینترێست

 وەرگێڕان: کاکەلاو عەبدوڵا

دوای چەند مانگێک لە سەرنەکەوتنی وتووێژەکان، تورکیا و  ئەمریکا رێکەوتن لەسەر دامەزراندنی ناوەندێکی هاوبەشی ئۆپەراسیۆن بۆ ڕێکخستنی هەوڵەکانیان تا بتوانن ناوچەیەکی ئارام بنەخشێنن بەدرێژایی زیاتر لە  ٤٠٠ کم لە قەراغ سنوری باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ تورکیا.

 زۆربەی ناوچەکە لەلایەن هێزەکانی کوردانی سوریا کۆنترۆڵ دەکرێت کە تورکیا بە رێکخراوی» تیرۆرستیان» دەزانێت، بەڵام ڕۆڵێکی سەرەکیان گێڕاوە لەجەنگی دژی داعش بەسەرکردایەتی ئەمریکا.

لەم چەند ساڵانەی دواییدا، تورکیا دوو پەلاماری سەربازی ئەنجامدا بۆ ناوچەکە بۆ وەدەرنانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە سنورو رەجەب تەیب ئەردۆغانیش لەم ماوەیەدا وتی پەلاماری سێیەم بۆ ناوچەکانی ژێردەستی یەپەگە لە باکوری ڕۆهەڵاتی سوریا، کەسەدەها سەربازی ئەمریکی تێیدا جێگیرە، بەڕێوەیە.

بەهۆی ڕێککەوتنە نوێیەکەوە، خاڵێکی سەرەکی ناکۆکی نێوان ئەمریکا و تورکیا وادەردەکەوێت هێورببێتەوە، بەڵام لە داهاتوودا نەگونجان و ناکۆکی دەتەقێتەوە.

 بۆ هەر ڕێککەوتنێک تا ئەوەی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا سەربگرێت، دەبێت چارەسەرێکی بەردەوام دەستەبەر بکات بۆ بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئەمریکاو تورکیا لەگەڵیشیدا نیگەرانی و کێشەکانی کورد ڕەچاو بکات. ڕێککەوتنەکەی ئێستا لە هەموو ئەم لایەنانەوە شکستیخواردووە.

هەرچەندە ڕاگەیندراوی هاوبەشی هەردوو وڵات وردەکاری سەرەکی تێدا بەدی ناکرێت، لەوانە کێ کۆنتڕۆڵی ناوچەکە دەکات و بەقوڵایی چەنێک لە خاکی سوریادا درێژدەبێتەوە. تورکیا زۆر لەمێژە داوای نزیکەی ٣٢کم قوڵایی دەکات کە هێزەکانی یەپەگەی تێدا نەبێت و ئەوەی خستوەتەڕوو کە دەیەوێت بەتەنها کۆنتڕۆڵی بکات. ئەگەر بەڕاستی ئەوە پێوەری ناوچە ئارامەکە بێت، ئەوا کێشەی زیاتر دروست دەکات بۆ هەموو ئەو لایەنانەی بەشدارن تێیدا.

ناکۆکی لەسەر چەند خاڵێک وایکردووە پێگەی دامەزراندنی ناوچە ئارامەکە لاواز ببێت. یەکەم کێشەی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە لەسەر قوڵایی ناوچەکەیە. تورکیا دەڵێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی ٣٢کم قوڵایی پێداون لەکاتێکدا بەرپرسانی ئەمریکا پلانی ناوچەیەکی ئارامیان پێشکەشکردووە کە پێکهاتووە لە سێ پشتێنەی جیاوازی ئەمنی. لە یەکەم پێنج کیلۆمەتری قوڵایدا تورکیا و ئەمریکا بەهاوبەشی پاسەوانی ناوچەکە دەکەن.

کێشەی دووەم ئەوەیە تورکیا داوا دەکات هەموو چەکدارە کوردییەکان وەدەربنرێن لەکاتێکدا ئەمریکا دەڵێت تەنها ئەوانەی پەیوەندیان بە پەکەکەوە هەیە دەبێت دەربکرێن و زۆربەی هێزەکانی هەسەدە دەبێت لە ناوچەکەدا بمێننەوە.

گرفتی سێیەم لەسەر پێکهاتەی ئیدارەی خۆبەڕێوبەری ناوچە کوردییەکانە. واشنتۆن دەیەوێت ئیدارە خۆبەڕێوبەرییەکانی کوردانی سوریا بمێننەوە، بەڵام ئەنقەرە سورە لەسەر ئەوەی ئەو ئیدارانە  لەلایەن زۆرینەی تورکمان و عەرەبەوە بەڕێوەببرێن و یەپەگە بەوە تاوانبار دەکات کە دیمۆگرافیایی ناوچەکەی گۆڕیوە.

ناکۆکی چوارەم لەسەر دواخستنی ئەمریکایە بۆ بابەتەکە. تورکیا نایەوێت دروستکردنی ناوچە ئارامەکە دوابکەوێت وەک ئەوەی لە مەنبج کراو هەوڵی ئەوە دەدات سەربازانی ئەمریکی و تورکی تا کۆتایی ئەم مانگە بچنە نێو باکوری سوریاوە و کۆنتڕۆڵی هەندێک ناوچەی دیاریکراو بکەن.

کێشەی کۆتایی لەسەر چەکە قورسەکانی یەپەگەیە کە پێنجشەممەی رابردوو مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمریکای تۆمەتبار کرد بە بەردەوامی لە ناردنی کەلوپەلی سەربازی بۆ «گروپە تیرۆرستییەکان». 

لەکاتێکدا داوای راگرتنی هاوکارییەکانی ئەمریکا دەکات بۆ یەپەگە، تورکیا لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا بەردەوامە لە ناردنی هاریکاری سەربازی بۆ گروپە چەکدارەکانی. دواین کاروانی هاوکاری سەربازی  ئەنقەرە بۆ شارۆچکەی خان شەیخونی سەر بەپارێزگای ئیدلیب بوو لە دوشەممەی رابردوو کە ڕووبەڕووی پەلاماری هێرشی ئاسمانی حکومەتی سوریا بوەوە. سوپای حکومەتی سوریا کاروانەکەی بە کردەوەیەکی هێرشبەرانە وەسف کردو رایگەیاند کاروانەکە بۆ یارمەتی گروپە چەکدارەکان نێردراون.  بەپێی ئاگربەستی نێوان تورکیا و روسیا کە لەئەیلولی ٢٠١٨ ئیمزاکرا، دەبوو ئیدلیب ببێتە ناوچەیەکی بێ لایەن و لە چەکداماڵراو بەڵام بەپێشێلکردنی ڕیککەوتنەکە لەلایەن هەردوولاەوە جەنگ تا ئێستاش لە ناوچەکەدا بەردەوامە.

بەشێوەیەکی گشتی ناوچەی ئارام بۆ پارێزگاریکردنی خەڵکی دادەمەزرێنرێت لەو ناوچانەی جەنگی تێدایە و عادەتەن بەشێویەک دیزاین دەکرێت کە بێلایەنی تێدا بەدی بکرێت و لە چەک داماڵراو بێت لەگەڵ جەختکردنەوە لە ئامانج و هاریکارییە مرۆییەکان. بە چەسپاندنی ناوچەیەکی ئارامی ٣٢کم لە ڕۆژهەڵاتی فورات ئەنجامە  پێچەوانەکە ڕوودەدات، لەوانەش ئاوارەکردنی زیاتر لە سەدا٩٠ی دانیشتوانی کوردی سوریا، خراپترکردنی دۆخی تەواو خراپی ئێستای مرۆیی، دروستکردنی ژینگەیەک بۆ ململانێی قوڵتر کە پێویستی بەجوڵاندنی هێزی زیاتری سەربازی هەیە.

پلانی ناوچە ئارامەکە زیان بە بەرژەوەندییەکانی واشنتۆنیش دەگەیەنێت. ئەمریکا لەمێژە لەهەوڵدایە سەرهەڵدانەوەی داعش نەهێڵێت، پارێزگاری لەو لایەنانە بکات کە لەپاڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش جەنگان و هەوڵەکانی ئێران پوچەڵ بکاتەوە تا نەتوانێت درێژە بە چالاکییە ئاینییەکانی بدات و ڕاستەوخۆ هەڕەشە بخاتە سەر لایەنەکانی دیکە. هێزە کوردییە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا کاریگەرترین قەوارەی  شەڕکەرن دژی داعش لە سوریا. هەبوونی ئەوان سەقامگیری بەرپا دەکات و بەڕێوبەری ناوخۆیی دەگەڕێنێتەوە کە گرنگە بۆ دوورخستنەوەی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش، هەروەها کۆنترۆڵی ئەوان لە ناوچەکەدا دامەزراوە، جوڵە، سەرچاوەکانی داعش هەڵدەپەسێرێت کە پێویستی پێیەتی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی. چەسپاندنی ناوچەیەکی ئارام کە هێزە کوردییەکان دەربکات دەبێتە هۆی پەکخستنی ئەو هەوڵانە.

تورکیا بەرژەوەندییەکی تەواو چەسپیوو ناسراوی هەیە لە زامنکردنی ناوچەکانی سەر سنور کە نەهێڵێت بەکاربهێنرێت وەک سەکۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر هاوڵاتییەکانی. ئەنقەرە بانگەشەی ئەوە دەکات هەبوونی هێزە کوردییەکان لە ناوچەکەدا هەڕەشەی ئەمنی دروستدەکات بۆ تورکیا. لەکاتێکدا کە چەند ڕووداوێک ڕوودەدەن لە سەر سنور، بەڵام  ئەم ڕووداوانە ئاستییان نزمە و کاریگەرییان کەمە و هیچ بەڵگەیەک نییە تا ئاماژە بەوە بکات ناوچەکە وەک سەکۆیەک بەکاردەهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر تورکیا. بە تێکەڵکردنی هاوپەیمانیەتییەکی بچوک لەگەڵ  هێزە کوردییەکان، ئەمریکا دەتوانێت بەقوڵی کاریگەری هەبێت لەسەر ئەو هێزانە و دواتریش هاریکار دەبێت لەزامنکردنی ئەمنییەتی ناوچەکانی سنوری تورکیا.

خەڵکی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریاش بەرژەوەندیان هەیە، وەک بوژانەوە لە جەنگی چەند ساڵە، پاراستنیان لە هێرش و دەرفەتێک بۆ ژیانکردن لە ئارامی و ئاشتیدا. ئاوارەکردنی دانیشتوانی کورد نەک هەر بێبەشان دەکات لەم مافانە بەڵکو ململانێی قوڵتر  دروستدەکات.

ئەوەی پێویستە ناوچەیەکی ئارام نییە، بەڵکو میکانیزمێکی ئەمنی بەردەوامی پێدەرە کە نیگەرانییە تایبەتییەکانی هەموو لایەنەکانی بەشدار ڕەچاو بکات و پێکهاتەیەک دروست بکات کە چاودێری و کۆنترۆڵی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان بکات، لەهەمانکاتیشدا پەیوەندییەکان ئاسان بکات لەنێوان هەموو لایەنەکاندا. ئەم میکانیزمە بێ خەوش نابێت و هیچ لایەنێکیش بەتەواوی قایل نابێت بەڵام ئەمە تاکە ڕێگەی پراکتیکییە بەرەو پێشەوە. ئەم ڕێککەوتنە دەبێت سازانی تێدا بێت لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە بۆ ڕێخۆشکردن تا ناوچە لاوازەکان بەهاوبەشی چاودێری بکرێت، داماڵینی چەکە قورسەکان بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی لە سنورەوە دوورن، هەروەها لابردنی پێگە ئەمنییەکانی سەر سنوور. تورکیا دەبێت خۆی دوورەپەرێز بگرێت لە سووربوون لەسەر هەبوونی هێزەکانی بەهەمیشەیی لە ناوچەکەدا و کار بکات لەگەڵ هاوپەیمانی جیهانی بەسەرکردایەتی ئەمریکا لەسەر پاسەوانی و چاودێری هاوبەش لەگەڵ خاڵی پشکنینی تێکەڵەی هەردوو سەربازانی وڵات لە شوێنە هەستیارەکانی سەر سنور.

دەبێت ئەمریکا و هاوپەیمانان بەردەوامبن لە بەکارهێنانی کاریگەرییەکانیان و ببنە هاوبەشی متمانەپێکراو کە زامنی بەرژەوەندییەکانی لایەنە جیاوازەکان بکەن. کێشەی بێشومار هەن کە دەبێت باسیان لێوە بکرێت ، لەوانە گەڕانەوەی پێویستی پەنابەرەکان کە لە ئێستادا لە تورکیان، دەکرێت بگەڕێنرێنەوە بەڵام لەپێشدا دەبێت میکانیزمێکی هاوبەشمان هەبێت. ئەوەمان لە مەنبج و باشوری سوریا لە هەرێمی ئەلتانف هەیە، کە تێیدا هاوپەیمانی هەماهەنگی لەگەڵ ڕووسیادا کرد بۆ زامنکردنی گەیاندنی سەلامەتی هاریکارییە مرۆییەکان بۆ کەمپە پەنابەرییەکان. هیچ لەم مۆدێلانە بێ خەوش نین  بەڵام سەرکەوتوون و ژینگەیەکی سەقامگیرترو ئەمنتریان دروستکردووە کە دەرفەت دەدات بەدیبلۆماسییەت بۆ بەدواداچوونی چارەسەری سیاسی مەودا دوور.

بەڵام چارەسەری نمونەیی بۆ کێشەی ئەمنییەتی هەموو لایەنە بەشداربووەکان ئەوەیە تورکیا کێشەی ناوخۆیی کورد بەئاشتیانە چارەسەر بکات. لەکاتێکدا بارودۆخەکان لەئێستادا ڕەنگە لەبار نەبن بۆ تورکیا بۆ ئەم چارەسەرە، بەڵام ئەمریکا دەبێت بەردەوام بێت لەدیبلۆماسییەت بۆ پەرەپێدانی چارەسەرێکی ئاشتیانە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار