هۆشداری ده‌درێت له‌مه‌له‌کردن له‌ئاوى باخچه‌کاندا

پسپۆڕانى ته‌ندروستى ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ له‌ڕێگه‌ى مه‌له‌کردنه‌وه‌ له‌و شوێنانه‌ نه‌خۆشى ترسناک بگوێزرێته‌وه‌

5 ساڵ لەمەوپێش



کۆچهر عهزیز

شەیمای تەمەن ١٢ ساڵ عەرەبە و خەڵکی سەڵاحەدینەو لەقەزای خەبات دادەنیشێت و هەفتەی دوو رۆژ بۆ مەلەکردن دەچێتە باخی گشتی دەیەوێت لەگەرمای تاقەتپڕۆکێنی هاوین رزگاری ببێت.

شەیماو براکەی بەیانیان زوو لەماڵ دێنە دەرەوە بۆ کارکردن بنێشت و عەلاگە دەفرۆشن، بەڵام زۆربەی رۆژەکان لە دوای کاتژمێر2:00  روودەکەنە باخی گشتی بۆ مەلەکردن بۆ ئەوەی لەگەرمای هاوین رزگاریان بێت و خۆیان فێنک بکەنەوە.

شەیما بە هاوڵاتى وت «ئێمە خەڵکی سەڵاحەدینین، بەڵام بەهۆی شەڕەوە هاتوینەتە کوردستان، رۆژانە دێینە بازاڕ کاردەکەین، بەڵام حەزمان لەمەلەکردن هەیە، بۆیە ئەم حەوزە زۆر شوێنێکی خۆشەو بێبەرامبەر دەتوانین مەلەی تێدا بکەین، چونکە ئێمە پارەمان نییە بچین بۆ مەلەوانگە».

جگە لەشەیماو براکەی رۆژانە زیاتر لە حەوت بۆ هەشت منداڵی دیکە روو دەکەنە ئەو حەوزە بۆ مەلەکردن کەمنداڵی کوردیشیان تێدایە.

لەبەشێک لە پارکەکانی سلێمانیدا چەند حەوزێک هەیە کە بۆ جوانی دیمەنی باخچەکە دانراوە، بەشێک لەمنداڵە عەرەب و ئاوارەکانیش بوونی ئەو حەوزانەیان قۆستوەتەوە بۆئەوەی کە خۆیان پێ فێنک بکەنەوە.

منداڵەکان دەڵێن پارەیان نییە بچنە مەلەوانگەکان، بۆیە خۆیان هەڵدەدەنە ناو ئەو ئاوەی ناو باخەکەوە. بەرپرسانی باخچەکەش ناتوانن رێگریی لەو منداڵانە بکەن چونکە پۆلیسیان نیە.

ئەگەرچی ئەو مناڵانە بە کەیف و خۆشیەوە خۆیان هەڵدەدەنە ئاوەکەوە، بەڵام پزیشکە پسپۆرەکانی نەخۆشییەکانی هەناوی دەڵێن ئەو منداڵانە تووشی نەخۆشی «گوازراوەو ترسناک» دەبن.

تەمیمە، منداڵێکی تر بوو کە لەو کاتەدا مەلەی دەکرد، بۆ هاوڵاتى وتی»ئێمە دەزانین ئەو ئاوە پیسەو بەچاوی خۆم بینیومە خەڵک میزی تێکردوە، بەڵام ئێمە زۆر حەزمان لە مەلەکردنە، بۆیە ناتوانین مەلەی تێدانەکەین».

هاوڵاتى لەگەڵ بەشێک لەو کەسانەدا قسەیکرد کە رۆژانە دەچنە ئەو پارکە، ئەو هاوڵاتیانە گلەیی و گازندەیان هەیە و دەڵێن، ئەم باخە موڵکی گشتییە، بەڵام فەرامۆشکراوە، چەندین کەس هەن شەوانە مەشروب و حەبی تێدادەخۆن».

لەشاری سلێمانیدا نزیکەی ١٥ باخچە هەیە کەخەڵک بە گشتی بۆ حەوانەوە رووی تێدەکەن، بەڵام هیچ کام لە باخچەکان پۆلیس و پاسەوانی تایبەت بەخۆیان نییە.

لەشاری سلێمانیدا نزیکەی 15 باخچە هەیە، بەڵام هیچ کام لەباخچەکان پۆلیسیان نییە، تەنها یەک پۆلیس هەیە ئەویش لە پارکی ئازادییە.

 هاوژین عوسمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی باخچەکانی سلێمانی بەهاوڵاتى راگەیاند، پاراستنی باخچەکان پێویستی بە پۆلیس و پاسەوانی تایبەت هەیە، بەرێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی تەنیا یەک پۆلیسی هەیە ئەویش لە پارکی ئازادییە، لە کاتێکدا بۆ هەر پارکێک بۆئەوەی بەبەردەوامی بپاریزرێت پێویستی بە 10 پۆلیس هەیە، واتا زیاتر لە 150 پۆلیس پێویستە بۆ پاراستنی باخچەکانی سلێمانی.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی باخچەکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە چوار ساڵیش دەبێت نوسراویان ئاڕاستەی پۆلیسی سلێمانی و پۆلیسی شارەوانی کردوە بۆئەوەی میلاکی پێویستیان بۆ دابینبکەن، بەڵام وەڵامی ئەوان تەنها ئەوەبوە کە ناتوانن، چونکە هیچ میلاک و دامەزراندنێک نییە.

وتی «بەس لە کاتی زەرورو  پێویستیدا وەک شەڕکردن و دزیکردن یاخود مەی خوارنەوە لەو حاڵەتانەدا پۆلیس بە هانایانەوە دێت بۆ پاراستنی باخچەکان، بەڵام وەک بەردەوام ئەوانە نییە».

وتیشی «هەر شوێنێکیش کە هاوڵاتیان روی تێبکەن بۆ حەوانەوە، بێگومان زیانی بەردەکەوێت، کە زۆرجار باخەوانەکان توشی کێشە دەبن، کە بەو هاوڵاتیانە دەڵێن، هەرچەندە ئەوە ئیشی ئەوانیش نییە».

 هاوژین عوسمان، نەیشاردەوە کە ئاگاداری ئەو منداڵانەن و وتی «ئێمە ئاگادارین تا کاتژمێر ٢:٠٠ چاودێرەکانمان کە لەو باخچانەن ناهێڵن، بەڵام دوای ئەوە منداڵەکان دەرفەت دەهێنن و دەزانن کەسی لێنیە و مەلەی خۆیان دەکەن».

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە هاوڵاتى راگەیاند « تا ئێستا هیچ نوسراوێک لە لایەن باخچەکانەوە بەدەست بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس نەگەیشتووە، بەڵام ئەگەر داواشبکەن ئێمە خۆمان پۆلیسمان کەمە، ناتوانین بۆیان دابمەزرێنین».

 ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت باخچەکان خۆیان نوسراو ئاڕاستەی قایمقامییەت و پۆلیسی نەوجەوانان بکەن بۆ بەدواداچون لەسەر ئەو پرسە.

وتیشی « ئێمە لەڕوی یاساییەوە ناتوانین بە جلی پۆلیسییەوە لەو منداڵانە نزیک بینەوە و رێگە پێنەدراوە، چونکە لەڕوی دەرونییەوە رەنگە کێشەی بۆ دروست ببێت، وتیشی رەنگە بترسن، یاسا رێگە نادات پۆلیس و نەژدە هەڵکوتێتە سەر منداڵێک بە تاوانی مەلەکردن جا لە هەر شوێنێک بێت، بەڵام ئەرکی ئیدارەی باخجەکانە رێگرییان لێبکەن.

پزیشکێکی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتیش باسلەودەکات مەلەکردن لە ناو حەوزو مەلەوانگەکاندا لەگەڵ ئەوەی لە وەرزی هاویندا زۆرە، بەڵام دەبێت ئەو ئاوە پاکژ بێت و بەردەوام ئاوی لەسەر بێت و پلەی گەرمی و کلۆری گونجاوی تێدا بێت رۆژانە پاکبکرێنەوە، بۆئەوەی پێستی مەلەوانەکان نەسوتێنێت.

عەقید عابد عەلی پزیشکێکی پسپۆڕی نەشتەرگەری بە هاوڵاتى وت «جگە لەوانەش بەشێک لەو هاوڵاتیانە نەخۆشی پێستیان هەیە یان یەکێک لە نەخۆشییە گواستراوەکانیان هەبێت بۆ کەسانی دیکەش دەگوازرێنەوە کە لەمەلەوانگە یان حەوزەکەدا مەلە دەکەن، یان ئەگەر ئاوەکە بچێتە قوڕگیانەوە بۆ هەناسەوکۆئەندامی هەرسیان توشی نەخۆشی دەبن».

ئەو پزیشکە دەڵێت «ئەو منداڵانە جلی تایبەتیان لەبەردا نییە بۆ مەلەکردن، لە کاتێکدا دەبێت ئەو کەسانە زۆربەی لەشیان داپۆشن، بۆئەوەی کە ئەگەر برینێک یان ئیفرازاتێک هەبێت بپارێزرێت، یان دیاردەیەکی دیکەش هەیە، ئەو کەسانەی کە لەو شوێنانەدا مەلە دەکەن میز دەکەن زۆر مەترسیدارە، چونکە هەندێک نەخۆشی لە ڕێگەی میزەوە دەگوازرێتەوە».

باسی لەوەش کرد لەمساڵیدا چەندین نەخۆش چۆنەتە لایان کە بەهۆی مەلەکردن لەهەندێک لە مەلەوانگەدا کە ئاوەکانیان پیس بوە توشی نەخۆشی پێست و ڤایرۆس و نەخۆشی هەناوی بون.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار