دوو مــۆدێــلی ئـیـســـلامی

سەید قوتب‌و ڕەفاعە ڕافع تەهتاوی

5 ساڵ لەمەوپێش



گی سورمان

شوان ئەحمەد کردوویەتی بەکوردی

ئایا دەستنیشانکردنی ئامانجی تەقینەوەکانی 11ی سێپتەمبەری 2001، ناگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1948؟

ئاخر لەو ساڵەدا سەید قوتب (کەمامۆستایەکی میسری بوو)، بەمەبەستی درێژەدان بەخوێندنەکەی ڕوو لەشاری نیویۆرک دەکات و مانەوەی بۆ ماوەی دووساڵ لەو شارەدا، وادەکات دیدو تێڕوانینی بۆ دنیا بگۆڕێت. ڕەنگە ئەوەش شتێکی ئاسایی بێت، لەبەرئەوەی نیویۆرک شارێکە مرۆڤ سەراسیمە دەکات و بەڵێندەران و نوسەران هونەرمەندان ڕادەچڵەکێنێت.

سەید قوتب بەچاوی موسافیرێکی ئاسایی ناڕوانێت و هەروەک خۆی لەبیرەوەریەکانی (کە لەزینداندا نوسیویەتی) باسی دەکات، پێشبینی ئەوەی کردووە کەنیویۆرک بۆتە پایتەختی سیاسی و ئابوری و کلتوری بۆ شارستانیەتی خۆرئاوا. 

سەید قەناعەت بەوەدێنێ کەئەو شارە ناسنامەی جیهانی داهاتووی  بۆخۆی دروستکردووە. هەر بۆیە ڕقی لەهەموو ئەوشتانە دەبێتەوە کە لەو شارەدا بینیویەتی و بەریانکەوتووە. بەهەرحاڵ نیویۆرک بۆ ئەو دەبێتە جێگەیەک بۆ ڕەتکردنەوەی ئیسلام، ئەویش لەڕێی فەردانیەتێکی دژ بەپەیوەندی و هاوکاریی کۆمەڵایەتی، ئازادی ژن لەبەرامبەر هێشتنەوەی لەماڵەوەدا، مادەگەرایی دژ بەبڕوابوون بەمیتافیزیک.

هەر لەسەروەختی مانەوەی لەوڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکادا، سەید قوتب ڕووبەڕووی هەندێ دیاردەی ڕەگەزپەرستی دەبێتەوەو بەگەردونگەرایی و هەمەلایەنێتی ئیسلام بەرپەرچیان دەداتەوە.

بەبۆچونی سەید قوتب، هیچ شتێ ناتوانێت بەسەر بڕوای تایبەتی ئەودا زاڵ بێت. ئاخر پێویستە نیویۆرک لەسەر نەخشەی جیهان بسڕدرێتەوە. سەروەختێک دەگەڕێتەوە  بۆ میسر، لەبەرهەمەکانیدا ئەوە دەنووسێت. تەنها ئیسلامە هەتا ئێستاش لەتوانایدایە، مرۆڤایەتی قوتار بکات(ئەوە قەناعەتی کۆنکرێتی ئەو بوو).

مرۆڤایەتی لەڕێی داوەشانی مۆراڵیەوە (کەئەمریکا نوێنەرایەتی دەکات و بەرجەستەکاریەتی) مەترسی لەسەرەو لەژێر هەڕەشەدایە، بۆ قوتاربوون لەوەش سەید قوتب هانی نەوەیەکی نوێ لەموسڵمانان دەدات، تا قۆڵی لێهەڵماڵن و پەنا بۆ توندوتیژی بەرن و جەنگێکی پیرۆزی نوێ بەرپا بکەن.

سەید قوتب کەلەساڵی 1966 ڕژێمەکەی ناسر لەقاهیرە، بەهۆی ئەوەی پلانی لەدژی ئاسایشی دەوڵەت گێڕاوە لەسێدارەدرا، بەدامەزرێنەری ئیسلامیزم دادەنرێت. نوسینەکانی ئەو بوونەتە باعیسی ئەو کارو کردەوانەی ئێمە لەخۆرئاوا بەتیرۆرستی ناوی دەبەین.

وەلێ هەوادارانی و لەنێویشیاندا (ئوسامە بن لادن)، هەوڵ بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی دەدەن کەئەوەش بۆخۆی ڕزگارکردنی ئیسلامە. لێرەدا ئیسلام وەک ئاینێکی گەردونی نیشاندەدرێت، نەک تەنها وەک ئاینی موسڵمانان.

کەواتە دەتوانین بڵێین ئیسلامیزم ئایدیۆلۆژیایەکی نوێیە، ئەویش لەبەرئەوەی لەپەیوەندیەکی ململانێ ئامێزدا لەگەڵ مۆدێرنەی خۆرئاوایی دێتە ئارا. هەروەها لەبەرئەوەی ئامرازەکانی زانستی خۆرئاوایی و ئامرازەکانی پەیوەندی و هەروەها چەکە کۆمەڵ کوژەکانیشی بەکاردێنێت. هاوکات لەبەرئەوەی لافی ئەوە لێدەدات کەبەرەو نوێگەریەکی دیکە دەچێت، نوێگەریەک کەمۆراڵی خۆرئاوا ڕەتدەکاتەوە.

ئەمە لەکاتێکدا پەنا بۆ داهێنراوە تەکنۆلۆژیەکانی خۆرئاوا دەبات. ئەوەش بۆخۆی ئایرۆنیەتێکی شێوە - مۆدێرنانەی دژ بەیەکە کە لەلایەک وادەکات، شارستانی ئیسلامی لەسەر زانستی خۆرئاوایی بژی، کەچی ئەو ڕەهەندە ڕەخنەگرانەیە ڕەتدەکاتەوە کەئەو زانستەی لەسەر دامەزراوە.

دواجار دەبێت ئەوەش بڵێین ئیسلامیزم، بەشکستهێنانی ئەو هەوڵانە دەژی و لەبرەودایە کە لەسەرەتای سەدەی نۆزدەهەمەوە لەوڵاتانی ئیسلامیدا دەستیپێکرد، لەپێناو ڕاگەیشتن بەخۆرئاواو ئاشتکردنەوەی ئیسلام لەگەڵ مۆدێرنەدا، گەر بکرێت.

لەڕاستیدا ئیسلامیزم کەتەقەللایەکی نائومێدانەیە، بۆ خۆرئاوا کێشەیە، وەک چۆن بۆ موسڵمانانیش سەرئێشەیە. پراکتیزەکردنی ئیسلامیزم بەشێوەیەکی عەمەلی لەئێران و سودان و ئەفغانستان، هەتا ئێستا هیچ نمونەیەکی وای نیشاننەداوە کەهەڵگری داهاتوویەکی مۆدێرن و ئیسلامی بێت لەیەک کاتدا، نە بۆ میللەتانی خۆیان نە بۆ میللەتانی دیکەی دنیا.

ئایا تۆ بڵێی هێشتا زوو بێت بۆ بڕیاردان؟

ئەمە پاساوو بەهانەی ئیسلامیستە دۆگماکانە. وەک چۆن پێشتر لەکۆمۆنیستەکانی یەکیەتی سۆڤیەت ڕوویداو پێیان وابوو شکستی ئەزموونەکەیان، بەس نیە بۆئەوەی ڕەوایەتی بەڵێنەکانیان بخرێتە ژێر پرسیارەوە.

ئیسلامیستەکانیش پێیان وایە گەر ئیسلامیزم لەسودان سەرکەوتوو نەبووبێت، ئەوا لەبەرئەوەیە (بەبۆچونی ئەوان)، ئەو وڵاتە هەژارەو قوربانی شەڕی ناوخۆیە. گەر لەئێرانیش سەرکەوتوو نەبووە، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەئێران شیعە مەزهەبەو پێویست وابوو، سوننە مەزهەب بێت.

ئیسلامیزمی ڕادیکال، لەسەر ئەم ئایدیۆلۆژیایانە کار دەکات و بەهیچ ڕەخنەیەکی ئەقڵانیش ڕازی نییە. هەروەک ئەوەی لەدۆخی کۆمۆنیزمدا بینیمان، تەنها شکستی ڕون و ڕەوان و بەردەوامە دەتوانێت هەڵەکان بسەلمێنێ. باجی تاقیکردنەوەو ئەزمونکردن لەسەر مرۆڤایەتی، گران دەکەوێت.

خۆشبەختانە قسەکردن دەربارەی پێکەوە گونجاندنی ئیسلام و مۆدێرنە، خۆبەخۆ بەرەو ئیسلامیزم و بەرەو توندوتیژیمان نابات. قسەکردن لەئیسلامی مۆدێرن کەبەلای سەید قوتبەوە بێ کەڵکەو ڕەتدەکرێتەوە، سەدەیەک پێشترو لەسەر دەستی بیرمەندێکی میسری دیکە زەمینە سازی بۆ کرابوو. نەک بەشێوازی وێرانکاری و تێک و پێکدان، بەڵکو بەستایلێکی نەرم و ئەرێنیانەو سەرمەشقی ئەو هەوڵەش، ڕەفاعە ڕافع تەهتاوی بوو.

ئەم خوێندکارە گەنجەی لەقاهیرە خەریکی خوێندنی ئایینی بوو، لەلایەن محەمەد عەلی پاشاوە لەتەمەنی بیست و پێنچ ساڵیدا لەگەڵ بیست و پێنج شازادەی لاودا،  ڕەوانەی پاریس دەکرێن. ئەرکیشیان ئەوەبووە پەی بەنهێنی باڵادەستی خۆرئاوا بەرن، لەڕووی تەکنۆلۆژی و زانستییەوە.

ئەڵبەتە میسرییەکان لەسەروەختی لەشکرکێشی ناپلیۆن بۆ سەر وڵاتەکەیان (بەری چەند ساڵێک)، هەستیان بەوەکردبوو. ڕەفاعە لەساڵی 1826بۆ1836  لەپاریس دەمێنێتەوەو لە کۆتاییشدا بۆی دەردەکەوێت کەکۆکردنەوەی ئیسلام و پێشکەوتن بەیەکەوە، کارێکە دەکرێت و هیچ شتێ لەقورئاندا نییە، ڕێگری لەنوێبوونەوەی جیهانی ئیسلامی بکات.

کاری دواتری وەک کارمەندێکی دەوڵەت، ئەوە دەبێت هەماهەنگیەک لەنێوان ئیسلام و دەسکەوتەکانی دنیای مۆدێرندا دروست بکات، ئەویش بەهاوردەکردنی دۆزینەوە و داهێنانەکانی خۆرئاوا بۆ جیهانی عەرەبی - ئیسلامی، بەبێ دەستبەرداربوون لەجەوهەر و ناوەڕۆکی وەحی قورئانی.

ئیتر لەوکاتەوە ڕەفاعە ڕافع تەهتاوی لەجیهانی ئیسلامیدا، وەک دامەزرێنەری ئەوەی پێی دەڵێین (ڕابونی عەرەبی) سەیر دەکرێت. ئەم ڕابوونە کاریگەری بۆسەر موسڵمانان، سنوری جوگرافی وڵاتانی عەرەبی تێدەپەڕێنێت. شایەنی باسە میسر بۆماوەیەکی زۆر، بەهۆی پێگەی زانا ئایینیەکانی و هونەرو کلتورو پێشکەوتنی تەکنەلۆژیەوە، وەک مەڵبەندی ڕۆشنگەری سەیر دەکرا.

ئەو ڕێنیسانسەی تەهتاوی دەستی پێکرد، وەها دەهاتە پێش چاو وەک ئەوەی سەرکەوتنی بەدەستهێنابێت و لەوەدابوو جیهانی عەرەبی - ئیسلامی لەدەوروبەری ساڵی 1950دا، بەرەو مۆدێرنەو دیموکراسی بەرێت. وەلێ پرۆسەی ئازادکردنی شێلگیرانەی ئابووری و پرۆسەی نەشونماکردنی ئابووری کۆمەڵگە ئیسلامیەکان، لەوکاتەداو بەشێوەیەکی ناقۆڵایانە وەستا.

ئەوەبوو لەهەموو جێیەکدا لەشکر دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت و وەک ئایدیۆلۆژیاش، کەوتنە پەیڕەوکردنی ناسیۆنالیزم و دواتریش سوسیالیزم. هەتاکو ئێستا جیهانی ئیسلام، هەرگیز لەو لێدان و پیاکێشانە هەڵنەستاوەتەوە. ئیتر لەو دابڕانەوە، ستەمکاری و هەژاری دەستی پێکرد.

بێگومان هەندێ نمونە هەن توانیان لەشکست خۆیان بپارێزن و بەرەو مۆدێرنە مل بنێن، وەلێ ئەوانە زۆر دەگمەنن و گەرهەشبن دەکەونە پەراوێزی کۆمەڵگە ئیسلامیەکانەوە، وەک لەمالیزیا.

ئالەو شکستەوە سەید قوتب و تێزە ڕادیکالیەکانی، ڕەواجیان پەیداکردو خەڵک لێیان کۆبووەوە. کەواتە فایدەی بەچی گەر مۆدێرنەی خۆرئاوایی بهێنی و باجەکەشی لەدەستدانی ڕۆح و ویژدان بێت، بەبێ ڕاگەیشتن بەخۆرئاوا؟

ئایا دەکرێت بڵێین بیری چاکسازی، لەگەڵ ڕەفاعە ڕافع تەهتاوی دا مرد؟

نەخێر، هەرگیز. لەسەرجەم وڵاتانی ئیسلامیدا، ناوبەناو بیرمەندگەلێک دێنە ئارا کەشانازی پێوەدەکەن و هەوڵدەدەن هەماهەنگی و پێکەوە گونجانێک، لەنێوان ئیسلام و پێشکەوتندا دروستبکەن. ئەوانەش ڕۆڵەکانی ڕەفاعەن. ئەم دەستەواژەیە هی من نییە، بەڵکو ئەوان خۆیان دایان هێناوەو ئەوانەش بەسەر بزاوتی سیاسی و ئایینی جیاجیادا دابەش بوون: (هەندێکیان لەمارکسیستەکانەوە نزیکن و هەندێکیان لەلیبرالیزمەکانەوە. هەندێکیشیان کۆنزێرڤاتیڤن).

هەروەها هەندێ ئیسلامیستیش هەن بانگەشە بۆ توندوتیژی ناکەن، ئەوانە تەهتاویان خۆشدەوێت، لەبەرئەوەی هەرگیز ناپاکی دەرهەق بەبیروباوەڕەکەی نەکردووە. ئەوەتا دەنووسێت: (بیروباوەڕی پاریسییەکان مایەی بێزلێکردنەوەیە - لێرەدا تەهتاوی پاریس و خۆرئاوا تێکەڵ دەکات -، لەبەرئەوەی فەسلەسوفان و فیزیاناسان لەسەرووی پێغەمبەرانەوە دادەنێن. هەروەها قەزاو قەدەرو میتافیزیکیش ڕەتدەکەنەوە).

کەواتە سەفەری ئێمە بۆ لای موسڵمانان، لەژێر چاودێری ڕەفاعە ڕافع تەهتاویدا دەبێت. ئاخر شکۆمەندی بیری ئەو ڕابەرایەتمان دەکات و سەفەرەکەش لەنێو ئامێزی موسڵماناندا دەبێت، نەک ئیسلام. لەبەرئەوەی وەک پرانسیپ لەگەڵ فەیلەسوفی جەزائیریی (محەمەد ئەرکۆن)، پێشنیاز دەکەین کە: (ئیسلام بریتییە لەکۆی ئەزموونی سەرجەم موسڵمانان لەبەرەبەیانی مێژوویانەوە، بەپەیوەندییان بەخەڵکانی غەیرە موسڵمانیشەوە).

لەمیانەی ئەم سەفەرەشماندا، هەڵدەستین بەجیاکاری کردن لەنێوان موسڵمانان و ئیسلامیستەکاندا. واتە لەنێوان خواپەرستی و دینداری لەلایەک، لەگەڵ کارو چالاکی سیاسی لەلایەکی دیکەوە.

ئێمە خەسڵەتی شەیتانی نابەخشینە هیچ لایەنێکیان، لەبەرئەوەی دەزانین پەڕگیری لەهەموو جێیەکدا هەیەو ئایدیۆلۆژیای ئەورپاییەکانیش لەسەدەی بیستەمدا، هێندە ماڵوێرانیان بەسەر مرۆڤایەتیدا هێنا، زۆر زیاترە لەوەی تێرور لەداهاتوودا لەگەڵ خۆیدا بیهێنێت.

بێگومان ئەمە بۆ ئەو قسەیەشم زیاد دەکەم و دەڵێم: (ڕەنگە تیرۆر تیرۆرێکی ئیسلامیستانە بێت، وەلێ مەرج نیە هەموویان هەر تیرۆرست بن. ئاخر هەندێ ئیسلامیست هەن توندوتیژ نین، وەک چۆن زۆرێک لەتیرۆریستەکان بەهیچ جۆرێک، ئیسلامیست نین!).

بەمجۆرە دەبینین (گیان فیداکان)، هەریەک بەشێوازی خۆی بەکاریان هێناون. بۆ نمونە ئانارشیستە ڕوسەکان و ژاپۆنیەکان و تامیلەکان لەسیریلانکا. هەرچی پەیوەندی بەملیارێک و زیاتر لەموسڵمانانەوە هەیە، ئەوا زۆربەی زۆریان وەک ئێمە بەدوای ئاشتی و ئارامیدا دەگەڕێن، لەپێناو خۆیان و ماڵ و منداڵیاندا، هەروەها بەدوای ژیانێکی باشترو ئازادانەتردا دەگەڕێن.

بەڵام زۆرینەیان لەژێر باری سەرکوتکردن و هەژاریدا دەژین. هەروەها هەستدەکەن ئەوە ئەوانی دیکەن یاساو ڕێساکان دادەنێن، ئیتر چۆن دەتوانن چەرمەسەری نەبینن و ئازار نەچێژن؟

لەئەوروپادا زۆر لەوانە هەن کەنەیاری جیهانگیریی و ترسیان لەوە هەیە، بەشێک لەناسنامەی خۆیان بزر بکەن. دەی دەبێت چی بڵێن، گەر هاتوو لەقاهیرە یان کەراتشیدا ژیان و لەهەموو شت بێبەش بوون؟

بێگومان وەک زۆرێک لەموسڵمانان و وەک زۆرێک لەئیسلامیستەکان، ئەوانیش کەڵکەڵەی جۆرێک لەیاخی بوون دەکەوتە سەریان. کەواتە ئێستا تێدەگەین بۆچی کۆمەڵگە ئیسلامیەکان، لەنێوان سەید قوتب و ڕەفاعە ڕافع تەهتاویدا دوودڵ و نیگەرانن.

دەستبەرداربوونی مۆدێرنە، لەپێناو ڕزگارکردنی شوناسدا، یاخود دۆزینەوەی ڕێگەیەک لەو نێوانەدا گەر هەبێت، واتە لەنێوان وەحی ئیلاهی و سەرکێشی زانستی و دیموکراسیدا. ئێمە بەشێوەیەکی باش کۆمەڵگا ئیسلامیەکان ناناسین، هەرچەندە دراوسێشمانن. بۆیە بەوریاییەوە هەنگاو دەنێین و پەرۆشی ئەوەین فێربین، بێ ئەوەی پەندو وانەی زۆر دابدەین.

ئێمە بەپێچەوانەی سەفەرەکەی تەهتاویەوە دەڕۆین. ئاخر ئەو لەقاهیرەوە بەرەو پاریس ملی نا، وەلێ ئێمە لەپاریسەوە بەرەو قاهیرە دەفڕین، پاشان لەوێوە دەچین بۆ دوورترین شوێن، تادەگەینە سنوری جیهانی ئیسلامی.

ڕەفاعە لەسەفەرەکەیدا کە گەڕایەوە بۆ میسر کتێبێکی پێبوو، ناوی نابوو (تخلی الابریز فی أخبار باریز). هەروەها زانستە خۆرئاواییەکانیشی لەگەڵ خۆیدا بردبووەوە، بێ ئەوەی ئەوشتانە بەرێتەوە کەبەخەوش و کەموکوڕی مادی دەزانین. ئێمەش لای خۆمانەوە وەک ئەو دەکەین و بەدوای زێڕدا دەگەڕێین.

بەپێچەوانەی هەندێ لەو بەرهەمە زانستیانەی لەسەر ئەم بابەتە نوسراون، ئەوا ئەم بابەتەی ئێمە خۆی لەقەرەی تیۆلۆژیا و قورئان و ئیسلام نادات، بەڵکو باس لەموسڵمانان و ئەوکەسانە دەکات کەیان لەگەڵ ئێمەدا دەژین یاخود لەوڵاتانی خۆیاندان.

خێرایی سەفەرەکەمان، ناکاتە ئەوەی پرۆژەکەمان ئاسانە. تەهتاوی لەسەردەمی خۆیدا دەیتوانی هەست بەوە بکات کە لەخۆرئاوادایە. وەلێ لەم سەردەمەی ئێمەدا، موسڵمانان بەسەر پەنجاو چوار وڵاتدا دابەشن کەئیسلام تیایاندا زۆرینەیە، سەرباری چەند وڵاتێکی دیکەش کەکەمینەیەکی گرنگ پێکدەهێنن، وەک فەرەنسا.

وڵاتێک نییە تەنها خۆی بەرجەستەی ئیسلام و موسڵمانان بکات. زۆرشت هەیە لێکیان جیادەکاتەوەو جیاوازی نێوان سوننە و شیعەش لەهەموویان گرنگترە. بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا جیاوازی دیکە هەیە کەپەیوەندی بەقوتابخانەو ترادسیۆن و سروت و ڕێورەسم و هەروەها بەخودی ئیسلام خۆیەوە هەیە. فرەیی موسڵمانان ناکۆتایە، لەبەرئەوەی هەریەکەیان ئامادەیە بۆئەوەی ڕێی خۆی دیاری بکات و بزاوتی فیکریی خۆی بەگەڕبخات.

وەلێ ئامانجی ئێمە گەیشتن نییە بەسەراپاگیری و بەر لەهەرشتێ دەمانەوێت تایبەتمەندی گروپە گەورەکان، واتە (ئیسلامی عەرەبی، تورکی، ئێرانی، هندی و ئیسلامی جاوە)، ڕوون بکەینەوە.

لەنێوان موسڵمانان و چاودێرانی خۆرئاوایدا، دواجار کۆسپێک دێتە پێشێ زۆر لەجوگرافیا گرنگترەو ئەویش ئەو تایبەتمەندیەیە کەناتوانین ئیسلامی پێ کورت بکەینەوە. ئیسلامێک کەلەیەککاتدا ئایین و ئایدۆلۆژیا و شارستانیەت و بیروباوەڕە. کەچی زۆربەی لێکۆڵیارانی خۆرئاوا (بەتایبەتیش کۆمەڵناسان و سیاسەتناسان)، دێن و ئیسلام کورت دەکەنەوە بۆ سروت و ڕێوڕەسم یاخود بۆ سیاسەت. دوای ئەوەش ئێمە بەردەوام سەرکێشی دەکەین بۆ کورتکردنەوەی بیروباوەڕی موسڵمانان، جارێک بۆ هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و جارێکی دی بۆ خەیاڵپڵاوێکی ئەقڵی.

هەموو شتێک لەپەیوەندیمان لەگەڵ جیهانی ئیسلامی وەها ڕوودەدات، وەک ئەوەی (ئێمە کەبڕوامان بەبڵندەگی نییە)، ناتوانین پەسەندی ئەوەبکەین ئەوی دی (بڕوای پێی هەیە)، یان ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین (ئەفسانە)، ڕەنگە هەقیقەتێک بێت لەهەقیقەتەکان.

ئیمپراتۆریای ئەقڵ لای ئێمە، ڕێگرە لەوەی بەردەوامێتی وەحی ئایینی، لای ئەوی دیکە ببینین. ئەڵبەتە ئەم دیوارە بڕینی زەحمەتە، دەی لانی کەم بابزانین کەهەیەو ئامادەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار