(دوژمنی گەل) لەهەولێر نمایش دەکرێت

5 ساڵ لەمەوپێش



 

ئومێد بابان

شاکارێکی شانۆیی نووسەری جیهانی (هینریک ئیبسن ١٨٢٨ - ١٩٠٦) کە بە باوکی شانۆی ریالیزمی دادەنرێت، لە شاری هەولێر کاری دەرهێنانی بۆ کراوە و نمایش دەکرێت، ئەویش شانۆگەریی (دوژمنی گەل)ـە، لەم شانۆگەرییەدا کە ژمارەیەکی فراوانی بەشدارانی لەخۆ گرتووە، دەستەیەک لە شانۆکارە گەنجەکانی شاری هەولێر رۆڵەکان بەرجەستە دەکەن و کارە هونەرییەکان رادەپەڕێنن.

سەبارەت بەم نمایشە، دەرهێنەری کورد (ئەرسەلان دەروێش) دەڵێت: شانۆگەریی (دوژمنی گەل) کە لەساڵی ١٨٨٢دا بڵاو بووەتەوە لە رێگای بابەتی پیسبوونی ئاوی شارێکی باکوری رۆژهەڵاتی نەرویژەوە، پرسی نغرۆبوونی ویژدانی خەڵک لە نێو زەلکاوی بەدمۆڕاڵی و پشت لە راستیکردن و ملدان بۆ ستەم وچەواشەکاریی دەسەڵاتداران دەخاتە روو. (ئیبسن) لەم شاکارەیدا بوێرانە پەردە لەسەر دیاردەی گەندەڵی هەڵدەماڵێ و بانگەشە بۆ زەروورەتی بەرپەرچدانەوەی دەکات ئەگەر بە شێوەیەکی تاکەکەسیش بێت! تا ئەو ئاقارە دەڕوات کە بڵێت: (بەهێزترین مرۆڤ لە جیهاندا، ئەو کەسەیە کە بەتەنها دەجەنگێت)، ئێمەش لە میانەی بایەخدان بە کەلتووری شانۆی جیهانی، نەخاسمە ئەو تێکستانەی کە بەرکەوتنی لەگەڵ واقیعی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و رامیاریی کۆمەڵگاکەماندا هەیە، پێمان پەسەند بوو وەک (تیپی شانۆی سالار) ئەم کارە کە چەندین جار پێشتر لە کوردستاندا نمایش کراوە، لە شاری هەولێری پایتەختدا بە پشتیوانی (بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆ)ی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی رۆشنبیری هەولێر لە  وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان پێشکەش بکەین.

ئەرسەلان دەروێش وتیشی: لەم دەرفەتەدا وێڕای سوپاس بۆ ئەو پشتیوانییەی (بەڕێوەبەرایەتیی هونەری  شانۆی هەولێر)، سوپاسی تەواوی ستافی بەشداربوو دەکەم کە لە هەلومەرجێکی یەکجار سەختدا بە هۆی نەبوونی هۆڵی شانۆیی شایستە لە شارەکەدا و ئاریشەگەلێکی زۆر بۆ ئەم جۆرە کارە گەورانە، خۆنەویستانە ئەم بەرهەمەیان سەرپێ خستووە بۆ بەر دیدەی بینەرانی ئازیز.. هەروەها جێی خۆیەتی سوپاسی (پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەولێر) و بەشی شانۆکەی بکەم بۆ تەرخانکردنی هۆڵی رەوانشاد (مامۆستا فەرهاد شەریف) بۆ کارەکەمان. بەو هیوایەین کە بینەرانی ئازیزو خامە ماندووکانی بواری نووسینی هونەریی بایەخ بەم هەوڵە خاکەڕایەمان بدەن و بە ئامادەبوونیان و بەشداریکردنیان لە نمایشی (دوژمنی گەل)ـدا..

جێگەی باسە، شانۆگەریی (دوژمنی گەل) یەکێک لە بەناوبانگترین دەقەکانی نووسەری مەزنی نەروێژی (هینریک ئیبسن)ـە، کە لەم کارەدا دەستەیەک لە شانۆکارە گەنجە ئەکادیمییەکان بەشداری دەکەن و کارە هونەرییەکانی ڕادەپەڕێنن، رۆڵە سەرەکییەکان لەلایەن هونەرمەندان (بەهمەن حاجی، مەولان حەمەدەمین، وەیلان سدیق، یوسف یوسفی، محەمەد تاهیر، یاسین عومەر، سیما مستەفا، زیاد کەریم) بەرجەستە دەکرێت، هەروەها کۆمەڵێک ئەکتەری تر بەشدارن لەوانە (زەهرە نەجات، هۆزان کاروان، نەورۆز عەلی کەمال، بنیاد فەرحان، دیمەن تاهیر، هاوکار خدر، محەمەد حەمە، شەنیار محەمەد ، عەلی کەمال، گەرمیان گلی ، باوان کەیفی ، یارا ئەرسەلان ، رەهێڵ هەورامان) هەروەها هونەرمەندان (دانا محەمەد وەک یاریدەدەری دەرهێنەر، کۆمەڵێک بەهرەی تازە دەرکەوتوو کارە هونەرییەکانی (دیکۆر و روناکی و موزیک و دەنگ ) ئەنجام دەدرێت، پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەولێریش بە هۆڵە شانۆییەکەی (فەرهاد شەریف) پشتیوانیی کارەکە دەکات و نووسەر و هونەرمەندی دوورەوڵات (هاودەم ساڵح جاف) لە نەرویژییەوە دەقەکەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی شیرینی کوردی، کە بڕیارە لە رێکەوتی ٩ی ئەیلوولەوە رۆژانە کاتژمێر ٥ی ئێوارە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر نمایش بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار