عەلی باباجان؛ سێبەری ترسێک بەسەر ئۆردۆغانەوە

5 ساڵ لەمەوپێش



ڕێباز مەجید

وەزیری پێشووی کاروباری ئابووری تورکیاو یەکێک لەدامەزرێنەرانی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکەپە)، عەلی باباجان دوای دەستلەکارکێشانەوەی لەپارتەکەی، لەماوەیەکی نزیکدا پارتێکی سیاسی نوێ دروستدەکات بە بەشداری چەندین وەزیری پێشووی تورکیاو ئابووریزان، بەمەبەستی ئاڵنگاری دەسەڵاتی ئەردۆغان.

عەلی باباجانی تەمەن ٥٢ ساڵ یەکێکە لەدامەزرێنەرانی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکەپە)ی تورکیا. ماوەیەک وەکو وەزیری ئابووری و ماوەیەکیش وەکو جێگری سەرۆک وەزیران و ماوەیەکیش وەکو وەزیری دەرەوە خزمەتی کردووە.

عەلی باباجان بە ئەندازیاری ئابووری تورکیا دادەنرێت لەکاتێکدا دوای قەیرانە ئابوورییەکانی ساڵی ٢٠٠٠، توانی ئابووری تورکیا سێ هێندە گەشەپێبدات و بیکات بە یەکێک لەوڵاتە هەرە خێراکان لەبەرەوپێشچوونی ئابووریدا، لەگەڵ وەرگرتنی پۆستی وەزیری کاروباری ئابووری  لەساڵی ٢٠٠٢ وەختێک تەمەنی تەنها ٣٥ ساڵ بوو.

لە ٨ی تەمموزی ئەمساڵدا، عەلی باباجان دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە ئاکپارتی ڕاگەیاند، ئەوەش دوو هەفتە دوای دۆڕاندنی پۆستی شارەوانی ئیستانبوڵ لەلایەن ئاکەپەوەو دەرکردنی پارێزگاری بانکی ناوەندی تورکیا بەفەرمانی ئەردۆغان، کە پۆستێکی نا-سیاسییە.

عەلی باباجان لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا نووسیویەتی  «لەم ساڵانەی دواییدا جیاوازی قووڵ دروستبووە لەسەر ئەو  بنەماو بەهاو بۆچوونانەی کە من بڕوام پێیەتی لەگەڵ هەنگاوەکانی ئاکەپە لەچەندین بواری جیاجیادا. دۆخی ئێستا پێویستی بەڕوانینێکی نوێیە بەرەو داهاتووی تورکیا، چونکە لە ئێستادا گەنجانی پڕ وزە و نوێمان هەیە کە داواکارییەکانیان جیاوازن.»

عەلی باباجان لەئێستادا بۆتە سێبەری ترسێک بەسەر ئۆردۆغانەوە کە خەونی ئەوە دەبینێت ببێت بە سوڵتانی نوێی عوسمانیەکان لەناوچەکەدا، بەجۆرێک کە تادێت دەسەڵاتی خۆی فراوان دەکات و لەم پێناوەشدا دەستووری وڵاتی هەموار کردەوە.

چەند ڕۆژنامەنووسێکی نزیک لە ئاکەپە و لەنێویاندا عەبدولقادر سێلڤی، نووسیویانە کە ئەردۆغان داوای لە عەلی باباجان کردووە دەستلەرکارنەکێشێتەوە، بەڵام باباجان بە ئەردۆغانی وتووە ئەو ناتوانێت لەنێو تیمێکدا کاربکات کەسەکان لەسەر بنەمای توانا هەڵنابژێردرێن. دەنگۆی ئەم گفتوگۆیە لەلایەن پارتی دەسەڵاتەوە ڕەتنەکرایەوە.

ڕۆژی چوارشەممەی پێشوو لەشاری سیواس، سەرۆککۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیبب ئەردۆغان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هێرشی کردە سەر کەسانێک کە بیانەوێت لە ئاکپارتی جیاببنەوەو وتی «ئەگەر برایەتیمان بەتوندی بگرین، تۆوی دووبەرەکیی و ناخۆشی بەرناگرێ. ئەوانەی ئەیانەویست زیان لەئاکپارتی بدەن بۆ بەرژەوەندی سیاسیی خۆیان هەمیشە نائومێد ماونەتەوە.» چەند ڕاپۆرتێک باس لەوە دەکەن کە ئەردۆغان نیازی هەیە لەداهاتوودا عەلی باباجان و هاوڕێیانی بە «خیانەتکار» ناوبهێنێت.

ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی تورک، فەهمی کۆرو کە ناسراوە بە هەبوونی پەیوەندی نزیکی لەگەڵ عەلی باباجان و عەبدوڵا گویل سەرۆککۆماری پێشووی تورکیا، هەفتەی پێشوو باسی لەوە کرد کەپارتە نوێیەکە هەریەک لەوەزیری پێشووی ناوخۆ، بەشیر ئەتاڵای، وەزیری پێشووی دارایی، مێهمەت شیمشەک و سەرۆکی پێشووی دادگای دەستووری، هاشم کڵچ لە خۆ دەگرێت. کۆرو وتیشی کە باباجان چاوپێکەوتن و ڕاگۆڕینەوەی لەگەڵ زیاد لە (١٠٠) کاربەدەستی ئاکەپە کردووە بۆ ئەوەی بۆچوونی ئەوان بزانێت لەسەر دروستکردنی پارتێکی نوێ.

ڕۆژنامەنووس کۆرو، کە ڕایگەیاندبوو پێی وایە لەم مانگەدا عەلی باباجان پارتەکە ڕابگەیەنێت باسی لەوەکرد «عەبدوڵا گویل هەر لەسەرەتاوە لەنێو ئەم پڕۆژەیەدا بووە». چەند سەرچاوەیەکی تر باس لەوە دەکەن گویل هیچ پۆستێکی ڕەسمی لەنێو پارتەکەدا نابێت، بەڵام هەمیشە وەکو «براگەورە» گوێ لەئامۆژگاری و بیروبۆچوونەکانی ئەگیرێت.

ئەم پارتە نوێیە نایەوێت لەسەر خەتی ڕاستڕەو یان چەپڕەو ئیش بکات، بەڵکو خۆی وەکو پارتی هەموو خەڵک ئەناسێنێت و بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەنووکەییەکانی تورکیا پڕۆژە ئامادەدەکات. بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵی ڕاکێشانی سیاسەتمەدارەکان ئەدات لەسەر هەردوو هێڵەکە.

لەئێستادا کە سیستەمی دادی تورکیا کەوتووەتە ژێر پرسیارێکی گەورەوە، لەلایەک بە زیندانیکردنی هەزاران کەس لە نەیارانی ئەردۆغان لەسەر کەیسی سیاسیی و لەلایەکی تریشەوە چەند کەیسێکی تایبەتی وەک قەشە برۆنسن ڕۆژنامەنووسی ئەڵمانی-تورک، دەنیز یوجەل کەهەردوو بەڕێککەوتنی سیاسیی ئازادکران، عەلی باباجان پێی وایە کە دادوەرەکانی تورکیا ئەڵقە لەگوێی دەربارن. هەر بۆیە لەگەڵ هاوڕێیانیدا دەستی کردووە بەئامادەکردنی پاکێجێکی ڕیفۆرم لهسیستەمی دادوەری تورکیادا. وەزیری پێشووی دادی تورکیا، سەعدوڵا ئەرگین، هەروەها پرۆفیسۆری یاسایی، عوسمان جان و چەند ئەکادیمیسیانێکی تر کار لەسەر ئەم پڕۆژەیە ئەکەن بۆ پارتە نوێیەکە.

لەسەر ئاستی تورکیادا ترسێک هەیە کە عەلی باباجان و پارتەکەی ئەزموونێکی تری وەکو ئاکەپە پیشان بدەن. بەڵام هەموو ئەوانەی لەنێو ئاکەپەدا ناڕازین و بڕیاریان داوە بچنە ڕیزی عەلی باباجانەوە، لەوە تێگەشتوون قەیرانەکانی ئەوڕۆی تورکیا بەهۆی حوکمی تاکەکەسەوە دروستبووە. عەلی باباجان و هاوڕێیانی نوێنەرایەتی چینی ڕۆشنبیری نێو چینی موحافەزکارانی تورکیا ئەکەن، زەحمەتە هەمان ئەو ئەزموونانە دووبارەبکەنەوە کە بەهۆیەوە لە ئاکەپە جیابوونەوە.

یەکێک لە سەرکردەکانی داهاتووی پارتەکەی عەلی باباجان بەڕۆژنامەنووسی تورک، هالیس موژگانی وتووە «لە سەرەتای ساڵانی ئاکەپەدا قەدەغەبوو خزم و کەسوکار پۆستی باڵا وەربگرن. لەم بزووتنەوە نوێیەدا، ئێمە هەمان ئەو یاسایانە دادەنێینەوە و بەجێیدەهێنین. ئێمە تەنها دوو مەرجمان ئەبێت: کەسێکی باشبەو کارەکەت بەباشی بکە.»

لەکاتێکدا پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) داوای چارەسەری ئاشتییانە ئەکات بۆ پرسی کوردو شارەداری ئیستانبوڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ هەستاوە بە کردنەوەی کۆرسی فێربوونی زمانی کوردی، سەرۆکی جەهەپە کەمال کڵچدارئۆغڵو لەم دواییانەدا وتی «کورد خاوەنی مێژوو و زمان و کلتووری خۆیانن، پێویستە زمانی کوردی لە تورکیادا بخوێنرێت».

هەروەها عەلی باباجان پێویستیەتی پڕۆژەیەکی چارەسەری بۆ پرسی کورد پێبێت. دوێنیش لە لێدوانێکدا دژایەتی خۆی بۆ سیاستەکانی ئەکەپە دەربڕی دژی دورخستنەوەی سەرۆک شارەداریە هەڵبژێردراوەکانی شارە کوردیەکان بەتۆمەتی «تیرۆر».

هەروەها وتی مافی لابردنی سەرۆک شارەوانیەکی هەدەپە دەبێت لەژێر دەستی دەسەڵاتی دادوەری بێت.

لەگەڵ ئەوەی چاوەڕوان ناکرێت عەلی باباجان دەنگی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بۆخۆی بەرێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت کە لەناوچە کوردییەکاندا دەنگی کوردە موحافزکارەکانی ئاکەپە بۆخۆی ڕابکێشێت، ئەمەش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە. یەکەم، دەنگدەرانی کوردی ئاکەپە لە ئەردۆغان ناڕازین بە حوکمی تێکدانی پرۆسەی ئاشتی و ڕووخاندنی شارە کوردییەکان و سیاسەتێکی توندوتیژ بەرامبەر بەکوردەکان لەم چەند ساڵەی دواییدا. دووەم، کوردستانی تورکیا لەقەیرانی ئابووریدا پشکی شێری بەرکەوتووە و کوردانی ئەوێ تاکو دێت هەژارتر ئەبن. عەلی باباجان کە بە ئەندازیاری هەستانەوەی ئابووری تورکیا دادەنرێت، ئەکرێت ببێتە جێی هیوا بۆ کوردە موحافزکارەکان بۆ ئەوەی دۆخی ئابووری وڵات سەرلەنوێ هەستێنێتەوە.

لەئێستادا ئاکەپە بە قۆناغێکی سەختدا تێپەڕئەبێت. داتاکان ئەوە پیشاندەدەن کە نزیکەی ملیۆنێک دەنگدەری کەمیکردووە. شارەداری زۆرینەی شارە گەورەکانی لەدەستداوە و دوابەدوای ئەوەش لێشاوێکی دەستلەکارکێشانەوە لەپارتەکە دەستیپێکردووە. دوای دۆڕانی شارەدارییە گەورەکانی تورکیا، تەنها لەشاری غازی عەنتاب، (٨٩) ئەندامی سکرتاریەتی ئاکەپە دەستیانلەکارکێشایەوەو ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە پلانیان هەیە بچنە نێو پارتەکەی عەلی باباجانەوە.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، درووستبوونی پارتێکی نوێ و ئەو قۆناغەی ئاکەپە پێیدا تێپەڕئەبێت لەئێستادا، مانای توانەوەو نەمانی حەتمیی دەسەڵاتی ئەردۆغان نییە. ئەردۆغان لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی ئاڵنگاری زۆر قورس بووەتەوە و تێیپەڕاندوون. لەخۆپیشاندانەکانی پارکی گێزیدا لە ٢٠١٣ دژ بەحکومەت، چاوەڕوانی کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ئەردۆغان ئەکرا، بەڵام توانی تێیپەڕێنێت. دوای ململانێی لەگەڵ شوێنکەوتوانی فەتحوڵا گویلەن و هەوڵێکی کودەتای شکستخواردووی گوماناوی، توانی هەزارانیان لێبکاتە زیندانەوە و بەردەوامی بە دەسەڵاتی خۆی بدات. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، مەرج نییە بتوانێت هەموو ئاڵنگارییەکان تێپەڕێنێت، یەکێکیش لەوانە قەیرانی ئابووریە، لەکاتێکدا خەڵکی تورکیا بە قۆناغێکی دژواردا تێپەڕئەبن.

چیرۆکی گەشتی ئەردۆغان لە زیندانەوە بۆ سەرۆککۆماری و مانەوەی لە دەسەڵاتدا، چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشە. بەڵام ئەوەی ئاکەپەی درووستکردو بەو بەهێزییە هێشتییەوە، ئەو خاوەن هزرو بیرە بەهێزانە بوون کە لەدەوروبەری ئەردۆغاندا بوونیان هەبوو و هەنگاویان لەگەڵیدا دەنا. لە ئێستادا کە ئەو هزرە بەتوانایانەی وەک عەلی باباجان جێیانهێشتووە، کەسانێک دەوریان گرتووە کە بەرژەوەندیخوازن و تەنها ئەوە ئەنجام ئەدەن کە ئەردۆغان داوای ئەکات، ڕەنگە زیاد لەهەر شتێک مەترسی تر بێت بۆ سەر دەسەڵاتی ئاکەپە و ڕێخۆشکەرتر بێت بۆ هاتنه پێشەوەی کەسێکی وەکو عەلی باباجان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار