لەسەر هێرشکردنە سەر پۆلیس‌و ناحیەى خورماڵ

«سکاڵا لەسەر کەسانى نادیار تۆمارکراوە»

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

لەم ھەفتەیەدا دووجار بەنارنجۆک ھێرش کراوەتە سەر بینای پۆلیس و ناحیەی خورماڵ و پێشتریش تەقە لەکارمەندێکی پۆلیسی ھەمان ناحیە کراوەو ھیچ کەسێکیش لەسەر ئەم روداوانە دەستگیرنەکراوە، بەرپرسانى ناحیەکەش سکاڵایان لەسەر «کەسانى نادیار» تۆمارکردووە.

شەوی دووشەممە نۆی ئەم مانگە، چەند کەسێکی نەناسراو نارنجۆکێکی دەستییان فڕێدایە ناو بینای پۆلیسی خورماڵەوە، کە بیناى بەڕێوەبەرایەتی ناحیەکەشە.

عوسمان ئەنوەر بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ لەبارەی زەرەرو زیانەکانەوە بە ھاوڵاتی راگەیاند «نارنجۆکەکە لەنزیک ئۆتۆمبێلی کارمەندێکی پۆلیس تەقیوەتەوەو بوەتەھۆی شکانی جامەکانی و زیانی مادی، بەڵام ھیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتوەتەوە».

ئەوەشی ئاشکراکرد ھەر لەم ھەفتەیەدا نارنجۆکێک خراوەتە ناو حەوشەی ناحیەکەوە، بەڵام نەتەقیوەتەوەو ھێزە ئەمنیەکان ھەڵیانگرتوەتەوە.

عوسمان ئەنوەر وتیشی «سکاڵامان لەسەر کەسانی نادیار تۆمارکردوەو پۆلیس و ئاسایش سەرقاڵی بەدواداچونن لەسەر روداوەکەو پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوەو چاوەڕوانی ئەنجامەکەین».

بەپێی ئەو زانیاریانەی لەچەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە دەستی ھاوڵاتی کەوتووە مانگێک لەمەوبەریش تەقە لەماڵی ئەفسەری بەشی لێکۆڵینەوەی پۆلیسی بنکەی خورماڵ کراوە، بەڵام ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

بەوتەی سەرچاوەکە، ھەڵکەوتەی بینای پۆلیس و ناحیە بەجۆرێکە بەئاسانی دەتوانی لێی نزیک ببیتەوە، ھەروەھا ھیچ کامێرایەکی چاودێریش لەنزیک روداوەکە نەبوە تاوەکو تۆمەتباران بناسرێنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار