حکومه‌تى هه‌رێم هه‌فته‌ى ئاینده له‌سه‌ر پرسى نه‌وت و بودجه ده‌چنه به‌غدا
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌مڕۆ به سه‌رۆکایه‌تیى مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کۆبووه‌وه و چه‌ند بڕیارێکى ده‌رکرد.
هه‌فته‌ى داهاتوو شاندێکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان سه‌ردانى به‌غدا ده‌کات به مه‌به‌ستى گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕکردنى زانیارى سه‌باره‌ت به پرسى بودجه و به‌شدارى هه‌رێمى کوردستان له قۆناخى سه‌ره‌تاى ئاماده‌کردنى ره‌شنووسى بودجه‌ى 2020 له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى دارایى فیدراڵ
ده‌قى راگه‌یه‌ندراوى کۆبوونه‌وه‌که:
له سه‌ره‌تاى کۆبوونه‌وه‌که‌دا سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئه‌نجامى کۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و فراکسیۆنه کوردستانییه‌کانى له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى فیدراڵ و ئه‌ندامانى لیژنه‌ى دارایى له فراکسیۆنه کوردستانییه‌کان که رۆژى 8 ى ئه‌یلول له هه‌ولێر به‌سترا خسته‌ڕوو.
له کۆبوونه‌وه‌که‌دا بڕیار درا: هه‌فته‌ى داهاتوو شاندێکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان سه‌ردانى به‌غدا بکات به مه‌به‌ستى گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕکردنى زانیارى سه‌باره‌ت به پرسى بودجه و به‌شدارى هه‌رێمى کوردستان له قۆناخى سه‌ره‌تاى ئاماده‌کردنى ره‌شنووسى بودجه‌ى 2020 له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى دارایى فیدراڵ، هه‌روه‌ها بانگهێشتى لیژنه‌کانى (دارایی، نه‌وت و گاز ، یاسایی) له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقیش بۆ هه‌رێمى کوردستان بکرێت.
رۆژى پێنجشه‌ممه 2019/9/12 شاندێکى حکومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانى کوردستان کۆده‌بێته‌وه بۆ خستنه‌ڕووى داتا و زانیاریى پێویست له باره‌ى گفتوگۆى نێوان حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و حکومه‌تى فیدراڵ.
له بڕگه‌ى دووه‌مى کۆبوونه‌وه‌که‌دا ، وه‌زیرى پلاندانان راپۆرتێکى سه‌باره‌ت به پڕۆژه‌ى سه‌رژمێرى له عێراق پێشکه‌ش کرد که بڕیاره ساڵى 2020 ئه‌نجام بدرێت. وه‌زیرى پلاندانان تیشکى خسته سه‌ر لایه‌نه‌کانى ئه‌م پڕۆژه‌یه و ئاماده‌کارییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان. له‌مباره‌یه‌وه بڕیاردرا لیژنه‌یه‌کى تایبه‌ت پێکبهێرێت بۆ هه‌لسه‌نگاندنى پڕۆژه‌ى سه‌رژمێرییه‌که به‌ره‌چاوکردنى به‌رژه‌وه‌ندى کوردستانییان به هه‌موو پێکهاته نه‌ته‌وه‌یى و ئاینییه‌کانه‌وه .
له کۆتاییدا ، کۆبوونه‌وه‌که گفتوگۆى له باره‌ى میکانیزمى نوێ بۆ رێکخستنه‌وه‌ى باج کرد به شێوه‌یه‌ک له به‌رژه‌وه‌ندى گشتیدا بێت. له‌مباره‌یه‌وه ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پرۆژه‌ى په‌یڕه‌وى تایبه‌ت به تیانووسى بازرگانى ( الدفاتر التجاریه)ى په‌سه‌ند کرد که میکانیزمى نوێ له خۆده‌گرێت بۆ رێکخستنه‌وه‌ى باج.