هەسەدە هەڕەشەى پەنابردن بۆ سوریاو روسیا دەکات

ئەنەکەسە: رێککەوتنى تایبەت بەدروستکردنى ناوچەى ئارام لە رۆژئاواى کوردستان ئەرێنییە

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

ئەنجومەنى نیشتیمانى کورد لەسوریا (ئەنەکەسە) بەشدار نییە لە رێککەوتنى تایبەت بەدروستکردنى ناوچەى ئارام لە باکورو رۆژهەڵاتى سوریا، لەگەڵ ئەوەشدا رێککەوتنەکە بە «ئەرێنى» دادەنێت، هەسەدەش هەڕەشەى پەنابردن بۆ سوریاو روسیا دەکات.

لەچوارچێوەى رێککەوتنى تایبەت بەدروستکردنى ناوچەى ئارام لە رۆژئاواى کوردستان، لەچەند رۆژى رابردوودا چالاکى سەربازى هاوبەشى ئەمریکا و تورکیا لەسەر سنورەکانى تورکیا و رۆژئاواى کوردستان دەستیپێکرد. هەروەها هێزەکانى یەپەگە لەسەر سنور کشانەوە و ناوچەکە رادەستى هێزە خۆجێییەکان دەکرێت.

ئیبراهیم برۆ ئەندامى پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئەنەکەسە بە هاوڵاتى راگەیاند، «رێککەوتنەکانم پێباش و ئەرێنییە، هەرچەندە هێشتا تورکیا و ئەمریکا لەسەر هەندێک خاڵ ناکۆکن و راى جیاجیان هەیە».

وتیشى «ئێمە بەشدار نین لەو رێککەوتنە، لەگەڵ ئەوەشدا پێمانوایە دروستکردنى ناوچەى ئارام تاکە رێگایە بۆ دورخستنەوەى باکورو رۆژهەڵاتى سوریا لەشەڕو بارگرژى».

بڕیارە لە قۆناغى یەکەمى دروستکردنى ناوچەى ئارامدا، ناوچەیەک بە درێژایی 100 کیلۆمەترو قوڵایی 5-10 کیلۆمەتر لە گرێ سپیەوە بۆ سەرێکانى دروستبکرێت و ئاسایشى ناوچەکەش رادەستى هێزە خۆجێیەکان بکرێت.

لەگەڵ ئەوەى هەنگاوەکانى جێبەجێکردنى رێککەوتنى تایبەت بە ناوچەى ئارام چونەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەڵام هێشتا هەسەدە دڵنیانییە لەو بارەیەوە.

مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەکانی هەسەد لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی سی ئین ئێن، هەڕەشەى پەنابردن بۆ سوریاو روسیاى کردووە، ئەگەر ئەو رێکەوتنە جێبەجێ نەکرێت، هەرچەندە بەوتەى ئەو رێککەوتنى ئەنقەرەو واشنتۆن هەنگاو بەهەنگاو دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

بەشێک لەهۆکارى نادڵنیایی هەسەدە پەیوەندى بەهەڕەشە بەردەوامەکانى تورکیاوە هەیە، بەو پێیەى چەندینجار هەڕەشەى هێرشى تاکلایەنەى کردووە بۆ سەر ناوچەکانى رۆژئاواى کوردستان.

مەزڵوم کۆبانی دەڵێت هەرچەندە تورکیا نەرمى نواندووە، بەڵام گرەنتى نییە لەو بارەیەوە، چونکە ئەردۆغان لەهەڕەشەکانى بەردەوامە.

رەجەب تەیب ئە ردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا لەدوایین لێدوانیدا رایگەیاندووە، بەچالاکى سەربازى هاوبەش ناوچەى ئارام دروستنابێت و ئەوان پلانى خۆیان هەیە بۆ دروستکردنى ناوچەکە.

بەوتەى ئیبراهیم برۆ ئەندامى پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئەنەکەسە، لە قۆناغەکانى دیکەى رێککەوتنەکەدا سەرجەم ناوچەکانى رۆژئاواى کوردستان دەخرێنە چوارچێوەى ناوچەى ئارامەوە، بەشێک لە رۆژئاواوە تاسەرێکانى و لە رۆژهەڵاتیشەوە تا چەمى فورات و دیجلە دەگرێتەوە تا دەگاتەسەر سنورى هەرێمى کوردستان.

وتیشى «هەسەدە ناچار بووە بەو رێککەوتنە رازى بێت و چارەى دیکەى نەبووە، ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین ئیدارەیەک لەسەرجەم پێکهاتەکان دروستبکرێت بۆ بەڕێوەبردنى ناوچەکان».

ئیبراهیم برۆ باسى لەوەشکرد، تورکیا هێشتا لەسەر شێوازى پێدانى ئاسایشى ناوچەکە بەهێزە خۆجێیەکان رازى نییە، پێیوایە ئەو هێزانە نابێت نزیک یان سەر بە هەسەدە یان یەپەگە بن، بەڵکو دەبێت هێزى راستەقینەى خۆجێی ئەو ناوچانە بن و ئاسایشى ناوچەکەیان رادەست بکرێت.

لەبارەى گەڕانەوەى هێزەکانى پێشمەرگەى رۆژ بۆ رۆژئاواى کوردستان، ئیبراهیم برۆ باسى لەوەکرد ئەوان هەر دەبێت بگەڕێنەوە، چونکە شوێنى ئەوان رۆژئاواى کوردستانە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار