وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردن بۆ ‌هاوڵاتی:به‌م ده‌سه‌ڵاته‌ سنوورداره‌وه‌ قورسه‌ ئه‌رکه‌ گه‌وره‌کان جێبه‌جێ بکه‌ین

5 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: ئارا ئیبراهیم

وهزیرى ئاوهدانکردنهوهو نیشتهجێکردنى حکومهتى ههرێم رایدهگهیهنێت، دهسهڵاتى وهزیرهکان سنوردار کراوهو زۆربهى دهسهڵاتهکان چووهتهوه بۆ لاى سهرۆکى حکومهت، بۆیه قورسه بهم دهسهڵاتهکانهوه بتوانن ئهرکه گهورهکان جێبهجێ بکهن.

دانا عهبدولکهریم، لهم چاوپێکهوتنهیدا لهگهڵ هاوڵاتى باس لهوهدهکات، ئهولهویهتى یهکهمى کارهکانیان بۆ چوار ساڵى دیکه تهواوکردنى جووت سایدهکانى شارهکانى ههرێم و بهستنهوهیانه بهدهرهوهى ههرێمهوه.

 جهخت لهوه دهکاتهوه نزیکهى پێنج ملیار دۆلاریان پێویسته بۆ تهواوکردنى ئهو پرۆژانهى دایانناوه لهم چوار ساڵهدا جێبهجێى بکهن و سکهى ئاسنینیش به چهند قۆناغێک جێبهجێ دهکهن و چهند کۆمپانیایهک گفتوگۆیان لهگهڵدا کردوون.

هاوڵاتی: بهرنامهى چوار ساڵتان ئامادهکردووه خاڵه جهوههرییهکان چین بۆ خزمهتکردنى هاوڵاتیان؟

دانا عهبدولکهریم: بهرنامهى چوار ساڵى وهزارهتى ئاوهدانکردنهوه بهنزیکهیى تهواو بووه، ههفتهى داهاتوو بهنوسراوى فهرمى ئاراستهى فهرمانگهى ههماههنگى و بهدواداچوونى ئهنجومهنى وهزیرانى دهکهین.

لهبهرنامهى چوار ساڵهکهدا گرنگیمان داوه بهتهواوکردنى ههموو جووت سایدهکانى شارهکانى ههرێم و بهستنهوهیان بهدهرهوهى ههرێم دهبێت لهماوهى ئهو چوار ساڵهدا تهواوی بکهین.

دواتر گرنگیمان به ئاوهدانکردنهوهى بهشێک لهگوندهکان داوه که لهبهرنامهى گوندى هاوجهرخ ئیشیان لهسهر بکهین، سهرهڕاى ئهوهى لهچوارچێوهى ئهم بهرنامهیهدا ئێمه لهڕێگهى وهبهرهێنانهوه ئهگهر بتوانین رێگاى-هاتوچۆى خێرا که پێى دهوترێت (ئێکسپرێس) دهمانهوێت ئهوهش دروستبکهین.

لهبهرنامهماندایه لهماوهى ئهم چوار ساڵهدا دهستبکهین به بابهتى هێنانى هێڵى ئاسن بۆ ههرێمى کوردستان، ئهمانه خاڵه سهرهکییهکانى بهرنامهى چوار ساڵى داهاتوون. بهڵام بهشى زۆرى ئهم پلانه ڕێگاوبان دهگرێتهوه، چونکه یهکێک له ئهرکه سهرهکییهکانى وهزارهتى ئاوهدانکردنهوه بابهتى ڕێگاوبانه که بهداخهوه تائێستا ڕێگاوبانهکانمان لهئاستى پێویستدا نین.

هاوڵاتی: هیچ خهمڵاندنێک کراوه بۆ گوژمهى ئهو پرۆژانهى دهتانهوێت لهماوهى چوار ساڵدا ئهنجامى بدهن؟

دانا عهبدولکهریم: بهنزیکهیى کهمتر له پێنج ملیار دۆلارمان پێویسته. ئهو ڕێککهوتنهى که وابڕیاره لهنێوان ههرێم و بهغدا بکرێت دهبێته پاڵپشتییهکى گهوره بۆ پڕۆژهکانى ئێمهو ئهم ڕێککهوتنه هاوسهنگییهکى ئابورى دروستدهکات لهههرێمى کوردستان کهڕهنگدانهوهیهکى پۆزهتیڤانهى دهبێت سهبارهت به دابینکردنى بودجهى پڕۆژهکان، ئهوهى گرنگه بهلامانهوه، لهقۆناغى یهکهمدا دوو سایدهکانى نێوان شارهکان دهبێت تهواو بێت.

هاوڵاتی: تاچهند گرنگى بهوه دهدهن بهکوالێتى ئهم کارانه بکهن کهبهرگهى ئۆتومبیلى بارههڵگریش بگرێت؟

دانا عهبدولکهریم: ئهمه پێویسته ئهو ڕێگایانهى بارههڵگرى قورس بهسهریدا دهڕوات دهبێت شێوازى دیزاینهکهى، شێوازى پێکهاتهکهى جیاوازتر بێت لهو ڕێگایانهى تر، چونکه تۆ ڕێگا بهپێى قورسایى ئهو بارههڵگرانه دیزاین دەکهیت، ئهگهر بهو تایبهتمهندیانه بکرێت بهدڵنیاییهوه ئهو حاڵهتانه روونادات.

هاوڵاتی: چى دهکهن بۆ ئاوهدانکردنهوهى گوندهکان؟

پێشنیارى ئهوهمان کردووه بهرنامهى گوندى هاوچهرخ ببوژێنینهوه

دانا عهبدولکهریم: پێشنیارى ئهوهمان کردووه بهرنامهى گوندى هاوچهرخ ببوژێنینهوه، ئهو گوندانهى ژمارهى ماڵهکانیان کهمه با لهشوێنى خۆیان بمێننهوه وهکو گوندهکه بۆ کارى کشتوکاڵ و کارى خۆیان بهڵام لهشوێنى ناوهندى ههموویاندا (10) بۆ (12) گوند کۆبکهینهوهو زهوییان بۆ تهرخان بکرێت بهپێى ڕهوشه ئهندازیارییهکان بهسهر ئهو خهڵکانهى کهخهڵکى ئهو گوندانهن و لهوێ خانوو دروستبکهن.

دروستکردنى رێگاوبانهکان، نهخۆشخانه، قوتابخانه، پێداویستیهکانى دیکهى ژیا،ن حکومهت بۆیان دابین بکات، ئهم پڕۆژهیه پێویستی به بودجهیهکى زۆر گهوره ههیه بتوانین جێبهجێى بکهین. لهوانەیه لهتواناى ئهم چوار ساڵهى کابینهکهدا نهبێت.

هاوڵاتی: سکهى ئاسنین بهجددى قسهتان لهسهر کردووه دهبێته کردار لهماوهی ئهم چوار ساڵهدا؟

دانا عهبدولکهریم: ئهم پڕۆژهیه پڕۆژهیهک نییه ئێستا بڕیارى لهسهربدهیت و بهیانى بچێته بوارى جێبهجێکردنهوه، بهڵکو پڕۆژهیهکى گهورهیهو تائێستا لهههرێمى کوردستان بوونى نهبووه و ژێرخانى ئهم پڕۆژهیه ههر بوونى نییه.

ئێمه لهسهرهتادا بهقۆناغى یهکهم دهستدهکهین بهوهى لهگهڵ چهند کۆمپانیایهکى راوێژکارى قسه بکهین بۆ ئهوى بهرچاومان ڕوون بکهنهوه که بهچ شێوازیک دهستپێبکهین، دواتر دیزاینی پڕۆژهکه تهواو بکهین و پاشان بچێته بوارى جێبهجێکردنهوه. واته ئهمه به سێ قۆناغ جێبهجێ دهکرێت، ههوڵدهدهین لهماوهى ئهم چوار ساڵهدا پڕۆسهکه بچێته بوارى جێبهجێکردنهوه.

هاوڵاتی: ناکرێت قسه لهگهڵ کۆمپانیاى بیانى بکرێت کهبودجهى بۆ تهرخان بکرێت؟

دانا عهبدولکهریم: ئهوه یهکێکه لهبیرۆکهکان کهبودجهى لهدهرهوه بۆ دابین بکرێت و پڕۆژهکهى پێ جێبهجێ بکرێت، یاخود ئهگهر کۆمپانیایهک کهتواناى دارایى بههێزه، دواى ئهوهى که ئێمه دیزاینهکهمان تهواو کردو زانى که ئهم کاره دهتوانرێت جێبهجێ بکرێت، چونکه بهڕاستى ئهمه پڕۆژهیهکى سوودبهخشه، پڕۆژهیهک نییه تۆ پارهی تێدا خهرج بکهیت و پاره پهیدا نهکاتهوه.

چۆن هێڵهکانى ئینتهرنێت و پهیوهندییهکان پاره پهیدا دهکهن، هێڵى ئاسنینیش تهنها بۆ گواستنهوهى هاوڵاتیان نییه، بهڵکو بۆ گواستنهوهى شتومهک و پێداویستییه کشتوکاڵییهکان و پرۆسهى بازرگانى و بهستنهوهى وڵاتانى دراوسێیه بهههرێمى کوردستانهوهو داهاتێکى زۆر گهورهى دهبێت بۆ ههرێمى کوردستان بهتایبهتى بۆ ئهو کۆمپانیایهى کهجێبهجێى دهکات.

هاوڵاتی: واته تائێستا دهستپێشخهریتان بۆ هیچ سهرمایهدارێک نهکردووه؟

دانا عهبدولکهریم: نهخێر لهبهرئهوهى ئێمه ئێستا لهقۆناغى راوێژکاریداین که چى بکهین، خۆشبهختانه لهچهندین شوێنهوه پهیوهندیمان پێوه کراوه لهوڵاتانى ئهوروپاوه کهچهند کۆمپانیایهک ئامادهییان تێدایه بێن لهسهر ئهو بابهته قسه لهگهڵ وهزارهت بکهن، لهبهرئهوه من ئومێدم زۆره کهئهم پلانه بخهینه بوارى جێبهجێکردنهوه.

هاوڵاتی: جۆرێک له بهریهککهوتن ههیه لهنێوان وهزارهتى ئاوهدانکردنهوهو نیشتهجێکردن لهگهڵ دهستهى وهبهرهێنان، دهبوو ههموو ئهو یهکه نیشتەجێبوونانهی دروستدەکرێت لهژێر کۆنتڕۆڵى ئێوهدا بێت نهک دهستهى وهبهرهێنان؟

دانا عهبدولکهریم: خۆى له بنهڕهتدا پرۆسهى نیشتهجێکردن لهههرێمى کوردستاندا یهکێکه لهئهرکهکانى وهزارهتى ئاوهدانکردنهوه و نیشتهجێکردن، بهڵام دهستهى وهبهرهێنان گرنگه له رووى گرنگى پرۆژهکهوه مۆڵهت بدات بهپرۆژهکه، بهڵام بۆ بابهتى کۆنترۆڵکردنى دروستکردنى بیناکهیان به چ تایبهتمهندییهک بێت، چۆن دروستبکرێت، چهندى تێدهچێت، بهڕاستى ئهوانه دهبێت پهیوهندیداربن بهکۆنترۆڵى وهزارهتى ئاوهدانکردنهوه. ئێمه یهکێک لهو ئهرکانهى وهزارهتهکهو خستومهته سهرشانى خۆم ئهوهیه کهئێمه یاساى وهزارهتى ئاوهدانکردنهوه ههوڵبدهین لهساڵى داهاتوودا ههموارى بکهینهوه تاپرۆسهى نیشتهجێکردنیش کۆنترۆڵهکهى بێتهوه دهست وهزارهتى ئاوهدانکردنهوهو نیشتهجێکردن. بۆ ئهوهى بتوانین کۆنترۆڵى کوالێتى یهکه نیشتهجێبوونهکان بکهین و بتوانین کۆنترۆڵى نرخهکانیشى بکهین، چونکه ههندێک یهکه ههیه حکومهت باشترین شوێنى شارهکانى بۆ وهبهرهێنهران دابینکردوون و بهنرخێکى زۆر ههرزان، بهڵام که دهفرۆشرێتهوه هاوڵاتیان نرخى زهوییهکه بهبڕێکى زۆر گهوره دادهنرێت لهسهریان و هاوڵاتیان باجهکهى دهدهن.

هاوڵاتی: ستافى گۆڕان لهناو حکومهتدا دهستکراوه دهبن بۆ ئیشوکارهکانتان یاخود نا؟

دانا عهبدولکهریم: کابینهى نوێ چووهته سهر پاشماوهى کارهکانى کابینهى ههشت. کابینهى ههشت بههۆى قهیرانى داراییهوه قهرزێکى زۆرى لهسهر کهڵهکهبووهو وهکو سهرۆکى حکومهتیش لهکارنامهکهى خۆیدا خوێندیهوه کهئهو ڕۆژهى سوێندى خوارد لهبهردهم پهرلهماندا ئاماژهى بهوهدا کهئێمه قهرزێکى چهندین ملیار دۆلاریمان بۆ بهجێماوه.

 لهو ماوهیهى قهیرانى داراییش ههبووهو بههۆى ئهو دۆخهوه ژمارهیهک ڕێنمایى و بڕیار دهرکراوه کهدهسهڵاتى وهزارهتهکانى کهمکردوهتهوهو زۆربهى دهسهڵاتهکان چووهتهوه بۆ لاى سهرۆکى حکومهت.

بهڕێنمایى و ئەو دهسهڵاتانهى ئێستاوه، نهک تهنها ئهو وهزارهتانهى بهدهست بزوتنهوهى گۆڕانهوهیه، بهڵکو ههموو وهزارهتهکان، ئهوهى پارتى بێت یان یهکێتى یان لایهنهکانى تریش بن، دهسهڵاتهکانیان سنوردار کراوه بههۆى قهیرانى داراییهوه.

ئێمه لهگهڵ باشبوونى بارودۆخهکه داوادهکهین ئهو دهسهڵاتانه ئاسایى بکرێتهوه بۆ ئهوهى وهزارهتهکان بتوانن بهئهرکى سهرشانى خۆیان ههستن. لهم حاڵهتەى ئێستا و بهم دهسهڵاته سنوردارهوه قورسه تۆ بتوانى ئهرکه گهورهکان جێبهجێ بکهیت.

تا ئهم ساته بهوردى نازانین حکومهتى ههرێم چهند قهرزاره

هاوڵاتی: باس لهوه کراوه ههرێمى کوردستان چهند قهرزاره، ئێوه زۆر باس له شهفافیهت دهکهن، باس لهپرسى چاکسازى دهکهن؟

دانا عهبدولکهریم: لهکارنامهى حکومهتدا ئاماژهى پێدراو لهکۆبونهوهى ئهنجومهنى وهزیرانیشدا باسمان کردووه،  دهبێت بزانین حکومهتى ههرێم چهند قهرزاره. تائێستا نازانین چهند قهرزارین.

 دائیرهیهک دروستکراوه بۆ قهرزهکانى ههرێم که سهر بهئهنجومهنى وهزیرانه، داوامان لێکردوون که راپۆرتێکمان بدهنێ لهسهر ئهوه، بهڵام ئهوهش تائێستا تهواو نهبووه، بهڵام وهکو یهکهم کۆبونهوهى ئهنجومهنى وهزیران باسمانکردووه کهدهبێت ئێمه بزانین حکومهتى ههرێم چهند قهرزاره بۆ ئهوهى بهرنامهیهک دابنێین لهسهر چۆنیهتى دانهوهى قهرزهکان و چۆنیهتى جێبهجێکردنى پڕۆژه نوێیهکان و بهرنامه نوێیهکان. تا ئهم ساته بهوردى نازانین حکومهتى ههرێم چهند قهرزاره.

هاوڵاتی: پێش سهرى ساڵ لهگهڵ بهغدا رێکهوتن دهکرێت ماوهیهکى کهمى ماوه بۆ پێشکهشکردنى پرۆژه بودجهى 2020 بهپهرلهمانى عێراق؟

دانا عهبدولکهریم: دوو لیژنهى ههرێم، لیژنهیهکیان پهیوهندیداره بهبابهتى بوارى ئابوورى و داراییهوه، لیژنهیهکى تریشیان پهیوهندیداره بهبابهتى (١٤٠) و ناوچه کێشه لهسهرهکان.

 بهتایبهتى ئهوهى که پهیوهندیداره بهلیژنهى ئابورى و داراییهوه، دهبێت پێش پێشکهشکردنى بودجهى ٢٠٢٠ حکومهتى عێراق، بگهین بهڕێککهوتن بۆ ئهوهى ئێمه لهبودجهى ساڵى داهاتوودا ئهو رێککهوتنه جێى خۆى بگرێت.

به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێت تا مانگ و نیوێکى تر بۆ دوو مانگى تر، ئێمه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێکبکه‌وین .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار