پەشێو؛ لەمانیفێستی کۆبانییەوە بۆ کۆشکی کریملین

2019-10-19 13:27:09



 ‌هاوڵاتى

عەبدوڵا پەشێو شاعری نیشتیمان پەروەرو ئازادیخواز، خاوەنی تێکستی مانیفێستی کۆبانی کە پێنج ساڵ پێش ئێستا بۆ شەڕڤانانی رۆژاڤای نووسی، نامەیەکی نارەزایەتی دەگەیەنێتە کۆشکی کریملین و نیگەرانی خۆی دەردەبڕیت لەقڕکردنی کوردانە.

شاعیرو نووسەری دیاری کورد « عەبدوڵا پەشێو» لەنامەیەکدا بۆ ڤلادیمێر پوتن-ی سەرۆکی رووسیا، لەبارەی رەزامەندی رووسیا لەسەر بەردەوامی لەشکرکێشی تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان، پێیدەڵێت «دەنگدانتان بۆ قڕکردنی کوردان هەتا هەتایێ لە زەینی نەتەوەییمان ناسڕێتەوە.»

عەبدوڵا پەشێو، کە ساڵانێکە لە رووسیا ژیان بەسەر دەبات، لەپەیامێکدا کە بە دەستەواژەی «ئەوەی لەسەر خنکان بێ دەست بە پووشێکیشەوە دەگرێ.» دەستپێدەکات نوسیوویەتی:» ئەمڕۆ نامەیەکم بۆ سایتی فەرمیی سەرۆکی رووسیا نووسی و گەیشت. نامەکە (بەگوێرەی بەرسڤی ئۆتۆماتیکی) دوای ٢٤ سەعات، وەک نامەیەکی کراوە، بڵاودەکرێتەوە.»

پەشێو، دەڵێت «وام پێ باشە، هەموو لایەک نامە بنووسن، بەتایبەتیش بۆ سەرکردایەتیی وڵاتانی کاریگەر، گلەیی لە هەندێکیان (بەتایبەتی رووسیا و ئەمەریکا) بکرێ، هەروا سوپاسی وڵاتانی وەک فەرەنسا و سکەندیناڤیاش بکرێ، هەرچەند هێشتا کردەوەمان نەبینیوە.

دەقی نامەکەی عەبدوڵا پەشێو بۆ ڤلادیمێر پوتن:

بەڕێز ڤڵادیمیر ڤڵادیمیرۆڤیچ:

لە مۆسکۆ خوێندنم تەواو کردووە. نووسەر و وەرگێڕی پووشکینم بۆ سەر زمانی کوردی. وەک هەوادارێکی فەرهەنگی رووسی بە جەنابتان رادەگەیەنم، کە دەنگدانتان بۆ قڕکردنی کوردان هەتا هەتایێ لە زەینی نەتەوەییمان ناسڕێتەوە. دڵنیاتان دەکەم، کەگەلی کورد، لەگەڵ ئەو هەموو نەهامەتییانەی بە سەری هاتوون، ئایندە دەباتەوە، بەپێچەوانەی ئەردۆگان، کەڕێگەی سیاسی لەبەر دەمیا گەیشتۆتە بنبەست و ئێستا بە تاقی تەنیا، بێ پشتەوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بڕیارەکانی دەدا..

وێڕای ڕێزم بۆتان

عەبدوڵڵا پەشێو

عەبدوڵڵا پەشێو یەکێکە لەو شاعیرە نیشتیمان پەروەرانەی کە ئازاری میللەتەکەی نوسیوەتەوە، وەکو شعرە بەناوبانگەکەی سەربازی ون دا دەردەکەوێت.

گۆڕی سەربازی ون

کە وەفدێ دەچێتە شوێنێ

بۆ سەر گۆڕی سەربازی ون

تاجە گوڵینەیەک دێنێ

ئەگەر سبەی

وەفدێک بێتە وڵاتی من

لێم بپرسێ:

کوانێ گۆڕی سەربازی ون؟

دەڵێم:

گەورەم!

لە کەناری هەر جۆگەیێ

لەسەر سەکۆی هەر مزگەوتێ

لەبەر دەرگای هەر ماڵێ

هەر کڵێسەیێ

هەر ئەشکەوتێ

لەسەر گابەردی هەر شاخێ

لەسەر درەختی هەر باخێ

لەم وڵاتە:

لەسەر هەر بستە زەمینێ

لە ژێر هەر گەزە ئاسمانێ

مەترسە کەمێک سەر داخەو

تاجە گوڵینەکەت دانێ

 

عەبدوڵا پەشێو لەگەڵ ئەوەی شاعیرێکە کەساڵانێکە پشتگیری شۆڕشی ئازادایخوازی کرد دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت ئەو چەکی خۆشناوێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کۆتری ئاشتی لە شەقەی باڵ نادات، بۆیە دەبیت بە لولەی تفەنگ خەبەر بکرێتەوە.

خوا دەزانێ

باڵای تفەنگم خۆش ناوێ!

بەڵام، ئاخ! کۆترەکەی ئاشتی

کڕە وەک شێرە بەفرینەی بەیانی

لەسەر لوتکەی تۆپی وەستا ڕەجەب

دەنووکی خۆی

خستۆتە ژێر باڵەکانی

وەک بیستوومە

ئەو کۆترە مانگرتووە

لە ئاسمانی وڵاتی مندا

بە شریخەی تفەنگ نەبێ

قەت لە شەقەی باڵ نادا

 

#پەشێو

 

وەستا ڕەجەب: چەکسازێکی بەهرەداری کورد بوو، گەلێک تۆپی بۆ پاشای گەورەی رواند دروستکرد، کە هەندێکیان تا ئێستاش هەر ماون

٢٣-٠٥-١٩٧٣ #کوردستان

 

عەبدوڵا پەشێو پێنج ساڵ پیش ئێستا کاتیک داعش گەمارۆی کۆبانی دابوو. پەخشانی مانیفێستی کۆبانی، نووسی. لەم پەخشانەدا سەرەڕای باسکردن لەقوربانیدان و خۆڕاگریی و گیانفیدایی شەڕڤانان، هەروەها رەخنە دەگرێت لەحوکمی چارەکە سەدە لەهەریمی کوردستان کە بارگاوی بووە بە گەندەڵی.

مانیفێستی کۆبانێ

برینی شنگال شەوو ڕۆژ دەتریوێنێ.

دەشێ ڕۆژێک لەڕۆژان ژانەکەی لە زیڕە بکەوێ، بەڵام قەت ناشێ ساڕێژ بێ.

وێنەی سەر شاشەکان مێردەزمەن، شەوان لێت وەژوور دەکەون،

سواری سەر سنگت دەبن و چەمۆڵەت لێ دەنێن.

ئێستاش، دوای شنگال، جەستەمان شەبەقی برینێکی نوێی تێ بووە، برینی کۆبانێ. شیروەشێن، هەمان شیروەشێنە، جەستە هەمان جەستەیە و خوێنەکەش هەر هەمانە، بەڵام ئێشەکەیان جودایە. ناتوانم باسی ئەو جیاوازییە بەزمانی سەربازی، زانستی یا لێکدانەوەی لۆژیکی بکەم، هەر ئەوەندە دەڵێم، شنگال خاڵێکی لەو جێیە دانا، کە ئەخلاقسزیی سیاسی گەیشتە لووتکە و کۆبانێش یەکەم ڕستەی بۆ مێژوویەکی تازە تۆمار کردو بووە کاراترین کارگەی نەتەوەسازی.

لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا، چاخێک تێپەڕی و بەراییی چاخێکی نوێ پشکووت.

هەموو رۆژێ دەمەوێ داستانێک بنووسم لەسەر کۆبانێ... سارد دەبمەوە.

چما داستان لەسەر داستان دەنووسرێ؟

دەمەوێ، بۆ چەند پەیڤێک، پەنا ببەمە بەر ئەفسانە، چەند پەیڤێک، کە شایانی بەژنی کۆبانێ بن، بەڵام کۆبانێ خۆی بووە بەئەفسانە و پێویستی بە ئەفسانەنووس نییە!

سەدان ساڵ شۆڕەسوارانی رۆژهەڵات ببوونە کۆنە مەرەکەبی سەر کاغەزو تەنیا بە خەیاڵی رۆژهەڵاتناساندا دەهاتن، کەچی ئەوەتا، نەوەی میدییەکان، هەسپی مێژوویەکی تازەیان زین کردووە و بەرەو ئاسۆیەکی هەزارڕەنگی لینگ دەدەن.

ئەو سوارانەی من باسیان دەکەم لەڕەگەزێکی دیکەو لەتیرەیەکی دیکەن.

پێشتر نەمانبینیون، نەمانناسیون.

ئاخر، ئەوانەی پێشتر یا لەناو تۆز و غوماری سەرپەڕێنەکانی سەدەی حەفتەمدا ون بوون،

یا شاعەباسێک ڕایپێچان سەرحەدەکانی بۆ بپارێزن، یا لووسکەیەکی جەنگیزخان بە مەیتەر لە ئاستانە دایمەزراندن،

یا بوونە فشەحزبی خۆخۆری بێ پڕۆژە و ستراتیژ، حزبی سایکسبیکۆپەرست و لۆزاندۆست و بتەوان و موفاوەزاتچیی بودجە.

ئەوانەی من باسیان دەکەم لە ڕەگەزێکی دیکە و تیرەیەکی دیکەن: کیژگەل و کوڕگەلی کۆبانێن، ئەوانەن، کە چاویان بریسکەی ئاتەشگەکانی بابوباپیرانی تێدایە، ئادگاریان پڕاوپڕە لە گزنگی گاتاکانی زەردەشت.

ئەمانە کۆتاییان بە مێژووی هەڵاتهەڵات و ڕاکەڕاکە و نووزانەوە و شەڕەپەڕۆ و ئاڕئاڕ و قاچاخچیاتیی سنووران هێنا.

ئەمانە لەڕەگەزێکی دیکە و تیرەیەکی دیکەن.

ئەمانە سەرەتای قڕبوونی سەرکردەی بندیوار و سکرتێری بندیوار و وەزیری بندیوار و ڕاوێژکاری بندیوار و جەنەراڵی بندیوار و هەموو شتێکی بندیوارن.

ئەوانە، ئەو جگەرگۆشانەی من، بە زگی قۆپاو و رەنگی پەڕیو و کلاشینکۆفی سەدەی ڕابردوو، بەرامبەر تانک و زرێپۆش، بەرامبەر تاعوونی رەش و قاسەی پڕی نەوتفرۆشان چەقیون و بەدنیادا جاڕ دەدەن، دەڵێن:

نا، ئێمە لەقەڵای دمدم داناگەڕێین، بە فتوایەک پایتەختی سۆران جێناهێڵین و ناچینە خزمەت سوڵتان. هەزار گفتولفتی شیرینی شای ئێران تەفرەمان نادا و نامانباتە بەر سێدارەی چوارچرا. ئێمە هەزار پەیمانی جەزایر بە قرۆشێک ناکڕین. ئێمە لە ڕەگەزێکی دیکە و تیرەیەکی دیکەین.

تەماشایان دەکەم، جارێک و دووجار و دە جار... لە پڕمەی گریان دەدەم.

نازانم گریانەکەم هی خۆشییە، یا نیشانەی پێشبینییەکی تاڵ، یا هی هەردووکیانە؟ ئەوان بە زەردەخەنەیەک دڵم دەدەنەوە، حاڵیم دەکەن، کە ڕۆژی سایکسبیکۆپەرستان و پیرەجامبازانی موفاوەزاتچی تەواو. لەمەولا، کێ زات دەکا، ئەو سنوورە حەرامزادانە بە سنوور بزانێ؟ کێ زات دەکا بڵێ کوردستانی عێراق، کوردستانی ئێران، کوردستانی تورکیا، کوردستانی سووریا، کوردستانی جیبۆتی و جڕتاوە؟ کێ... ؟

مەگەر هەتیوچەکانی «کڵاوڕەش و کڵاوسوور»،

مەگەر ئەوانەی، لە سەدەی بیستویەکەمدا، بە ئەقڵییەتی موختاری گوند دەوڵەت بەڕێوە دەبەن، ئەوانەی بە دووربین تەماشای ئەوپەڕی دنیا دەکەن، کەچی بە زەڕەبینیش بنپێی خۆیان نابینن!

جەیلان، ئەو تەوارەی لە توخمی هەڵۆیانی زاگرۆس بوو،

ئەوەی لەگەڵ گوللە ژوانی دانا،

چما هەر جەستەی گوڵبەدەمی خۆی پێکا؟

نا، ڕابردوویەکی پڕ لە شەرمەزاری و سنووری حەرامزادەی سیمالکەشی پێکا.

ئارین، ئەو پڵنگەکیژەی، لەباتی دەستی یار، ئاگربەندی لە کەمەری خۆی ئاڵاند،

چما هەر بۆ ئەوە جەستەی پیرۆزی خۆی ئاگر دا ڕەوەئەسپێخۆرێک بۆ دۆزەخ ڕادا؟

نا، ئەو لەگەڵ خۆیدا خەندەقی براکوژان و شەڕەپەڕۆی بەرەبابان و تانکەری قاچاخچییانیشی ئاگر دا.

ئەمانە، کوڕینە، لە ڕەگەزێکی دیکە و لە تیرەیەکی دیکەن!

 

عەبدوڵڵا پەشێو

هێلسنکی ١٢/١٠/٢٠١٤

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار