ئیسلامییه‌کان له‌سه‌ر پاساوى ئایینى هێرشه‌که‌ى تورکیا چى ده‌ڵێن؟

حاجی کاروان: من قسە لەسەر سیاسەت ناکەم

5 ساڵ لەمەوپێش



 

شاناز حهسهن

حزبه ئیسلامییهکانى ههرێمى کوردستان دژى هێرشهکهى تورکیا بۆ سهر رۆژئاواى کوردستان دهوهستنهوه، بهتایبهت کهتورکیا دهیهوێت لهژێر پاساوى ئاینیدا رهوایی بهلهشکرکێشیهکهى بدات.

ئۆپراسیۆنهکهى تورکیا کهنۆى ئهم مانگه دهستیپێکرد لهلایهن تورکیاوه ناوى «کانى ئاشتى» لێنراوه، ههروهها بهرپرسانى ئهو وڵاته باس له «فهتح» کردنى ئهو ناوچانه دهکهن، وهک ئاماژهیهک بۆ سورهتێکى قورئانى پیرۆز، جگه لهوهش رهجهب تهیب ئهردۆغان سوپاى وڵاتهکهى به «سوپاى محهمهد» ناوبردووه که مهبهست لێی پێغهمبهرى ئیسلامه (د.خ).

بهکارهێنانى پاساوى ئاینى بۆ هێرشهکهى تورکیا کاردانهوهى زۆرى بهدواى خۆیدا هێناوه، بهتایبهت لهناو مامۆستایانى ئاینى و ئهو کهسانهى پابهندن بهئاینهوهو دهڵێن ئاینى ئیسلام دژى ئهو جۆره کردهوانهیه.

حاجی کاروان بانگخوازو ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و پەرلەمانتاری پێشووی ئەو حزبە رەتیکردەوە لەوبارەیەوە قسە بۆ هاوڵاتى بکات و وتی «من قسە لەسەر سیاسەت ناکەم» لەکاتێکدا هاوڵاتى ویستی وەکو بانگخوازێک قسە بکات لەسەر بەکارهێنانی ئاین بۆ شەڕی کورد.

عهبدوڵڵا وهرتێ، وتهبێژى بزوتنهوهى ئیسلامى، لهلێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى وتى»ئهوه شهڕێکى وێرانکاریه بۆ خهڵکى ناوچهکه بهگشتى و بهههموو شێوهیهک ئیدانهى کوشتن و وێرانکردن و خاپورکردنى ناوچهکانى هاوڵاتیانى کورد دهکهین، پێمان وایه شهڕ لهبهرژهوهندى کهسدا نیه، تهنانهت خودى ئهردۆغان خۆشى».

وتیشى «پێمان وایه نهتهوهیهکگرتوهکان و ئهمریکاو روسیاو وڵاتانى جیهان پێویسته بێنه سهر خهت بۆ راگرتنى ئهو شهڕه، لهڕێگهى گفتوگۆوه بگهنه رێککهوتن، ئهو وڵاتانه بهرپرسیارێتى ئهخلاقییان لهسهره کهبیدهنگ و بێ ههڵوێستن».

عهبدوڵڵا وهرتێ، جهختى لهوهشکردهوه«سوپاى محهمهد، ههمیشه دادپهروهرى و ئازادى فهراههم کردوهو خزمهتى دین و قورئان و ئیسلامى کردووهو هیچ سوپایهک نابینم بۆنى سوپاکهى محهمهدیشى لێ بێت».

بهوتهى عهبدوڵڵا وهرتێ، دهوڵهته سهردهستهکانى ناوچهکه دروشمه دینیهکان دهکهنه چهترێک بۆ کارهکانیان «من دهڵێم خواى گهوره قبوڵى نهکات ئهو زوڵمهى لهژێر ئهو دروشمهدا بهزوڵملێکراوان دهکرێت».

ئهمه یهکهمجار نییه وڵاتان لهژێر ناوى ئاینیدا هێرش بکهنهسهر کورد، پێشتر رژێمهکهى سهدام حوسهین لهعێراق لهژێر ناوى سورهتێکى قورئانى پیرۆزدا کوردهکانى ئهنفالکرد، ئهوهش بۆ رهوایپێدان بههێرشهکهى.

رێبوار حهمهد وتهبێژى کۆمهڵى ئیسلامى وتى «گهلى کورد موسوڵمانه و هیچ میللهتێک و گهلێکى تر  لهڕووى موسوڵمانێتییهوه مافى ئهوهى نییه موزایهده بهسهر میللهتى ئێمهوه بکات، میللهتى کورد لهڕووى سیاسیهوه تادهوڵهتى سهربهخۆ مافى شهرعى میللهتى کورده وهک ههموو میللهتانى ترى ناوچهکه«.

وتیشى «میللهتى کورد بهردهوام قوربانى رێککهوتنه ژێربهژێرهکانى دهوڵهته زلهێزهکان بووهو ئهوهى لهڕۆژئاواش روودهدات، دوباره پشتتێکردنى لایهنه زلهێزهکانه، هێزه کوردیهکانیان بۆ بهرژهوهندى خۆیان بهکارهێناوه«.

رێبوار حهمهد باسى لهوهشکرد، وهک کۆمهڵى ئیسلامى، وتویانه که پێویسته کورد خۆى تهبابێت و یهکڕیز بێت و خۆى تێکهڵى ئهجنداى  ئیقلیمى نهکات، چونکه وهک ههمیشه لهکاته سهختهکاندا جێماندههێڵن.

یهکگرتووى ئیسلامى هاوشێوهى دوو پارته ئیسلامییهکهى دیکه ناڕهزایی دهربارهى هێرشهکه دهربڕیوه، بهڵام بهرپرسهکانى ئامادهنین لهبارهى بهکارهێنانى پاساوى ئاین بۆ هێرشهکه قسه بکهن.

شێرکۆ جهودهت سهرۆکى فراکسیۆنى یهکگرتوو لهپهرلهمانى کوردستان دوێنێ لهکۆبوونهوهى پهرلهماندا رایگهیاند «بەتوندی ئیدانەی شەڕو کوشتن لەڕۆژئاوای کوردستان دەکەین، نەفرەت لەتیرۆرو ستهم و کاولکاری، بەهیوای دووبارەنەبونەوەی مەینەتیەکان».

لهبارهى بهکارهێنانى پاساوى ئاینى بۆ هێرشهکه لهلایهن تورکیاوه، هاوڵاتى پهیوهندى بهچهند  بهرپرسێکى ئهو حزبهوه کرد، بهڵام ئامادهنهبوون قسه بکهن، تهنها ئهوهندهیان وت کهههڵوێستى فهرمى حزبیان راگهیاندووه لهبارهى هێرشهکانهوه.

بهوتهى ئهبوبهکر  کاروانى، نووسهر و سیاسهتمهدار، سوپاى تورکیا بههیچ یاساو پێوهرێک بۆى نییه هێرش بکاتهسهر ئهو ناوچانه، کورد لهههر شوێنێک بێت، مافى خۆیهتى چارهنوسى خۆی دیاری بکات.

جهختى لهوهشکردهوه«هێرشهکه خراپ بهکارهێنانى ناڕهواو بێ پهردهیى ئاینهو لهبابهتێکدا کهئیسلام پهیوهندى پێوهى نییه، چونکه زوڵم تیایدا روودهدات و ههرکهسێک ئاین و دین تێکهڵ بکات بهزوڵمهکهى زوڵمهکه قێزهونتر دهکات، ئهوه زوڵمه بهرامبهر ئیسلامیش وهک چۆن زوڵم دهکات بهرامبهر رۆژئاواش».

ئهبوبهکر  کاروانى باسى لهوهشکرد، کورد نابێت کاردانهوهى ههبێت بهرامبهر ئیسلام، چونکه ئهوه خزمهت بهتورکیا و راى گشتى ناو تورکیا دهکات، وتى»پێویسته ئێمهش بهسورهتى نهسر وهڵامى بدهینهوه«.

وتیشى»به‌کارهێنانى ناوى محه‌مه‌د، به‌شێکه‌ له‌جوڵاندنى هه‌ست و سۆزى ئاینى بۆ سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان، هاندانى سوپاکه‌ى به‌خراپه‌ به‌رامبه‌ر ئیسلامى ده‌زانین و ئێمه‌ش ده‌بێت بزانین چۆن ئاین و دینه‌که‌مان به‌کارده‌هێنین بۆ به‌رگرى کردن له‌مافه‌کانمان».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار