ئایا کێڵگە نەوتییەکانی سوریا ئەوەندە گرنگن ترەمپ سیاسەتی خۆی بۆ بگۆڕێت؟

4 ساڵ لەمەوپێش



راپۆرتی: لۆس ئەنجلس تایمز  

 وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا

کاروانی ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکانی ئەمریکا بەرەو رۆژهەڵات بەڕێکەوتن، ئەستێرەو هێڵەکانی ئاڵای ئەمریکا لەسەر ئۆتومبیلەکان دەشەکانەوە لەگەڵ ئەوەی بەرەو ئاراستە دیاریکراوەکەیان دەڕۆشتن - کێڵگە نەوتییەکانی رمێلان لەباکوری سوریا.

لەوێ ئامێرەکانی دەرهێنانی نەوت ریزیان بەستووە لەهەردوو لاتەنیشتی  رێگاکە و هەڵبەزو دابەز دەکەن. دووکەڵ لەپاڵاوگە بچووکەکانەوە بەرەو ئاسمان هەڵدەکشێت و ئاگر لەکێڵگەکانی گازی سروشتییەوە دەردەچێت. هێڵە کارەباییەکان دیمەنەکە دەگرن و تەنکەرەکانیش بەهیواشی بەڕێگا خێرا خراپ و چاڵییەکەدا تێدەپەڕن.

ئەو کێڵگانە پاشماوەی کۆنی پیشەسازی داڕوخاوی نەوتی سوریان کە بوونەتە دواهەمین پاساو بۆ سیاسەتی ترەمپ تا ئامادەیی ئەمریکا لەسوریا درێژەپێبدات لەباکوری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا.

«ئێمە دەمانەوێت سەربازەکانمان بگەڕێنینەوە نیشتمان، بەڵام چەند سەربازێکمان بەجێهێشتووە چونکە ئێمە نەوت دەپارێزین»، ترەمپ هەینی رابردوو وای وت.

کێشەکە ئەوەیە، نەوتەکە ئەوەندە زۆر نییە تا بیپارێزیت

پێشتریش سوریا هەر بەرهەمهێنێکی گەورەی نەوت نەبووە لەئاستی نێودەوڵەتیدا، تەنها (٣٨٥) هەزار بەرمیل بەرهەمی نەوتی خاوی رۆژانەی هەبووە یاخود لەسەدا  (%٠.٥)ی بەرهەمی نەوتی جیهانی لەساڵی ٢٠١٠دا، ئەمەش بەپێی راپۆرتێکی کۆمپانیای نەوتی بەریتانی بۆ پیداچوونەوەی وزەی جیهان. کاتی دەرچوونی ئەو ئامارە ساڵیک پێش جەنگە ناوخۆییە رووخێنەرەکەی وڵاتەکە بوو، کەزۆربەی سەرچاوەکانی لەناوبرد لەناویشیاندا نەوت.

هەرچەندە لەڕووی یەدەگەوە وڵاتەکە تارادەیەک ئاستی باشترە. بەپێی راپۆرتێکی جۆرناڵی نەوت و غاز، سوریا تا ١ی کانونی دووەمی ٢٠١٠ دوو ملیارو (٥٠٠) ملیۆن بەرمیل یەدەگی نەوتی هەبووە. هەروەها سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ساڵی ٢٠١٠ پێشبینی ئەوەی کرد کەفرۆشتنی نەوت  سێ ملیارو (٢٠٠) ملیۆن دۆلاری بۆ حکومەتی سوریا تەرخانکردووەو لەسەدا (%٢٥)ی داهاتی وڵاتەکەی پێکدەهێنا.

سەرچاوەی سەرەکی نەوتی وڵاتەکە دەکەوێتە پارێزگای دێرەزور لەڕۆژهەڵات. ئەمە ئەو شوێنەیە کەواشنتن سەربازو کاروانی ئۆتومبیلی نوێی بۆ دەنێرێت. هەروەها پاریزگای حەسەکە شوێنی چندین پێگەی بەرهەمهێنانی نەوتە کە لەنیوانیاندا رمێلان بەگەورەترینیان دادەنرێت. هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەڕێی چەند زنجیرە جەنگێکەوە کێڵگە نەوتییەکانی لەژێر دەستی داعش دەرهێنا.

ئەو جەنگانە زۆربەی توانستی بەرهەمهێنانی نەوتیان وێرانکرد، بەدران چیا کورد بەرپرسێکی باڵای هەسەدە وادەڵێت.

«ژیرخانەکە وێرانبووە، زیاتر لەسەدا (%٧٥)ی بیرە نەوتەکان ئامادەنین بۆ بەرهەمهێنانی رێکوپێک»، چیا کورد وای وت. ئەوەشی خستەڕوو کەدەسەڵاتدارانی ناوخۆیی شارەزاییان نییە تاهەڵمەتی چاککردنەوە ئەنجامبدەن.

چیا کورد ئاشکراشی کرد کەئەوەی بەرهەمدەهێنرێت، هەرچەندە ژمارەیەکی دیاریکراوی نەدا بەدەستەوە، بەکاردەهێنرێت بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی یان فرۆشتنیان بەبازرگانان کەئەوانیش هەندێکیان دەفرۆشن بەحکومەتەکەی بەشار ئەسەد. داهاتی نەوت بووەتە کۆڵەکەی سەرەکی ئیدارەی سەربەخۆی کوردەکان لەباکوری رۆژهەڵاتی سوریا، کەبودجە تەرخاندەکات بۆ (١٤٠) هەزار شەڕکەری هەسەدەو بەخێوکردنی هەزارەها بەندی داعش لەچەندین بەندیخانەی ئیدارەکەدا.

بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا دەڵێن دەیانەوێت ئەو نەوتە بپاریزن تادەرفەتێک دروستنەبێت بۆ خەلافەتی ئیسلامی تا کێڵگەکان بگرنەوەو بەکاری بهێنن بەمەبەستی تەرخانکردنی بودجە بۆ هەستناوەیان.

«ئەمە بەشێکە لە ئەرکی رووبەرووبونەوەی داعش»، وتەبێژی هیزەکانی هاوپەیمانان مایڵس کاگنس وای وت. خەلافەتی ئیسلامی یان داعش لەئەوپەڕی دەسەڵاتیدا بەدرێژایی عێراق و سوریا بەرهەمی نەوتی کۆنترۆڵکردبوو تادوجار بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی هەسەدە بە سەرکردایەتی ئەمریکا تێکشکێنرا.

پاساوێکی تر بۆ هەبوونی ئەمریکا لەناوچەکە ئەوەیە کەهێزەکانی سوریاو روسیا دووربخاتەوە لەدەستبەسەرداگرتنی کێڵگە نەوتییەکان، هەفتەی رابردوو مارک ئیسپەر وەزیری بەرگری وای وت.

رۆژێک دوای راگەیاندراوەکەی ترەمپ، ئۆتومبیلە زرێپۆشە دژە مینەکان بەرەو رمێلان بەڕێکەوتن و دەستیانکرد بەدەورییەی ئەو ناوچانەی باکورو رۆژهەڵات کەپیش چەند هەفتەیەک فەرمانیان پێکرابوو پشتگوێی بخەن و بەجێی بهێڵن.

دواهەمین هەنگاوی ئیدارەی ترەمپ بەهەمان ئاست هاوپەیمان و نەیارەکانی سەرلێشێواو کردووە. هەرچەندە یەدەگی نەوت سنووردارە، بەڵام حکومەتەکەی ئەسەد وەک خێرو بەرەکەت تەماشای دەکات. حکومەتی سوری زیانی گەورەی پێگەیشتووە بەهۆی کەمی سووتەمەنی دوور مەداوە لەئەنجامی سزاکانی ئەمریکاو ئەوروپا لەسەر هاوردەی وزەی و پارەی نییە بۆ تەرخانکردنی بودجە بۆ بنیادنانەوەی وڵاتەکە.

سەربازانی ئەمریکا نەک هەر لەنزیک کێڵگە نەوتییەکانەوە جێگیرکراون بەڵکو لە رێگا سەرەکییەکانیش بوونیان هەیە وەک رێگای سەرەکی ئێم (٤)، کەهێڵی سەرەکی گواستنەوەن بۆ نەوت و سووتەمەنی پاڵێوراو

لەوکاتەی ترەمپ ئاراستەی گۆڕیوە، جۆرە جوڵاندنیکی سەربازی فرەیی روویداوە. سەربازانی ئەمریکا نەک هەر لەنزیک کێڵگە نەوتییەکانەوە جێگیرکراون بەڵکو لە رێگا سەرەکییەکانیش بوونیان هەیە وەک رێگای سەرەکی ئێم (٤)، کەهێڵی سەرەکی گواستنەوەن بۆ نەوت و سووتەمەنی پاڵێوراو. هەر هەوڵیک بۆ بەرهەمهێنانی نەوت مانای ئەوەیە کە دەبێت دەورییە زیاد بکرێت لەسەر ئەم رێگا سەرەکییانە، ئەمەش ئەرکێکی ئاڵۆزە لەناوچەیەکدا کەهێزی نەیاری تێدایە. 

لەناوجەکە میلیشیاکانی سەر بەتورکیاش بوونیان هەیە. هەروەها هێزەکانی رووسیاو سوریاش هەن کە لەوکاتەوەی رێککەوتنەکەی تورکیا -رووسیا کراوە دەورییەی هاوبەشیان زیادی کردووە.

شارەزایان دەڵێن تەنانەت ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا بشتوانن ناوچەکە بپارێزن، هێشتا روون نییە کەکۆمپانیاکان ئامادەبن یان بتوانن وەبەرهێنان بکەن بۆ کاراکردنەوەی کێڵگەکان.

زۆربەیان بەشێوەیەکی یاسایی خاوەنداریەتیان لەژیر دەستی حکومەتی سوریادایە یان بەهاوبەشییە لەگەڵ کۆمپانیاکاندا، لەوانە کۆمپانیای تۆتاڵ و شێڵ. هەر کۆمپانیایەک لەوێدا کاربکات میرگێکی یاسایی مافی خاوەندارییەتی دەکاتەوە تەنانەت ئەگەر هەوڵیش بدات خۆی لەسزاکان بدزێتەوە.

هەروەها دەیڤد بەتەر، شیکەرەوە لەپەیمانگەی وزەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پییوایە هەر یەدەگێک کاری بۆ بکرێت تادەربهێنرێت کەمیکردووە بەهۆی جەنگەوە.

بەدران چیا کورد دەڵێت کە تەنها گفتوگۆی سەرەتیی بوونی هەبووە لەگەڵ کۆمپانیاکاندا. بازرگانیکی ئیسرائیلی بەناوی مۆتی خانە بانگەشەی ئەوە دەکات کە کۆمپانیاکەی، گروپی کۆمپانیاکانی گڵۆباڵ دیڤەلۆپمێنت، بووەتە نوێنەری ئیدارە سەربەخۆی بۆ فرۆشتنی نەوت. بازرگانەکە نامەیەکی کوردەکانی لە ڕۆژنەمەی تایمزی بەریتانیدا بلاوکردوەتەوە کە دەڵێت کۆمپانیاکەی «مافی گەران بەدوای نەوت و گەشەپیدانی بەرهەمهێنانی هەیە لەو ناوچانەی لەژێر دەستی ئێمەدان».

ئەو بەرپرسە کوردیانەی ئاگاداری بابەتی نەوتن رەتیانکردەوە قسە لەسەر رێککەوتنی دەرهێنان و فرۆشتن و بەبازاڕکردنی نەوتی ناوچەکە بکەن، بەڵام ئەوەیان راگەیاند کەهیچیان نەگۆڕاون لەکاتی راگەیەندراوەکەی ترەمپەوە.

لەهەمانکاتدا، لێکدوانەکانی ترەمپ چەکی داوەتە دەستی ئەوانەی کەهەمیشە سیاسەتی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بەبردنی نەوت وەسفکردووە.

شەممەی رابردوو، ئەسەد بەگاڵتەجاڕییەوە ستایشی ترەمپ کردو پێی وت کە «باشترین سەرۆکی ئەمریکایە، ترەمپ بەشەفافییەوە قسە دەکات، کاتێک دەڵێت ‹ئێمە نەوتەکەمان دەوێت›. ئەمە راستی سیاسەتی ئەمریکا بووە هەر لەجەنگی جیهانی دووەمەوە، ئێمە چیترمان دەوێت لەوە زیاتر لەنەیارێکی شەفاف؟»

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار