ترەمپ بۆ پاراستنی زاواکەی لەسوریا کشایەوە

ئەردۆغان و جارید کوشنەری زاوای ترەمپ

5 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

جارید کوشنەری زاوای ترەمپ بووەتە خاڵی لاوازی سەرۆکی ئەمریکاو وایکردووە کە رێ بە ئەردۆغان بدات داگیرکارییەکەی ئەنجامبدات بۆ نێو باکوری سوریا، بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری سپێکتەیتەری بەریتانی.

شارەزایان پێیانوایە تورکیا  لەلایەن ئەمریکاوە  گڵۆپی سەوزی بۆ داگیرسا تا لەشکرکێشییەکەی دەستپێبکات بۆ سەر باکوری سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەو هێزەی هاوپەیمانی ئەمریکا بوو لەجەنگی دژی داعش،  بەقوڵایی ٣٠کم وەدەربنرێت بەدرێژایی سنورەکەی.

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا لە ٦ی تشرینی یەکەم رایگەیاند تورکیا بەمزووانە باکوری سوریا داگیر دەکات و « هێزەکانی ئەمریکا پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنەکە ناکەن و بەشداریش ناکەن، هەروەها هێزەکانی ئەمریکا، بەوپێیەی خەلافەتی ئیسلامی تێکشکاوە، چیتر لەناوچەکەدا نامێنن».

ئەم بەیاننامەیە دوای ئەو پەیوەندییە تەلەفونییە هات کە لەنێوان دۆناڵد ترەمپ و رەجەب تەیب ئەردۆغاندا ئەنجامدرا.

بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری «سپێکتەیتەر»، لەو پەیوەندییە تەلەفونییەدا ئەردۆغان فشاری لەدۆناڵد ترەمپ کردووە بۆ کشانەوەی هێزەکانی لەباکوری سوریا ئەویش بەبەکارهێنانی زانیارییەکەی هەواڵگری سەبارەت بەزاواکەی ترەمپ، جارید کوشنەر کە لەهەمان کاتیشدا راوێژکاریەتی. بەپێی زانیاری گۆڤارەکە سەرۆکی تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفونی نێوان جارید کوشنەرو محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیەی وەک کارتی فشار بەکارهێناوە کەتێیدا کوشنەر رەزامەندی دەردەبڕێت بۆ دەستگیرکردنی جەمال خاشقچی رۆژنامەنوسی سعودی.

«بەپێی قسەی سەرچاوەی یەکەم،  کوشنەر گڵۆپی سەوزی بۆ بن سەلمان هەڵکردووە تا جەمال خاشقچی رۆژنامەنووس دەستگیربکات کە دواتر کوژراو لاشەکەی پارچە پارچەکرا لەکونسوڵخانەی سعودیە لەئەستەمبوڵ». 

لەتشرینی یەکەمی ٢٠١٨دا جەمال خاشقچی، کە زۆرینەی راپۆرتەکانی دژی سیستەمی فەرمانڕەوای سعودیە بوون، سەردانی کونسوڵخانەی سعودیەی کرد بۆ هەندێک کاروباری یاسایی لەگەڵ دەستگیرانە تورکەکەیدا. ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا (سی ئای ئەی) و چەندین ئاژانسی هەواڵگری رۆژئاوایی بڕوایانوایە بن سەلمان فەرمانی کوشتنەکەی دەرکردبێت. لەنوێترین چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی ئەی بی سی ئەمریکی، بن سەلمان وتی کە بەرپرسیاریەتی کوشتنی خاشقچی هەڵدەگرێت چونکە «لەسەردەمی فەرمانڕەوایی مندا رووداوەکە روویداوە»، بەڵام رەتیکردەوە کەفەرمانی کوشتنی دەرکردبێت.

لەڕاپۆرتی گۆڤارەکەشدا هاتووە کەکوشنەر هاوڕێیەکی نزیکی بن سەلمانە و چەندین نهێنی هەواڵگری بۆ ئاشکراکردووە.

«کوشنەر وا ناسراوە کە پەیوەندییەکی نزیکی هەبێت لەگەڵ بن سەلمان. پێشتر سپێکتەیتەر لەڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە کوشنەر ‹زیاد لەڕادەبەدەر زانیاری بەخشەر بووە› لەئاستی بن سەلماندا. بەداخەوە دەوترێت ئەوەی کە وەک زانیاری داویەتی نهێنی ئەمریکا بووە: چەند زانیارییەک کەکوشنەر لە سی ئای ئەی داوایکردووە لە چەند پەیوەندییەکی تەلەفونی نێوان ئەندامانی شاهانەی سعودیەدا بیستراوەتەوە کە دەست سی ئای ئەو کەوتوون. سەرچاوەیەک وتی کە لەبەر ئەم هۆکارەبوو ماوەیەک کوشنەر رێی لێگیرا بۆ وەدەستخستنی زانیاری هەواڵگری.»

هەر بەپێی زانیاری گۆڤارەکە هەواڵگری تورکیا پەیوەندییەکەی نێوان بن سەلمان و کوشنەری دەستکەوتووە کەدواتر ئەردۆغان لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان خۆی و ترەمپدا، کە بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ (٦)ی تشرینی یەکەم، بەکاریهێناوە.

«سەرچاوەی دووەم پێی راگەیاندین کەهەواڵگری تورکیا پەیوەندی نێوان کوشنەرو بن سەلمانی وەدەستخستووە. رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەم پەیوەندییەی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی وا لەترەمپ بکات سەربازانی ئەمریکی لەباکوری سوریا بکشێنێتەوە پێش ئەوەی دەستبکات بەداگیرکاری ناوچەکە.»

هەرچەندە کۆشکی سپی ئەو راپۆرتەی گۆڤاری سپێکتەیتەری رەتکردەوەو بە «هەڵە و بێ بنەما» ناوزەندی کرد، بەڵام پێدەچێت ئەمە راپۆرتەکەی نیوزویک زیاتر بسەلمێنێت کەمانگی رابردوو دوای پەیوەندییە تەلەفونییەکەی سەرۆکی تورکیاو سەرۆکی ئەمریکا بڵاویکردەوە کە ئەردۆغان ترەمپی «هەڵخەڵەتاند» و رازیکرد دەست بەداگیرکارییەکەی بکات بۆ نێو باکوری سوریا، بەڵام هیچ هۆکارێکی نەخستەڕوو بۆ رازیبوونی ترەمپ.

ترەمپ هەڵخەڵەتێنراو تەنها کشانەوەی سەربازەکانی پەسەندکرد بۆ ئەوەی وا دەریبخات کەئێمە شتێک بەدەستدەهێنین، بەڵام هیچ بەدەستناهێنین

نیوزویک بەپشتبەستن بەوتەی بەرپرسێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی نووسی، «بەدڵنیاییەوە سەرۆک ترەمپ هەڵخەڵەتێنراو تەنها کشانەوەی سەربازەکانی پەسەندکرد بۆ ئەوەی وا دەریبخات کەئێمە شتێک بەدەستدەهێنین، بەڵام هیچ بەدەستناهێنین».

دوانیوەڕۆی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، واتە نزیکەی مانگێک لەمەوبەر سوپای تورکیا دەستیکرد بەلەشکرکێشییەکەی بەناوی «ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی» دژی کوردانی رۆژئاوا کە بەهۆیەوە رووبەڕووی رەخنەو سەرکۆنەی توند بووەوە لەلایەن چەندین وڵاتەوە.

لەلایەکی ترەوە دۆناڵد ترەمپ هەم لەناوخۆو هەم لەدەرەوەی وڵاتەکەی سەرۆکۆنە کراو بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لەباکوری سوریا بە «ناپاکی» دژی کوردەکان ناوزەندکرا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار