میدیاى تورکیا کوژرانى میلیشیا هاوپه‌یمانه‌کانى ئه‌ردۆغان بڵاوده‌کاته‌وه‌

2019-11-07 11:47:53



کاکه‌لاو عه‌بدوڵا 

میدیاى تورکیا رایگه‌یاند که‌ تائێستا ١٥١ چه‌کدارى سوپاى نیشتمانى سوریا(میلیشیا ئیسلامییه‌کانى نزیک تورکیا) کوژراون و ٥٥٩ چه‌کدارى دیکه‌ش بریندارن.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ٧ى تشرینى دووه‌مى ٢٠١٩ ئاژانسى ئه‌نادۆڵى نزیک له‌ حکومه‌تى تورکیا ژماره‌ى کوژراو و بریندارانى له‌شکرکێشى "کانى ئاشتی" له‌زارى فه‌رمانده‌کانى سوپاى نیشتمانى سوریا بڵاوکرده‌وه‌ که‌ ١٥١ کوژراو و ٥٥٩ بریندارن.

سوپاى نیشتمانى سوریا پێک دێت له‌و گروپه‌ چه‌کداره‌ توندڕه‌وانه‌ى که‌ حکومه‌ته‌که‌ى ئه‌ردۆغان هاوکارى سه‌ربازى و لۆجستى و داراییان ده‌کات و پشکى شێریان هه‌بوو له‌ له‌ شکرکێشییه‌که‌ى تورکیا دژى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات (هه‌سه‌ده‌).

له‌ داگیرکارییه‌که‌ى تورکیا له‌ باکورى سوریا ئه‌م گروپه‌ له‌به‌ره‌کانى پیشه‌وه‌ ده‌جه‌نگن و مافه‌کانى مرۆڤ به‌ئاشکرا پێشێل ده‌که‌ن، جگه‌ له‌وه‌ى چه‌ندین تاوانى جه‌نگیان ئه‌نجامداوه‌ که‌ دیارترینیان شه‌هیدکردنى هه‌ڤرین خه‌له‌ف، هاوسه‌رۆکى پارتى ئاینده‌ى سوریا بوو به‌شێوه‌یه‌کى دڕندانه‌. 

مانگى ڕابردوو ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆمارى تورکیا به‌ "موجاهید" ناوى بردوون.

هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات له‌ماوه‌ى چه‌دن رۆژى رابردوودا ئه‌وه‌یان راگه‌یاند که‌ هێزه‌ میلیشیا ئیسلامییه‌کانى هاوپه‌یمانى تورکیا له‌ له‌شکرکێشیه‌که‌یاندا بۆ سه‌ر رۆژئاوا زیاتر له‌ 400 که‌سیان لێ کوژراوه‌و نزیکه‌ى هه‌زار که‌سى دیکه‌یان برینداربوون.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار