هاوڵاتی لە باکوری عێراق، پەیکەری بەردی گای باڵداری ئاشووری (لاماسۆ) دۆزرایەوە کە مێژووەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ ٢هەزار و ٧٠٠ ساڵ لەمەو پێش و سەرەڕای قەبارەی گەورەی بە ساغی ماوەتەوە. پاسکال بۆترلین، بەرپرسی فەرەنسی ئەم هەڵکۆڵینە لەمبارەیەوە ئەڵێت:" تەنها سەری  پەیکەرەکە نەماوە، کە ئەویش لە مۆزەخانەی نەتەوەیی عێراق لە بەغدا پارێزراوە". وتیشی:" پۆلیس گومرگی عێراق لە دەیەی ٩٠، سەری ئەم پەیکەرەیان لە قاچاخچییەکان گرتووەو لە مۆزەخانەی بەغدا پارێزراوە". ئەم ئاسەوارناسە فەرەنسییە دەربارەی ئەم پەیکەرە بەردییە ئەڵێت :" هیچکات و لە تەمەنمدا ئاسەواری وەها گەورەم نەدۆزیوەتەوە. واباوە تەنها لە میسر یان کەمبۆجیا، ئاسەواری وەها گەورە بدۆزرێتەوە".  مامۆستای بەشی ئاسەوارناسی زانکۆی پانتیئۆن- سۆربۆنی پاریس دەربارەی ئەم پەیکەرەیە ئەڵێت:" کێشەی گای باڵداری سەردەمی ئاشوورییەکان نزیک بە ١٨ تەنە و قەبارەکەی ٣.٨ لە ٣.٩ مەترە. وردەکار ئەو نووسینانەی لە سەر ئەم پەیکەرە هەیە سەرنجڕاکێش و دەگمەنە". پێدەچێت ئەم پەیکەرە بەردییە گەورەیە کە لە دیکشنری ئاسەوارناسیدا بە "لاماسۆ" ناوی دەبرێت و لە شاری خورس ئاباد ( دور شاروکین) لە ١٥ کیلۆمەتر بەغدا دۆزراوەتە، کە پێتەختی ئێپمراتۆری ئاشوورییەکان بووە، ٧٠٠ ساڵ پێش میلاد دامەزراوە، هەر ئەو دەم دروستکرابێت. ئەم لاماسۆیە هاوشێوەیە پەیکەرە ئایینییەکانیتری ئاشوورییەکان سەری وەک مرۆڤ و جەستەی وەک گای نێر بووەو وەک باڵندەکان دوو باڵی  هەیە. بە وتەی پاسکاڵ بۆترلین، ئەم پەیکەرە بە فەرمانی ساگۆنی دووهەم، پاشای ئاشوورییەکان لە ساڵەکانی ٧٢٢ بۆ ٧٠٥ی پێش زایین دروستکراوەو بۆ پارێزگاری لە شاری خورس ئاباد( دورشاروکین) نزیک دەروازەکەی دانراوە. بۆ یەکەمجار ڤیکتۆر پلاسە، ئاسەوار ناسی فەرەنسی لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم باسی لەم پەیکەرە کردبوو. بەڵام زانیارییەکانی تایبەت بەم پەیکەرە لە بەڵگەنامە و لێکۆلێنەوە مێژوویەکاندا بۆ ماوەیەکی زۆر ون ببوو، سەرەنجام عێراق لە دەیەی ١٩٩٠ دا دۆزینەوەی ئەم پەیکەرەی خستە پلانەکانی خۆیەوەو لێژنەی تایبەت دیاریکرا بۆ دۆزینەوەی ئەم پەیکەرە مێژووییە. هەر لەم سەردەمەدا قاچاخچیەکان هەوڵی دۆزینەوەیاندا، دوای دۆزینەوەو دزینی سەری پەیکەرە، بە مەبەستی بەقاچاخ بردنە دەرەوەی لە عێراق، پارچە پارچەیان کردەوە. دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و رووخانی رژیمی سەدام حسێن لە لایەن ئەمریکاوە، پاشماوەی ئەم پەیکەرەکە بە پارێزراوی مایەوە. تەنانەت چەکدارانی داعش کە لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٦ کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچەیەی بە دەست بووەو بەشێکی زۆر لە بینا کۆن و ئاسەوارەکانیان لەناو بردووە، ئاگادار نەبوون ئەو پەیکەرە لەو شوێنە بوونی هەیە. پاسکاڵ بۆترلین لەمبارەوە ئەڵێت :" دانیشتوانی گوندی نوێی خورس ئاباد، پێش ئەوەی لە دەست هێزەکان داعش هەڵبێن، ئەم پەیکەرەیان شاردبۆوە.    

دەشتی مەحمود گۆڕستانی شاهانە ناوچەیەکی شوێنەوارناسییەو دەکەوێتە شارۆچکەی زیقار لەعێراقی ئیمڕۆ. لەساڵانی ١٩٣٢ بۆ ١٩٣٤ ناوچەکە کنەکراو پشکنراو دۆزینەوەکان ئێستا براونەتە مۆزەخانەی بەغدادی پایتەختی عێراق. لەناوەڕاستی ١٩٠٠کاندا، مۆزەخانەی بەریتانیا و زانکۆی پێنسیلڤانیا تیمێکیان بۆ کنەکردنی ناوچەکە پێکهێناو ئەوەی زیاتر وای لێکردن بوونی زیگورات و پەرستگای نانا بوو لەو ناوچەیە - پەرستگای مێخوا ئینانا، مێخوای عەشق، سێکس و بڕشتی. لەکاتی گەڕان، تیمەکە ٢٠ هەزار کێل و گۆڕیان لەناو پەرستگاکەدا دۆزیەوە، گۆڕێک کە گۆڕی شاهانەو کەسایەتییە خانەدانەکانی سەردەمەکەی خۆی بووە بەو پێیەی خشڵ و رازاندنەوەی ئا‌ڵتوون، زیوو بەردی بەنرخ لەنێویاندا دانرابوون. ئەوەی سەرنجکێش بوو لەناو گۆڕەکاندا ئەوەبوو هەندێک نیشانەی تێدابوو بۆ بەقوربانیکردنی مرۆڤ  واتە خزمەتکاری خێزانی شاهانە کە لەگەڵ گەورەو سەروەرەکەیدا نێژرابوو هەم بۆ پیرۆزی و مەزنی هەم بۆ ئەوەی تا لەگواستنەوەی بۆ جیهانێکی تر یاوەری بێت. ئەم دۆزینەوەیە شتگەلێکی سەرنجڕاکێشی دەربارەی رێوڕەسمەکانی ناشتنی ئەم کولتوورە دێرینە ئاشکرا کرد. بەشێوەیەکی باو، گۆڕەکانی میزۆپۆتامیا بونیادێکی سادەیان هەبوو تەنیا چاڵێکی هەڵکەندراو بوون و بەس، کەچی ١٦ دانە لەم گۆڕانە گۆڕی نامۆ بوون و ئاسایی نەبوون. ئەم گۆڕانە، لەشێوەی  ژووری بەبەرد یان خشت لەشێوەی گۆڕدا دروستکرابوون، ژوورگەلێکی چوارگۆشەی سەرداخراو لەژێر زەویدا کە بەپلیکانە یان تەڵانێک بەسەرەوە بەسترابوونەوە. تەرمی مردووەکە لەگەڵ چەندین کەلوپەلی رازاندنەوە و تایبەت بەگۆڕ و ناشتن بەگالیسکەیەکی گا یاخود گوێدرێژ دەبرایە ژوورەوە. مردووەکە یان کرابووە ناو تابوتێکی قوڕینەوە یان لەناو پوش و پەڵاش و دانەوێڵەدا پێچرابووەوە. لەدەوروبەری ژوورەکەش کۆمەڵێک جەستەی تر کەوتبوون کەڕوونە خزم یان خزمەتکاری مردووەکە بوون و یاوەرییان کردووە. ئەو ١٦ گۆڕەی لەچەندساڵی سەرەتادا پشکنران هیچ شتێکیان لەیەک نەدەچوو و هەریەک ژوورەکەی قەبارەیەک بوو؛ ژمارەی نێژراوەکانی ناوی جیاواز بوون و ڕەگەزیشیان جیاواز بوو  ژن و پیاویشی تێدا بوو. سەرەڕای ئەوەی دزو تاڵانچی کەلوپەل و شتە ئەنتیکییەکانیان زۆرینەی بردبوو کەچی هێشتا شتگەلێکی باش جێ مابوون بۆ کنەکردن. هەرچی سەبارەت بەنێژراوەکانی چاڵاییەکەی ناو ژوورەکانە، پێدەچێت ئەو ژن و پیاوە خزمەتکار بن کەهەر لەوێ سەربڕاون و نێژراون. بۆ نموونە لەیەکێک لەگۆڕەکاندا، لەبەردەرگای ژوورەکە پاسەوانێک بە قەڵغان و درعەوە کەوتووە؛ لەبەشی خوارەوەی ژوورەکە، نۆ ژنی هاوەڵی بەخشڵ و رازاندنەوە و تاجەگووڵینەوە نێژراون؛ لەبەردەمی ژوورەکە دوو عەرەبانەی چوار پێچکەیی لێیە کە بەسێ گاوە بەستراونەتەوە و سواری عەرەبانەکەش ئێسقانەکەی هەر لەو ناوە کەوتووە. یەکێک لەگۆڕەکان گۆڕی شاژن پو-ئابی بوو کەناوەکەی لەسەر کێلەکە بەپێشگری نینەوە کە بەواتای شاژن دێت هەڵکۆڵراوە. شاژنەکە یەکەمین شاژنی میزۆپۆتامیایە کە بۆ یەکەمجار دۆزرابێتەوە و لەتەمەنی ٤٠ کان بووە لەژوورێکدا بەدرێژی ١٢ بە ٦ پێ نێژراوە. نەریتی ناشتنەکەی بەجۆرێکی زۆر شاهانە بووەو  تاجەگووڵینەکەی سەری ئاڵتوون و بەردی بەنرخ و پیرۆزی مینا  بووەو لەشێوەی گوڵ و گەڵای ئاڵتوونیدا. لەدوای تاجەگووڵینەکە لەسەر ناوچاوانی یەک ریز ئا‌ڵتوون هەبوون؛ چەندین قردێلەی ئاڵتوونی لەناو قژیدا دانرابوون کەڕەنگە قژی خۆی یان باڕۆکە بووبێت بەو پێیەی دەزانین کە ژنانی میزۆپۆتامیا بۆ رازاندنەوەی خۆیان باڕۆکەیان لەسەر دەکرد. شاژنەکە چەندین مورووی لەئاڵتوون، مینا و زیوی لەمل بوو کەتاوەکوو کەمەری درێژ دەبوونەوە و زۆر قورس بوون بەڵام دیمەنێکی سەرنجڕاکێشیان دروستدەکرد. بەدەر لەمانەش چەندین خشڵی تری پێوە بوو کەجەستەیان داپۆشیبوو. لەبەردەم جەستەی شاژنەکەدا ژن و پیاوێک لەبەر پێیدا کەوتبوون و بەو پێیەی خشڵێکی وایان پێوە نەبوو پێدەچوو تەنیا خزمەتکاری ئاسایی بن نەک خزمی نزیکی شاژن. ئەوەی سەرنجڕاکێشە دەربارەی شاژنەکە، هەبوونی ئەو سەرەشێرانەیە لەناو گۆڕەکەیدا. چەند سەرەشێری گەورەی ئاڵتوونی بەدوو چاوی کراوە و رەشکراوەوە لەناو چەند رازاندنەوەیەکی تردا ماونەتەوە. زۆرێک جەستەی ژن و پیاو لە گۆڕەکەیدان و بەشێکی ژنەکان ئامێری مۆسیقی وەکوو سازو قیسارە بەدەستەو جوان خۆیان رازاندۆتەوە. پیاوەکانیش ملوانکەو بازن و تاک گوارەیان لەگوێیە ئەمە لەکاتێکدا ژنەکان هەردوو گوێیان گوارەیە بەڵام پیاوەکان خەنجەریان لەکەمەرەو دیارە بۆ بەرگری و پاراستن لەوێ بوون. لەم گۆڕستانەدا، بۆیەکەمجار دۆزینەوەی کەرەستە و خشڵی لەو شێوەیە لەمیزۆپۆتامیای باشووردا تۆمارکراوە. دۆزینەوەکان بریتی بوون لەکۆتەرەیەکی ئەستوور، خەنجەری ئاڵتوون و پشتێنی ئاڵتوون، خەنجەری لەمینا درووستکراو، چەند چەکی مسیی و هەندێک کەرەستەی پاکەرەوە. گۆڕەکان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی حکومڕانی یەکەمی ئورو دوو جۆرن. یەکەمیان ئەوەیە لەگەڵ مردووەکەدا شتگەلی گرانبەهاو تەنانەت مرۆڤیش دەنێژرێت بۆ ئەوەی بۆ جیهانەکەی تر لەگەڵی بێت. بۆ نموونە پێکاتەکانی ناو گۆڕێکیان بریتی بوو لەخەنجەری ئاڵتوون و موزایک یاخود سندوقی دەنگ، دوو بزن کەهەر چوار پەلیان کراوەتەوە لەسەر دارێک و بەبەردی مینا رووپۆش کراوە؛ سازو چەڵەمەیەک کە بەشاخی گا رازێندراوەتەوە؛ خشڵ و بەردی بەنرخ و کانزای بەکەڵک؛ گەڵای ئاڵتوونی و هەندێک کەرەستەی کەم بایەختری وەکو قەڵغان و چەک. ئەم جۆرە لەڕێوڕەسم و ناشتنە دەرگایەکی نوێی بەڕووی میزۆپۆتامیادا کردەوە، کولتوورێک کەدەستەبژێرو کەسانی پلەبەرزەکانی هاوشێوەی خوایەک (بەجۆرێک هاوشێوەی فیرعەونەکانی میسر) دەنێژران و رێوڕەسمی ئاڵۆزیان بۆ ئەنجامدەدرا ئەمەش ئاماژە بوو بۆ رەهەندە پیرۆزییەکەی ناشتن لەو کولتوورە. سەرەڕای ئەوەش، ئەم دۆزینەوانە شوێنەوارناسیی ناوچەکەیان دەوڵەمەندتر کرد بەڵام بەجۆرێک واتایەکی نەرێنی و تووندوتیژانەشیان لەخۆیاندا هەڵگرتبوو کە بوو بەپێناسەیەک بۆ میزۆپۆتامیای خواروو. بێجگە لەو کەرەستە جەنگی و چەکییانە، وێنە هەڵکۆڵراوەکانی سەر دیوارەکان زیاتر پاڵەوانانی سۆمەر بوون کەدوژمنیان راو دەنا؛ پیاوەگەورەکانی سۆمەر بارمتەکانیان لەبەردەم خۆیاندا بەڕووتی داناوە و لەهەڵکۆڵدراوێکدا کە پاشای سۆمەر دەنوێنێتەوە، تێیدا دەستکەوتی جەنگ و بارمتەی جەنگی بۆ دەهێنرێت. بەم شێوەیە لەدۆزینەوەی کەرەستە و دۆزراوەکانی ئەم گۆڕستانەوە دەردەکەوێت کەشارستانیەتی سۆمەر، شارستانییەتێکی پێشکەوتوو و ئاڵۆز و کۆمەڵگایەکی سەربازی بووە  

دەشتی مەحمود ئوستورەناسی میسر کەیەکێک لەدەوڵەمەندترین و گرنگترینی ئوستورەکانی جیهانە، زیاتر لە دوو هەزار خوای جیاواز لەخۆدەگرێت، بەپلەوپایەی جیاوازەوەو ئامون یەکێکە لەدیارترینیان. ئامون (بەئامین؛ ئامن و ئامون-رۆ ناسراوە) خوای باو هەتاو. یەکێک بووە لەهەشت خوا بەراییەکەی میسرییە دێرینەکان (بەپێی ئوستورەناسی پەیدابوونی هێرمۆپۆلیت). رۆڵی ئامون بەدرێژایی سەدەکان گۆڕاوەو پلەی جیاوازی وەرگرتووەو سەرەتا وەکو خوایەکی ناوچەیی لەدوو هەزارو ٣٠٠ پێش زایین دەردەکەوێت، بەڵام بەفەرمی لەدەوروبەری سەرەتاکانی سەردەمی شانشینی نوێ (١٥٧٠-١٠٦٩ پێش زایین)دا لەشاری تێبس وەکو خوایەکی نەتەوەیی دەردەکەوێت. نەک تەنها ئامون خۆی بەڵکو پەرستەکەیشی تاماوەیەکی زۆر بەهێزترین و گرنگترین دەبێت. ئامون لەشێوەی پیاوێکی ریشن کەشاپەڕی بەسەرەوەیە یاخود پیاوێک بەسەروو کەلەی بەرانەوە (لەسەردەمی شانشینی نوێ) دەردەکەوێت کەئەم بەرانە نیشانەیە بۆ بەپیتی ئامون. وشەی ئامون بەواتای «شاراوە»، ‹›پەنهان›› یاخود «نادیار» دێت، هەر خۆیشی بەپێچەوانەی خواکانی تری میسرەوە هیچ فۆرمێکی دیاریکراویی جێگیری نەبووەو هەربۆیە خەڵکی تێبس هەرچییەکیان بویستایە ئامون دەبوو بەوە؛ بەواتایەک دەکرا هەموو شت بێت و هیچ شتێکیش نەبێت لەهەمان کاتدا. هەروەها مەعریفەیەکی بێسنووری هەبوو لەمەڕ هەموو شتەکانی گەردوون، بەهۆی سیفەتی نادیارییەکەشیەوە بەڕەنگی شین وێنەی هەڵدەکۆڵرا کەدواتر لەهەندێک هەڵکۆڵیندا رەنگەکە گۆڕابوو بەسوور. راستییەکەی ئەوەی سەرنجکێشە ئەوەیە وشەی ئامون ناوی راستەقینەی خواکە نەبووە بەڵکو دەربڕین یاخود نازناو بووە بۆی. ئەمیش لەبەرئەوەی میسرییەکان پێیان وابوو هەر خوایەک ناوی کەشف ببێت لاواز دەبێت و بۆیە هەرگیز هیچ مرۆو خوایەک دەستی نە بەناوو نە بەڕووخساری نەگەیشت، ئەمیش بەهۆی دەسەڵاتە رەهاکەیەوە. بێجگە لەو خوایانەی بەشداربوون لەئافراندنی گەردوون، زۆرێک لەخوایەکانی تری میسر بەتایبەت لەوانەی هەشتەوانەی پیرۆز لەگەڵ توخمەکانی بیابان، بنجیهان و ئاسماندا هاوشوناس کراون، لەکاتێکدا تەنیا ئامون لەگەڵ بادا هاوشوناس کرابوو. ئەمەش پەیوەندی بەنەسرەوتن و نادیاری توخمی با وە هەیە کەئامونیش بەهەمان شێوەی با لەهەموو شوێنێک هەستی پێ دەکراو کاریگەری لەهەموو شت دەکرد بەڵام نەدەبینرا. بەم شێوەیە نادیاریی ئامون لەپەیوەند بەتوخمی با‌وە وایکرد خەڵکی بەپێی ویست و پێویستییەکانیان لێکدانەوەی جیاوازی بۆ بکەن، ئەمەش هۆکارە کەئامون لەبری نازناوێک فرە نازناوی هەیە؛ لەبری ئەرکێک فرە ئەرکدارەو هتد. ئامون ناوگەلی جیاوازی هەبووەو هەریەک بۆ مەبەستێک لێی نراوە، لەوانە: قاڕەکەری مەزن (لەئوستورەناسی پەیدابووندا، گەردوون لەڕێی هاوارو زەنای قازێکەوە دێتە بوون و ئەو قازەش نیشانەیە بۆ ئاموون)، پاشای خواکان، شاراوە، ئامون ئاشا رێنو (ئاموونی خاوەن ناوگەلی زۆر)، گاکەی دایکی؛ ئەو گایەی ئاوی نونی هێنایەوە (ئاوی نونی دایکی هێناوەتەوە)، فریادڕەسی هەژاران. ئامون بەپێی سەردەمە جیاوازەکان پێگەی جیاوازی وەرگرتووە. سەرەتا خوایەکی ناوچەیی بووەو ئاماژە بووە بۆ بەپیتی؛ دواتر لەسەردەمی شانشینی ناوەڕاستدا وەکو پاشای خواکان و ئافرێنەری گەردوون نەتەوەیی دەبێتەوە لەسەرانسەری میسردا؛ دوابەدوای لەگەڵ خواخۆر رۆ دا هاوشوناس دەکرێت و دەگۆڕێت بۆ ئامون-ڕۆو هەندێک لەتایبەتمەندییەکانی ئاتومی خوای زەریای بەراییشی بۆ دەگوازرێتەوە؛ زۆر دڕەنگترو لەکۆتاییدا بەجیهانی دەبێتەوەو چەندین نوسخەی تری لەسەر وەردەگیرێت لەئوستورەناسی  بابلی، ئاشووری، یۆنانی، رۆمانی، ئاسیای دوورو تادواتر. هەر یەک لەنوسخە وەرگیراوەکان فۆرم و ئەرکی جیاواز هەڵدەگرن بەپێی سیاقەکەی خۆیان و تەنانەت لەخراپترینیدا ئایینە ئیبراهیمییەکان بەشێک لەتایبەتمەندییەکانی بەدەستکاریکراوی دەدەن بەسەر یەهوادا. سەرەڕای ئەمانە، بەگشتی لای میسرییەکان خۆیان ئەو تایبەتمەندییانەی بەئاموونەوە هاوپەیوەست کرابوون، بریتین لە :خوای خۆرو  با؛ پاشاو گەورەی خواکان؛ پارێزەری خەڵک و فیرعەون؛ ئافڕێنەری گەردوون و سەرچاوەی ژیان؛ هێزی سەرکەوتن لەجەنگ؛ رۆح یاخود بەعی هەموو شتەکان؛ ئامون سەرۆکی جفاتی خواکان… لەڕووی پەیدابوونەوە باوەڕ وایە کەئامون خۆی خۆی ئافراندووەو دواتر گەردوون بەهەموو شتەکانی ناویەوەی ئافراندووە، بەڵام خۆی لەپێکهاتەی گەردوون جودا کردۆتەوە. جیابوونەوەکەی لەبەرئەوەیە کەئەم ئافرێنەری رەسەن و نادیاری گەردوونەو نابێت تێکەڵ بەهیچ ببێت و هەروەها بۆ پاراستنی رەهەندە نادیارییەکەی. ئاموون نادیاریی خۆی دەپارێزێت تاوەکو ئەو دەمەی تێکەڵ بەخواخۆر رۆ دەکرێت؛ بەم شێوەیە فۆرم وەردەگرێت و دەتوانرێت بەچاو ببینرێت. فۆرموەرگرتن و گواستنەوەی لەنادیارەوە بۆ دیار وایکرد ئامون بەچەمکی مەعت ئاماژەی پێبکرێت واتە هاوسەنگی. ئامون سەر بەهەشتەوانەی پیرۆزی پەیدابوونە وەکوو پێشووتر باسکراو خۆی لەناویاندا بەئافرێنەر دادەنرێت، هەروەها سەر بەسیانەی پیرۆزیشە کەخۆی و ئامنێتی هاوسەری و خۆنسوری کوڕیان دەگرێتەوە. ئامنێت دایکخودای تیبسەو عەشقەکەیان و جووتبوونی لەگەڵ ئامون لەسەرانسەری پەرستەکاندا ساڵانە ئاهەنگی بەشکۆی بۆ دەگێڕدرا. ئاهەنگەکە پێی دەوترا جەژنی ئۆپێت کەساڵانە بۆ ماوەی ٢٤ ڕۆژ لەپەرستگاکانی ترەوە پەیکەری هاوسەرەکان بەرز دەکرایەوەو رێوڕەسم دەگێڕدرا تادواتر دەگەڕێندرایەوە بۆ پەرستگای سەرەکی کارناک. بەو پێیەی ئامون پارێزەری فیرعەون و پاشاکان بووە، بەهەمان شێوە ژنانی شاهانەش پەیوەندییەکی ئاڵۆزو سێکسواڵیان لەگەڵی هەبوو بۆ نموونە شاژنە نێڤەرتیتی بانگەشەی ئەوەی دەکرد هاوسەرگیری لەگەڵ ئامون کردووەو بەهەمانشێوە هەر شاژنێکی تر گەر دەسەڵاتی زیاتری بخواستایە خۆی لەگەڵ ئامون جووت دەکرد. هەروەها هاتشێپوتی مێ فیرعەون دوای بەدەسەڵاتگەیشتنی، بانگەشەی ئەوەی کرد کەکچی ئامونە. هەموو ئەم بانگەشانە لەگەڵ ئەو کەسایەتییە بەهێزەدا تەنها بۆ گرنگبوون و دەسەڵاتداربوون بوو. ئامون کەسەرۆکی جڤاتی خواکان بووەو پارێزەری فیرعەون و خەڵکی نەدار بوو، ناوو ناوبانگی دوور رۆیشتووەو لەنێو میسرییەکاندا خۆی هێشتۆتەوە. بەڵام لە دوو سەردەمدا ناوبانگی کز دەبێت. یەکەمیان لەگەڵ دەرکەوتنی مێخواوەند ئیزیس گرنگی کەم دەکات، بەڵام هێشتا دەپەرسترێت و تەنانەت دوای هێرشی ئاشوورییەکان بۆ سەر میسریش هەر خۆی دەگرێت. دووەمیان ئەو دەمەیە ئاخناتوون دێتە سەر حکوم واتە سەردەمی ئامارنا کە بۆ ماوەیەک جێی ئامون دەگرێتەوە. ئاخناتون هەوڵی دەدا تاکخوایی لەمیسردا بەرقەرار بکات لەڕێی تواندنەوەی سەرجەم خوا جیاوازەکان بۆ ناو یەک خودا بەناوی ئاتون. گەرچی ئەمە بۆ ئاخناتون بەجۆرێک سەری نەگرت و کلتووری میسریی دوای لەناوچوونی کوڕەکانی ئاخناتوون، گەڕانەوە بۆ ئوستورە فرەخوایی و پەرستە هەمەچەشنەکانی خۆیان. بەم شێوەیە پێگەی ئامون وەکو خوایەکی بەتوانا دەمێنێتەوەو پەرستەکەشی شوێنکەوتووی دەبێت تائەو سەردەمەی پێی دەڵێن ئەنتیکییەت. دواتر لەم سەردەمەدا تایبەتمەندیگەلێکی ئاموون لەلایەن ئایینی مەسیحیەت و بەدیاریکراویش یەهواوە هەڵدەگیرێتەوە. دواجار ئامین، ئەمین، ئەمان، ئیمان و هەموو لێ وەرگیراوەکانی (امن) لەناو زمانە سامییەکاندا (یەهوودی، مەسیحییەت و ئیسلام) لەناوی ئامون‌ـەوە وەرگیراوە. ئێستا لەدوای هەموو نزاو پاڕانەوەیەک لەئایینە ئیبراهیمییەکاندا هێشتا هەر ناوی ئامون بەشێوەی ئامین دەوترێت و تائێستا کاریگەری لەسەر ئایینەکان ماوە. بەم جۆرە ئامون بەڵێنەکەی خۆی بردەسەر؛ وێڕای ئەوەی پەرستەو پەیڕەوانی خۆی نەما بەڵام ناوەکەی بەشاراوەیی و نادیاری لەئایینە ناوبراوەکاندا ماوەو بۆ قبووڵبوونی نزاو پاڕانەوەکانیان ناوی ئامون دەهێنن وەکو سەردەمی کۆنی میسر.

دەشتی مەحمود ئاهورامەزدا (پێشی دەگوترێت هۆرمەزد، ورموزد، هارزوو، سەروەر، یاخود ڕۆح) بەرزترین بووە لەئوستوورەناسی زەردەشتی و فارسە دێرینەکان، بەرلە مەسیحیەت بەناو کیشورەی ئاسیادا بڵاوبوویەوە و بنچینەی ئایینە یەکتاپەرستییەکان و بیرسای دوانەگەرییە. ئاهورامەزدا ئافڕێنەری گەردوون و شتەکانی ناوی بووە؛ خوای رووناکی و چاکە، ئەوەی ئاهورامەزدای لە خوایەکانی تری ئوستوورە جیا دەکردەوە تایبەتمەندییە تەواو باش و تەواو ژیرو زاناکەی بووە لەبەرانبەر خواکانی تردا کە دواتر ئەم دوو بەرەییەی باشەو خراپە بە توندی لەخودی ئایینەکە و ئایننەکانی دواتردا زەق دەبێتەوە. وشەی مەزدا لە ئاڤێستاییدا ناوێکی مێینەیە و هەندێک پێیان وایە رەنگە لەوشەی مێدهاسی سانسکریتییەوە وەرگیرابێت کە بەواتای ژیری و حەکیمی دێت. وشەکە لەماوەی پاشایەتی فارسەکاندا پەرە دەسێنێت و دەگۆڕێت؛ لەسەرەتادا لەسەردەمی هەخامەنشییەکان وشەی ئاهورامەزدا بەکاربراوە؛ لەسەردەمی پارسیانەکاندا بە هۆرمەزد دەربڕاوە؛ دواجار لەحکومڕانی ساسانییەکاندا شێوەزاری ئۆهرمەزد بەکاربراوە. ئاهورامەزدا وەکو هەموو خوایەکانی تر لەمیراتەکانی پیشخۆی وەرگیراوە و بەپێی پێویستی سیاق و کەلتووری ناوچەکەی خۆی دەستکاری کراوە. بۆ نموونە، ئوستوورەی ئافراندنی پارسییەکان بەتەواوی هاوشێوەیە لەگەڵ ئوستوورەناسی میزۆپۆتامیا بەتایبەت ئوستورەی ئافراندنی «ئینوما ئیلیش»ـی بابلییەکان. تەنانەت جڤاتی خواکان، پاڵەوان، ئەودنیا، و رێوڕەسمەکانیان هاوشێوەیی تێدایە. ئاهورامەزدا پێشووتر بەشێکی زۆری تایبەتمەندییەکانی خوای سۆمەری- بابلی ئانوناکی وەرگرتبوو بەو پێیەی لەهەڵکۆڵدراوەکانیشدا وەکو خوای ئافرێنەری رەگەزی مرۆڤایەتی -کە ئەمە تایبەتمەندی ئانوناکییە- دەردەکەوێت؛ هەڵگری هەمان تایبەتمەندییەکانی خوائاشورە بەتایبەت بەهەڵگرتنی پەپکەی خۆرەکە. ئاهورامەزدا ئافرێنەری گەردوون و هەمووشت، جیهانی فیزیکی و رۆحی بە حەوت قۆناغ ئافراند. سەرەتا ئاسمان، ئاوو زەوی؛ دواتر رووەک، گای بەرایی واتە سەرچاوەی هەموو ئاژەڵەکانی تر؛ یەکەمین دووانەی مرۆڤ و لەکۆتاییدا ئاگر. لەمەش گرنگتر، ئاهورامەزدا دوانەی گەردوون دەئافرێنێت؛ ئەنگرا مایینو و سپێنتا ماینو. یەکەمیان رێبەری هێزی شەڕو وێرانکاریی و خراپەیەو نوێنەری هێزی ئەزەڵئاژاوەیە. دووەمیان هێزی چاکە و دادپەروەری و هەقە و نوێنەری نەزم و رێکخستنە. گەرچی ئاهورامەزدای زەردەشتییەکان وەکوو بنیاتنەری دوانەگەری، واتا دوانەی هێزی چاکەو خراپە سەیردەکرێت، بەڵام لەڕاستیدا دوانەگەری لەمیراتەکانی پێش زەردەشتی ئامادەیی هەیە؛ لە ئوستوورەناسی بابلییەکان (تیامات و مەردۆک)، ئەکەدییەکان (نینورتا و باڵندەی ئانزو)، ئۆگاریتییەکان (بەعل و یەم) تەنانەت جێی باسە لەهەموویان کۆنتر لەناو میسڕییەکاندا ئامادەیی هەیە؛ خواکانی ئەزەلئاژاوە دیارترینیان سێتە و خواکانی مەعت و نەزم دیارترینیان هۆرۆس و ئایزیس. ئەگەرچی تێگەیشتنی هەریەک لەم کلتوورە جیاوازانە بۆ هێزی ئەزەلئاژاوە و هێزی نەزم تەواو جیاوازە بەتایبەت لای میسرییەکان واتای تر هەڵدەگرێت و جیاواز لەدوانەگەرایی زەردەشتی کە بەجۆرێک مەبەست لێی پەراوێزخستنی کۆمەڵەیەکە لە خەڵکی و بەشەیتانیکردنیانەو جڵەوکردنی هەست وغەریزە سروشتییەکانی مرۆڤە. لەئاڤێستادا، ئاگر، سیمبوڵ و توخمی بنەڕەتی ئاهورامەزدایە. ئاگر کوڕی ئاهورامەزدایە، ئەمەش ئەو بیرسایە رەتدەکاتەوە گوایە زەردەشتییەکان ئاگر دەپەرستن، نایپەرستن بەڵکو توخمێکی پیرۆزیانە. ئەم پیرۆزیەی ئاگر پەیوەندی بەوەوە هەیە، ئاگر رووناکی دەهێنێت و لەسەرەتای ئافراندندا ئاهورامەزدا رووناکی هێناوە هەر بۆیە سەر سەکۆی پەرستگاکانیان بەئاگر ناودەبەن. لەڕووی مێژووییەوە، سەرەتا خوا ئاهورامەزدا لەسەردەمی هەخامەنشییەکاندا لەسەردەستی کوروشی دووەم (٥٥٠-٣٣٠ پێش زایین) دەردەکەوێت، بەڵام لەدەستنووسەکانی پاشا هەخامەنشییەکاندا ئاهورامەزدا تەنیا ناوی خۆی دەردەکەوێت و ناوی زەردەشتی پێغەمبەر ئامادەیی نیە، بەجۆرێک وەها دەردەکەوێت، ئاهورامەزدا بەرانبەر مێخوا دەیڤاـدا دروستکراوە. سا، هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوانی فێرکارییەکانی زەردەشت و نووسینەکانی ئاهورامەزدای هەخامەنشی نییە، جگە لەجەختکردنەوەیان لەسەر ئەخلاق واتە چەمکی «ئاشا»  کە لەزەردەشتیدا مانای لەسەر هەقبوون و هەقیقەت دێت. کەواتە، ئاهورامەزدا سەرەتا تەنیا یەکێکە لەنێو خواکانی تری ئایین و کەلتووری هندوئێرانی واتە یەزدانناسییەکی تاکخواییە و خوا زاڵەکەی نێو جڤاتی خواکانیانە. دواتر یەکێک لەهەڵکۆڵدراوەکانی سەردەمی داریوشی یەکەم (٥٢٢-٤٨٦ پێش زایین)، نەقشی رۆستەم لە پێرپۆلیس، تێیدا ئاهورامەزدا وەک ئافرێنەری گەردوون، ئاسمان، زەوی و مرۆڤ و داریوشیش وەک پاشا دەنوێنێتەوە. بەناوبانگترین هەڵکۆڵدراوی سەردەمی داریوش کێوی بێستوونە لە ناوچەی کرماشان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان، تێیدا ئاهورامەزدا پشتیگیری سەرکەوتنەکەی داریوش بەسەر دوژمنەکانیدا دەکات کە بەهەرسێ زمانی فارسی کۆن، ئیلامی و ئەکەدی نوسراوە. هەروەها لەشانامەی کوردیشدا ناوی زەردەشت وەکوو سەروەر هاتووە. دواجار، لەسەردەمی ساسانییەکانە لەسەر دەستی ئەردەشێری یەکەم (٢٢٤٠ - ٢٢١ پێش زایین) ئایینی زەردەشتی بە بەهێزی دەردەکەوێتەوە و دەبێت بەئایینی دەوڵەت و شوێنکەوتووانی ئایینەکانی تر بەلادەرو دەرچوو لەئایین دادەنرێن و سزا دەدرێن. بۆ ماوەیەک، ئاینی زەردەشتی زۆر بڵاودەبێتەوە، بەڵام ئایینەکە لەگەڵ هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە (٦٣٣- ٦٥١ زایین) زەردەشتییەکان سزادەدرێن و لەبەرانبەر پەرستنی ئاهورامەزدا باج و سەرانەیان دەخرێتە سەر، بەم هۆیەوە، بەشێکی زۆریان ئاینیان دەگۆرن و دەچنە سەر ئاینی ئیسلام و هەندێکیشیان بەرەو هندستان هەڵدێن. هەروەها، جێی سەرنجە دوابەدوای ئەمە بەهۆی داگیرکاری تورک و مەغۆلەکانیشەوە زیانیان بەردەکەوێت (سەدەی ١١ - ١٣زایین)  و لەترسی کوشتاری تورکەکان لەشاخەکانی یەزدو کرمان نیشتەجێ دەبن. پارسە دێرینەکان بەر لەوەی بەر ئایینی زەردەشتی و بەزەقی ئاهورامەزدا بکەون، خوای ئێرانۆ-ئاریانییەکانییان دەپەرست لەبەرانبەر ئایینی هندۆ-ئاریان، ئایینی زەردەشتی نەک ئایینی ئێرانۆ-ئارییاییەکانی لەهندۆ-ئاریارنی جیاکردەوە، بەڵکو سەرجەمی مرۆڤایەتی بەرەو یەکتاپەرستی رووت برد. پارسەکان، کۆمەڵێک لەئاریانەکان بوون لە ئاسیاوە هاتن بەرەو ئێران و لەگەڵ خۆیاندا باوەرەکەیشیان هێنایە ناو گەلانی ئێرانەوە.  ئاهورامەزدا لە ئەدەبیاتی فارسیدا لەشێوەی پیاوێکی ریشن بەڕۆبێکی درێژی پڕ لەئەستێرەوە دەردەکەوێت. ئاهورامەزدا شەش فریشتەی گرنگ دەئافرێنێت تاوەکوو چاکە بەناو جیهاندا بڵاوبکەنەوە، لەگرنگترینیان ئاهسا ڤاهیشتا -فریشتەی ئاگر و رۆحی هەق-، ڤۆهو ماناه -سیمبۆلی خۆشەویستی و ژیری پیرۆز کەدەرگاوانی رۆحەکانە بۆ بەهەشت. لەیەکێک لە گاتاکاندا ئاماژە بەئەوە دەکرێت، گوایە ئاهورامەزدا لەڕێی هزرینەوە گەردوونی ئافراندووە. ئەم قۆناغە لەمێژوودا ساتەوەختی ڕۆیشتن و گواستنەوەیە لەئاینی زەمینییەوە بۆ ئاینی ئاسمانی؛ لەبەرجەستەوە بۆ ئەبستراکت؛ لەچاندنی گژوگیاو گوڵپشکووکردن و کردە زەمینییەکانەوە بۆ وشەو کردە ئەبستراکتەکان، واتە لەکرانەوەو هەمەچەشنییەتییەوە بۆ تاکایەتی و تاقانەیی یەک کردەی ئەبستراکت، بەدەربڕینێکی تر لەمیتۆلۆژی سۆمەرییەوە بەرەو یەکتاپەرستی یەهوودی. هەر خۆیشی ئەم شێوە ئافراندنە ئەبستراکتە - بەبێ بەشداری هیچ هێزێکی سروشتی و رەنگدانەوەی دیاردە سروشتییەکان- گەلێک لەئافراندنی گەردوون دەچێت لەنەریتی یەهوودییەتدا کاتێک خوا لەرێی وشەوە گەردوون دەئافڕێنێت. نەریتی ئیبراهیمی، بەهەمان شێوە لەبیرساکانی جەهەنەم و بەهەشت؛ پاداشت و سزا؛ رۆژی حەشر؛ رۆژی زیندووبوونەوەو هەستانەوە؛ و فریشتەو جنۆکە سودی لەئاینی زەردەشتی وەرگرتووە. هەرچی دەربارەی بیرۆکەی شەیتانە، راستە لەئوستوورەناسی کلتوورەکانی تریشدا بوونێکی لێکچوو بەشەیتان هەبووە بەڵام نەدوورخراوە و نە دەرکراو بووە بەڵکو نوێنەری هێزی شاراوەی تری گەردوون بووە. بەڵام دەربارەی زەردەشتییەکان، دەتوانین بگەینە ئەو دەرەنجامەی ئایدیای شەیتانیش بەهۆی ئەو جەختکردنەوە زۆرەی ئایینەکە لەچاکەو خراپە بەجۆرێک هەر لەگەڵ زەردەشتیدا پەیدا دەبێت و لەفۆرمە پیسترەکەیدا لە یەهوودییەتدا دەردەکەوێتەوە. هەر خۆی لەبنەڕەتدا ئایینی زەردەشتی لەسەر دوانیگەرایی چاکەو خراپە، خوای رووناکی و چاکە (سپێنتا مایونی ڕۆحی پیرۆز)و ئەهریمەن نوێنەری تاریکی و سەرجەم خراپەکان بونیاد بووە.

دەشتی مەحمود ئاشور (ئاشور یاخود ئەنشار) خوایەکی ئاشوورییەکانە کەهاوشێوەی زۆربەی خوایەکان، سەرەتا لەخوایەکی ناوچەییەوە - شاری ئاشوور - گۆڕاوە بۆ بەهێزترینی جڤاتی خوای ئاشوورییەکان. ئاشوورهەڵگری تایبەتمەندیگەلی زۆر دووری وەکوو شەڕ، ژیری، دادپەروەری، کشتوکاڵ و پاشایەتی بوو چونکە لەبنەڕەتدا تایبەتمەندییەکانی لەخواکانی سۆمەرییە دێرین و بابلییەکانەوە وەرگیرابوون. ژیاننامەی خوا ئاشور لەسەر ژیاننامەی ئان و ئینلیلی سۆمەری و مەردوکی بابلی داڕێژراوە؛ هێزو دەسەڵاتە زۆرەکەی دەقاودەق ئاوێنەی ئان و ئینلیلە و لەوردەکاری بنەماڵەکەیدا لەمەردوک دەچێت: هاوسەری ئاشور ناوی نینلیلە (هاوسەری ئینلیل) و کوڕەکەیشی نەبو ( کوڕەکەی مەردۆکە. بەم پێیە بێت ئاشور وەکو خوا سۆمەری و بابلییەکان نییە  مێژوویەکی ژیاننامەیی بۆ خۆی هەبێت بەڵکو ئەوەی هەیەتی لەوانی وەرگرتووە، بەواتایەک هەموو خواکانی لەخۆیدا تواندووەو خۆی کردووە بەیەک، بۆ ئەوەی خوایەکی تەواو یەکتاپەرستی لێ دروست ببێت. تەنانەت جێرمی بلاک دەنووسێت:»خوائاشور بەوپێیەی دەیخواست تایبەتمەندی هەموو خواکانی ترو ئوستووڕەکانیانی بۆ خۆی بەرێت هەربۆیە وەکو خوایەکی ناڕوون بەبێ نەریت یاخود کارەکتەرێکی دیاریکراو دەمێنێتەوە». بەوپێیەی ئاشور خوای شاری ئاشور (شاری قەڵعەت شەرقاتی ئیمڕۆ لەعێراق) بووەو شارەکەش لەسەر گردۆچکەیەک بووە بۆیە رێیتێ دەچێت ئاشور بەو گردەوە بەسترابووبێتەوە لەمەوە بووبێت بەخوای شاخ و زاناکان بەگشتی بنەچەی سەرهەڵدانی خواکە بۆ ١٧٠٠ پێش زایین دەگێڕنەوە. هێشتاکە لەسەر بنەچەی ناوەکەی کۆک نین و هەندێک دەڵێن لەوشەی ئەنشار واتە کێڵگەی ئاو یاخود لەپیرۆزو خوای بەخشندەوە هاتووەو هەندێکیش بەسادەیی ناوەکەی دەگێڕنەوە بۆ دیالەکتێکی تری وتنی ئەنشاری بابلی کە لەئوستووڕەی پەیدابووندا دواتر ئاشوورییەکان لەمانەوە وەری دەگرن. لەسەرەتادا خوایەکی ئاسایی ناوچەییەو نە خێزان و نەهیچ تایبەتمەندییەکی گرنگی نییە لەسەردەمی سەرەتایی ئاشوورییەکاندا بەڵام دواتر کاتێک شارەکە دەبێت بەنێوەندێکی بازرگانی گرنگ لەنێوان میزۆپۆتامیاو ئاناتۆڵیا وردە وردە لە ١٣٠٠ یاخود ١٨٠٠ پێش زایین بەدواوە پێگەکەی دەگۆڕێت و بەئاشکرا لەتایبەتمەندییەکانی ئینلیل وەردەگرێت بەتایبەت ئەو دەمەی فەرمانڕەوا شەمشی ئەدادی یەکەم حکوم دەکات (١٨٠٨-١٧٧٦ پێش زایین) لەسەردەمی ئاشووری ناوەڕاست و لەگەڵ خۆیدا تایبەتمەندییەکانی ئینلیل دەهێنێت و پەرستگای ئاشوور دروستدەکات. هەرچەندە وا نامێنێتەوە و کاتێک حاموڕابی بابلی شارەکە داگیر دەکات، ئەوا پەرستنەکەی سنووردار دەکات و دواتر لەحکومڕانی سەرجۆنی دووەمدا (٧٢١-٧٠٥ پێش زایین) هەوڵگەلێک هەیە تاوەکو لەگەڵ ئانشوری باوکی ئان  هاوشوناس بکرێت و بەمەش گۆڕانکاری تر بەسەر کەسایەتییەکە دێت بەجۆرێک ئەم هەوڵە زیاتر بۆ مێژووییکردن و کۆنترکردنییەتی کە گوایە ئاشووریش لەدێرزەمانەوە بوونی هەبووە تاوەکوو پێگەیەکی گرنگ پەیدا بکات. هەر بەمەشەوە ناوەستێت بەڵکو لەو کاتەی سەنحاریب بەسەر سەرجۆندا سەردەکەوێت (٧٠٤-٦٨١ پێش زایین)، کاوەخۆ سەرکەوتنەکان و دەستەکەوتەکانی مەردۆکی ئەکەدیش دەخرێنە پاڵی و تەواوی بۆنەی ساڵی نوێی بابلی کە لەبنەڕەتدا بابلییەکان لەسۆمەری وەردەگرن و دواتر ئاشوورییەکانیش لەماوەی جەنگەکەیاندا لەبابلییەکانەوە وەریدەگرن، دەگوازرێتەوە. بەمشێوە کەسایەتییەکە زیاتر دەبێت بەخوایەکی جەنگ کەیارمەتیدەری ئاشووریەکانە لەجەنگدا لەکاتێکدا خۆی هەڵگری هیچ تایبەتمەندییەکی ناوچەو کلتووری خۆی نییە و زۆربەی لەدوژمانییەوە وەرگرتووە. هەر بۆیە خوایەکە لەخوایەکی ناوچەیی دواتر نەتەوەیی تایبەت بە ئاشوورییەکانەوە دەگۆڕێت بۆ خوایەکی جیهانی کاتێک ئیمپڕاتۆرییەتی ئاشووری برەو دەسێنێت و ناوچە دوورەدەستەکانی وەکوو میسڕ و ئاناتۆڵیش داگیر دەکات لەسەردەمی ئاشووری نوێدا واتە حکومڕانی سەرجۆنی دووەمدا. کەواتە بەگشتی ئاشور خۆی خوایەکی ناوچەیی بووەو دواتر لەگەڵ گەشەسەندنی ئاشوورییەکان و بوونیان بەئیمپڕاتۆرییەت کاتێک لەگەڵ کلتوورە جیاوازەکانی میزۆپۆتامیادا بەریەک دەکەون تایبەتمەندی خواکانی ئەوان وەردەگرێت و شێوە بەئاشوور دەدرێت. ئایکۆنۆگرافیای ئاشور لەخوای سۆمەری ئان\ئانو(بابلی) وەرگیرابوو؛ بەتاجی پاشا یاخود تاجێکی پاشا لەسەر تەختی شاهانە وێنەی هەڵدەکۆڵدرا بەڵام جار جاریش وەکوو خوا-جەنگاوەرێک بەتیرو کەوان و قەڵغانێکی شاخدار بەسەرییەوە وێنەی دەکێشرایەوە. ئاشور تەنورەیەکی پەڕی کورتی لەبەرەو هەندێک جار وەکوو مەردۆک لەسەر پشتی مار یاخود ئەژدیهایەک وەستاوە. هەندێک فۆڕمی تریشی هەبوو لەوانە پەپکەیەک کەباڵی هەبوو و بازنەیەکی تێدابوو کە بەچوار بازنەی تر دەورە درابوو. دەشێت تیروکەوانەکە نیشانەی حەزو مەیلی ئاشوورییەکان بووبێت بۆ جەنگ و پەپکەکەش خۆر بووە کە نیشانەی بەهێزی و پیرۆزی ئاشوور بوو. جیاوازییەکی سەرەکی هەیە لەنێوان ئاشور و خوایەکانی تری میزۆپۆتامیادا ئەویش ئەوەیە کەئاشور بەدەر لەوەی کە نە خێزان و نە نازناوی هەیەو نە هیچ سروت و ویردێکی بۆ وتراوەتەوە، بەهیچ هێزێکی سروشتیشەوە نەبەستراوەتەوە و هیچ شیعرێکی ئوستووڕەیی لەسەری نییە و وێنەکانیشی ئاژەڵ-مڕۆ نین بەڵکو تەنها  ئایکۆنی سیمبۆلین. سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی پەرستشەکانی لەپەرستگایەکی سەرەکی لەشاری ئاشور بەناوی خۆیەوە دەکران و لەپەرستگای جیاواز هاوشێوەی خوایەکانی تری میزۆپۆتامیا دەپەرسترا بەڵام پەرستگایەکی دیاریکراوی خۆی نەبوو. هەروەها ئەوەی هەبوو خوائاشور زۆر بەتوندی بە پاشاکان و جەنگەکانیانەوە بەسترابوو جیاواز لە خواکانی میزۆپۆتامیا کە زیاتر بە دیاردەی سروشتییەوە بەسترابوونەوە، هەم پاشاکان ناوەکەیان وەکو نازناو بەکاردەبرد و نزایان بۆ دەکرد بۆ نموونە ئاشوربانیپاڵ، ئاشوربانیپاڵی یەکەم، دووەم... هتد لەسەرەتای هەزارەی دووەمی پێش زایین، ئاشور لەکەسایەتییەکی ئیلاهییەوە دەگۆڕێت بۆ خوا. ئاشور لەگەڵ پاشاو پیاوی ئایینیدا هاوشوناس دەکرێت و بەجۆرێک زیاتر ئەرک و رۆڵی ئەوان دەبینێت و لەبرەوسەندنی ئیمپڕاتۆرییەکەیاندا ئاشور وەکو خوایەکی هەمووشتزان و ئامادە لەهەموو شوێنێک دەردەکەوێت و لێرەوە نزیکایەتییەکانی لەگەڵ تاکخودای سامییەکان رەنگ دەداتەوە. هەرچی دەربارەی پێگەی ژنە، کاتێک ئاشوورییەکان دێنە سەر حکوم و فینیقییەکان داگیردەکەن، پێگەی ژن زۆر دادەبەزێت و مێخوا ژنەکانیان هەموو دەکوژرێن و دەسڕدرێنەوە ئەمە لەکاتێکدا کلتووری فینیقییەکان نزیک بووە بەوەی میزۆپۆتامیا و مێخواکان تێیدا باڵا بوون و ژنانیش لەژیانی کۆمەڵایەتیدا بەرز بوون. بەتەنها لەئاست ژندا کلتووری ئاشوورییەکان جیاواز نەبوو بەڵکو لەزۆر لایەنی تریشدا نەدەچوونەوە سەریەک. لەکۆتاییدا، هەروەکوو ئاماژەی پێدرا کە ئاشور خوایەکی ناوچەیی و کەمبایەخە و لەگەڵ گەورەبوونی ئیمپڕاتۆرییەتی ئاشوورییەکاندا گرنگ دەبێت و هەر بۆیەیش لەگەڵ رووخانی ئیمپڕاتۆرییەکەدا لە ٦١٢ پێش زایین لەژێر حکومڕانی ئیمپڕاتۆرە مەزنەکەیان ئاشوربانیپاڵ، خواکەش دەکەوێت.

دەشتی مەحمود   مەردوک (ماروتوک، بە یەهوودی مەردۆخ) سەرجڤاتی خواکانی بابلی و خوای دادپەروەری، ساڕێژکردن و جادوو بووە؛ لەخوایەکی کشتوکاڵی ناوچەییەوە گۆڕا بۆ بەهێزترین و گرنگترینی خوای بابلییەکان لەهەزارەی یەکەمی پێش زایینداو دواتر کاریگەری لەبنیاتنانی یەکتاپەرستیدا داناوە.  ئەم خوایە زۆرجاریش وەکو خوای زریان و هەورەبروسکە و کشتوکاڵ ئاماژەی پێدراوە، ناوەکەی بەسۆمەری واتە گۆلکی خۆرو خۆیشی زیاتر بە بێل ناودەبرا کە بە سامییەکەی بەواتای فەرمانڕەوا دێت، وشەی بێل لەبنەڕەتدا لە بەعلی کەنعانییەوە وەرگیراوە. ناوەکەی بە ماروتوک دەخوێندرایەوە بەواتای کوڕی ئوتو-ی خوای سۆمەری خۆر. مەردوک دوو پەرستگای هەبووە؛ یەکەمیان پەرستگا بەناوبانگەکەی، زیگورات پێدەچێت هەمان ئەو تاوەرەی بابل بێت کە لەتەوراتدا باسکراوە. دووەمیان ئیساگیلا کە دواتر پەرستنە چڕەکەی لەمە دەبێت و هەموو ساڵێک لەجەژنی ساڵی نوێ دەقی ئینوما ئیلیشی لێ خوێندراوەتەوە. لەڕووی مێژووییەوە، مەردوک لەسەرەتاکانی هەزارەی سێیەمی پێش زایینەوە وەکوو خوایەکی ناوچەیی دەپەرسترا، بەڵام کاتێک بابل بوو بەپایتەخت لەسەردەمی شانشینی بابلی کۆن لەژێر حکومڕانی حاموڕابیدا لەسەدەی هەشتی پێش زایین (واتە هەزارەی دووەمی پێش زایین)، ئەمیش بوو بەخوایەکی مەزن هەروەها پاشاکانی ئەو سەردەمە بەچڕی دەیانپەرست و پێشکەشکردنیان بۆ دەکرد هەربۆیە بوو بە خوای شاهانەیی ئەو سەردەمە.  دەتوانین بڵێین بەگشتی پەرستنی مەردوک لەگەڵ حاموڕابیدا (١٧٩٢-١٧٥٠ پێش زایین) بەزەقی لەبابل سەرهەڵدەدات لەکاتێکدا پێشتر لەبابل و تەواوی میزۆپۆتامیا مێخوای سێکس، بڕشتی و خۆشەویستی ئینانا دەپەرسترا. دەقی ئینوما ئیلیش دەقی ئافڕاندنی بابلییەکانە، پێدەچێت لەسەردەمی نەبوخەزنەسری یەکەمدا (١١١٩-١٠٩٨ پێش زایین) نووسرابێتەوە.  سەرەتاکەی باسی لەدایکبوونی مەردوک دەکات و ئافڕاندنی گەردوون و سەرجەمی مرۆڤایەتی دەداتە پاڵی. گێڕانەوەی ناو دەقەکە دەگەڕێتەوە بۆ پێش ئافراندن و سەرەتای دروستبوونی کات کەهەموو بوون لەزەریای سوێری بەرایی هەمیشە جوڵاو (مێخوا تیامات) کە نوێنەرایەتی ئەزەلئاژاوەی دەکردو ئاوی شیرین (نێرخوا ئاپسو)دا بوو. دواتر ئەم دووە خواکانی تر دەخەنەوە؛ مەردوکیش بە یەکێک لەوەچەکانیان دادەنرێت. بەهۆی ناکۆکییەکەوە منداڵەکان ئاپسو دەکوژن و دواتر تیامات دژیان دەوەستێتەوە و رووبەڕووی مەردوک دەبێتەوەو دواجار لەکوشتارێکی دڕندانەو خوێناویدا جەستەی تیامات پارچە پارچە دەکات. جێی سەرنجە کەئەم هەوڵەی مەردوک لە ئینوما ئیلیشدا نەک تەنها ساتەوەختێکی مێژووییە لە لەناوبردنی دەسەڵاتی مێینە (تیامات) بەدەربڕینێکی تر دایکڕەچەڵەکی بەڵکو لەناوبردنی فرەخوداییە و تواندنەوەی خواگەلە جیاوازەکانە بۆ ناو یەکخوا و بردنی هەر ٥٠ ناوەکەیە بۆ خۆی. هەر بۆیەشە نامۆ نییە کەدواتر پەرستنی مەردوک کاریگەری  لەسەر یۆنانی دێرین دادەنێیت و رێخۆشدەکات بۆ ئایینە یەکتاپەرستییەکانی یەهوودیەت و مەسیحی.  جێرمی بلاک دەنوسێت: «سەرهەڵدانی پەرستەی مەردوک بەستراوەتەوە بەگۆڕانی سیاسییەوە کاتێک شاری بابل  دەبێتە پایتەختی ئیمپڕاتۆریەتەکە. لەسەردەمی کاشییەکاندا مەردوک  گرنگ و گرنگتر دەبێت بەجۆرێک دانەرە بابلییەکەی ئەفسانەی ئافراندن دەتوانێت بڵێت کە مەردوک نە تەنیا پاشای خواکانە بەڵکو زۆرینەی خواکان هیچ نین جگە لەتایبەتمەندییەکانی ئەو». مەردوک لەداستانە شیعری دیکەشدا ناوی هاتووە لەوانە لەشیعری ئازاردەری سەرحەق کە پەسن و پیاهەڵدانی مەردوکە. بەڵام یەکێک لەداستانە شیعرییە گرنگەکان «وەحی مەردوک»ە ، گوایە بۆ ٧١٣- ٦١٢ پێش زایین دەگەڕێتەوە بەڵام لەڕاستیدا خۆی لەسەردەمی حکومڕانی نەبوخەزنەسری یەکەمدا (١١٢٥-١١٠٤ پێش زایین) نووسراوە. داستانەکە بەشێوەیەکی دێرینیانە گوایە باس لەڕووداوی دزینی پەیکەرێکی مەردوک دەکات لەداهاتوودا لەلایەن ئیلامییەکانەوە (١١٦٠ پێش زایین) ؛ دواتر دەگوێزرێتەوە دەستی هیتییەکان (١٥٩٢ پێش زایین) ؛ ئاشوورییەکان (١٢٢٥ پێش زایین). بەڵام دواجار وەحییەکە لەوێدایە کەگوایە پاشایەکی مەزنی بابلی پەیدا دەبێت و پەیکەرە پیرۆزەکە دەباتەوە بۆ شوێنی راستەقیەنی خۆی و ئەو پاشایە وەحپێدراوەش نەبوخەزنەسر خۆیەتی. لەکۆتاییدا پەیکەرەکە لەسەردەستی ئیمپڕاتۆڕێکی ئەخامینییەکان خێرخیسی یەکەم (٤٨٠-٤٦٥ پێش زایین) لەبەرانبەر یاخیبوونی بابلییەکان پەیکەرەکەی مەردۆک دەشکێنرێت و ئاڵتوونەکەی ناوی بۆ داهاتی شاهانە تاڵان دەکرێت. ئەم کاریگەرییەی مەردوک لەسەر کلتوورو یەزدانناسی ناوچەکانی دەوروبەری دایدەنێت کە لەکاتی گواستنەوەو بەریەککەوتن و داگیرکارییەکاندا روودەدات دواتر درێژە دەکێشێت و دەبێتە سەرهەڵدانی یەکتاپەرستی. ئەوەی گرنگە دەربارەی مەردوک دوو خاڵی جەوهەرین: یەکەمیان، لەتلەتکردنی جەستەی زەریایی بەرایی تیامات کە دواتر لەچیرۆکگەلی وەکو کوشتنی ئەژدیهای ئاوی لویتان لە یەهودییەتدا بەرجەستە دەبێتەوەو دوومیان وەرگرتنی تایبەتمەندی و٥٠ ناوی خواکانی تر بۆ خۆی و هێشتنەوەی لەیەکدا کە مەردوکە دواتر لەیەهوودیەتدا یەهوە هەمان شت لەگەڵ بەعل، ئاشور، ئیل و خواکانی تر دەکات و ئەمە لەناو خودی تەوراتدا هەیە.

دەشتی مەحمود لەسەرەتاکانی سۆمەرداو لەیەزدانناسی ئیریدۆدا، عەرشی خوایەتی ئاوە – لەحەوت تەبەقەی ئاسماندا نییە – ئاوی شیرینی ژێر زەوی و خۆی لەنەموودا بەرجەستە دەکات؛ لەلای سۆمەرییەکان جیهان کە بریتی بووە لەزەوی سەر ئاو کەوتوو و لەبەرانبەردا چاویان لە ئاسمان کردووە وەکو تاسێکی هەڵگەڕاوەی گومبەزئاسا کەئەستێرەکانی تێدا بووە. نەموو لەلای سۆمەرییەکان ئەم نازناوانەی هەبووە: «ئەو دایکەی ئەرزو ئاسمانی بووە»، «دایکی مەزن»، «یەکەمی پێش هەمووان»، «ئەو کەسەی جیهان و خوداکانی بوو»، «دایکی هەموو شت»، «پزدانی  نەبڕاوە». نەموو شێ و شەونمی شەوانەش بووە کە گژوگیا، درەختەکان و رووەکانی بەردارو بەپیت کردووە. نەموو مێخوایەکی بێهاوسەر، پزدانێکی خۆخەرەوە، مادەی بەرایی و ماکی هەوەڵین بووە کەخۆبەخۆو ناوەکییانە، ئاوەکان بەپیت و بەردار دەکات. ماکی هەوەڵینی مێینەیی دەنوێنێتەوە کە لەهەموو رەگەزێکی مێدا هەیەو دەتوانێت سەربەخۆ و خۆبەخۆو خۆڕسکانە بەردار بێت، بەرهەمی هەبێت و وەچە بخاتەوە؛ نازناوی «پزدانی بەپیت و بەردار» هەڵدەگرێت. وشەی نەموو لەوشەی ‹›نم››ـی کوردی نزیکە کە بەمانای شێ و تەڕی دێت، هەروەها وشەی ‹›نم››ـی کوردی لەزمانی پەهلەوی (کوردی ناوەندی)دا بەشێوەی ‹›نەم›› ئامادەیی هەیە. وشەی نمووی سۆمەری وەکوو فۆرم ناوەڕۆک لەوشەی نەمی کوردی دەچێت. نەموو رۆڵی گرنگی لەناو کۆدەقی سۆمەرییەکاندا نەماوە و تەنیا وەکو زاگەی پەیدابوون ئاماژەی پێدەدرێت، لەبەرئەوەی لەئیپستمەی پێش خۆیانەوە – نیولیتیک – هەڵیانگرتووەتەوە؛ ئەوەشی کەئاماژەی پێدەدەن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەشێوەیەکی بونیادی لەڕۆنانی بینای یەزدانناسییەکەیاندا پنتی ڕسکانی سەرەتایی داگیر دەکات. نەموو لەناو یەزدانناسی سۆمەرییەکاندا پێگەی ڕسکێنەری بەرایی هەموو شتی پێدراوەو ئەم پێگەیە ئەگەرچی هەر دەمێنێتەوە بەڵام ناکاریگەر دەکرێت؛ واتە پزدانی بەرداری خۆڕسکی نەبڕاوە، رۆڵی نامێنێت و لەچەرخەکانی دواتردا، ئافراندن دەدرێتە دەست ئینکی نێرخودا کەکۆڕی نەموویە؛ جگە لەوەش دەسەڵاتەکانی تری لێ دەسەنێت و بۆ خۆی قورخی دەکات؛ چیدی ئاو بەئینکییەوە پەیوەست دەبێت؛ بێگومان لەگەڵ بردنی ئاودا بەتەنیا ئاو نابات بەڵکو توانستە ئافراندنییەکانی ئاویش دەبات کەبریتییە لەزایینی، بەرداری، بەپیتی، وەچەخستنەوە و ئافراندن.  سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتە جێبەجێکارییەکان لەنەمووەوە بۆ ئینکی کوڕی دەگوازرێتەوە بەڵام هێشتا لەلای سۆمەرییەکان نەموو وەکو ماکی هەوەڵین و دایکی هەمووان هەر دەمێنیتەوە و پێگەکەی بەشێوەیەکی رەمزی دەپارێزێت. لەبەرانبەردا زۆر دواتر لەلای ئەکەدییەکان (بابلییەکان) هەر لەبنەڕەتەوە نەموو دەبێت بە نێرو دەگۆڕێت بۆ ئابزوی نێرخوداو لەگەڵ ئەوەشدا هاوەڵێکی مێی بۆ دروست دەبێت بەناوی تیامەت. بەدەربڕینێکی تر مێخوایەک بەناوی نەموو کە پێگەو کۆنازناوی تایبەت بە خۆی لەیەزدانناسیی سۆمەرییدا هەیە، لەناو یەزدانناسی بابلییەکاندا دیار نامێنێت و بە یەکجارەکی بزر دەبێت؛ لەجیاتی ئەو، جووت خودای ئابزو-تیامەت دەردەکەوێت کەتێیدا ئابزو هەڵگری بەشێکی زۆری خەسڵەتەکانی نەمووە. نیگارنووسی  «zu» دەفری پێوانەیە و بەمانای زانین، زانا و ژیری دێت؛ نیگارنووسی «ab» خانوو یان کەپرە کە بەمانای باوک یان باوک-ماڵ دێت (بە مانای ئاویش دێت). نیگارنووسی «abzu» بەمانای باوکی-هەمووشتزان دێت؛ هەروەها بەمانای ئاوی شیرینی ژێر زەوی و سەر زەویش دێت. لەبەرانبەردا تیامەت بەمانای دەریا و ئاوی سوێر دێت . لەلای بابلییەکان ئاوی شیرن بزۆز، بکەر، ئافرێنەر و نەگیراوەو ئاوی سوێر مات، بەرکار، بەکاربراو و مەنگە. لەم ترازانە توندوتیژەدا لەسەر دەستی سامییەکان(بابلییەکان، ئەکەدییەکان، ئاشورییەکان) بۆ هەمیشە لەناو یەزدانناسی میزۆپۆتامیدا، بیرسای پزدانی بەرایی خۆڕسکی خۆخەرەوە کۆتایی پێدێت، دایکی ئافرێنەری سەربەخۆی پێش هەمووان هەڵدوەشێتەوە؛ ماکی هەوەڵینی مێینەی ئافەرێنەر لەناو دەچێت؛ لەجیاتی ئەوە جووت-خودای نێرزاڵ بۆ زاگەی پەیدابوون و ئافراندن دادەنرێت. مێینەیەتی پێگەی نەموو لەدەست دەدات و چیدی ناتوانێت بەدەستی بهێنێتەوە. ژن لەناو یەزدنناسیدا، ڕۆڵە ئافەرێنەرە بەراییەکەی لێ دادەشکێنرێت و لەپزدانێکی خۆخەرەوەی سەربەخۆی ئافەرێنەرەوە بۆ پزدانێکی بەرکاری مەڵبەندی ئافراندن لەلایەن نێرەوە وەردەگەڕێت. ژن لایەنە تاریک، بەرکار، مەنگ و نەبزۆکەکەی گەردوون وەردەگرێت و پیاو لایەنە رووناک، بکەر، بزۆزو ئافەرێنەر وەردەگرێت. ئەم وەرگەڕانە بەڕوونی لەدەقی ئەنوما ئەلیشدا بەڕاشکاوی بەدیدەکرێت. کاتێک ئیپستمەی نەموو – یەزدانناسی سۆمەرییەکان – هەڵدەوەشێتەوە، لەگەڵیدا هێزی داهێنەرانەو ئافرێنەرانەی ژن دەپووکێتەوە و گورزێکی تر بەدایکڕەچەڵەکی باڵابووەوەی ناو یەزدانناسی دەکەوێت. دایکڕەچەڵەکی وەکو پراکتیکی ژیانی کۆمەڵایەتی هی سەردەمی شێوە ژیانی کڵانەو زۆر پێش ژیاری شارنشینی ئاوا بووە بەڵام بەشێوەی باڵاکراو لەیەزدانناسی سۆمەردا هەر لەئارادا بووە؛ ئەوە دایک بوو و تەنیا دایک کە نەک هەر وەچەی دەخستەوە بەڵکو رەچەڵەکی وەچەش بەتەنیا بۆ دایک دەگەڕایەوە. لەم بڕگەدا هیچ کام لەمۆدێلی جووتبوونی جیاڕەگەزخوازی یان هاوڕەگەزخوازی بەسەر پەیدابوونی وەچەو دیاریکردنی رەچەڵەكەوە جێبەجێ نەکرا بوو؛ واتە هێشتا سێکس و وەچەخستنەوە تێکەڵ نەکرابوو و جووتبوون وەچەخستنەوە و رەچەڵەکی دیاری نەدەکرد؛ ئەمانەش بۆ ئیپستمی دایکڕەچەڵەکی دەگەڕێتەوە. لەژیاری پاش‌ سۆمەری میزۆپۆتامیای خواروودا چیدی ئەوە بەتەنیا دایک نییە رەچەڵەکی وەچە لەناو یەزدانناسیدا دیاری دەکات؛ لەبەرانبەردا جووت پێگەی هەردووک رەگەز دێتە ئاراوە کە تێیدا نێر زاڵەو مێ بەزیوە. ئەم ئیپستمە نوێیە بەڕوونی لەئەنوما ئەلیشدا دیارە کەپێگەی ماکی هەوەڵینی نەمریی مێینە وەرگەڕاوە بۆ پێگەی جووت خودای مێبەزیوو-نێرزاڵی وەکو ئابزو-تیامەت وەچەی دواتر، لەهەمو-لەهامو، دواتر، کیشار-ئەنشار و... هتد. لەم نەزمە نوێیەدا دایکڕەچەڵکی بەجۆرێک ون دەبێت کە ونبوونەکەشی نابێتە جێگەی پرسیار و تەنانەت گومانیش. هەروەها ئەنوما ئەلیش ئەوەمان پێدەڵێت چەسپاندنی ئەم نەزمە نوێیە بەئامێزی گەرمەوە پێشوازی لێ نەکراوە؛ لەلایەن مەردوکەوە و لەڕێگەی کوشتنی تیامەت و لەتوکوتکردنی جەستەوەیە، لەڕێگەی بەکارهێنانی پارچەکانی جەستەی وەکو مادەی ئافراندنی زەوی و ئەسمان چەسپاوە: دایککوژی و داهێنانی ناتوخمەزۆربوون و گواستنەوەی زۆربوون و زاوزێ بۆ پیاو وەک ئەوەی لەسەربوردەی پیرۆزی ئادەم و حەوادا بەری دەکەوین (خوێنەر دەتوانێت بۆ زانینی زیاتر لەم بارەوە بۆ کتێبی ‹›ئینانا شاخاتونی ژن ژیان ئازادی›› بگەڕێتەوە).

دەشتی مەحمود شیوەن یان ماتەم دەربڕینێکی سۆزداری خەم و پەژارەیە، ئەمەش زۆرجار لەشێوەی مۆسیقا، شیعر یان گۆرانی خەمڕەوێندا دەردەکەوێت. دەقی شیوەن، لەناو کۆنترین شێوەکانی نووسیندا هەیەو نموونەی لەناو هەموو کەلتوورە کۆنەکاندا دەدۆزرێتەوە. شیوەن بۆ ئور یەکێکە لەپێنج دەقی «شیوەنی شار» لەمیزۆپۆتامیا، ئەم دەقانە زیاتر لەزاری مێخوای شارەکانەوە کراوە بەرانبەر بەوێرانبوونی شارەکەیان. شیوەنی شارە کۆنەکانی تری میزۆپۆتامیا بۆ شارەکانی نیپور، ئێریدو، ئوروکە. «شیوەنی شاری ئور» مێژووەکەی لانیکەم بۆ ٤٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، ئەم دەقە بەزمانی سۆمەری لەدەوروبەری سەردەمی کەوتنی ئور لەلایەن ئیلامییەکان و کۆتایی هاتنی سێیەم شانشینی شارەکە لەنزیکەی ساڵی ٢٠٠٠ پێش زایین نوسراوە. ئەم شێوەنە لەچوارسەد دێڕ زیاتر پێکهاتووە و باس لەوە دەکات کەچۆن مێخوای شارەکە نینگاڵ، شیوەن و گری بۆ کەوتن و وێرانبوونی شارەکەی دەکات؛ ئەمەش دوای ئەوەی بێهیوا دەبێت لەوەی داواکەی لەجڤاتی خواکان بەرانبەر بەڕاگرتنی ئەم وێرانەیە قبوڵ بکرێت. لەیەزدانناسی میزۆپۆتامیادا، هەر بڕیارێک و فەرمانێک بەرلە دەرچوونی لەناو جڤاتی خواکان تاوتوێ کراوەو دواتر بڕیارەکە لەلایەن ئینلیلەوە دەرکراوەو بەهیچ شێوەیەک هەڵنەوەشێندراوەتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە بەردەوام مێخواکان و خوا پارێزەرەکانی شارەکان هەوڵیانداوە کەبڕیارەکە رابگرن یاخود هەڵبوەشێندرێتەوە. هەر لەناو دەقەکەو لەنێوانشیوەن و گریانی مێخواکەدا، هەندێ بەش هەن، کە باس لەساتی دوای وێرانبوونی شارەکە دەکەن و وەک شارێکی خێو وەسفی دەکات، هەروەها، باس لەتوڕەیی خواش دەکات بەرانبەر بەشارەکە، سا بەشێکیشی نزاو داخوازییە لەخواکان تاوەکو شارەکە لەبەڵاو نەهامەتی داهاتوو بپارێزێت. نینگاڵی مێخوا، هاوژینی خوای مانگ نانا، لەسەرکردەکانی جڤاتی خواکان دەپاڕێتەوە، کەبیرۆکەکانیان بگۆڕن و ئور لەناو نەبەن. داواکارییەکەی بۆ خواکان بەم شێوەیە رووندەکاتەوە: «بەڕاستی لەبەردەم ئان فرمێسکەکانم رشت و بەڕاستی پاڕامەوە، من خۆم لەبەردەم ئێنلیل پاڕامەوە: «شارەکەم وێران نەکرێت، پێم گوتن، ئور وێران نەکرێت.»» وێرانکردنی ئور لەلایەن ئیلامییەکانەوە هاوشێوەی وینەی ئوستورەی هەڵسانی لافاو تۆفانە مەزنەکەیە، لەدەقەکەدا دەخوێنینەوە: «هاوار، تۆفان لەدوای تۆفان بەسەر خاکەکەدا هەڵیکرد: تۆفانی مەزنی ئاسمان، تۆفانی هەمیشە گرمەدار، ئەو تۆفانە خراپەکارەی هەموو خاکەکەی گرتەوە، ئەو تۆفانەی شارەکانی وێران کرد، ئەو تۆفانەی ماڵەکانی وێران کرد، ... ئەو تۆفانەی هەموو شتێکی باشی لەخاکەکە بڕییەوە». فەرمانڕەواکانی ئوری سێیەم بەردەوام لەململانێ و جەنگدا بوون لەگەڵ بەرزنشینەکانی چیاکانی زاگرۆس کە لەبەشی باکووری رۆژهەڵاتی میزۆپۆتامیا نیشتەجێ بوون. گرنگترینی ئەم هۆزانە شانشینی هۆزەکانی سیموروم (بەبڕوای هەندێ شوێنەوارناس، شاری سیموروم ناوچەی قەڵای شێروانە، کەلاری ئێستایە) و لولوبی بوون. هەروەها زۆرجار لەگەڵ ئیلامدا ناکۆکییان هەبووە. سا، لەدەوروبەری ٢٠٠٠ پێش زاین، ئیلامییەکان هێرش دەکەنە سەر ئورو کۆتایی بەدەسەڵاتی ئوری سێیەم دەهێنن و ئیبی سینی پاشایان دەستگیردەکەن و دەست بەسەر گەنجینەی پەرستگای ئوردا دەگرن و ناوەندی دەسەڵات لەسۆمەر گواسترایەوە بۆ شاری ئیسین. ئەرکی ئەم شیوەنانە جگە لەدیووە یەزدانییەکەی کەسروتێکی پیرۆز بووە وەکوو هەموو سروتەکانی تر؛ هۆکارێک بووە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەوتنی دەسەڵاتێک یان وێرانبوونی شارێکی گرنگ کە وەکوو برینێکی سەخت و نەگیرساوە لەویژدان و یادگەی گشتیاندا خۆی نەخشاندووە. بەدەربێنیكی تر ئەم شیوەنانە بۆ پاساودانی شکستی گەلێک یان فەرمانڕەواییەک بووە؛ لەسەر دەستی خواکان نەوەک مرۆڤەکان. ئەمەش ئەو کاتە زیاتر روون دەبێتەوە، مرۆڤ بەرانبەر خواکانی خۆی شکست بخوات خۆشترە وەک لەوەی بەرانبەر دوژمنە مرۆییەکەی؛ لەم رێگەوە جگە لەوەی هۆکاری شکستە ناوەکی دەکەنەوە؛ ئەوا باڵاشی دەکەنەوە بۆ ئاستی خواکان. لەئەنجامی ئەم پرۆسەدا کەتێیدا وێرانبوون و کۆتایی هاتن بەدەسەڵاتێک وەکو غەزەبی خودایی دەبینرێت، شکۆی دەسەجەمی و متمانەبەخۆبوونی تاک کەمتر وێران دەبێت و ئاسانتر قەرەبوو دەبێتەوە. جگە لەوەش فەرمانی خواکان هاوشێوەی فەرمانی سروشت بۆ مرۆڤی ئەمڕۆ بینراوە؛ واتە لەدەسەڵاتی تاک بەدەرە. هەموو ئەمانە وا دەکات شێوەن خەمڕەوێن بێت و یارمەتییان بدات لەوەی زیاتر بەرگەی بگرن. شتێکی تر کە پێمباشە لەکۆتاییدا ئاماژەی پێبدەم ئەویش نووسینەوەی ئەم شیوەنانەیە کە لەڕوانگەی دەسەڵاتی فەرمانڕەواوە نووسراوەتەوە، هەردەم لەم جۆرە دەقانەدا قێزەون پیشاندانی ئەویتری نەیار و بەدێوکردنی دەگات بەلووتکە؛ واتە هەموو کردەیەکی قێزەون و قەبوولنەکراو بەگوێرەی ئیپستمی خۆیان دەدەنە پاڵ نەیارەکەیان تاوەکوو بەهەموو جۆرێک لەدیووە مرۆییەکەی دایبماڵن و بۆ هێرشی پێچەوانەی خاپوورکەر خەڵکەکەی خۆیان ئامادە بکەن. بەنموونە ئەم شێوەنەی شاری ئوور هەمان روانگەی بەرانبەر ئیلامییەکان تێدا نووسراوەتەوە کەگوایە ئیلامییەکان شارەکان و ماڵەکان و هەموو شتێکییان وێران کردووەو لەڕاستیدا بەو جۆرە نەبووە، راستە هێرش دەکەنەسەر ئورو کۆتایی بەدەسەڵاتەکە دەهێنن بەڵام تەنیا کاریان بەسەر کەرتی دەسەڵاتی سیاسییەوە هەبووەو کەرتەکانی تری ژیان وێران نەکردووە. جگە لەوەش چەند ساڵێک پێش هێرشی ئیلامییەکان، بنەماڵەی ئوری سێیەم هێرش دەکەنەسەر سوسای ئیلامییەکان و وێرانی دەکەن. ئیلامییەکان راستە ئەزەل‌نەیاری میزۆپۆتامیای خوارووبوون و ئەوانیش بۆ ئیلامییەکان هەمان شت بوون و بەدرێژایی سێ هەزار ساڵ هێرش لەنێوانیاندا روویداوە، بەگوێرەی بەڵگە مێژووییە ئارکۆلۆژی-تەوەرەکان هەمیشە میزۆپۆتامیای خواروو توندوتیژترو وێرانکارتر بوون بەتایبەت لەئوری سێیەمەوە بەرەو پێش.

دەشتی مەحمود پەیداخی ئور سندوقێکی داریی ناوبۆشی سۆمەرییە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی سێیەمی پێش زایین و هەنووکە، ئەم دەستسازە هونەرییە لەمۆزەخانەی بەریتانیا هەڵگیراوە. ئەم هونەرە مۆزایکە، لەسندوقێکی رەنگپۆشکراوی داریی بۆش پێکهاتووە، کە پانییەکەی ٢١.٥٩ سانتیمەترو درێژییەکەی ٤٩.٥٣ سانتیمەترە. مێژووی ئەم سندووقە دەگەڕێتەوە بۆ شانشینی یەکەمی ئور لەسەردەمی شانشینی سەرەتاییداو تەمەنی نزیکەی ٤٦٠٠ ساڵە، لەگۆڕێکی شاهانە لە ئور (نزیک ناسریەی باشوری عێراق) لە ساڵانی ١٩٢٠ لەتەنیشت ئێسکەپەیکەری پیاوێکی قوربانیکراو دۆزرایەوە کەڕەنگە خاوەنی سندووقەکە بووبێت. بەیداخەکە بۆ ئەوە دروستکراوە کەدیمەنەکانی «جەنگ» لەلایەک و «ئاشتی» لەلایەکی دیکەوە بە بەکارهێنانی مۆزایکێکی وردو درشت وێنا بکات. هەر لایەک زنجیرەیەک دیمەن نیشاندەدات کە لەسێ تۆماردا پیشان دراون، سەرەوە، ناوەڕاست و خوارەوە. دوو مۆزایکەکە بەهۆی دیمەنی سەر سندووقەکە ناویان لێنراوە «جەنگ» و «ئاشتی»، و هەڵمەتێکی سەربازی و دیمەنەکانی ئاهەنگێک دەنوێننەوە. لەکۆتایی هەر چێوەیەک چەند ئاژەڵێک نەخشێنراون. دیمەنە مۆزایکییەکانی «جەنگ» سەرەتاییترین نواندنەوەی سوپایەکی سۆمەریە، کەساتەوەخت و دوای جەنگی تێدا وێناکراوە. لەچێوەی «جەنگ»ـدا پاشا لەناوەڕاستی تۆماری سەرەوەدا نیشان دەدات، کە لەهەموو کەسایەتییەکی تری ناو وێنەکەدا باڵا بەرزترەو بەڕاوەستاوی گۆپاڵێکی بەرزکردووەتەوە کەئاماژەیە بۆ سەرکەوتن و پاشایەتی. پاشا لەپێش  پاسەوانەکان و گالیسکەیەکی چوار تایە وەستاوە، لەبەردەمیشیدا ڕیزێک دەستبەسەر هەن کەهەموویان رووت و بەستراو و بریندار وێنا کراون و برینێکی گەورە و خوێناوی لەسەر سنگ و رانیان هەیە. چێوەی «ئاشتی» سەر سندووقە مۆزایکە رەگاڵەکە دیمەنێکی ئاهەنگگێڕان نیشان دەدەن. لەتۆماری سەرەوەی ئەم چێوەیەش، دیسانەوە پاشا دەردەکەوێت، لێرەدا پاشا لەسەر تەختی شاهانەی دانیشتووە و پێکێک مەی لەدەستدایە، لەبەردەمیشیدا، شەش کەسی لەسەر کورسی دانیشتوو هەیە، ئەوانیش جامێ مەیان لەدەستی ڕاستدا هەڵگرتووە. هەروەتر، لە تۆماری سەرەوە، لەدوای شەش کەسەکەش، دوو مۆسیقار هەن کە لەوانەیە یەکێکیان گۆرانیبێژو ئەوەی تر مۆسیاژەن بێت  لەتۆماری ناوەڕاستدا، هەندێ مرۆی سەرڕووت هەن کە تەنوورەی ریشاڵەداریان لەبەردایە و پارچە پەڕۆیەکی شێوە پشتێندیان لەکەمەر بەستراوە، هەوەها، هەر لەم تۆمارەدا ئاژەڵ و ماسی و کاڵای دیکەش نەخشێنراون، رەنگە ئەمانە ببرێن بۆ ئاهەنگەکە. لە تۆماری خوارەوە کۆمەڵە کەسێک نیشان دەدات کەجلوبەرگی جیاواز لەئەوانەی سەرەوەیان لەبەردایە و بەرهەمەکانیان بەکۆڵ هەڵگرتووە. تەواوی دیوی پشتەوەی مۆزایکەکە بەمینای شین رەنگڕێژکراوە، مینای شین بەردی بەرخ و پیرۆز بووە لەلای سۆمەرییەکان و ئاماژەی ئاینی هەبووە. «بەیداخی ئور» لەیەکێک لەگەورەترین گۆڕەکانی شاهانەی ئوردا دۆزرایەوە، کەپەیوەست بووە بەپاشایەکەوە لەدەوروبەری ساڵی ٢٥٥٠ پێش زایین کۆچی دوایی کردووە، دوای دۆزینەوەو رێکخستنەوەی پارچە شێواوەکانی ئەم سندووقە هونەرییە سەرنجکێشە، گواستراوەتەوە بۆ وڵاتی بەریتانیاو ئێستاش لەمۆزەخانەی نیشتیمانی بەریتانیا لەگەڵ چەندین پارچە هونەری دەستسازیی میزۆپۆتامیا هەڵگیراوە.

دەشتی مەحمود میزۆپۆتامیا، لەچەندین بواری ژیانی مرۆڤ و شارستانیەتدا پێشەنگ بوون، پزیشکیش بەدەر نییە لەم بوارانەدا. لەمیزۆپۆتامیای کۆن، خواکان ئاگایی و حومکیان بەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا هەبوو، لەوانەش کارپێکردەیی پزیشکی. گوڵە (بە واتای مەزن هاتووە لە سۆمەریدا)، مێخوای چارەسەریی سۆمەرییەکان بوو، ئەم خوایە، بۆ زیاتر لە ٢٠٠٠ ساڵ چاودێر و بەرپرسی هونەرە پزیشکییەکان بوو، ڕێنمایی پزیشک و ددانسازانی کردووە لە چارەسەرکردنی کێشە تەندروستییەکان، بێگومان، ئەم نەخۆشی و کێشە تەندرووستیانەش بەزۆری دەگەڕێندرانەوە بۆ هۆکاری بان‌سروشتی. لەڕاستیدا، زۆرێک لە لایەنەکانی پزیشکی کە دواتر پەیوەست دەکرانەوە بە میسر و یۆنان، لە بنچینەدا سەرچاوەیەکەیان میزۆپۆتامیایی بوو. گوڵە (کە بە نینکاراک و نینسینا ناسراوە) تەنیا بەرپرسیار نەبوو لە تەندروستی و چاکبوونەوە، بەڵکو لەلایەن خێزانەکەیەوە هاوکاری دەکرا لەنێویاندا هاوژینەکەی پابیلساگ کە دادوەرێکی یەزدانییش بوو، کوڕەکانی دامو و نینازو و کچەکەی گونوررا. تەنانەت، ئەم گۆپاڵەی کە دوو ماری لەسەر ئاوێزان بوون کەهەتا ئەمڕۆش نیشانەی پیشەی پزیشکییە، لەنینازوی کوڕی گوڵەوە سەرچاوەی گرتووە کە پەیوەندی بە مار و گۆڕانکاری و بنجیهان و چاکبوونەوە هەبووە. لەمیزۆپۆتامیا، پزیشکان تەنیا وەک بریکار بینراون کە لەڕێگەیانەوە ئەم جۆرە خوایانە کاریان دەکرد بۆ پاراستنی تەندروستی مرۆڤ و کە لەئەمڕۆدا وەک پزیشکی گشتی، پسپۆڕ، نەشتەرگەر، ددانساز، چارەسەرکەری باوەڕ و دەروونناس وەسف دەکرێن. پزیشکی لەهەر بوارێکدا بووبێت، لەپیشە هەرە گرنگە خوێندەوارییەکانی میزۆپۆتامیا بووە و هەمیشە بەڕێزێکی زۆرەوە ئاماژەی پێکراوە. بۆ ئەوەی کەسێ ببێت بە پزیشک (لەمیزۆپۆتامیا ژن و پیاو وەک یەک توانیویانە ببن بە پزیشک)، دەبوو سەرەتا بخوێنێت بۆ ئەوەی ببێتە نووسیار، واتە فێری نوسین و خوێندنەوەی مێخی بێت، پاشان سەرنجی لەسەر دەقە پزیشکییەکان بێت و لەکۆتاییدا تیشکۆ بخاتە سەر پسپۆڕییەکی دیاریکراوی پزیشکی. فێربوونی ڕێنووسی مێخی و شارەزابوون لەوانەنامەی قوتابخانەی نووسەران لانیکەم ١٠-١٢ ساڵی خایاندووە تاوەکو کەسێک بتوانێت خۆی بە تەواوی بۆ خوێندنی پزیشکی تەرخان بکات. بەڵام کاتێک وەک پزیشک دەناسران، پزیشکانی میزۆپۆتامیا، هاوشێوەی پزیشکانی ئەم سەردەمە، بە گشتی ژیانێکی زۆر ئاسوودە دەژیان. ئەرکی سەرەکی پزیشکی ئەوکاتە، هاوشێوەی ئێستا، چاککردنەوەی مرۆڤەکان بوو لە نەخۆشییەکان و هێشتنەوەیان لەتەندروستییەکی باشدا. یەکەم هەنگاو لەچارەسەرکردنی کەسێکی نەخۆشدا دەستنیشانکردنی هۆکاری نەخۆشییەکە بوو، واتە دەردۆزی بووە (هەروەک چۆن ئەمڕۆ هەیە) و زۆربەی کاتیش ئەو هۆکارە دەگەڕێندرایەوە بۆ گوناهێک کەنەخۆشەکە کردبووی، جا ئەگەر نەخۆشەکە گوناهەکەی زانیبێت یاخود نەیزانیبێت. سا، نەخۆشەکە هەر نەخۆشییەکی بووبێت و چارەسەری کۆتایی هەرچییەک بووبێت، هەمیشە چارەسەرەکە گەڕێندراوەتەوە بۆ ئیرادەی خواکان و دەستێوەردانیان لە کاروباری مرۆڤدا. کەواتە نەخۆشی یەکسان بوو بە گوناهـ و چارەسەری ئەو نەخۆشییە پێویستی بەجۆرێک لەدانپێدانان (تەوبە) و پابەندبوون بووە بە ئەنجامدانی چاکە لە داهاتوودا. زۆرجار پزیشکەکان پشتیان بە گژوگیا و ئەندامە هەناوییەکانی ئاژەڵان بەستووە بۆ چارەسەریی. زۆرجار ئەم چارەسەرانە بۆ نەخۆشی شلەپەتەیی (لاوازی سێکسی) و کێشەی دووگیانی و نەزۆکی بەکاربردووە. جێگای سەرنجە، ئەم جۆرە کارپێکردە پزیشکی و ڕوانینە بۆ نەخۆشی و دەرد، دوای چەندین هەزار ساڵ (دوای دۆزینەوە پزیشکییەکانی مۆدێرن)، کاریگەری لەسەر زیهنیەتی باوەڕداران و دانیشتوانی میزۆپۆتامیا و هەتا ئاستێکیش دەرەوەش هەیە، لەئێستا ئەم جۆرە «پزیشکییە» ئەوەندە کاڵوکرچ کراوەتەوە لە کەسایەتی «مەلا عەلی کەڵەک» و کەسانی تری هاوشێوەی ئەو برەوی هەیە و تەنانەت لەوڵاتێکی وەکو ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا، باوەڕدارانی مەسیحی پێیان وایە لەڕێگەی «نزا»ـەوە نەخۆش و دەرد و چەرمەسەرییەکانی مرۆڤ چارەسەر دەبن. ئەمە لە کاتێکدا، لەمیزۆپۆتامیادا، چەندین ڕێوڕەسم و دەرمانی جۆراوجۆر بەکاربراوە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان نەک تەنیا خوێندنی چەند دێڕێک لە «کتێبی پیرۆزی» ئاینی. بەدرێژایی مێژووی میزۆپۆتامیا دوو جۆری سەرەتایی پزیشک هەبوون: ١. ئاسو: پزیشکێک بووە کە بەشێوەیەکی ئەزموونی و دەرمان چارەسەری نەخۆشی یان برینداری کردووە. ٢. ئاسیپو: ئەم جۆرە پزیشکانە بۆ چارەسەر پشتیان بەو شتە دەبەستێت کە مرۆڤ پێی دەڵێت «جادوو». جیاوازی بەرچاوی نێوان ئەو دوو جۆرە ئەوەیە کە ئاسیپوەکان بەڕوونی زیاتر پشتیان بە جادوو و نزای بان‌سروشتی بەستووە، لەکاتێکدا ئاسو ڕاستەوخۆتر مامەڵەی لەگەڵ جەستەدا کردووە لەڕێگەی مەڵهەم و هێورکەرەوە و دەرمانی گیاییەوە. لەبەرئەوەی هەردوو جۆری چارەسەرکەرەکە سەرچاوەی بان‌سروشتییان بۆ نەخۆشی قبوڵ کردووە، نابێت ئاسو بە ‹مۆدێرن›ـتر لە ئاسیپو هەژمار بکرێت. هەردوو جۆری پزیشکەکە لەپەرستگاکان چارەسەرییان کردووە و لەوێ چارەسەری نەخۆشەکانیان دەکرد بەڵام زۆرجاریش ڕۆیشتوون بۆ ماڵی نەخۆشەکان بۆ چارەسەریی. شاری ئیسین ناوەندی پەرستنی مێخواوەند گوڵە بووە و وا بیردەکرێتەوە کە ئیسین ناوەندێکی ڕاهێنان بۆ پزیشکان بووە کردووە کەدوای ڕاهێنانەکان، پزیشەکەکان بەپێی پێویستی ڕەوانەی پەرستگاکانی شارە جیاوازەکان دەکران. بێگومان، تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە کە پزیشکەکان شوێنی تایبەتی چارەسەری خۆیان (تیمارگە) هەبووبێت، هەرچەندە پاشاکان و خانەدان و دەوڵەمەندان پزیشکی تایبەتی خۆیان هەبووە. جێگای سەرنج و ئاماژەپێدانە کەگۆپاڵی مار ئاوێزان، کەدوو ماری بە گۆپاڵێکدا هەڵزناون، کەهێمای پیشەی پزیشکییە لەسەردەمی مۆدێرندا، پەیوەست کراوە بەهیپۆکراتسی پزیشکی بەناوبانگی یۆنانی و یۆنانییەکانەوە، لە ڕاستیدا، خودی کارپێکردەی پزیشکی و هێمای پزیشکی مۆدێرنیش لەمیزۆپۆتامیا سەرچاوەی گرتووە.

دەشتی مەحمود بەپێی ئوستورەی کۆنی میزۆپۆتامیادا، خواکان بۆیە مرۆڤیان ئافراندان تاوەکو لەبری ئەوان کاری چاندن بکەن و ئەرکی خواکان کەم بکەنەوە، بەم هۆیەشەوە خواکان دڵنیابوون لە ڕێگەی قوربانیکردنەوە ژەمەکانیان وەردەگرن و خواردن دەخۆن. بەڵام، ئەم مرۆڤانەی سەرەتا ئافرێندرابوون لە ڕاستیدا تێنگەیشتبوون و نەیاندەزانی کە چۆن ئەو ئەرکانە بەجێ بگەیەنن کە بڕیار بوو لە بری خواکان بیکەن، بەم هۆیەوە خواکان، حەوت ئەبگال (سۆمەری) یاخود ئەپکالو (ئەکەدی) کە زاراوە گەلێکن لە نوسراوە مێخییەکاندا بە گشتی بە واتای «ژیر، حەکیم یان پیر» دێت وەک مامۆستا ناردیان بۆ لای مرۆڤ تاوەکو فێریان بکەن. بەپێی ئوستورەی میزۆپۆتامیا، ئەم بوونەوەرانە لە دەریاوە هاتوونەتە جیهانی مرۆڤەوە. لە چەندین دەقی مێخیدا، ئەم ئەبگالانە حەوت نیمچە خوان، هەندێکجار وەک بەشێک مرۆڤ و بەشێکییش ماسی یان باڵندە وەسف کراون، کە پەیوەستن بە ژیریی مرۆڤەوە؛ ئەم بوونەوەرانە زۆرجار لە ئەدەبیاتی میزۆپۆتامیادا بە حەوت پیر یان ژیرەکە ناودەبرێن. هەندێک جاریش پەیوەست دەکرێن بە پاشایەکی سەرەتایی پێش لافاوە مەزنەکەی ناو گێڕانەوەی میزۆپۆتامیا. دوای لافاوی مەزنەکە (داستانی گیلگامێش)، پیرەکان بە مرۆڤ دانراون و لە هەندێک دەقدا بە ئوممانو ناودەبرێن نەک ئەپکالو. هەروەتر، ئەم زاراوەیە، بۆ پاشایەک یا خوایەک بەکابراوە کە ژیر و خاوەن حیکمەت بووبێت. دەتوانرێت بەم شێوەیەی خوارەوە ناو و «ناونیشان»ـی ئەم حەوت پیرانە ڕیزبکەین: ئواننا، «نەخشەکانی بۆ ئاسمان و زەوی تەواو کرد»، ئواننێدوگا، «زیرەکی گشتگیری پێ بەخشرابوو»، ئێنمێدوگا، «چارەنووسێکی باشی پێ بەخشرابوو»، ئێنمێگالاما، «لە ماڵێکدا لەدایک بوو»، ئینمێبولوگا، «لەسەر لەوەڕگە گەورە بووە»، ئانئێنلیدا، «جادووگەری شاری ئێریدو»، ئەتەوئابزو، «بەرەو ئاسمان هەڵکشا».   یەکەمیان ئواننا، جەستەی ماسییەکی هەبوو، بەڵام پێ، قۆڵ، سەر و دەنگی مرۆڤی هەبوو. ئەم یەکەمین پیرە، چۆنیەتی خوێندنەوە و نووسین و بیرکاری فێری مرۆڤ کردووە، لەمەش زیاتر، مرۆڤی فێری چۆنیەتی دروستکردنی شار و داهێنانی پەرستگا و دانانی یاسا و کێشان و دیاریکردنی سنوورەکان و دابەشکردنی زەوی و چاندنی تۆو و دروێنەکردن و ڕنینەوەی میوەی کردووە. هەروەها، ئواننا چۆنیەتی ئافراندنی گەردوون و مرۆڤی بۆ مرۆڤە یەکەمەکان ڕوونکردەوە، واتە، بەر لە ئواننا، مرۆڤەکان نەیان دەزانی چۆن و بۆچی ئافرێنراون، بێئاگا لەئەوەی خواکان تەنیا بۆ کار و بێگاری مرۆڤیان خوڵقاندووە تاوەکو لەبری ئەوان کاربکەن و قوربانیشیان بۆ بکەن تاوەکو خواکان تێر بکەن و خواردن بخۆن. جیا لەم حەوت پیرە، چەندین پیری تریش هەبوون، کە هەر یەکەیان پەیوەست بوو بە شارێکی دیاریکراوەوە، تاوەکو دانیشتوانەکەی فێری بنچینەکانی شارستانیەت بکات. هەروەتر، دانیشتوانی میزۆپۆتامیای کۆن، وێنەی پیرەکانیان لەسەر دیواری خانوەکانیان هەڵکەندووە بۆ ڕەواندنەوەی خراپە و نەخۆشی و نەهامەتی، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە وەکو پارێزەری مرۆڤەکانیش سەیر کراون. دواتر، لە ژێر کاریگەری ئەم حەوت ئەبگالەوە، یۆنانیەکان «حەوت ژیر/دانا»ەکەی خۆیان داهێناوە. ئەفڵاتوون لە دیالۆگی پرۆتاگۆرۆسدا، بەمشێویە ناویان ڕیز دەکات، « تالیسی میلیتۆس و پیتاکۆسی میتیلین و بیاسی پرین و سۆلۆنی خۆمان (ئەسینا) و کلیۆبولۆسی لیندیان و میسۆنی چێنیان؛ و حەوتەمی داناکانیش چیلۆنی سپارتایی بوو.» هەروەها، لە کتێبی پەیدابوون و پەندەکانی سلێمان‌ـی پەیمانی کۆندا، ئاماژەکانی «حەوت ژیر»ـەکە دەردەکەوێت. لە بەشی ٩ـی پەندەکانی سلێمان، دەخوێنینەوە: «دانایی خانووی خۆی بنیاد ناوە، حەوت کۆڵەکەکەی داتاشیوە.» هەروەتر، ئەدەبیاتی ئەپۆکریفای یەهوودی پڕیەتی لە گێڕانەوە و باسی چۆنیەتی هاتنەخوارەوەی ئەم «حەوت ژیرە» بۆ سەر زەوی تاوەکو مرۆڤ فێری هونەرەکانی شارستانیەت بکەن، لەم ئەدەبیاتەدا ئەوان ناویان بە «چاودار» هاتووە و سەرکردەکەیان «ئەزازیل» بووە. بێگومان، لە کەلتوور و ئەدەبیاتی گەلانی دەرەوەی میزۆپۆتامیا، بە ئاشکرا و دەستکارییەوە کاریگەرییەکانی ئوستورە و ئاین و کەلتور، و زانستی میزۆپۆتامیا نکۆڵی لێ ناکرێت و ئەمەش دەرخەری بەهێزی و مەزنی ئەم شارستانیەتە دەردەخات.

دەشتی مەحمود لەشوێنەوارناسیدا، بەشێوەیەکی سەرەکی بۆچوونێکی باوو قبوڵکراوە کەشارستانیەت لەمیزۆپۆتامیای کۆنەوە بەشارستانیەتی گەورەی سۆمەر لەباشوری عێراقی ئێستا دەستیپێکردووە. بەڵام کاتێک لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا، شوێنەوارناسەکان لەتەپۆلکەی ئوبێد (پارێزگای زیقار) لەعێراق کنەیان دەستپێکرد، چەندین کۆتەڵی نائاسایییان دۆزیەوە کەتەمەنیان بۆ ٧ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، پێدەچێت ئەم کۆتەڵانە، شێوەمرۆڤێک دەنوێننەوە کەتایبەتمەندی خشۆکیان هەبێت. کەلتوری ئوبەید، کەلتورێکی پێش مێژووە لەمیزۆپۆتامیا کەمێژووەکەی لەنێوان ٤٠٠٠ بۆ پێنج هەزارو ٥٠٠ پێش زایین دەگەڕێتەوە. بە بڕوای شوێنەوارناسان، ئەم کەلتورە شوێنی ‹کەلتوری هەلەف›ـی گرتووەتەوە کەنزیکەی ٨٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر لەچیاو پێدەشتەکانی زاگرۆسەوە دەستیپێکردووە. ئوبەیدییەکان لەگوندی گەورەدا نیشتەجێبوون و لەخانووی خشتی قوڕدا دەژیان و تەلارسازی و کشتوکاڵیان پەرەپێدابوو و بەبەکارهێنانی ئاودێری کشتوکاڵیان کردووە. ژمارەیەک لەم کۆتەڵانەی ئوبەیدەکان، کەسایەتی سەیرو سەمەرەی شێوەمرۆڤ دەنوێننەوە کە لەوەستانێکی ناوازەو نائاهەنگییانە نیشاندەدەن، بەشێوەیەک پێدەچێت ئاماژە بێت بەئەوەی کە ئەوان خوا نەبوون (وەک خوا سەر ئاژەڵەکانی میسر)، بەڵکو رەگەزێکی تری مرۆڤی مارمێلکەئاسا بن کە لێرەدا ئێمە پێشنیاری زاراوەی ‹›مرۆمێلکە-Lizardmen››ی بۆ دەکەین. لەزمانی کوردیدا مارمێلکە لەزۆربەی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ناوی جیاوازی هەیە (بیکمار، داماروو، سووسەمار، مارتوولە، مارژۆک، مارگەزی، مارگیس، مارمارۆشک، مارمارۆک، مارمزووک، مارندوگ، ماروەزیک، ماریلە.)، لەبەشی هەرە زۆریدا لەوشەی مارمێلکەدا وشەی ‹›مار››یش ئامادەیی هەیە وەک ئەوەی بڵێیت مارمێلکە پەیوەندی بەمارەوە هەیە یان جۆرێکە لەمار، یانژی ماری پێدارە. مرۆمێلکە؛ نە مرۆڤە، نە مارەو نە مارمێلکەیە بەڵکو ئامێتەی هەر سێ جۆرەکەیەو کۆتەڵەکانیش هەمان شکڵیان هەیەو بۆ گەیاندنی ئەو ئامێتە نوێیە، داهێنراوە. لەجیهانی ئەمڕۆدا باس و خواسی کۆتەڵی مرۆمێلکە خزێنراونەتە ناو چیرۆک و تیۆرییەکانی خشۆکە بێگانەکانەوە کەپێشتر بەسەر زەویدا دەسوڕانەوەو (رەنگە ئێستاش هەروا بسوڕێنەوە، بەپێی تیۆریستەکانی بوونەوەرە دەرەزەوییەکان). هەرچەندە ئەمە دوورە لەڕاستییەوە، بەڵام، تاهەنووکە، سروشتی راستەقینەی ئەوان وەک نهێنییەک ماوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا فیگەری مرۆمێلکە پەڕیوەتەوە بۆ بوارەکانی ئەدەب، فیلم، یاری و لەهەرکام لەوانەدا بەشێوەی جۆراوجۆر بەرهەمهێنراوەتەوە. ئەمەش بەر لەهەموو شت بۆ کاریگەری هونەری داهێنەرانەی کەلتوری ئۆبەید دەگەڕێتەوە. کۆتەڵەکان کەزۆربەیان کۆتەڵی ژنن، سەریێکی درێژو چاوی شێوە بادەم و دەموچاوی درێژی باریکەڵەو لووتێکی شێوە مارمێلکەیان هەیە. تاوەکو ئێستا بەتەواوی نازانرێت ئەم کۆتەڵی مرۆمێلکانە بەڕاستی نوێنەرایەتی چی دەکەن. بەگوێرەی شوێنەوارناسان، شێوەی وەستانی جەستەییان، بۆ نموونە کۆتەڵی مرۆمێلکەی دایک کە شیر بەمنداڵەکەی دەدات، ئەوە نیشان نادات کەئەوانە بۆ رێوڕەسمی ئاینی بەکاربرابن، ئەمە سەرەڕای ئەوەیە کەئاشکرایە، خشۆکەکان بەتایبەت «مار» هێمایەکی ئاینی گرنگ، سەرەکی، ژیری، چاکە، زیرەکی و ئەرێنی هەبووە لەناو زۆر کەلتوری جیاوازدا (بێگومان ئەمە لەناو ئاینە ئیبراهیمییەکاندا وەردەگەڕێنرێت و «مار» نیشانی خراپە وەردەگرێت). کەواتە دەبێت ئەم کۆتەڵە مرۆمێلکانە نوێنەرایەتی چییان کردبێت؟ هەرچییەک بوون، بێگومان بۆ گەلی ئوبەیدی کۆن گرنگ بوون. یەکێک لەو کۆتەڵە مرۆمێلکانەی دۆزراوەتە، ژنێکی رووتە کە گۆپاڵێکی بەدەستەوەیەو شیر دەدات بەمنداڵەکەی، بێگومان دەکرێت ئەم گۆپاڵە وەک هێمانی دادپەروەری و فەرمانڕەوایی سەیربکرێت. ئەوەی سەیرە لەم کۆتەڵەدا، شێوەی منداڵەکەیە، منداڵەکە سەرێکی درێژو دەستی تاڕادەیە پانی هەیە کە زیاتر لەشێوەی پشیلەو مارمێلکە دەچێت نەک مرۆڤ. سەرەڕای ئەوەی نازانرێت ئەم کۆتەڵانە کێ و چی دەنوێننەوە، بەڵام دەکرێت گریمانەی ئەوە بکەین کەدایکەکە نوێنەرایەتی مێخوایەک دەکات چونکە هەردوو سەردەمی هەلەف و ئوبێد وەک سەردەمی گواستنەوە لەکەلتوری چاخی بەردینی نوێوە کە ژن تێیدا داهێنەری سەرەکی بووەو پیرۆز بینراوە بەرەو کەلتوری شارستانیەتی شار، لەوانە سۆمەر، چونکە داهێنانەکانی ئوبەید لەسەرەتای سەردەمی سەرەتایی ئور (٣٢٠٠) پێش زایین، برەوی زیاتریان پێدراوە بەتایبەت تەلارسازی و دەکرێت بگوترێت کەسۆمەرییەکان میراتگری کەلتوری ئوبەید بوون. ئەگەر لەڕوانگەیەکی ترەوە بڕوانین ئەوا هەست بەوە دەکەین کەکۆتەڵی مرۆمێلکە، دەستسازێکی ئایینی-هونەری زۆر ئاڵۆز، فرە رووەو زەمەنبڕە بەجۆرێک هێشتا لەناو کەلتوری مۆدێرندا توانای وروژاندن و داهێنانی بەمرۆڤ بەشێوەی جۆراوجۆر بەخشیوە. جیا لەهەموو شت ئەمە گوزارشت لەئاڵۆزی و قووڵی هزری کەلتورە پێش-نووسینەکان دەکات. ئەوان دەیان توانی هاوشێوەی پەیکەرسازی رێنێسانس کتومت مرۆڤ لەدەستسازە جۆراوجۆرەکاندا دروستبکەنەوە؛ هەر ئەوەی ئەو کارەیان نەکردووە بۆ خەیاڵفراوانی و ئاڵۆزی بیرکردنەوەیان دەگەڕێتەوە کە باوەڕیان بەهونەر-ئایینی ئاوێنەیی نەبووە. جیاوازییەکی گەورەی ئەوان سەردەمی مۆدێرن ئەوەیە مرۆڤی مۆدێرن کاتێک سەیری سەیروسەمەرەترین دیاردە دەکات بۆ سادەترین شێوە وەریدەگێرێت و زۆرجار زۆر مرۆییانە فەهمی دەکات؛ مرۆڤی مۆدێرن کاتێکی سەیری مرۆڤ دەکات ماشینێکی تەواو ئاڵۆز دەبینێت، ئایندارێکی ئیبراهیمی کاتێک تەماشای مرۆڤێک دەکات وێنای خودایەک دەکات کەهەر خۆیەتی بەڵام تواناکانی بێسنورە. لەبەرانبەردا ئەمە بۆ ئەوان وانەبووە ئەوان کاتێک  تەماشای مرۆڤیان کردووە، وەکوو مرۆڤ نەیانبینیوە، لانیکەم بینینە مرۆییەکەیان ئەوەندە لەلا بایەخدار نەبووە، بیخەنە ناو هونەر-ئایینەوە، بەڵکو کۆمەڵێک رەهەندیان بینیوە، کە بەئاسانی نابینرێت لەبەرئەوەی گرێدراوی پانتایی هەستەکی تایبەت بەخۆیەتی کەمرۆڤی ئەم سەردەمە بەئاییندارو نائایینیەوە لەدەستیداوەو لێ داشکێنراوە.

دەشتی مەحمود   لەناو تێگەیشتنی باودا، وا بیر دەکرێتەوە کە «ئەدەبیاتی منداڵان» لە دوای دۆزینەوەی چاپ لە سەدەی هەژدەوە دەست پێدەکات، بەڵام لایەلایە داهێنانێکی تازە نییە. لە ڕاستیدا مێژووی «لایەلایە» بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، بێ گومان بۆ سەردەمی پێش مێژووی نووسراویش. بەپێی بەڵگە شوێنەوارناسییەکان، زۆربەی داهێنانە بنچینەییەکانی شارستانیەت لە میزۆپۆتامیا سەریان هەڵداوە و ئەدەبیاتی منداڵان و «لایەلایە»ـش لەناو ئەم داهێنانەدان،  زۆرێک لە لایەلایەکانی کۆنی میزۆپۆتامیا، لە کەلتورەکانی سۆمەر، هۆری، بابل و ئاشور تا ئێستاش ماونەتەوە. لایەلایە، لایەنێکی گرنگی کەلتوری منداڵییە و شێوەیەکی گۆرانییە، بە مۆسیقا یان بەبێ مۆسیقا، کە بۆ منداڵان دەگوترێت، زۆرجار لایەلایە لەلایەن دایکی منداڵەوە دەگوترێت بۆ یارمەتیدانی منداڵان بۆ خەوتن یان ئارامکردنەوەیان لە کاتی بێزاریاندا. «لایەلایە بۆ کوڕێکی شولگی» گۆرانییەکی سەر لانکەیە، مێژووی نوسینی ئەم لایەلایە ـیە زیاتر لە ٤ هەزار ساڵە و دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی شولگی ئور (٢٠٢٩-١٩٨٢ پێش زایین) کە بۆ یەکێک لە کوڕەکانی نووسراوە. ئەم لایەلایە هاوشێوەی لایەلایەکانی ئێستا، لەسەرەتاوە هاندانی خەوتنی تێدایە و لە ڕێگەی دووبارەکردنەوەی وشە و دەستەواژەکان هانی منداڵ دەدرێت تاوەکو بخەوێت و دواتر لایەلایەبێژەکە داهاتوویەکی گەش بۆ منداڵەکە بە ئاواتدەخوازێت. سامویڵ کریەمەری سۆمەرناس، ئەم پارچەیە بە جیابوونەوە لە زۆربەی بەرهەمە ئەدەبییە سۆمەرییەکان و نەریتی نوسینی سۆمەری کە بەزۆری لە بۆ ڕێزلێنان لە مێ/خوایەک، ڕووداوێک، یان پاشایەک ئامادە نوسراون دەزانێت. لە بری مێ/خواکان و پاشاکان ئەم دەقە گۆرانییەکی سادەیە کە بۆ منداڵێک دەگوترێتەوە لە کاتی خەوتندا. شیعرەکە بۆ سەردەمی شولگی دەگەڕێتەوە، بەڵام ناوی دایک و منداڵەکە نازانرێت. شولگی سێ ژن و شەش دۆستی هەبووە کە ١٨ کوڕ و ١٣ کچیان بووە و ناویان ناسراوە (ڕەنگە ژن و دۆست و منداڵی زیاتریشی هەبووبێت). دەکرێ ئەم پارچەیە بۆ هەر یەکێک لە منداڵە نێرەکان شولگی نوسرابێت، وەلێ بە دیاریکراوی نازانرێت کامیان. سۆمەرناسان لەو باوەڕەدان، منداڵەکە ئەمارسینی کوڕی تارام-ئورامی شاژنی هاوسەری شولگی بوبێت، چونکە لەم سەردەمەدا نوسراوە کە تارام-ئورام شاژن بووە و باوەڕ وایە لایەلایەکە بۆ ئەمارسین گوترابێت، دوای شولگی باوکی، دەبێت بە فەرمانڕەوای سۆمەر. ئەم دەقە لە ١١٤ نیوەدێڕ پێکهاتووە و پێدەچیت لە کاتێکدا نوسرابێت کە منداڵەکە نەخۆش بووبێت و دایکەکە بیلاوێنێتەوە. لە دەستپێکدا، دایکەکە، داهاتوویەکی باش و گەش بۆ کوڕەکەی دەخوازێت، پێش ئەوەی بانگهێشتی ‹خەو» بکات، بۆ ئەوەی کوڕەکەی ئارام بکاتەوە. دواتر، دایکەکە بەڵێنی پێدانی شتی «کەرە» و «کاهوو» بە منداڵەکەی دەدات و دواتر سۆزی هێنانی ژنێکی جوان و کوڕی زۆر بە کۆرپەکەی دەدات و لە خواکان دەپاڕێتەوە تاوەکو بیپارێزن و شادی و کامەرانی پێببەخشن. لایەلایەکە بەمشێوەیە دەست پێدەکات: ئای ئای ئای لە گۆرانی-ئوورومندا، با گەورە بێت، وەک داری-ئیرینا با ڕەگێکی پتەو داکوتێ، وەک ڕووەکی-شاکیر با تاجێکی گەورەی بێ، ... خەو وەرە، خەو وەرە، وەرە بۆ ئەو شوێنەی کوڕەکەمی لێیە، پەلە بکە خەو، بۆ ئەو شوێنەی کوڕەکەمی لێیە، چاوە نائارامەکانی بخەوێنە، مەهێڵە گروگاڵی لە خەوی دابڕێ .... تۆ ئازارت هەیە، منیش بەهۆیەوە پەشۆکاوم، تاساوم، لە ئەستێرەکان ڕادەمێنم، تیشکی مانگ بەسەر ڕوخسارمدا دەدرەوشێتەوە: .... ژنێک بۆ کوڕەکەم دەهێنم، کوڕێکی هێندە شیرینی بۆ دێنێت، ژنەکە سەردەخاتە سەر ڕانی گەرمی، کوڕەکە لە باوەشی گەرمی پاڵ دەکەوێت، ژنەکە لەگەڵیدا دڵخۆش دەبێت، کوڕەکە لەگەڵیدا دڵخۆش دەبێت

دەشتی مەحمود سۆمەرییەکان بەداهێنەری بەشێکی زۆری بنچینەکانی شارستانیەت ناسراون، لەوانە، نووسین، شار، ئاودێری، سا هونەریش یەکێکە لەداهێنانەکانی سۆمەر. سۆمەرییەکان سوودیان لەفۆرمە هونەرییەکانی ناوەڕاستی چاخی بەردینی نوێی دانیشتوانی کۆنی چیاکانی زاگرۆس وەرگرتووە. بەر لەسۆمەرییەکان، تەنیا شوێنە کۆنەکانی کوردستان، وەک گرێ ناڤۆکێ (نزیکەی ١٢٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا) کەمێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هونەری ناوەڕاستی چاخی بەردینی نوێ وەک تەنیا شوێنێک ببینرێت کەنیشانەکانی سەرەتاکانی شارستانیەتی تێدا بدۆزرێتەوە، لەوانە هونەر. کەلتوری سۆمەر لەژێر کاریگەری دانیشتوانی دێرینی زاگرۆس لەماوەی هەزارەی چوارەم و سێیەمی پێش زایین گەشەی کرد، پێش ئەوەی لەدەوروبەری ساڵی ٢٢٧٠ پێش زایین لەلایەن سامییە ئاخێورەکانەوە ـئەکەدییەکان ــ لەناوبچن. هونەری سۆمەری لەگەڵ تێپەڕینی قۆناغەکانی مێژووی گەشەکردنیدا، گۆڕانی بەرچاوی بەسەردا هاتووە. یەکێک لەسەرنجڕاکێشترینی ناو هونەری سۆمەری، کەلـلەسەرێکە کە بە «ماسکی ئوروک یان وارکا» ناسراوە، هەروەها بە «خانمی ئوروک» و «مۆنالیزای میزۆپۆتامیا»ـش ناودەبرێت. ئەم پەیکەرە کەتەنیا بەشی کەلـلەسەرەکەی دۆزراوەتەوە، رووخسارێکی مەڕمەڕی سەرسوڕهێنەرە کەمێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٥١٠٠ ساڵ لەمەوبەر. ئەم ماسکە لەناوچەی وارکا (شاری ئوروکی کۆن) دۆزرایەوەو بەسەرەتاییترین نواندنەوەی رووخساری مرۆڤ دادەنرێت و بەبڕوای شوێنەوارناسان و شارەزایانی مێژووی مێزۆپۆتامیای کۆن، ماسکەکە نواندنەوەو بەرجەستەکردنەوەی مێخوا ئینانا بووە، کە مێخوایەکی بەناوبانگی سۆمەرییە بۆ ئەشق، جوانی، بڕشتی و سێکسواڵیتە. ئینانا، مێخواو پارێزەری شاری ئوروک بووەو لەم شارەدا پەرستگای تایبەت بە ئینانا هەبووە. ماسکەکە بەوردەکارییەکی سەرسوڕهێنەر کێشراوە بەشێوەیەک کە لەوێنەیەکی واقیعی دەچێت. ماسکەکە لەمەڕمەڕی سپی دروستکراوە، کەماددەیەکی دەگمەن و بەنرخ بووە لەمیزۆپۆتامیای کۆن. چاوو برۆکانی چاڵکراون بەڵام وا دەردەکەوێت کەبرۆکانی بە بەردی بەنرخ یان پارچەی ئاڵتون پڕکرابێتنەوەو لەجێی چاوەکانی مینای شین هەبووبێت، هەروەها، گوێچکەکان کونیان بۆ گوارە هەبوو، لەهەنیەشیدا چاڵێک هەیە کە دەکرێت بۆ بەستنەوەی قژ یان بارۆکە دانرابێت. بەپێی ئوستورەی دابەزینی ئینانا بۆ بنجیهان، کەمێژووەکەی بۆ ٦ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئینانا بەخۆڕازاندنەوەوە دەچێتە بنجیهان و ملوانەکەو گوارەی گرانبەهای پۆشیوە، کە زیاتر لە مینا سازێنراون. لەبەر ئەم هۆیەیە، شارەزایانی میزۆپۆتامیای دێرین ئەم ماسکە بەنواندنەوەی ئینانا دەزانن. ماسکەکە لەساڵی ١٩٣٩ لەلایەن تیمێکی شوێنەواری ئەڵمانیەوە دۆزرایەوە و دواتر درا بەمۆزەخانەی بەغداد، بەڵام لەکاتی داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانانی لەساڵی ٢٠٠٣ مۆزەخانەکە تاڵان کراو ماسکەکەش لەگەڵ چەندین دەستسازیی تری هونەری دێرین دزرا. خۆشبەختانە، دوای لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی پۆلیسی سەربازی ئەمریکاو پۆلیسی عێراق لەئەیلوولی ٢٠٠٣ ماسکەکە لەناو باخچەیەکی نزیک لەباکوری بەغداد دۆزرایەوە و لەساڵی ٢٠٠٤ گەڕێنرایەوە بۆ مۆزەخانەکەو لەوکاتەوە لەمۆزخانەی بەغداد نمایش دەکرێت.

دەشتی مەحمود هومبابا کە لەبنەڕەتدا بەهواوا ناسراوە، کەسایەتییەکی ئوستووڕەی میزۆپۆتامیایە. بنەچەو واتای ناوەکەی نەزانراوە. هواوا وەک مرۆشێوە وێنە کراوە کە لەڕموزن، زەبەلاح و دێو دەچێت. ناوبانگی زیاتر بەهۆی داستانی گلگامێشی پاڵەوانەوەیە، کە لەهەموو نوسخە هەڵبەستراوە جۆراوجۆرەکانی داستانی گلگامێشدا دەردەکەوێت؛ لەوانە نوسخەکانی هۆری و هیتی. هەمیشە وەکو نیشتەجێبوو و پاسەوانی دارستانی سیدار وێنەی دەکێشرێت، ئەو دارستانەی گلگامێش و ئینکیدۆی هاوڕێی تێیدا سەرکێشی بەگیانیانەوە دەکەن. رووبەڕووبوونەوەکەیان لەگەڵ هومبابا دەبێتە هۆی کوشتنی و ئەم رووداوە خوداکان توڕە دەکات. هومبابا لەبەرهەمە ئەدەبییەکانی تری میزۆپۆتامیادا ئامادەیی هەیە. رووخسارە گرژو مۆنەکەی هواوا، پاسەوانە ئەفسانەییەکەی دارستانی سیدار، لەشێوەی گینگڵدا لەسەر ماسکە گڵینەکە کێشراوە. ئەمەش ئاماژە بەقەفی ریخوڵەکانی مەڕ دەکات. هۆکاری ئەمەش لەپشتەکەی روونکراوەتەوە: «ئەگەر بڕیار وایە قەفەکانی ریخۆڵە ئاماژەبن بۆ سەری هواوا، سا [ئەمە] بەختە بۆ سەرجۆن کە فەرمانڕەوای ناوچەکە بووە. ئەگەر... ماڵی مرۆڤ پڕ رزق و رۆزی بێت.  بەدەستەکانی واراد-ماردووکی پێشگۆی کوڕی کوبورومی پێشگۆ دیاری کراوە». واراد-ماردوک لەشاری سیپار (باشووری عێڕاق) ژیاوە، لەدەوروبەری ١٨٠٠-١٦٠٠ پێش زایین. کارەکەی پێشگۆیی بووەو پێشبینی داهاتووی کردووە.  لەعێراقی دێرین، باوترین شێواز بۆ پێشبینیکردن، کۆڵینەوە لەشێوەو رەنگی ئەندامەکانی ناوەوەی مەڕی قوربانی بووە. پێیان وابووە هەموو بەشێکی ئەندامەکان ئاماژەدارو هەڵگری پەیامی خواکان بوون. بەشەکان و واتاکانیان لەسەرچاوە تۆمارکراوە پڕ وردەکارییەکاندا کۆکراونەتەوە. روونە، واراد-ماردوک لەماوەی کارکردنیدا روخسارە ناسراوەکەی لەڕیخۆڵەدا بینیوەتەوە هەروەکو چۆن خەڵکانی ئەمڕۆ روخسار لەهەور یاخود نانی تۆستی سووتاو دەبینین. لەداستانی گیلگامێشدا هواوە دەردەکەوێت کە پاڵەوانی بەتوانا گلگامێش و ئینکیدۆی هاوەڵی دەیبەزێنن. ئەم حەکایەتە لەسەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گێڕدراوەتەوە. واراد -ماردوک پێی وایە بینینی هواوا لەناو ریخۆڵەی مەڕدا، بەختی پاشا سەرجۆنە، ئەو پاشایەی ٤٠٠ ساڵ لەوەوبەر فەرمانڕەوایی کردبوو. سەرجۆن یەکەم کەس بوو هەموو میزۆپۆتامیای یەکخست و خۆیشی لەکۆندا بەفەرمانڕەوایەکی بەهێز ناوی دەرکردبوو. بەختەکە شتێکی ئەرێنییە. هەر خۆیشی لەنەریتی میزۆپۆتامیادا، بەزۆری سەرجۆن بەپاشایەکی باش دانراوە. ئەم ماسکە بۆ سەردەمی بابلی کۆن دەگەڕێتەوە، واتە ١٨٠٠-١٦٠٠ پێش زایین، لە سیپار، میزۆپۆتامیای باشوور، کەعێراقی ئیمڕۆ دەگرێتەوە. ئێستا ماسکە گڵینەکە لەمۆزەخانەی بەریتانیا لە لەندەن نمایش دەکرێت.