هاوڵاتی یاریدەدەری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاند:" 125 کەسمان وەک تۆمەتبار و گومانلێکراو لە دۆسیەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران  دیاریکردوە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکاش لەسەروی لیستەکە دایە". ئەمڕۆ دووشەممە 3ی كانوونی دووەمی 2022، کازم غەریب ئابادی، یاریدەدەری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران لەلێدوانێکدا رایگەیاند:"  تاران 125 کەسی وەک تۆمەتبار و گومانلێکراو لەدۆسیەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران  دیاریکردوە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکاش لەسەروی لیستەکە دایە. کازم غەریب ئابادی، باسی لەوەشکردوە، ئامانجی ئێران لەئامادەکردنی ئەو لیستە بونی هاوکارییە لەگەڵ عێراق بەوهۆکارەی روداوەکە لەو وڵاتەدا رویداوە، بۆ ئەوەی سەرجەم تۆمەتبار و گومانلێکراوانی کوژرانی قاسم سولەیمانی رادەستی دادگا و دادپەروەری بکرێن. یاریدەدەری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران جەختی لەوەشكردۆتەوە:" دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا لەسەروی لیستی وڵاتەکەیان دایە لەم دۆسییەدا، چونکە ئەو لەلێدوانێکدا دانیناوە کە "ئەم کردەوە تیرۆرستیە بەفەرمانی ئەو کراوە و وەک شانازییەک بۆ خۆی باسی کرد، ئەو وتارەشی دەبێتە بەڵگەیەک لە دادگای نێودەوڵەتی، ئەم تاوانەش لەکاتێکدایە شەهید حاجی قاسم یەکێک بوە لە سەرکردەکانی روبەڕوبونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا". ئه‌مڕۆ ساڵیادى كوشتنى قاسم سوله‌یمانى‌و ئه‌بو مه‌هدى موهه‌ندیسه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ كوژران، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ له‌ 15 پارێزگاى عێراق پشوو ڕاگه‌یه‌ندراوه‌و ماوه‌ى دوو ساڵیشه‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كانى حه‌شدى شه‌عبى هه‌ڕه‌شه‌ى تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌ئه‌مریكا ده‌كه‌ن.      

هاوڵاتی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی 12ی ساڵی رابردووی فه‌رمانبه‌ران و بۆ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ مووچه‌ی وه‌زاره‌تێكی تر دابه‌ش ده‌كرێت. به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم، بۆ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 3ی كانوونی دووه‌می 2022، مووچه‌ی دیوانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و لیواكانی سه‌ر به‌و وه‌زاره‌ته‌ دابه‌ش ده‌كرێت. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 2ی كانوونی دووه‌می 2022، دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی كانوونی یه‌كه‌می 2021 ده‌ستیپێكرد و یه‌كه‌م وه‌زاره‌ت ته‌ندروستی وه‌ریگرتووه‌.

هاوڵاتی  شەوی رابردوو نۆ مووشەک ئاراستەی بنکەیەکی سەربازیی سوپای تورکیا لە نزیک ناحیەی زێلکانی سنووری قەزای شێخان کران. ئەو مووشەکانە لە باشووری سەربازگەکەوە ئاراستە کراون و لە دەوروبەری سەربازگەکە کەوتوونەتە خوارەوە، زیانی گیانیی لێ نەکەوتووتەوە. بنکەی سەربازیی سوپای تورکیا لە ناحیەی زێلکان لە باکووری چیای باشیک، لە ساڵی 2015وە کراوەتەوە، ئەو کاتە مەشق و راھێنان بە ھێزی حەشدی وەتەنی دەکرا، کە ھێزێکی سووننەی عێراقییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش.

  هاوڵاتی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌سته‌یه‌كی حه‌وت كه‌سی به‌شێوه‌ی كاتی تا كاتی به‌ستنی كۆنفرانس بۆ به‌ڕێوه‌بردنی بزووتنه‌وه‌كه‌ی ده‌ستنیشان كرد. ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی كانوونی دووەمی 2022، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیماندا دەستەیەکی‌ حەوت کەسی‌ بە نوێنەرایەتی‌ جڤاتەکانی‌ نیشتیمانی‌ و گشتی‌ و سێ لە هەڵسوڕاوانی‌ دیاری‌ دەرەوەی‌ جڤاتەکان هەڵبژێردران کە بریتین لە (هۆشیار عومەر، نزار محەمەد، هاوڕێ کاوە، دڵشاد مەجید، گەیلان شێخ عومەر، تەها حەمە عەزیز و شوان قلیاسانی‌). به‌پێی سایتی فه‌رمی گۆڕان، ئەو دەستەیەی کە لە کۆبوونەوەی‌ ئەمڕۆدا متمانەی‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ وەرگرت لەگەڵ لیژنەی‌ باڵای‌ کۆنفڕانس، دەست بە ئامادەکاری‌ دەکەن بۆ ئەوەی‌ لە نزیکترین کاتدا کۆنفرانسی‌ دووەمی‌ نیشتیمانی‌ بۆ بەخۆداچوونەوە و خۆ رێکخستنەوەی‌ بزوتنەوەکە ببەستن. بەپێی‌ دەستوری‌ رێکخراوەیی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان ئەرکەکانی‌ کۆنفڕانسی‌ نیشتیمانی‌ خۆی‌ دەبینێتەوە لە؛ - نوێکردنەوەی‌ بەرنامەی‌ سیاسی‌ لە بوارە جیاوازەکاندا - پێداچونەوە بە دەستوری‌ رێکخراوەیی‌، هەڵسەنگاندن و دەستکاریکردنی‌ پلاتفۆرمەکانی‌ هەڵبژاردنەکانی‌ پارێزگا و هەرێم و عێراقی‌ فیدراڵ. - هەڵسەنگاندنی‌ ئەدای‌ تیمەکانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لە حکومەت و نوێنەرەکانی‌ لە دەزگا هەڵبژێردراوەکانی‌؛ پارێزگا، هەرێم و عێراقی‌ فیدراڵ. - هەڵسەنگاندنی‌ ئەدای‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ لە چەند ساڵی‌ رابردودا. هەمو ئەمانەش پڕۆسەی‌ سەرلەنوێ خۆڕیکخستنەوە و خۆنوێکردنەوەی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕانە بەتایبەت دوای‌ ئەنجامی‌ هەڵبژاردنی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق کە بزوتنەوەی‌ گۆڕان نەیتوانی‌ تێیدا دەنگی‌ پێویست بەدەستبهێنێت.

هاوڵاتی بەھۆی داخستنی دەروازەی سێمالكا بەڕووی ڕۆژئاوای كوردستاندا لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، ھەر كیلۆیەك مادەی خۆراكی و سەوزە و میوە 500 تا هەزار لیرەی سوری زیادیكردووە، ئەوەش لەكاتێكدایە توركیاش دەروازەكانی بەڕووی ڕۆژئاوای كوردستاندا داخستووە و ناو بەناو بۆمبارانی شار و گوندەكانیشی دەكات. بەھۆی بەردەوامی داخستنی دەروازەی سێمالكای نێوان باشور و رۆژئاوای كوردستان، نرخی خۆراك و سەوزە و میوە و بەشێك لە كەلوپەلەكان بەرزبووەتەوە، ھەر كیلۆیەك مادەی خۆراكی و سەوزە و میوە 500 تا هەزار لیرەی سوری زیادیكردووە. هەر بەهۆی داخستنی ئەو دەروازەیەوە، نرخی شەكر جگە لەوەی زیادیكردووە ماوەی ھەفتەیەكە دەستناكەوێت و لە رێگەی دەروازەی مەنبەجەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان هاوردە دەكرێت، جگە لە ماددەخۆراكییەكان نرخی ئاسن و چیمەنتۆش لە رۆژئاڤای كوردستان بەرزبووەتەوە. دەروازەی سێمالكا لە ساڵی 2013ەوە لەنێوان باشور و رۆژئاوای كوردستان كراوەتەوە، بەڵام لە ناوەڕاستی مانگی 12ی ساڵی رابردووە بەهۆی ئاڵۆزی نێوان لایەنگرانی پەكەكە و هێزە ئەمنیەكانی پارتی لەدیوی پێشخابوور بەبڕیاری وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم داخرا. رۆژانە نزیكەی چوار هەزار كەس لەدەروازی سنووری سێمالكا، كە لەدیوی هەرێمی كوردستان دەروازی پێشخابووری پێدەوترێت هاتووچۆ دەكەن، هەندێكیان هاوڵاتیانن بۆ سەردان دەچنە رۆژئاوا یاخود بەپێچەوانەوە دێنە هەرێمی كوردستان، هەندێكیشیان هاوڵاتی وڵاتانی دیكەن و لەڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە دەچنە سوریا و رۆژئاوای كوردستان. بەشێك لەوانەی لەڕێگەی هەرێمەوە دەچنە سوریا ئەوانەن كە مافی مانەوەی وڵاتانی ئەوروپایان هەیە و لەڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە دەچنە ڕۆژئاوای كوردستان و سەر لەكەسوكاریان دەدەن. جیا لەوەش هاوكاری مرۆیی و سەربازی لەڕێگەی ئەو دەروازەیەوە دەچێتە رۆژئاوای كوردستان، بەتایبەت لەلایەن ئەمریكیەكانەوە، هەروەها ماددەی خۆراكی و پزیشكی لەهەرێمی كوردستانەوە دەچێتە ئەو بەشەی كوردستان، داخستنی ئەو دەروازەیە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هاوكاتە لەگەڵ گرتنەوەی ئاو و هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، كە بەهۆی هەردوو گەمارۆی توركیا و حكومەتی هەرێم خەڵكی رۆژئاوای كوردستان لەدۆخێكی سەختدا دەژین و خۆراك نرخی بەرزبووەتەوەو پێداویستی پزیشكیش كەمیكردووە.

هاوڵاتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش ئاشكرایكرد، هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق، سێ چەكداری داعشیان لە نزیك شاری هەولێر دەستگیركردووە. هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە تویتێكدا رایگەیاند: شەوی رابردوودژە تیرۆری عێراق، ئۆپەراسیۆنێكیان لە نزیك هەولێر ئەنجامداوە و سێ چەكداری سەر بە داعش دەستگیركراون. هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئەوەشی خستووەتەڕوو: ئەم ئۆپەراسیۆنانە، دڵنیایییە كە داعش ناتوانێت زیان بە خەڵكی عێراق بگەیەنێت. بەگوێرەی نوێترین ئامار، كە رۆژی 26-12-2021 وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرایكرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو 31-11-2021، واتە لەماوەی 11 مانگدا چەكدارانی داعش 229 كردەی تیرۆریستییان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە، لە ئەنجامدا 356 شەهید، 480 بریندار و 33 رفێندراو هەبوون

شاناز حەسەن  فەرمانگەی دادنوسی هەولێر بڕیاریدا بە ڕاگرتنی كاری ئەو هاوڵاتیانەی كە سەردانی فەرمانگەكە دەكەن و ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرنەگرتوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی كانوونی دووەمی 2022، فەرمانگەی دادنوسی هەولێر له‌ نوسراوێكدا بڕیاریداوه‌ وه‌ك یه‌كه‌مین فه‌رمانگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مامەڵەی ئەو هاوڵاتیانەی رابگرێت، كە ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرنەگرتوە هاوكات هەر فەرمانبەرێک لەهەر پلەو پۆستێک بێت ئەگەرتا 1-1-2022 ڤاکسینی  وەرنەگرتبێت، ناتوانێت پابەندبێت بەدەوامی  فەرمی.  بەپێی نوسراوەكە كە بڵاوكراوەتەوە، لەدوای 1-1-2022 هیچ هاوڵاتییەک ناتوانێت سەردانی فەرمانگەکان بکات بەمەبەستی رایکردنی مامەڵەکانیان بەبێ وەرگرتنی ڤاکسین و لە کاتی جێبەجێ نەکردنی  ئەو بڕیارە، سەرۆک و بەرپرسی فەرمانگە  روبەڕوی لێپێچینەوە دەبنه‌وه‌. ئەمەش لەكاتێكدایە بە پێی بڕیارێک کە لە وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە: "هەر فەرمانبەرێک لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت، ئەگەر تاوەکو 1-1-2022 ڤاکسینی وەرنەگرتبێت، ناتوانێت پابەندبێت بە دەوامی فەرمی"ە وە.  

  هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:"  سبەینێ لە کاتەکانى بەیانى زودا کاریگەریى بارستە هەوایەکى ساردى جەمسەرى درێژ دەبێتەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و باران لە سنوورى پارێزگاکان دەبارێت". بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، سبەینێ لە کاتەکانى بەیانى زوودا کاریگەریى بارستە هەوایەکى ساردى جەمسەرى درێژ دەبێتەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و باران لە سنوورى پارێزگاکان دەبارێت. لە دواى نیوەڕۆی سبەینێوە پلە بە پلە کاریگەریی ئەو شەپۆلە لاواز دەبێت و لە شەودا کۆتایى دێت، بەڵام پلەکانى گەرما هەر بە نزمى دەمێننەوە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ئاستى باران مامناوەند دەبێت، سەنتەرى پارێزگا ئەگەرى نمەبارانى هەیە و، کاتى دابارین لە کاتەکانى بەیانى زوو تا کاتەکانى پێش نیوەڕۆ".  هەروەها لەبارەی پارێزگای سلێمانیشەوە ئاماژە بەوە دراوە، لە سەنتەرى سلێمانى نمەباران دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکانى دەوروبەرى ئەو پارێزگایە بەفر دەبارێت. لە سنوورى پارێزگاى هەڵەبجەش باران و بەفر دەبارێت.  بەپێی زانیارییەکانی کەشناسی، نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراوی ئەمڕۆ لە حاجی ئۆمەران بووە کە 5 پلە ژێر سفر بووە. پلەی گەرمی لە سەنتەری پارێزگاکان بەمشێوەیە بوون: هەولێر سێ پلەی سیلیزی سلێمانی یەک پلەی سیلیزی دهۆک سێ پلەی سیلیزی هەڵەبجە چوار پلەی سیلیزی کەرکووک چوار پلەی سیلیزی

هاوڵاتی  یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند:" له‌ ساڵی 2021دا 74 زاناو مامۆستای ئایینی وه‌فاتیان كردوه‌". ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی كانوونی دووەمی 2022، یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، "له‌ ساڵی 2021دا 74 زاناو مامۆستای ئایینی وه‌فاتیان كردوه‌، ئه‌مه‌ش بۆ زانایانی ئایینی‌و خه‌ڵكی موسڵمان‌و یه‌كێتی زانایان كۆست‌و كه‌لێنێكی گه‌وره‌و له‌هه‌مان كات بۆ مه‌یدانی ئه‌هلی زانست‌و شه‌ریعه‌ت‌و خزمه‌تی مینبه‌رو میحراب‌و مزگه‌وت خه‌ساره‌تێكی مه‌زنه‌و پڕ كردنه‌وه‌ی شوێنیان ئه‌سته‌مه‌". یەكێتی زانایانی ئایینی ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، "به‌ ئامانجی به‌زیندو هێشتنه‌وه‌ی خزمه‌ت‌و دڵسۆزیه‌كانی ئه‌و زانا به‌رێزانه‌ی وه‌فاتیان كردوه‌، راگه‌یاندنی یه‌كێتی زانایان هه‌وڵی داوه‌و وێنه‌و ناو و به‌رواری وه‌فات‌و شوێنی نیشته‌جێ‌ بونیان تۆمار بكات‌و بڵاوی بكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌رشیف‌و لای خه‌مخۆرانی بواری زانست‌و شه‌ریعه‌ت پێگه‌و ناوبانگیان به‌ دره‌وشاوه‌یی له‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی مێژو بمێنێته‌وه‌و له‌ یاد نه‌كرێن". ئه‌و زانا‌و مامۆستا ئایینیانه‌ن كه‌ له‌ ماوه‌ی نێوان ساڵی 2021 واته‌ له‌ 1ی1ی2021 تا 31ی12ی2021 به‌هۆكاری جیا جیا كۆچی دواییان كردوه‌، له‌وانه‌ هه‌ندێكیان به‌هۆكاری چونه‌ نێو ته‌مه‌ن‌و به‌هۆی نه‌خۆشی درێژخایه‌نه‌وه‌ بوه‌، به‌ڵام به‌شی هه‌ره‌ زۆریان واته‌ 47 مامۆستای ئایینی به‌ هۆی نه‌خۆشی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ مردون.

هاوڵاتی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران  رایگەیاند:"  نامەیەکیان ئاڕاستەی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان کردووە و داوایانکردووە بڕیارێک دەربکات بەمەبەستی ئیدانەکردنی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران". ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی كانوونی دووەمی 2022، بەڕێوەبەرایەتی یاسایی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، دەبێت ئەو کەسانەی پلەی سەربازی، حکومی و دیپلۆماسییان هەیە پارێزبەندی نێودەوڵەتییان هەبێت، بەپێچەوانەوە کردنەئامانجیان ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە. ئەوەش هاتووە، داوا دەکەن نەتەوە یەکگرتوەکان کوژرانی قاسم سولەیمانی ئیدانە بکات و رێکاری پێویستیش بگرێتەبەر بۆ رێگریکردنی لە دووبارە بوونەوەی رووداوی هاوشێوە، تارانیش "هەموو هەوڵی خۆی دەخاتەگەڕ تاوەکو ئەم رووداوە وەک تاوانی نێودەوڵی و وەک کوشتنی بەرپرسانی حکومەت و دیپلۆماتکاران بە جیهان بناسێنێت". شه‌وی 3ی كانوونی دووه‌می 2020، له‌ هێرشێكی فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی ئه‌مریكی، قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەھدی موھەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا كوژران.

هاوڵاتی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" بۆ بەشداریکردن لەپشوەکانی سەری ساڵ و بەسەربردنی کاتێکی خۆش، لەهەفتەیەکدا زیاتر لە 147 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێم، لەو ژمارەیەش زۆرترین گەشتیار هاتوونەتە سنوری پارێزگای هەولێر. نادر رۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، "بۆ بەشداریکردن لە پێشوازی سەری ساڵی 2022 و گەشتکردن بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان و  بەسەر بردنی کاتێکی خۆش، لە ماوەی 7 رۆژ ، واتە لە 25 ی مانگ تاکو 31-12-2021 نزیکەی 147 هەزار گەشتیار هاتۆتە هەرێمی کوردستان". بەگوێرەی ئامارەکەی دەستەی گەشتوگوزار هاتنی گەشتیاران بۆ پارێزگاکانی هەرێم بەم شێوە بووە: هەولێر  76550 گەشتیار سلێمانی  31614 گەشتیار دهۆک  38734  گەشتیار کۆی گشتی :  146898 گەشتیار پێشووتر دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، مەزەندە دەکەن بۆ ئاهەنگی سەری ساڵ نزیکەی 300 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبێت.

  هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی نەوتی مانگی ڕابردوو (کانوونی یەکەمی)ی ئاشکراکرد "کە زیاترە لە حەوت ملیار دۆلار بووە".    لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمرۆ شەممە 1ی کانوونی دووەمی 2022 ڕایگەیاندووە، "لە مانگی 12ی 2021، 101 ملیۆن و 579 هەزار و 927 بەرمیل نەوت کە بەهاکەی حەوت ملیار و 37 ملیۆن دۆلار بووە هەناردەی دەرەوە کراوە".    ئاماژەی بەوەشکردووە، "سێ ملیۆن و 277 هەزار بەرمیل هەناردە کراوە و تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت لەو مانگەدا 72 دۆلار بووە".    ھاوکات، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکی لە بازارەکانی بۆرسەی جیهانیدا بە 75 دۆلار و 21 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت. ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز بڵاویكرده‌وه‌، ''بەهۆی دەرکەوتنی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن بەشێوەیەکی مەترسیدارتر لەوەی پێشبینی دەکرا، بەهای نەوت  لە 71 دۆلار و 52 سەنتەوە لە رۆژی دوشەممە 20ی کانونی یەکەم، ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتوەتەوە 77 دۆلار و 75سەنت". ئاماژەی بەوەشکردوە، "سەرەڕای دابەزینی نەوت لە یەکەم رۆژی ساڵی 2022دا ، بەڵام لە ساڵی 2021دا بەهای نەوت گەورەترین گەشەی ساڵانەی بەخۆیەوە بینی کە لە 2016ەوە هاشێوەی نەبووە".

  هاوڵاتی کەمێک لەمەوبەر لەلایەن فرۆکە جەنگەیەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆردومانی سنوری ناوچە شاخاویەکانی برادۆست دەکەن.   بەپێی سەرچاوەیەکی خۆجێی سنورەکە  فڕۆکەی جەنگیدەوڵەتی تورک، بۆردومانی چەند ناوچەیەکی سنوری شارەدێی سیدەکانی سەر بەشارۆچکەی سۆران لە پارێزگای هەولێر دەکات. بۆردومانە ماوەی نزیکەی نیو کاتژمێر دەبێت بەردەوامە و ناوچەکانی دەراوە، مغار، ‏بێشوار بۆردومان دەکەن لەسنوری برادۆست کە ناوچەی ئاوەدانین و نزیکن لە دانیشتوانی سنورەکە. ئەوەش دوای ئەوە دێت کە دوێنێ لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی زاگرۆس سوپای تورک بە هۆی زەبری قورسی گەریلاوە ناچار بە پاشەکشەکرا.

هاوڵاتی پەرلەمانی کوردستان ئاماری کار و چالاکییەکانی لە ساڵی 2021دا بڵاوکردەوە و رایگەیاند:" لە ساڵی 2021 دا پەرلەمان 32 دانیشتنی کردووە و 20 یاسای پەسندکردووە، کە 12یان پرۆژەیاسا، هەشتیان پێشنیازە یاسا بوون. لە ئامارەکەی پەرلەمانی کوردستاندا هاتووە "لە ماوەی ساڵی 2021دا 12 بڕیاری پەرلەمانی دەرچوون، هەروەها  هەشت فەرمانی سەرۆکایەتی دەرچوون، چوار راسپاردە ئاراستەی حکومەت کراون و لە دانیشتنەکانی پەرلەمان 12بابەتی گشتی خراونەتەڕوو و گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە له هەردوو وەرزی یاسادانانی ساڵی 2021دا. هەر بەپێی ئەو ئامارەی پەرلەمانی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە ساڵی 2021دا 33 وەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنەکانی پەرلەمان ئامادەبوون و وەڵامی پەرلەمانتارانیان داوەتەوە و 117جاریش سەرۆکی دەستە و بەڕێوەبەرە گشتییەکان ئامادەی کۆبوونەوەی لیژنەکان بوون، هەروەها لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان 380 کۆبوونەوەیان کردووە کە زۆرترین کۆبوونەوە لیژنەی کاروباری یاسایی کردوویەتی کە 66 کۆبوونەوە بووە و کەمترینیش لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کردوویەتی کە 6 کۆبوونەوە بووە. لە 3-1-2021 تاوەکو 22-12-2021 پەرلەمانی کوردستان 2 هەزار و 796 نووسراوی کردووە، 714 نووسراوی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بووە، وەڵامی 624 نووسراوی دراونەتەوە و 90 نووسراوی وەڵام نەدراونەتەوە.  پەرلەمانی کوردستان سێ هەزار و 109 نووسراوی ئاراستەی حکومەت کردووە و دوو هەزار و 610 نووسراویان وەڵامدراونەتەوە و 499 نووسراویان بێوەڵام ماونەتەوە.  هەروەها پەرلەمان پێنج نووسراوی ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سێ نووسراو بۆ ئەنجوومەنی دادوەری، 21 نووسراو بۆ دیوانی چاودێری دارایی، شەش نووسراو بۆ دەستەی دەستپاکی، سێ نووسراو بۆ دەستەی مافی مرۆڤ، دوو نووسراو بۆ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، یەک نووسراو بۆ سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، یەک نووسراو بۆ ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و گاز، دوو نووسراو بۆ سەندیکای پزیشکان، دوو نووسراو بۆ سەندیکای دەرمانسازان، یەک نووسراو بۆ سەندیکای پارێزەران و نووسراوێکیش بۆ رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی کراون.  هەروەها 242 نووسراو ئاراستەی نووسینگەکانی پەرلەمانی کوردستان و 151 نووسراویش ئاراستەی فراکسیۆنەکان کراون. لە بەرامبەردا سێ هەزار و 679 نووسراو ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کراون، کە سێ هەزار و 212 نووسراویان لە ناوخۆی پەرلەمان و 762 نووسراویش لە دەرەوەی پەرلەمان بوون.

  شاناز حەسەن لە ئەمشەودا لە پارێزگای هەولێر 57 منداڵ لەدایك بوون و لە پارێزگای سلێمانی 19منداڵ لەدایك بوون. پزیشكێكیش ئاماژە بەوە دەدات زۆربەی دایكان خۆیان ئەو شەوە هەڵدەبژێرن تا منداڵەكەیان لەو شەوەدا لەدایك ببن. شلێر حەمە عەلی، پزیشكی ژنان و منداڵبوون، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:" زۆربەی دایكان خۆیان بەمەبەست ئەو شەوە هەڵدەبژێرن بۆ لەدایك بونی منداڵەكانیان". ئەم پزیشكە وتیشی:" زۆر دایك كە دێتە لامان دەیەوێت منداڵەكەی بەروارێكی لەدایك بونی جوانی هەبێت بۆیە شەوی یەكی یەك دیاریدەكات". بەرێوبەرایەتی  گشتی تەندروستی هەولێر ئاماری لەدایکبووانی شەوی سەری ساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکەش لەشەوی سەری ساڵدا 43 منداڵ بە لەدایکبوونی ئاسایی و 14 منداڵیش بە نەشتەرگەری لەدایکبوون. ئەمڕۆ شەممە 1 کانونی دووەمی 2022، لە بڵاوکراوەیەکدا بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر  ئاماری لەدایکبووانی شەوی سەری ساڵ بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، 23 کوڕ و 20 کچ بە لەدایکبوونی ئاسایی و 7 کوڕ و 7 کچیش بە نەشتەرگەری لەدایکبوون. هەر بەپێی ئامارەکەی  تەندروستی هەولێر بۆ شەوی سەری ساڵ، کۆی گشتی منداڵانی لەدایکبوو بریتی بووە لە 57 منداڵ لەناوەندی شاری هەولێر. پێشووتر سیروان محەممەد، سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان لەبارەی ئامارەکانی منداڵبوون رایگەیاندبوو، "بەهۆی قەیرانی دارایی و ناسەقامگیریی بارودۆخی سیاسی، رێژەی منداڵبوون لە كوردستان رووی لە دابەزینە، ئەگەر بارودۆخەكەش درێژە بكێشێ، ئەو دابەزینە لە داهاتوودا كاریگەری لەسەر هاوسەنگیی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان دەبێ." هاوكات لەسلێمانی لە 24 کاتژمێری ڕابردوو 19منداڵ لەدایک بوون بە پی ئاماری نەخۆشخانەی منداڵبوون لە 24 سەعاتی ڕابردوو 73-سەردانی کردن هەبوو 32 -حاڵەت داغڵ کراوە 19منداڵ لەدایک بوون بەم شێوەی خوارەوە 12-ڕەگەزی نێر 7_ ڕەگەزی مێ 1- دووانە 13 حاڵەتیان بەسروشتی لەدایک بوون 6 حاڵەتیان بەنەشتەرگەری بوون.