مزگین ئایدن بە لاوێتی خرایە زیندانی توركیا و بە تەمەنی 49 ساڵی ئازاد كرا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەتەمەنی 19 ساڵیدا دەستگیركراو دوای 30 ساڵ و لەتەمەنی 49 ساڵیدا ئازادكرا، بەڵام زیندان خەونەكانی ئەوی بۆ ئازادی لەناو نەبردووە و هێشتا بەگڕو تینەوە داوای ئازادی بۆ كورد دەكات، لەكاتی ئازادبوونیدا دەیان كەس لەخزم و كەسوكارو چالاكوانانی ئامەد چوونە پێشوازی.

ئەو ناوی مزگین روناكەو نازناوی «ئایدن»ە، چالاكوان و نووسەرە، دوای ئەوەی 30 ساڵ لەتەمەنی خۆی لەبەندیخانەكانی  توركیا تێپەڕاند ئازاد بوو.

ئایدن خەڵكی ئامەدە، لەساڵی 1992و لەتەمەنی نۆزدە ساڵیدا  دەستبەسەركراو دوای 30 ساڵ ئازادكرا،  مزگین ئایدن لەڕۆژی ئازادبوونیدا، ساتەوەختە خۆشەكانی خۆی بەسرودی نەتەوەیی ئەی رەقیب  و بیرەوەریە مێژووییەكانی نەتەوەی كورد بیری خەڵكی كوردستان هێنایەوە.

ئەو دەڵێت سمكۆی شكاك و قازی محەمەدو دەیان شۆڕشگێڕی دیكە لەبەر خاتری نەتەوەی كورد گیانیان بەخت كردو گیان بەختكردنی لەڕێگای نەتەوەی كورد بەسەربەرزی ناوبرد.

ئایدن دەڵێت كیمیابارانی هەڵەبجەو بینینی وێنەكانی ئەو جینۆسایدە كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر ئەوەی بڕیاربدات بۆ ئازادی كوردستان تێبكۆشێت.

رایگەیاند: دوای ئەوەی دیمەنەكانی كیمیابارانی هەڵەبجەم بینی زیاتر لەبارەیەوە هەوڵمدا بخوێنمەوەو زانیاری وەربگرم، بۆیە بڕیارمدا بۆ ئازادی گەلەكەم زیاتر تێبكۆشم، بۆیە بەلامەوە گرنگ نەبوو كە كەوتمە زیندان چونكە مرۆڤی ئازاد لەزیندانەكاندایە.

بەوتەی ئایدن ئەو لەزیندان تەنیا جەستەی زیندانیكراوبوو، ئەگەرنا ئاگرێك لەناخیدا هەبووەو بەو تینەوە توانیویەتی 30 ساڵی زیندان تێپەڕێنێت.

ئایدن لەلایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەتی توركیاوە لەئامەد  بەتۆمەتی «ئەندامبوون لەڕێكخستندا سزای ٣٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراو 12ی ئەم مانگە لەگرتووخانەی داخراوی ژنان لەگەبزەی ئامەد ئازاد كرا، لەماوەی مانەوەیدا لەزیندان كاری ئەدەبی و كولتووری كردووەو دەیان وتارو شەش كتێبێكی بڵاوكردووەتەوە.

ئایدن لەكاتی ئازادكردنیدا وتی: تا ئەوكاتەی یەك كەس لەهاوڕێیانم لەزیندان بێت ئازادی بەدەست نایەت و هیوام ئەوەیە  هەموو زیندانییەكانی كورد ئازاد بكرێن.

مزگین دووەم ژنی زیندانییە، كە دوای 30ساڵ لەباكووری كوردستان ئازاد دەكرێت و لەماوەی زیندانیشیدا بەشداری زۆرێك لەچالاكییەكانی مانگرتن لەخواردن كردووەو تووشی چەندین كێشەی تەندروستی بووەتەوە و لەئێستاشدا چارەسەری شێرپەنجەی مەمك وەردەگرێت، جگە لەوە تووشی نەخۆشی گورچیلەش بووە.

رۆزا مەتینا هاوڕێی مزگینە، دەڵێت لەوكاتەی لەزیندان بووە خزمەتێكی زۆری بەزمانی كوردی كردووەو زیندانییەكانی فێری زمانی كوردی كردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار