نهێنی پشت ناساندنی حزبوڵا و حوسییەکان بە تیرۆریست لەلایەن عێراقەوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەو هەنگاوە هەڵەی رێنووسیی و زمان بوو یان شتێکی دیکە بوو؟
تەڵەیەک بۆ بەرپرسێکی گەورە نراوەتەوە و گومان دەکرێت بکرێتە قوربانی
ئامادەکردنی هاوڵاتی
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو وەزارەتی دادی عێراق بە بڵاوکردەوەی راگەیەندراوێک لە رۆژنامەی وەقائعی عێراق کە مێژووی دەرکردنی بۆ مانگی رابردوو دەگەڕێتەوە، گڕی لە شەقامی سیاسی وڵاتەکە بەردا کە تێیدا حزبوڵای لوبنانی و حوسییەکانی یەمەن خرانە لیستی تیرۆرەوە و بڕیاردرا دەست بەسەر سەروەرت و سامانیاندا بگیرێت.
زۆری نەبرد حکومەتی عێراق هاتە دەنگ و رایگەیاند، ئەو راگەیاندراوە هەڵەیە و پێش بڵاوکردنەوە پاکنووسی تێدا نەکراوە.
بەڵام، زۆربەی سیاسییەکانی عێراق ئەم هەنگاوە بە هەڵەی زمانەوانی لێکنادەنەوە و دەڵێن نهێنییەکی دیکەی لە پشتە کە پەیوەندی بە دۆخی سیاسیی وڵاتەکەوە هەیە.
محەممەد شیاع سودانی هەرزوو بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە و لە راگەیاندراوێکدا گوتی، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە بۆ بە بەرپرسیار دانانی ئەو کەسانەی "هەڵەکەیان" کردووە.
پێگەی زە ناشناڵی ئیماراتی لە زاری چەند سیاسییەکی عێراقەوە بڵاویکردەوە کە گروپەکانی سەر بە ئێران فشارێکی زۆریان لە بەغدا کردووە بۆ ئەوەی حزبوڵا و حوسییەکان لە لیستەکەدا لاببات.
یەکێک لە سیاسییەکان دەڵێت، ئێستا حکومەت لەژێر تووڕەییەکی زۆری چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکاندایە بەهۆی ئەو نووسراوەوە و چوارچێوەی هەماهەنگی پێیوایە بە ناساندنی حزبوڵا و حوسییەکان لەلایەن بەغداوە هەنگاوێکە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل.
هەرچەندە پێشتر سودانی بە پشتگیری چوارچێوەی هەماهەنگی بووە سەرۆکوەزیران، بەڵام لەدوای هەڵبژاردنی ئەمساڵ پەیوەنییەکانی هەردوولا گرژی تێکەوتووە، بۆیە سودانی بە لیستێكی جیا بەشداری هەڵبژاردنی کرد.
چەند رۆژێک لەمەوبەر گوتەبێژی دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی هەموو شتێکی ئاشکرا کرد و گوتی، سودانی لە گروپی وەتسئەپی چوارچێوەی هەماهەنگی دەرکراوە و خولی دووەم نابینێتەوە، بەو مانەیەی چوارجێوەی هەماهەنگی ناهێڵێت ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران.
چەند بەرپرسێکی عێراق بە پێگەی زە ناشناڵیان راگەیاندووە، ئەوان بڕوایانوایە نووسراوی بە تیرۆریست ناساندنی حزبوڵا و حوسییەکان بە ئەنقەست نووسراوە بۆ ئەوەی پێگەی سودانی لاواز بکەن تا نەتوانێت ببێتەوە سەرۆکوەزیران و پەیوەندییەکانی لەگەڵ گروپەکانی سەر بە ئێران تێکبچێت.
یەکێک لە بەرپرسەکان دەڵێت، ئەو هەنگاوە بۆ ئەوە بوو تا زامنی ئەوە بکرێت سودانی نەتوانێت بۆ خولی دووەم ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران.
ئەو نووسراوەی باسی حزبوڵا و حوسییەکانی تێدایە بووەتە جێی باس لە ناوخۆی وڵاتەکە و هەرای ناوەتەوە. مستەفا سەنەد، پەرلەمانتارێکی عێراقی کە نزیکە لە ئێرانەوە، لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبووک نوسیوویەتی: عێراق هەڵوێستێکی شەرمەزارانەی گرتووەتەبەر کە هیچ وڵاتێکی دیکەی عەرەبی ئەوەی نەکردووە، شەرمەزار بن.
هەرچەندە بەغدا گوتی، کارەکە هەڵە بووە و لیستێکی نوێ بڵاودەکرێتەوە کە ئەو دوو گروپەی تێدا نەبێت، بەڵام بەرپرسێکی عێراقی دەڵێت، نووسراوەکە چونکە لە وەزارەتی دادەوە دەرچووە هێشتا هێزی یاسایی خۆی هەیە چونکە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق قەوارەی یاسایی و زمانحاڵی فەرمی حکومەتە.
هۆشیار زێباری، وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق پێیوایە، پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە حکومەت لەژێر دەستی گروپەکانی سەر بە ئێرانە. هحشیار زێباری پشتگیری لە بڕیارەکە دەکات و دەڵێت: لیژنەکە کاری پیشەیی خۆیان کردووە بۆ ناساندن و دەستبەسەرداگرتنی سامانی گروپە تیرۆریستییەکان.
