نێچیرڤان بارزانی: ڕێگەی سەربازی كێشەكانی سوریا چارەسەر ناكات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "کێشەی سووریا بە رێگەى سەربازى چارەسەر ناکرێت، دەبێت لە رێگەى سیاسى و دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 18-04-2021 پێشوازیی لە دەیڤید براونشتاین، جێگرى نێردەى تایبەتى ئەمەریکا بۆ سووریا و رۆب واڵەر، کۆنسوڵى گشتیى ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستان کرد.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاند، براونشتاین جەختى لەوە کردووەتەوە کە "داعش لە سووریا هێشتا مەترسییەکی راستەقینەیە و ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هاوکاری و پشتیوانیی هێز و لایەنە هاوپەیمانەکانیان دەکەن لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر".

لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێک باسکراون وەکو، دوایین پێشهاتەکانى دۆخى سووریا بەگشتى و ئەرکى ئەمەریکا و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى داعش، ئامادەیی هێزە نێودەوڵەتییەکان، دۆخى باکوور و رۆژهەڵاتى سووریا، گرنگیى سەقامگیرى، گفتوگۆى لایەنە کوردییەکان و پرسى کورد لەو وڵاتە تاوتوێکراوە.

دەقی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان

پێشنوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/4/18 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز دەیڤید براونشتاین، جێگرى نێردەى تایبەتى ئەمەریکا بۆ سووریا کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەڕێز کونسولى گشتیى ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستان ئامادەى بوو، دوایین پێشهاتەکانى دۆخى سووریا بەگشتى و ئەرکى ئەمەریکا و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى داعش، ئامادەییى هێزە نێودەوڵەتییەکان، دۆخى باکوور و ڕۆژهەڵاتى سووریا، گرنگیى سەقامگیرى، گفتوگۆى لایەنە کوردییەکان و پرسى کورد لەو وڵاتە تاوتوێ کرا.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە چارەسەریى دۆخى ئاڵۆزى سووریا بە شەو ڕۆژێک ناکرێت و رێگەى سەربازى چارەسەر نییە، دەبێ کێشەى سووریا لە رێگەى سیاسى و دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت. دەربارەى پرسى کوردیش لەو وڵاته بەڕێزیان روونیکردەوە کە پرسى کورد دەبێ لە چوارچێوەى سووریادا چارەسەر بکرێت.

دەربارەى ئەرکى ئەمەریکا و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیش، بەڕێز براونشتاین جەختى لەوە کردەوە کە هێشتا داعش لە سووریا مەترسییەکى راستەقینەیە و بۆ ئەوەش ئەمەریکا و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لە هاوکارى و پشتیوانیکردنى هێز و لایەنە هاوپەیمانەکانى لە سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر بەردەوام دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار