لە 35 وڵاتی جیهانەوە 150 میوانی بیانی بەشدارن‌و 143 فیلم نمایش دەكرێت

سكاڵای یاسایی نەیتوانی كارەكانی خولی پێنجەمی ڤیستیڤاڵی فیلم لەسلێمانی رابگرێت

5 مانگ لەمەوپێش



مەزهەر كەریم

فۆتۆ: ناسح عەلی خەیات

خولی پێنجەمی ڤیستیڤاڵی فیلم لەسلێمانی لە 35 وڵاتی جیهانەوە 150 میوانی بیانی بەشدارن و 143 فیلم نمایش دەكرێت، لەلایەن كۆمانیای مەستی فیلم سكاڵای یاسایی لەسەر بەڕێوەچوونی ڤیستیڤاڵەكە تۆمار كرا بەهۆی بەكارهێنانی لۆگۆوە، بەڵام سكاڵاكە نەیتوانی كارەكانی ڤیستیڤاڵەكە رابگرێت.

رۆژی 17ی كانونی یەكەمی 2021، خولی پێنجەمی ڤیستیڤاڵی فیلم لەسلێمانی دەستی پێكردووەو بڕیارە تا 23ی مانگ بەردەوام بێت.

شەهێن سابیر بەڕێوەبەری راگەیاندنی خولی پێنجەمی ڤیستیڤاڵ لەسلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە ماوەی هەشت مانگە بەچڕی كاردەكەن بۆ ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵ، رۆژی دەسپێك بەفەرشی سور دەستی پێكردو پاشان بەچالاكیو موزیك.

ناوبراو باسی لەوەشكرد كە لەئێستادا فیلمی ئۆپنین دەستی پێكردوەو رۆژانی 18 تا 22ی مانگ لەكاتژمێر سێ تا یەكی شەو فیلمەكان نمایش دەكرێن كە 143 فیلمیان هەیە لە 35 وڵاتی جیهانەوە 150 میوانی بیانی بەشدارن تێیدا، رۆژی 23ی مانگ كۆتا رۆژی ڤیستیڤاڵ دەبێت و براوەی فیلمەكان خەڵات وەردەگرن.

هەروەها بەڕێوەبەری راگەیاندنی خولی پێنجەمی ڤیستیڤاڵ لەسلێمانی لەبارەی ئەوەی ئەو داهاتەی بۆیان تەرخانكراوە چەندەو چەندەیان پێویست بووە، وتی:»وەزارەتی رۆشنبیری بڕی 97 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كردووین، بەڵام لەدوای ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵ ئاشكرای دەكەین تێچووەكەی گەیشتووەتە چەند».

وتەبێژی راگەیاندنی وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت بۆ 13 ڤیستیڤاڵ پارە خەرج دەكەن كەحەوتیان لەسنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕینەو شەشیان لە سنوری پارێزگای هەولێرو دهۆك دەبێت.

نامیق هەورامی وتەبێژی راگەیاندنی وەزارەتی ڕۆشنبیری لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئێمە گلەیمان لەهیچ دەستەو تاقمێك نیە ڤیستیڤاڵ ساز دەكات، بەڵام وەزارەتی رۆشنبیری تەنیا پارە بۆ ئەو سیانزە ڤیستیڤاڵە تەرخان دەكات كەخۆی دایناوە، كە حەوتیان دەكەوێتە سنوری ئەودیوی دێگەڵەوەو شەشیان دەكەوێتە پارێزگای هەولێرو دهۆكەوە».

هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە» ڤیستیڤاڵی فیلم لەسلێمانی پەیوەندی بەوەزارەتی رۆشنبیرییەوە نەبووەو لەگەڵ ئەوەشدا نەوەتو حەوت ملیۆن دینارمان وەك هاوكاری بۆ تەرخان كردووە كە هێشتا مامەڵەی یاسایی ماوە تا ئەو بڕە پارەیە وەربگرن».

وتەبێژی راگەیاندنی وەزارەتی رۆشنبیری، ئەوەشی خستەڕوو لەچەندڕۆژی داهاتوودا ڤیستیڤاڵی ئەدەب ئەنجامدەدەن لەشاری سلێمانی بەمەبەستی هاندانو پاراستنی ئەو شوناسەیە كە یونسكۆ داویەتیە شاری سلێمانی.

بەڕێوەبەری كۆمپانیای مەستی فیلم سكاڵا لەسەر ئەو كەسانەی خولی پێنجەمی ڤیستیڤاڵی سلێمانی بۆ فیلم بەڕێوەدەبەن تۆمار دەكات.

فواد جەلال سەرپەرشتیاری كۆمپانیای مەستی فیلم لەشاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «ئەو كەسانەی ناو لۆگۆی ئێمەیان بۆ خولی پێنجەمی ڤیستیڤاڵ بەكارهێناوە لەگەڵ خۆمان كاریان كردووە چەند جارێك داوامان لێكردوون كە ناوو لۆگۆی ئێمە بەكارمەهێنن، دواجار دادگامان ئاگادار كردووەتەوە رۆژێك پێش ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵ بڕیاریانداوە دەست بگرن بەسەر كەلوپەلەكانی ڤیستیڤاڵدا كارەكانی رابگیرێت، بەڵام دواجار دەستی حزب هاتە ناو بابەتەكەوەو ڤیستیڤاڵ ئەنجامدرا كارەكانی دادگا راگیرا».

 سەرپەرشتیاری مەستی فیلم ئاماژەی بەوەشكرد كە كێشەیان لەگەڵ ئەو كەسانەدا نیە ڤیستیڤاڵ ئەنجامدەدەن یان نا، بەڵام لەساڵی 2016وە مۆڵەتی ڤیستیڤاڵیان وەرگرتووە، لەساڵی 2020 مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هێماكانی كوردستانو وەزارەتی رۆشنبیری و  وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی حكومەتی هەرێم لۆگۆو ناوی پێداون، وتیشی:» پاشان رەوانەی بەغداو وڵاتانی جیهان كراوە كە ئەو لۆگۆو ناوە تایبەتە بەخۆمان و شەهادەی ناوخۆییو نێودەوڵەتیمان هەیە، بەو هۆیەوە كۆمپانیاكەمان زیانێكی ماددی قورسی بەركەوتووە،  كە بە 750 ملیۆن دینار دەخەمڵێنرێت كە بەناوی ئێمەوە لەخولی پێنجەمی ڤیستیڤاڵی فیلم لەسلێمانی وەرگیراوە».

لەبەرانبەردا، شەهێن سابیر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی خولی پێنجەمی ڤیستیڤاڵی فیلم لەسلێمانی ئەوەی باسكرد كە لەئێستادا ئەو كەیسە لەدادگایە، وتیشی:»رۆژێك پێش وادەی ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵ بڕیاری دادگامان بەدەست گەیشتوە كەتێیدا هاتووە دەبێت دەست بەسەر كەلوپەلەكانی ڤیستیڤاڵدا بگیرێت، بەڵام ئەوە بابەتێكی یاساییەو پێویستە ئەم بابەتە یەكلایی بكرێتەوە كەكێ‌ مافی چی هەیەو كێ‌ مافی چی نیە، هەر ئەوەندە بەسە».

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار