فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق پشتیوانی پڕۆژەیاسایی بودجەی فیدڕاڵی دەکەن

یەک ساڵ لەمەوپێش



بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023 کە 197 ترلیۆن و 828 ملیار دینارە ، پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەکەدا 24 ترلیۆن و 926 ملیار دینار و 328 ملیۆن دینارە، فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێن، دەنگی پێدەدەن.
 
 فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، هۆکارێکی سەرەکی پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەو جۆرەی کە هەیە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستان تێیدا حیزبەکەیان بووە. فراکسیۆنی یەکێتیش دەڵێت، ئەوان پشتیوانی پڕۆژەیاساکە دەکەن. پەرلەمانتارێکی یەکگرتووش باس لەوە دەکات کە پشتیوانی دەرچوونی پڕۆژەیاساکە دەکەن و کۆمەڵی دادگەرییش پێیوایە رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت لە بەرژەوەندی هاونیشتمانیاندا دەبێت.
 
 بڕیار رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەممە18ی3 به تۆڕی میدیایی رووداوی وتوە: "لەکاتی گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە کە رێککەوتنی لەسەرکراوە و نێردراوە بۆ پەسندکردن، لە پەرلەمانی عێراقدا دەستکاری رێژەی بودجەی هەرێمی کوردستان ناکرێت و وەکو ئەوەی دیاریکراوە پەسند دەکرێت".
 
لە بودجەی تەرخانکراوی عێراقدا بەهای بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە، بەڵام ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوت زیاترە لە 70 دۆلار. ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "لەو پارەیەی لە نرخی خەمڵێندراوی نەوت دەمێنێتەوە بۆ هیچ خەرج ناکرێت، بەڵکو دەخرێتە سەر داهاتی یەدەگی عێراق، کە بە پارە و زێڕەوە گەیشتووەتە 100 ملیار دۆلار".
 
"هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەم بارەیەوە وتی"بۆ تەرخانکردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان، پێشوەختە رێککەوتنی سیاسی کراوە. لە بەرامبەر پێدانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، دەبێت هەرێمی کوردستانیش بۆ دەربازبوون لە رێکارەکانی دادگەی فیدراڵیی عێراق پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات. بەپێچەوانە، هیچ بڕە بودجەیەک بۆ هەرێمی کوردستان نانێردرێت".
 
سەبارەت بە پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان، هەرێم کەمال ئاغا دەڵێت، دەبێت داهاتی نەوت و نانەوتی هەرێمی کوردستان لەژێر چاودێریی حکومەتی عێراق و دیوانی چاودێریی دارایی عێراقدا بێت؛ وتیشی: "بە گوێرەی دەستوور، داهاتی خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان داهاتی فیدراڵین و دەگەڕێنەوە گەنجینەی گشتی عێراق".
 
داهاتی نەوتیی هەرێمی کوردستان لە هەژمارێکدا دەبێت لەژێر چاودێریی حکومەتی عێراقدا. بە وتەی هەرێم کەمال ئاغا، بە گوێرەی رێكکەوتنەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە پێکهێنەرانی حکومەتی عێراقن بە بەشداری پارتی و یەکێتیش، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە راوێژ لەگەڵ حکومەتی عێراق دەتوانێت سوود لەو پارەیە وەربگرێت کە لە هەژمارە بانکییەکەدا دەبێت.
هەروەها شوان محەممەد، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان وتوێتی ، "داهاتی نەوتی لەو هەژمارە بانکییەدا بە راوێژی هەردوو حکومەت مامەڵەی پێوەدەکرێت".
 
لەبارەی داهاتی خاڵە سنووری و فڕۆکەخانەکانیش پەرلەمانتارەکەی پارتی وتی: "بە چاودێریی چاودێریی دارایی عێراق 50%ـی داهاتەکان بۆ گەنجینەی عێراق و 50%ـەکەی دیکەشی بۆ گەنجینەی هەرێمی کورستان دەبێت".
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، باس لە گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ و سبەی یەکشەممەدا نەکراوە.
 
لەبارەی بۆچونی فراکسیۆنەکان لەبارەی پڕۆژەیاساکە، شوان محەممەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: "ئێمە لە پەرلەماندا دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجە دەدەین و پشتیوانی دەکەین. پارتی کارەکتەری سەرەکی پەسەندکردنی بودجە بووە و لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت و لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش بە دەنگ و پشتیوانی پارتی پڕۆژەیاسای بودجە پەسند کراوە".
 
هەروەها هەرێم کەمال ئاغا وتی: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەموو پشتیوانییەکی پڕۆژەیاساکە دەکات لەپێناو بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بۆ گەیشتنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان".
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، ئامانجی ئەوان زامنکردنی مووچەی هاونیشتمانیانە؛ وتیشی: "نامانەوێت چی دیکە مووچە و قووتی خەڵک ببێتە قوربانیی رکابەری و ناکۆکیی سیاسیی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان".
 
دارا سێکانیانی، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەم بارەوە ڕایگەیاند، خەڵکێکی زۆری عەرەبی پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە هەرێمی کوردستاندا دەژین؛ خزمەتگوزارییان دەوێت و دەبوو رەچاوی ئەوەش بکرایە لە دیاریکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستاندا. 
 
ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەڵێت: "ئەگەر رێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت ئەوانیش پشتیوانی دەکەن و پێیانوایە لەبەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستاندایە"

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار