شێروان شێروانی و گوهدار زێباری دوای سێ مانگی تر ئازاد دەكرێن

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی- دهۆك

لەتشرینی یەكەمی 2020 شێروان شێروانی و چوار رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان دەستگیركران و لە16ی شوباتی 2021دا بەدەنگی زۆرینەی دادوەرانی دادگای تاوانەكانی هەولێر بە «سیخوڕكردن بۆ وڵاتان و هەوڵدان بۆ كودەتا» تۆمەتباركران و بەشەش ساڵ زیندانی حوكمدران.

لە16ی ئاداری 2023 سیان لەو حوكمدراوانەی بادینان ئازادكران، ئەوەش دوای تەواوكردنی سزاكەیان بەپێی مەرسومێكی سەرۆكی هەرێم، بەڵام هەریەكە لەشێروان شێروانی و گۆهدار زێباری هێشتا لەزیندانن و كەیسی تریان بۆ كراوەتەوە.

دوو دۆسیەی «تەزویرو هەڕەشە»  لەدژی رۆژنامەنوس شێروان شێروانی كراونەتەوە لەناوەڕاستی مانگی نیسان رەوانەی دادگای لێكوڵینەوەی دەشتی هەولێر لەكەسنەزان كران بۆ وەرگرتنی وتە، بەڵام ئامادەنەبوو بەبێ ئامادەبوونی پارێزەران قسە بكات.

دۆسیەی دووەم، تۆمەتی هەڕەشەكردنە لەئەفسەرێكی دادگا، تۆمەتی هەڕەشەكردنەكە لەئەفسەرێكی زێرەڤانی لەناو چاكسازی گەورانی هەولێر پەڕاوێكی لێكۆڵینەوەیان لەبنكەی پولیسی كەسنەزان بەپێی ماددەی 229 لەیاسای سزادانی عێراق بۆ كردووەتەوە.

بەشدار حەسەن، پارێزەری كەیسی حوكمدراوانی بادینان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» تائەمڕۆ هیچ پێشهاتێكی تازە لەسەر كەیسی شێروان شێروانی و گۆهدار زێباری نیە، تەنها ئەوەیە لەناوەڕاستی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ هەردووكیان حوكمەكەیان تەواو دەبێت و ئازاد دەبن «.

بەشدار حەسەن وتیشی» ئەوەی گۆهدار زێباری دۆسیەكی نویێ بۆ كراوتەوە، ئەویش لەسەر لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی كەحوكمەكەی سێ مانگە، مانگی نۆ تەواو دەبێت و ئازاددەكرێت، شێروان شێروانیش بەهەمان شێوە ئازاد دەبێت».

دۆسیەی رۆژنامەنووسانی بادینان، یەكێك بوو لەو دۆسییانەی كە لەناوەندە جیهانییەكان دەنگدانەوەی هەبووەو زۆرینەی نوێنەری وڵاتان داوای ئازادكردنیان گەیاندە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بەڵام پاش بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ كەمكردنەوەی سزاكانیان بەشێك لەئومێد بۆ ئەو زیندانیانە گەڕایەوەو بەشێكیان ئازاد كران.

بێجگە لەوڵاتانی نێودەوڵەتی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لەڕۆژنامەنوسان و سەرجەم رۆژنامەنوسان و میدیاكاران لەهەرێمی كوردستاندا داوای ئازادكردنیان بۆ رۆژنامەنوسانی بادینان دەكرد.

زێدان برای گوهدار زێباری لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» تائێستا هیچ شتێك نیە كەببێتە رێگر لەبەرامبەر ئازادكردنی، چونكە دەبوایە لە 16ی ئازاری ئەمساڵ ئازادبكرایە، بەڵام بەداخەوە لەسەر لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی حەوت مانگی تر ماوەكەی زیادكرا».

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد كە لەدوای ئەو سزایەی بەناهەق كە بەسەر گوهدار سەپێندرا، بڕیارەكە چووە تەممیز، دوای گەڕانەوەی ماوەكە بۆ پێنج مانگ كەمكرایەوە، دەبوایە هەر ئەو بڕیارە هەڵبوەشایەتەوە، چونكە تائێستا لەعێراق و كوردستان بەو تۆمەتەی كەئاراستەی گوهدار كرابوو كەئەویش لۆگۆی ئوتومبێل بوو كەس بەیەك رۆژیش سزانەدراوە، چونكە سزاكەی تەنیا بەغرامە دەكرێت.

«دۆخیان لەزینداندا  باش نیەو شەڕی دەروونییان لەگەڵدا دەكرێت لەناو چاكسازی گەورانی هەولێر، هەر لەناو ئەو چاكسازییەش رێگری دەكەن كە گوهدارو شێروان یەكدی ببینن، هەتا لەكاتی چوونە دەرەوە بۆ ناو گوڕەپانی چاكسازی لەوێش یەكتر نابینن»زێدان برای گۆهدار زێباری وای وت.

بەپێی وتەی پارێزەرەكەیان، شێروان شێروانی لەمانگی ئەیلول و گوهداریش لە 16ی ئاب ئازاددەكرێن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار