هەرێم دوای نەوت، هەڵبژاردنیشی ڕادەستی بەغدا كرد

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی نادەستوریبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان چەندین گۆڕانكاری ڕاگرت .

بڕیارێكی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی نادەستوریی بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، كۆتایی بە 15 مانگ مشتومڕو ناكۆكی پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان هێنا، بەبێ ئەوەی پەرلەمانی ماوەدرێژكراوە بتوانێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كارا بكاتەوە‌و یاسای هەڵبژاردن هەموار بكات.

دوای زیاتر لە پێنج مانگ دانیشتنی دادبینی‌و دواخستن، دواجار 30-5-2023 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایانە راگەیاند كە لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرابوون.

دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندەوە، بەمەش هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون، هەڵوەشایەوە، بەڵام ئەم بڕیارە هێشتا ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی كۆتایی پێناهێنێت و بەشێكی بڕیارەكە لەبەرژەوەندی پارتییە و بەشێكیشی لەبەرژەوەندی یەكێتی.

سكاڵاكارەكانی كەیسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەبەردەم دادگای فیدراڵی بریتی بوون لە هەریەكە لە (یوسف محەمەد) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان‌، (شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌، سروە عەبدولواحید سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق‌و (كاوە عەبدولقادر) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان.

یەكەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەم كەیسە لە رۆژی 18ی كانونی یەكەمی 2022 بەڕێوەچوو، تێیدا دادگای فیدراڵی هەموو سكاڵاكانی یەكخست، واتا زیاتر لە پێنج مانگ ئەم كەیسە لەبەردەم دادگادا بوو‌.

بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، هەموو ئەو یاسا‌و بڕیارانە دەگرێتەوە كە لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون.

رۆژی (6ی تشرینی دووەمی 2022) تەمەنی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات، واتا لەدوای ئەم رێكەوتەوە هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی كە لە پەرلەمانەوە دەرچوون، بە پوچەڵ ئەژماردەكرێن، كە دیارترینیان ئەمانەن:

یەكەم: یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2022 یاسای پەروەردەو فێركردن لە هەرێمی كوردستان-عێراق

دووەم: یاسای ژمارە (14)ی ساڵی 2022 یاسای ڕێكخستنی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵی‌و بێلانەكان

سێیەم: یاسای ژمارە (15)ی ساڵی 2022 یاسای بەركاركردن‌و هەمواری پیادەكردنی یاسای واژۆی ئەلیكترۆنی‌و مامەڵە ئەلیكترۆنییەكان ژمارە (78)ی ساڵی 2012 لە هەرێمی كوردستان-عێراق.

چوارەم: یاسای ژمارە (16)ی ساڵی 2022 یاسای هەمواری پیادەكردنی یاسای بەڕێوەبردنی ئەوقافی عێراقی ژمارە (64)ی ساڵی 1966ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان-عێراق

پێنجەم: یاسای ژمارە (17)ی ساڵی 2022 یاسای هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (14)ی ساڵی 2008

شەشەم: بڕیاری ژمارە (10)ی تایبەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی لە هەرێمی كوردستان سەرباری هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی لەماوەی درێژكراوەی تەمەنی پەرلەمان دەرچوون، هەموو ئەو دەستلەكاركێشانەوە‌و سوێندخواردنانەی پەرلەمانتارانیش بە هەڵوەشاوە هەژماردەكرێت كە لەماوەی درێژكراوەی تەمەنی پەرلەماندا كراون.

رۆژی 22-5-2023 پارتی دیموكراتی كوردستان بەبێ رەزامەندی یەكێتیی نیشتمانی‌و لایەنەكانی تر، درێژەی بە كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا، تێیدا زۆرینەی بەكارهێناو كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستانی كاراكردەوە، ئەم بڕیارە لەلایەن وەزارەتی دادەوە لە رۆژنامەی "وەقایع"ی كوردستان بڵاوكرایەوە.

پەلەكردنی پارتی بۆ ئەوە بوو، پێش بڕیاری دادگای فیدراڵی بكەوێت‌و كۆمسیۆن كارا بكاتەوە، بەڵام بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی، كۆبونەوەی 22ی ئەم مانگەی پەرلەمانی كوردستان بە هەڵوەشاوە هەژمار دەكرێت، واتا دادگای فیدراڵی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی هەڵوەشاندەوە، چونكە دادگا لە حوكمەكەیدا دەڵێت هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون، پوچەڵن.

ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانی شكایەوە، چونكە یەكێتیی دژی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان بوو، سەرۆكی پەرلەمان رێواز فایەق كە سەربە یەكێتییە، دانیشتنەكەی 22ی مانگی هەڵگرت، بەڵام هێمن هەورامی جێگری كە سەربە پارتییە، درێژەی بە دانیشتنەكەدا، ئەمە ناكۆكییەكی تری لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی دروستكرد.

بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی گورزێكیش بوو كە بەر ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان كەوت وەكو دەسەڵاتی سێیەم لەئاستی هەرێم، چونكە ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم سەرباری دژایەتی سەرۆكی پەرلەمان، نوسراوی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی جێبەجێكردو لەسەر ئەو بنەمایە سوێندخواردنی دوو ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی پەسەند كرد، بۆ پەسەندكردنی بڕیارەكەی هێمن هەورامی، ئەنجومەنی دادوەریی تەنانەت نیسابی یاسایی خۆشی شكاند.

ئێستا كە ئیتر دادگای فیدراڵی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندوەتەوە بە كۆبونەوەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیشەوە، سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان رادەستی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكرێت، ئەوەش لەكاتێكدایە بەر لەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی خۆی دەربكات، یەكێتیی بەپێی رێككەوتنێك كە لەگەڵ پارتی كردبووی، داوای دەكرد كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان‌و هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێكەوە لە یەك رۆژدا لە پەرلەمان ئەنجام بدرێن.

پارتی‌و یەكێتیی لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان بە هەمان پێكهاتەی خۆیەوە رێككەوتن، بەڵام لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن بەدیاریكراویش لەسەر بابەتی چۆنیەتی دابەشكردنی (11) كورسییەكەی "كۆتا"ی پێكهاتەكان ناكۆك بوون، ئەم ناكۆكییەش درێژەی كێشا تا ئەوكاتەی دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە.

بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، یەكێتی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبەرژەوەندی خۆی دەبینێت، هەرچەندە هیچ بەرپرسێكیان ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە لێدوان بدەن. بەڵام پێشتر لوقمان وەردی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:"هیچ دەنگدانێك نەبووە لەپەرلەماندا جگە لەوەی شەڕكراوە، دوو كەسیان بە ناشەرعی بردووەتە بەردەم ئەنجومەنی دادوەری، ئەو ئەنجومەنە خۆی ئەگەر سەروەری یاسا هەبێت دەبێت دادگایی بكرێن ".

بەوتەی لوقمان وەردی " لەدەرەوەی سازانی نیشتیمانی و ناكۆكی نێوان هێزە سیاسیەكانیان قوڵتركردەوە، لای ئێمە هیچ شتێك نیە بەناوی كۆمسیۆن و هیچ گفتوگۆیەكیش لەبارەی كۆمسیۆن و هەڵبژاردنەوە نییە". ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە لەو بابەتەدا بە سودی یەكێتیی نیشتمانی شكابێتەوە كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێم بەڕێوەببات، ئەوا لەبەرامبەردا لەوەدا بە زیانی یەكێتیی دەشكێتەوە كە هەڵبژاردنەكە دەبێت بە یاسای پێشووی هەڵبژاردنەكان بكرێت.

لەماوەی 15 مانگی رابردوودا یەكێتیی چووە ناو كێشمەكێشێكی زۆرەوە لەگەڵ پارتی لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی كوردستان، لەم كێشمەكێش‌و دانوستانانەدا پارتی قایل كرد بەوەی هەڵبژاردن بەشێوەی "فرە بازنە" بەڕێوەبچێت، سەرباری ئەمە لە پرسی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكاندا، لەكۆی (11) كورسی پەرلەمان داوای دەكرد (4) كورسی بدرێت بە سنوری سلێمانی، لەسەر ئەم بابەتە تاڕادەیەك گەرەنتی بەدەستهێنانی (2) كورسی كۆتاكانی كرد. بەڵام ئێستا كە دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندوەتەوە بەبێ ئەوەی پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنی هەمواركردبێتەوە، ئیتر دەبێت بۆ سازدانی هەڵبژاردن پەنا بۆ یاسا كۆنەكەی هەڵبژاردن ببرێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی پارتییە، بەتایبەتیش كە یاساكە شێوازی (یەك بازنە)ی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە كوردستان دیاریكردووە، ئەم شێوازە یەكێتیی‌و زۆرینەی لایەنەكانی دژی بوون، چونكە پێیانوابوو لە شێوازی (یەك بازنە)یدا پارتی دەتوانێت جارێكی تر (زۆرینە) لەناو پەرلەمانی كوردستان دروست بكات.

یەكێتیی مانگی ڕابردوو لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سێ سكاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان تۆماركردووە، هێشتا دانیشتنی دادبینی لەسەر ئەم سكاڵایانە بەڕێوەنەبردووە، رەنگە ئەمە هەندێك كێشە دروست بكات، هەرچەندە ئیتر پەرلەمانێك نەماوە بۆ ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەمواربكاتەوە بەوشێوەی كە یەكێتیی دەیەوێت.

رۆژی (6ی تشرینی دووەمی 2022) تەمەنی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات. نزیكەی مانگێك بەر لە تەواوبوونی تەمەنی یاسایی خۆی، پەرلەمان لە رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2022دا لە دانیشتنێكدا بۆ ماوەی (یەك ساڵ) تەمەنی خۆی درێژكردەوە.

26ی مانگی ئازاری ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ جاری دووەم وادەی هەڵبژاردنی دیاریكردەوە، ئەمجارە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی دیاریكرد، ئەم وادەیەش لەبەردەم ئەگەری دواكەوتنێكی تردایە، بەتایبەتی ئەگەر دوای بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی، پارتی‌و یەكێتیی لەسەر سازدانی هەڵبژاردن بە كۆمسیۆنی عێراق‌و یاسا كۆنەكە نەگەنە رێككەوتن.

ئەم دۆخە نوێیە گەڕێكی نوێی دانوستانی دەوێت لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی‌و لایەنەكانی تر، كە دیار نییە چەند مانگ دەخایەنێت. ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لەهەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:"رێكارە ئیداریەكانمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەستپێكردووەو نوسراویشمان ئاراستەی كۆمسیۆنی عێراق كردووە، بۆ ئەوەی لیستی تۆماری دەنگدەرانمان رادەست بكەن".

وتیشی:"سەرەتا رێكارەكان بۆ ئەوەیە هەندێك لایەنی ئیداری رێك بخەینەوە و كارەكانی فەرمانبەرەكانیش رێكبخەینەوە، بەڵام تائێستا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران بەرێوەنەچووە".

وەك سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان دەڵێت ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 25 ملیۆن دۆلاری پێویستە و ئەو پارەیەش زیاتر بۆ كارمەندەكانە".

پێشتریش عومەر گوڵپی ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:"دەمانویست پێش بەسەرچوونی وادەی یاسایی پەرلەمان كۆمسیۆن كارابكرێتەوە، لەدوای شەشی 11 ی 2022 كە وادەی یاسایی پەرلەمان بەسەرچووە، پێمان وایە پەرلەمان دەسەڵاتی ئەوەی نییە یاسا دەربكات".

وتیشی:"هەردوو حزبی دەسەڵات دۆخێكیان دروستكردووە كە ئێستا دەزگاكان هیچ شەرعیەتێكیان نەماوە و كێشەی گەورە بۆ هەرێمی كوردستان دروستبووە".

ڕاپۆرتێكی ئێنستتیوتی پەی ئاماژەی بەوەش داوە تۆماری دەنگدەران لە هەرێم پشت بە فۆرمی خۆراك دەبەستێت و ئەم فۆرمەش لەساڵی (1996)ەوە دروستكراوە، بەڵام تا ئێستا ئەو كەسانەی كە مردوون لە ساڵی (1996)ەوە بە دەگمەن نەبێت ناویان لە تۆمارەكە نەسڕاوەتەوە، كە بە سەدان هەزار كەس دەخەمڵێنرێت.

پشكی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان یەكێكی دیكەیە لە خاڵی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكان و هەندێكش بە "گرێكوێرەی هەڵبژاردن" ناوی دەبەن.

ئارام جەمال – بەرپرسی پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن پێی وایە "ئەو یانزە كورسییەی لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا بۆ پێكهاتە نەتەوەییەكان تەرخانكراوە، بۆ یەكەمجارە بووەتە كێشەی نێوان پارتی و یەكێتی".

ئارام جەمال پێشیوابوو كە چارەسەری دروست ئەوەیە و كە ئەو پێكهاتانە نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت، چونكە ڕەگی كێشەكە ئەوەیە هەتا ئێستا هاوڵاتیانی ئەو پێكهاتانە بەناوی نوێنەرایەتیەوە قەیرانی نوێنەرایەتیان هەبووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار