تورکیا لە سێ رۆژدا 215 جار هێرشی کردووتە سەر گەریلا

فڕۆکە جەنگییەکان تورکیا هێرشەکانیان چڕ دەکەنەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



پەکەکە رایگەیاند، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا سوپای تورکیا ٢١٥ جار بارەگای گەریلاکانی بۆردومان و تۆپباران کردووە.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) باڵی سەربازی پەکەکە راگەیەندراوێکی لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی سێ رۆژی رابردووی نێوان گەریلاکانی و سوپای تورکیا بڵاوکردەوە.

هەپەگە دەڵێت، لە ١٦، ١٧ و ١٨ مانگدا، فڕۆە جەنگیەکان و تۆپخانەکانی تورکیا، ٢١٥جار هەرێمەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی گەریلاکانی بۆردومان و تۆپباران کردووە. باسی ئەوەش دەکات کە هێرشەکان لە سنوری هەرێمی کوردستان بەردەوامن.

لەلایەی دیکەوە، هەپەگە ناسنامەی پێنج گەریلای ئاشکرا کرد کە لە هێرشە ئاسمانیەکانی دەوڵەتی تورکیا و پێکدادانەکاندا شەهید بوون.

هەفتەی رابردوو، کەجەکە بێچالاکی کۆتایی پێهێنا و رایگەیاند، هەموو کەسێک بینی کە تاوەکو دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە نەڕوخێت هیچ بەرەوپێشچوونێک نایاتە ئاراوە، بۆیەش زیاتر گوڕ بە تێکۆشان دەدەن.

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەرێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، قۆناغی راگرتنی چالاکیەکانیان کۆتایی پێهێناوە، کە دوای بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات رایانگەیاندبوو و لە ماوەی هەڵبژاردنیشدا درێژیان کردبووە.

کەجەکە لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، لەکاتێکدا کە هێشتا کاریگەری زۆری بومەلەرزە لەئارادابوو، تورکیا پێینایە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە. لەم هەڵبژاردنەدا کە هەم گەلی کورد و هەمیش کۆمەڵگای تورکیا بە گرنگی دادەنا، بۆ ئەوە بوار بۆ ئاژاوەگێڕی دەسەڵاتی پارتی داد و گەشە (ئاکەپە) و بزوتنەوەی نەتەوەپەرست(مەهەپە) نەڕەخسێندرێت و لە هەڵبژاردندا ئەنجامێک لە بەرژەوەندی گەلان و هێزە دیموکراتیکەکاندا بەدەستبهێندرێت، ئێمە هەڵوێستێکی لەو جۆرەمان گرتەبەر کە تا دوای هەڵبژاردن بڕیاری راگرتنی چالاکی درێژبکەینەوە و ئەو بڕیارەشمان بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە، بێگومان وەک بزوتنەوەکەمان خوازیاری چارەسەری سیاسیی دیموکراتیکی پرسی کورد و دیموکراتیکبوونی تورکیاین، لەو پێناوەشدا تێدەکۆشین. هەربۆیە ئەم هەڵوێستەمان لە هەمان کاتدا پشتگیرییەک بوو بۆ سیاسەت و پرۆسەی سیاسی.

دواتر ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ئاماری چوار مانگی رابردووی هێرشەکانی سوپای تورکیای بۆ سەر گەریلاکانیی بڵاوکردەوە کە لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، کەجەکە بێچالاکی راگەیاندبوو و گەریلاکانیش هێرشیان نەدەکردە سەر سوپای تورکیا.

هەپەگە ئاشکرای کردبوو، لەو ماوەیەدا، سوپای تورکیا لەو ماوەیەدا چوار هەزار و ٨٤٨ جار بارەگاکانی ئەوانی بۆردومان و تۆپباران کردووە. هەروەها ٢٢٤ جار بە چەکی فسفۆڕ، جۆمبی قەدەغەکرا و چەکی کیمیایی هێرش کراوەتە سەریان.

لە ئامارەکەدا هاتبوو، لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، ٣٢ گەریلا شەهید بوون، ٨٤ سەربازی تورکیا کوژراون و سێ سەربازیش بریندار بوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار