پارتی بۆ خزعەلی: كەس بەقەدەر سەرۆك بارزانی هەوڵی بنیاتنانەوەی عێراقی تازەی نەداوە

15 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرچاوەیەكی ڕۆژنامەوانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی گوتەکانی قەیس خزعەلی دەداتەوە و دەڵێت: پێویستە باش لەوە تێبگات كە پارتی دیموكراتی كوردستان یەك سەركردایەتی و یەك ڕەئی و یەك بڕیاری هەیە و باشترە دڵی خۆیان بەو جۆرە خەونانە خۆش نەكەن گوایە فرەبڕیاری لەناو پارتیدا هەیە.

ئەمە دەقی وەڵامەکەیە:

قەیس خزعەلی لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ كەناڵەكەی خۆیدا ناوی جەنابی سەرۆك بارزانی و بەڕێزان كاك نێچیرڤان و كاك مەسرووری هێناوە و بە مەرامی خۆی لێكدانەوەی بۆ پێشهات و هاوكێشە سیاسیەكان كردووە، ئێمە پێمانوایە ئەو قسانە  بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و چەواشەكارییە، پێویستە باش لەوە تێبگات كە پارتی دیموكراتی كوردستان یەك سەركردایەتی و یەك ڕەئی و یەك بڕیاری هەیە و باشترە دڵی خۆیان بەو جۆرە خەونانە خۆش نەكەن گوایە فرەبڕیاری لەناو پارتیدا هەیە.

هەروەها هەموو لایەك ئەو ڕاستیە باش دەزانن كە لەدوای ڕووخانی ڕژێم كەس بەقەدەر سەرۆك بارزانی هەوڵی بۆ بنیاتنانەوەی عێراقی تازە نەداوە، سەرۆك بارزانی زیاتر لە هەموو كەسێك هەوڵی بۆ ئەوە داوە عێراقێكی فیدڕاڵ لەسەر بنەمای دەستوور دابمەزرێت كە تێیدا هەموو لایەك پابەندی دەستوور بن و ڕەچاوی بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بكرێت.

باشیش بزانن نە ئێمە و نە خەڵكی عێراق لەگەڵ ئەو عێراقەدا نین كە تێیدا دەستوور پێشێل بكرێت و پشت لە بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بكرێت و مافیاكان حوكمی وڵات بكەن.

سەرچاوەیەكی ڕۆژنامەوانی لە پارتی  دیموكراتی كوردستان

1ـی تشرینی دووەمی 2025

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار