ئاراس حەسۆ میرخان بۆ هاوڵاتی: ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو پارتی‌و یەكێتی كۆدەبنەوە

نابێت بەئارەزووی لایەنێك هەڵبژاردن دوابخرێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئاراس حەسۆ میرخان - ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ئەم هەفتەیە یاخود هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكرێتو سەبارەت بەهەموو ئەو كێشەو گرفتانەی لەنێوان ئێمەو یەكێتیدا هەیە گفتوگۆ دەكرێت.

وتیشی: لەبەرنامەدا هەیەو لەبەینی هەردوولاش باس كراوەو قسەش كراوە كەكۆبوونەوە بكرێت.

ئاراس حەسۆ میرخان لەلێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی، سەبارەت بەگرفتی بەردەم كۆبوونەوەی یەكێتیو پارتی، رایگەیاند: بەقەناعەتی من گرێی گەورە ئەوەیە لەگەڵ یەك كۆنابینەوە ئەگەر كۆببینەوە ئەگەین بەچارەسەر.

هەروەها لەبارەی نیگەرانییەكانی یەكێتی كەپێیانوایە پارتی لەیەكلاییكردنەوەی كێشەی هاوسەرۆكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا دەستوەردانی كردووەو ئەمەش وەكو گرفتی بەردەم كۆبوونەوەكانی هەردوولا لێكدەدرێتەوە، ئاراس حەسۆ میرخان، وتی: «لەسەر ئەو بابەتە ئێمە بەڕەسمی بەیەكێتیمان وتووە كەهیچ تەداخولێكی ئێمەی تێدا نەبووە، نەتەداخولمان كردووەو نەبەشداربووینو نەڕای ئێمەشی لەسەر بووە».

لەوەڵامی ئەو پرسیارەشدا كەیەكێتی لەبەغداد داوای كردبێت لەپرۆژە یاسای  بودجەی ئەمساڵی عێراقدا پشكی سلێمانی جیا بكرێتەوە، ئەو ئەندامەی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: «من نەمزانیوەو باوەڕیش ناكەم بەڕەسمی هیچ شتێكی وا كرابێت، بەغداد هیچ بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێت تا بودجەی سلێمانی لەهەولێر جیابكاتەوە».

هاوكات سەبارەت بەوەی لەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمان لەهەرێمی كوردستان  دەكرێت یاخود نا؟ وتی: «بێگومان دەبێت بكرێتو لەم یەك دوو رۆژەشدا باسكراوەو ئێستا هەوڵی ئەوە هەیە كۆبوونەوەیەكی هەموو لایەنەكان رێكبخرێتو رەنگە لەو ماوەیەشدا سەرۆكی هەرێم كۆبوونەوەیەك لەگەڵ لایەنەكان رێكبخاتو هیوادارین لەوێ بگەنە رێككەوتنێكو رۆژی هەڵبژاردن دیاری بكەن، ئێمە وەكو پارتی بڕوامان وایە دەبێت هەڵبژاردن بكرێتو هەموو دەستپێشخەرییەكیشمان كردووە، پێشمان وایە ئەم هەڵبژاردنە دەكرێتو دەبێت لەمساڵیشدا بكرێت».

لەبارەی گرفتی گەورەی لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش، رایگەیاند: «گرفت زۆرە، بەڵام بەشێكی زۆریان چارەسەربوونو ئەم كۆبوونەوەیەی بڕیارە لەم هەفتەیەی داهاتوودا بكرێت دەبێت دیاری بكرێت چ خاڵێكی كێشە لەسەر دەمێنێت یان نامێنێت، پێشتر كێشە لەسەر ئەوەبوو كە بەیەك بازنە بێت یان چوار بازنە بێت لەسەر ئەمەش رێككەوتووین».

وتیشی: ئێمە نامانەوێت كەس تۆمەتبار بكەین كەكێ لەگەڵ هەڵبژاردندایە یان كێ لەگەڵیدا نییە، بەڵام هەموو لایەنەكان دەزانن كە كێ كێشە دروست دەكات، بەڵام ئەو بابەتانە وای لێبێت لایەنێك یان دوو لایەن حەز نەكەن، نابێت بەحەزی ئەوان هەڵبژاردن دوابخرێت.

هەر لەو لێدوانەیدا بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی ئاراس حەسۆ میرخان، لەبارەی بڵاوكردنەوەی راپۆرتێك لەڕۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمیی حكومەتی عێراق سەبارەت بەپرسی قەوارەی هەرێمی كوردستان، وتی: رای ئێمە وازحەو ئێمە پێمان وایە ئەو راپرسییە هیچ بنەمایەكی زانستی نییەو دیار نییە كەی كراوەو چۆن كراوەو ئیعتیراف بەو راپرسیانە ناكەینو پێمان وایە گەلی كوردستان زۆرجار لەڕاپرسی ئاشكرادا رای خۆی داوە سەبارەت بەهەرێمی كوردستان،  هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی سیاسی یاساییەو نە بەخەڵكێكی دژ بەكوردستان دروستبووەو نە بە قسەی ئەوانیش لەناو دەچێت».

راشیگەیاند: »ئێمە ئەو بابەتە بەڕای حكومەتی عێراق وەرناگرینو سەرنووسەرەكەش لەسەر ئەو بابەتە بەڕەسمی داوای لێبووردنی كردووە، بۆیە باوەڕناكەم ئەمە هیچ گرفتێك بۆ ئێمەو بەغداد دروستبكات».

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار