هاوڵاتی

دوای هەڵبژاردنیش فشارەکانی سەر هەدەپە بەردەوامن

‌هاوڵاتى دەسەڵاتدارانی تورکیا، بەشێوازی جۆراوجۆر بەردەوامی بە فشارەکانیان دەدەن بۆ سەر پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە شارەوانییەکەی ئەو وڵاتە کە هەدەپە «خۆی بەسەرکەوتوو» دەبینێت تێیدا. یەکێک لە فشارەکانی پێنەدانی بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونە بە بەشێک لەکاندیدە دەچووەکانی هەدەپە، بە پاساوی ئەوەی ئەو کەسانە پێشتر لەچوارچێوەی بڕیارەکانی باری نائاسایدا دورخراونەتەوە، بەوەش ژمارەی ئەو شارەوانیانەی هەدەپە بەدەستی هێنابوون کەمبووەتەوە. فشارێکی دیکە، بەردەوامی دەستگیرکردن و بەرپرسانی هەدەپەیە لە ناوچە جیاجیاکانی باکوری کوردستان و درێژەدان بەو پڕۆسەیە کە لەدوای هەرەسی پڕۆسەی ئاشتی ساڵی ٢٠١٥ لەنێوان تورکیا و پەکەکە بەردەوامە. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣١ی ئازاری تورکیادا، هەدەپە ٥٨ شارەوانی لە ناوچە جیاجیاکانی باکوری کوردستان بەدەستهێنا و بەراورد بە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ژمارەی شارەوانییەکانی کەمبووەتەوە. هەدەپە لەم هەڵبژاردنەدا، بەشێک لەو کەسانەی کاندیدکردەوە کە بە پاساوی جۆراوجۆر، پێشتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە لەکارەکانیان دورخرابوونەوە، لە هەڵبژاردنەکەشدا بەشێک لەو کەسانە سەرکەوتنیان بەدەستهێنایەوە، بەڵام حکومەتی تورکیا فەرمانی دەستبەکاربوونی بەو کەسانە نەدا. حەسەن ئۆزگەنوش پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بە ‌هاوڵاتى راگەیاند، حکومەتی تورکیا رەتیکردووەتەوە فەرمانی دەستبەکاربوون بداتە ژمارەیەک کاندیدی هەدەپە کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێنابوو. وتیشی «پاساوی تورکیا، بوونی دۆسیەی ئەو کەسانەیە لە داواکاری گشتی کە پێشتر بۆیان کراوەتەوە، لەکاتێکدا ئەوان توانیویانە لە هەڵبژاردندا سەرکەوتن بەدەستبهێنن». بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکوری کوردستان کە رۆژی ٣١ی ئازار بەڕێوەچوو، لەکۆی نزیکەی ١٠٠ سەرۆک شارەوانی کە لەهەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٤دا هەدەپە بەدەستی هێنا و دواتر قەیوم لەجێگەیان دانرا، هەدەپە زیاتر لە نیوەی  ئەو شارەوانییانەی بەدەستهێناوەتەوە. بەپێی ئەنجامەکان، هەدەپە ٥٨ سەرۆک شارەوانی بەدەستهێناوە، کە لە هەشت پارێزگا و ٥٠ قەزا پێکهاتوون، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی ٢٠١٤دا ٩٩ سەرۆک شارەوانی بەدەستهێنابوو. هەدەپە لە هەشت پارێزگا، سەرۆکایەتی شارەوانی ناوەندی پارێزگاکانی بردووەتەوە کە پێکهاتوون لە (ئامەد، وان، مێردین، ئێلە، سرت، جولەمێرگ،  قەرس، ئیدر). جگە لەو چەند کاندیدەی هەدەپە کە بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونیان پێنادرێت، بەشێک لە کاندیدەکانی ئەو پارتە دەستبەکاربوون و بەشێکی دیکەشیان هێشتا چاوەڕوانی وەرگرتنی رەزامەندین، بۆ دەستبەکاربوونیان. دوان لەو کاندیدانەی کە دەستبەکاربوون، عەدنان سەلجوق مزراکلی و هولیا ئالۆکمەن هاوسەرۆکانی شارەوانیی گەورەی ئامەدن کە دوای ١٦ رۆژ بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونیان وەرگرت.  مزراکلی لە بەردەم دادگای ئامەد بە کوردی وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی «هەر چەند درەنگیش بێت، بەڵام بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونمان وەرگرت. پێش رژێمی قەیوم، گەل لە رۆژی هەڵبژاردندا بەڵگەنامەی دەستبەکاربوونی بە ئێمە بەخشی». وتیشی «ئێمە بەڵگەنامەی دەستبەکاربوون وەک تۆمارێکی فەرمی و ئیداری کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەوە بەدەستهاتووە، سەیر دەکەین. ئێمە سپاسی گەلی ئامەد دەکەین، کە بە رێژەیەکی بەرز دەنگیان پێداین و ئەو دەرفەتیان پێبەخشین.» لای خۆشیەوە، ئەحمەد تورک هاوسەرۆکی شارەوانی گەورەی ماردین، دوای وەرگرتنی فەرمانی دەستبەکاربوونی رایگەیاند «شارەوانی شوێنی خزمەتکردنە. ئێمە بە هەموو هێزی خۆمانەوە بۆ خزمەتکردن کار دەکەین. بە ورە و حەماسەتێکی گەورەوە خزمەتی گەلەکەمان دەکەین». جەختیشیکردەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن.  دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکان، پارتی دادو گەشەپێدان تانەی لەئەنجامی دەنگەکانی چەند ناوچەیەکی باکوری کوردستاندا، کە هەدەپە تێیدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام تانەکان ئەنجامەکانی نەگۆڕی و دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان جارێکی تر هەدەپە سەرکەوتەوە. یەکێک لەوانە ناوچەی ئەردیش-ی سەر بە پارێزگەی وانە، کە  لە هەڵبژاردنی ٣١ی ئازار هەدەپە بە جیاوازی ٣ هەزار دەنگ بەسەر ئاکەپەدا سەرکەوتبوو، بەڵام ئاکەپە لە دەستەی هەڵبژاردن، تانەی لە ئەنجامەکە دابوو و داوای سەرلەنوێ ژماردنەوەی دەنگەکانی کردبوو. پاش ٧ ڕۆژ لە ژماردنەوەی دەنگەکان، دیسان هەدەپە سەرکەوتنی بەدەستهێنایەوە.  جگە لەوە هەدەپە تانەی لەئەنجامی هەڵبژاردن لە چەند ناوچەیەک گرت کە ئەکەپە سەرکەوتنی تێدا بەدەستهێنابوو، بەڵام بەشێک لە سکاڵاکانی لەلایەن دامەزراوەی هەڵبژاردنی تورکیاوە رەتکرانەوە. حەسەن ئۆزگەنوش باسی لەوەکرد، تانەکانی ئەکەپە لەسەر ١٠ ناوچە بووە، بەڵام ئەنجامەکان نەگۆڕان و هەدەپە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. هەدەپە لە هەڵبژاردنە شارەوانییەکەی  کۆتایی  مانگی رابردوودا، خۆی بەسەرکەوتوو دادەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵمەتی بەخۆداچوونەوەی دەستپێکردووە و هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامی ئەو ناوچانە دەکات کە لەدەستی داون. محەمەد ئۆجەلان پەرلەمانتاری هەدەپە بە ‌هاوڵاتى راگەیاند، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن و ئەنجامی تانەکان، هەدەپە سەرکەوتنی گەورەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا بەدەستهێنا، سەرەڕای ئەو فشارە زۆرەی لەسەریان بوو لەلایەن دەوڵەتەوە. وتیشی «سەرەڕای ئەوە ئێمە کۆبوونەوەمان کردووە و هەڵسەنگاندنمان کردووە بۆ ئەنجامەکان، تا وانەیان لێوەربگرین، بەڵام ئێمە سەرکەوتین». جگە لە پێنەدانی بەڵگەنامەی دەستبەکاربوون بە بەشێک لە کاندیدەکانی هەدەپە، تورکیا بەردەوامە لە دەستگیرکردنی ئەندام و بەرپرسانی هەدەپە و لەدوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەوە، چەندین کەسی دیکە دەستگیرکراون. رۆژی حەوتی ئەم مانگە، فاتما گوندوز هاوسەرۆکی ناوچەیی هەدەپە-ی سڵۆپی لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیرکرا. سێ رۆژ دواتر جەلیل چەلەبی و رەزمەزان دیریل ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی وێرانشاری هەدەپە و ٦ کەسی تر دەستگیرکران. هەروەها رۆژی ١١ی ئەم مانگە، هولیا ئەرتاش ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە فڕۆکەخانەی ئامەد بە پاساوی ئەوەی بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە، دەستگیرکرا. لەساڵی ٢٠١٦ەوە تورکیا هەڵمەتێکی گەورەی دەستگیرکردن و زیندانیکردنی بەرپرس و هاوسەرۆک و پەرلەمانتار و ئەندامانی هەدەپەی دەستپێکردووە و تا ئیستاش پرۆسەکە بەردەوامە، لەو ماوەیەدا زیاتر لە ١٠ هەزار کەس دۆسیەیان بۆ کراونەتەوە و خراونەتە زیندانەوە. هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بۆ هەدەپە لەکاتێکدابوو، ئەو حزبە لەژێر فشارێکی توندی دەوڵەتدا بوو، بەشی زۆری سەرکردەکانی خرابوونە زیندانەوە. لەم هەڵبژاردنەدا، هەدەپە بۆ یەکەمجار لەگەڵ حەوت پارتی دیکەی کوردیدا، بەهاوپەیمانێتییەک بەشداری هەڵبژاردنیان کرد، هەروەها ئەکەپە و مەهەپە بە هاوپەیمانێتی کۆمار بەشدار بوون و جەهەپە و ئی پارتیش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی میللەتدا بەشداربوون. هەرچەندە هەدەپە هیچ هاوپەیمانێتییەکی فەرمی لەگەڵ جەهەپەدا نەبوو، بەڵام هەماهەنگییان هەبوو بۆ ئەوەی پشتیوانی لە کاندیدەکانی یەکتر بکەن، تا شکست بە کاندیدەکانی هاوپەیمانی کۆماری دەسەڵاتدار بهێنن لە زۆترین ناوچەدا، بەتایبەت لە شارە گەورەکانی وەک ئەنقەرە و ئەستەنبوڵدا. ئەکەپە بە ئەنجامەکانی ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ رازی نییە و داوای دووبارەکردنەوەی دەنگەکان دەکات. عومەر ئۆجەلان وتی «ئەگەرێکی کەم هەیە هەڵبژاردن لە ئەستەمبوڵ دوبارە بکرێتەوە، ئەگەر ئەوەش رووبدات ئابوری تورکیا زیاتر دادەڕوخێت».


هاوڵاتی

زەردەشت بابان راوێژکاری کۆمارییەکانی ئەمریکا: ئەمریکا بە بەرپرسانی هەرێم و عێراقی راگەیاندووە کە پێویستە پابەندبن بە سزاکانی سەر ئێرانەوە

سازدانی: ‌هاوڵاتی زەردەشت بابان راوێژکاری کۆمارییەکانی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، بەرپرسانی ئەمریکا بەشێوەیەکی ئاشکرا بە بەرپرسانی هەرێم و عێراقیان راگەیاندووە کە پێویستە پابەندبن بەسزاکانی سەر ئێرانەوە. ئەمریکا تائێستا بەچەند قۆناغێک سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە، لەکاتێکدا ئەو وڵاتە پەیوەندییەکی ئابوری بەهێزی لەگەڵ هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە. سزاکان زیاتر کەرتی وزە و بانکی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە، بەهۆیەوە دراوی تمەنی ئێرانی بەرێژەیەکی بەرچاو نرخەکەی نزمبووەتەوە، بەڵام هێشتا عێراق و هەرێم بەردەوامن لە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ تاران و بەشی زۆری پێداویستییەکانیان لەو وڵاتەوە دابین دەکەن. زەردەشت بابان لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ ‌هاوڵاتی باسلەوە دەکات، لە سەردانەکەی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کوردستان و وەزیری وزە، بەشێوەیەکی ئاشکرا روونیان کردبوویەوە بۆ بەرپرسانی هەرێم و عێراق کە پێویستە پابەندبن بە سزاکانی ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران هەم وەکو وڵات هەم وەکو تاکەکەس، چونکە سزاکان تاکەکەسیشیان لەخۆ گرتووە، لەگەڵ وڵات و کۆمپانیا، بۆیان رونکرابووەوە کە رێگایە بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لە شوێنی دیکەوە پێداویستییەکانیان دابین بکەن. وتیشی «عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، داوای ٩٠ رۆژی کردبوو، تا لە سزاکان ببەخشرێن، کە دووجار بۆی درێژکراوەتەوە، بەڵێنی دابوو کە لەو ماوەیەدا کاربکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان و پەیوەندی لەگەڵ ئێران کەم بکاتەوە». زەردەشت بابان روونیکردەوە «ئێمە باسی قەبارەی گەورەی بازرگانی دەکەین، نەک تانکەرێک نەوت کە لە ئێرانەوە بێتە هەرێم و عێراق یان بە پێچەوانەوە، باسی قەبارەی بازرگانی ملیۆنان دۆلار دەکەین، باسی ئابڵوقەی خواردەمەنی و دەرمان ناکەین کە سزاکان نایانگرێتەوە». ئێران لەگەڵ هەریەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی بازرگانی بەرفراوانی هەیە و چەندین خاڵی سنوری بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە، قەبارەی بازرگانی ساڵانە لەنێوان عێراق و ئێران لە ئێستادا ١٢ ملیار دۆلارە و تاران خواستی خۆی خستووەتەڕوو بۆ بەرزکردنەوەی ئەو قەبارەیە بۆ ٢٠ ملیار دۆلار. زەردەشت بابان وتی «عێراق دەبێت پابەندبێت بە سزاکانی ئەمریکاوە، ئەگەر وانەبێت توشی سزا دەبن، تائێستا عێراق نەیتوانیوە سەرچاوەیەکی دیکە جگە لە ئێران بدۆزێتەوە بۆ دابینکردنی کارەبا و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش وتویەتی کارەبا بەشێکە لە ئاسایش و ئارامی عێراق، چونکە نەبوونی ئەوە کێشە دروستدەکات». لەئێستادا عێراق جارێکی دیکە داوایکردووە وڵاتەکەی لە سزاکانی سەر ئێران ببەخشرێن، بەوپێیەی ئەو وڵاتە بۆ دابینکردنی وزەی کارەبا بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە ئێران دەبەستێت. زەردەشت بابان پێیوایە لەسەدا ٧٠ ئەگەر هەیە جارێکی تر وادەی بەخشینی عێراق لە سزاکانی سەر ئێران دریژ بکرێتەوە «هێشتا سیاسەتمەداری زۆرهەن لە ئەمریکا کە گوێ لە پاساوی بەرپرسانی عێراق دەگرن لەو بارەیەوە، بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە رووبەڕووی گرفتی ناسەقامگیریی ئاسایش نەبێتەوەو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا نەکەوێتە مەترسییەوە». ساڵی رابردوو کێشەی کەمی کارەبا و نەبوونی خزمەتگوزاریی، خۆپیشاندانی بەرفراوانی لە پارێزگای بەسرەی زۆرینە شیعی لە باشوری عێراق لێکەوتەوە، دەسەڵاتدارانی عێراق دەترسن هەر کێشەیەکی دیکەی لەو شێوەیە، کاریگەری لەسەر دۆخی ئاسایش درووست بکات. پاراستنی کوردی رۆژئاوا دوای کۆتایی هاتنی شەڕی دژی داعش، لە ئێستادا چاوەکان لەسەر کوردانی رۆژئاوا و پاراستنیانە لەلایەن ئەمریکاوە کە بەدرێژایی شەڕی دژی داعش هاوپەیمانی یەکتر بوون. راوێژکاری کۆمارییەکانی ئەمریکا پێیوایە، ئەمریکا چاوەڕوانی هیچ شتێک نییە لەناوچەکە لەهیچ کەسێک، ستراتیژی ئەمریکا تەنها لەناوبردنی داعش بوو، چاوەڕوانی هیچ شتێک نییە لە سوریا و بەنیازی هیچ شتێکش نییە. وتیشی «ئەگەر ئێمە باسی پارێزگاری لە کوردەکان بکەین، ئەوە روونە کە سەرۆک ترەمپ لەو بارەیەوە کەوتە ژێر فشارێکی زۆرەوە، لەبەرئەوە بڕیاریدا بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بهێڵێتەوە، بۆ پارێزگاریکردن لە کورد، کە ئیستا بڕیارە ژمارەیان لە ٤٠٠ سەربازەوە بکرێتە هەزار سەرباز». بە وتەی زەردەشت بابان، مانەوەی سەربازەکان دوو ئامانجی سەرەکی هەیە، یەکەمیان ئەوەیە ئەم هێزانە دەکەونە ناوچەیەکی نێوان سنوری ئوردن و سوریاوە لە ناوچەی تەنەف، بۆ ئەوەی چاودێری ئەو کارانە بکات کە ئێران پێی هەڵدەستێت، ببێتە رێگرێک لەبەردەم ئێراندا کە دەیەوێت پردێکی زەمینی لەنێوان بەغدا و تاران و دیمەشقدا درووست بکات.  «کەواتە ستراتیژییەتی ئەو هێزە بۆ چاودێریکردنی ئێران و پاراستنی کوردەکانە، هەڵمەتێکی گەورە کرا بۆ ئەوەی کورد نەکەوێتە بەر هێرشی تورکیا و لەکۆتاییدا سەرۆک تڕەمپ بەوە رازی بوو». باسی لەوەشکرد، بەڵام خاڵێکی گرنگ هەیە ئەمڕۆ ئەمریکا دەڵێت ئەو سەربازانە دەهێڵێتەوە بۆ چاودیریکردنی ئێران و پارێزگاری لە کورد، بەڵام رەنگە سبەینێ بڕیارەکە بگۆڕێت، «چونکە سەرۆک ترەمپ زۆر تاکڕەوانە بیردەکاتەوە». هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە بەدرێژایی شەڕی دژی رێکخراوی داعش و تا ئێستاش ئەمریکا هاوکاریی دارایی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات، بەڵام بەپێی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی، پنتاگۆن بەنیازە بۆ ساڵی داهاتوو هاوکارییەکە بۆ نیوە زیاتر کەمبکاتەوە. زەردەشت بابان وتی «هەر بەشێک لە بەشەکانی ئیدارەی ئەمریکا، وەک وەزارەتی بەرگری یان دەرەوە بودجەی تایبەتی بۆ دانراوە، پنتاگۆن خۆی بەرپرسیارە کە ئەو پارەیە چۆن لەو ناوچانە سەرفدەکات کە چالاکییەکانی پنتاگۆی تێدایە، شتێک نییە بەناوی بودجەی تایبەتەوە، چونکە لێرە کە بودجە پەسەندەکرێت بۆ ساڵێکە، ئەوەش بەپێی بودجەی پنتاگۆن دەگۆڕدرێت». وتیشی «بۆ ساڵی داهاتوو بڕیارە بودجەکە زیادبکرێت، بەڵام تا ئیستا دیموکراتەکان بەوە رازی نەبوون و بەنیاز نین دەنگی پێ بدەن، کەواتە لە حاڵەتی کەمبونەوەی بودجەکە خەرجکردنی پارەکە کۆدەبێتەوە لەو ناوچانەی پنتاگۆن چالاکی تێدا ئەنجام دەدات». لەبارەی تێڕوانینی ئیدارەی ترەمپ بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، زەردەشت بابان دەڵێت عێراق کە هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لێی دانراوە بە وڵاتی شکست، کە کەم وڵات هەیە بەو شێوەیە پۆلێن کرابن، کەواتە پێشبینی سیاسەتمەدار و ئیدارەی ئەمریکا نزمدەبێتەوە بۆ ئەو وڵاتانە. رونیشیکردەوە «ئەمریکا لەمامەڵەکردنی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە عێراقی جیاناکاتەوە، کەواتە کە باسی عێراق دەکات بەگشتی باسی هەرێمیش دەکات، سیاسەتمەدارانی ئەمریکا دەزانن کە حکمڕانی لەکوردستان بەگوێرەی پێویست نییە، گەندەڵی زۆری تێدایە، مافی مرۆڤ پێشێلدەکرێن، ئەوەش شتێکی شاراوە نییە، هەرچەندە بەرپرسانی کورد کە دێنە ئێرە ئەوە رەتدەکەنەوە». زەردەشت بابان ئەوەشی خستەڕوو، لە فەرهەنگی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کە وڵاتێک ناودەنرێت بە وڵاتی شکست، واتە ئەو وڵاتە هیچ مقەوماتێکی وڵاتی تێدا نییە، رێز ناگیرێت لە یاسا، سیستەمی حوکمڕانی باش نییە و گەندەڵی هەیە.


هاوڵاتی

به‌غدا ناچێته‌ ژێربارى قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ى که‌سوکارى ئه‌نفالکراوان

‌هاوڵاتی، سه‌روه‌ر محه‌مه‌د   پاش تێپه‌ڕبوونى 31 ساڵ به‌سه‌ر پڕۆسه‌ى ئه‌نفالدا تا ئێستا حکومه‌تى عێراق نه‌چووه‌ته‌ ژێر بارى قه‌ره‌بوکردنه‌وه‌ى که‌سوکارى ئه‌نفالکراوانه‌وه‌، هۆکاره‌که‌شى ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ شێوازى دادگاییکردنى سه‌رکرده‌کانى رژێمى به‌عس. دواى روخانى رژێمى سه‌دام، له‌ ئازارى ساڵى 2003دا و ده‌ستگیرکردنى سه‌دام حوسه‌ین و سه‌رکرده‌کانى رژێمى به‌عس، پڕۆسه‌ى دادگاییکردنى سه‌دام حوسه‌ین و سه‌رکرده‌کانى دیکه‌ى به‌عس به‌ڕێوه‌چوو، له‌سه‌ر چه‌ندین دۆسیه‌ له‌ناویاندا دۆسیه‌ى ئه‌نفال. هه‌رچه‌نده‌ دادگا سزاى بۆ سه‌رکرده‌کانى به‌عس ده‌رکرد و ئه‌نفالیشى به‌ جینۆساید ناساند، به‌ڵام هێشتا نه‌چووه‌ته‌ ژێربارى قه‌ره‌بوکردنه‌وه‌ى که‌سوکارى ئه‌نفالکراوانه‌وه‌. ڕه‌مه‌ک ڕه‌مه‌زان، قایمقامى قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ له‌ لێدوانێکیدا به‌ ‌هاوڵاتی وت «به‌پێى به‌دواداچوونه‌کانمان له‌ عێراق وڵاتانى نێوده‌وڵه‌تى، تائێستا حکومه‌تى عێراقى نه‌بووەته‌ ئه‌ندام له‌ دادگاى لاهاى، هه‌ر وڵاتێکیش نه‌بێته‌ ئه‌ندام و به‌شدارى واژووکردنى هه‌ر رێکه‌وتننامه‌یه‌ک نه‌کات، ئه‌وا پا به‌ند ناکرێت به‌و ئه‌ک و واجباتانه‌ى پێیان ده‌سپێردرێت». وتیشى «عێراق خۆى ئه‌م تاوانه‌ى له‌ ناوخۆى وڵاتدا ئه‌نجامداوه‌، له‌ ساڵانى رابردوو دادگاى باڵاى تاوانه‌کانى پێکهێنا،  له‌ ئه‌نجامى ئه‌وه‌ش په‌رله‌مان ئیجبارى ئه‌م دادگایه‌ی کرد و خۆشبه‌ختانه‌ تاوانى جینۆسایدى ئه‌نفال به‌ ره‌سمى به‌ تاوانى جینۆساید ناسێندرا». ڕه‌مه‌ک ڕه‌مه‌زان باسیله‌وه‌کرد، هه‌ر ده‌وڵەتێک تاوانى جینۆساید به‌ره‌سمى بناسێنێت، ده‌بێت قه‌ره‌بووى مادى و مه‌عنه‌وى که‌سوکارى قوربانیان بکاته‌وه‌، به‌ڵام عێراق تا ئێستا نایه‌وێت خۆى بخاته‌ ژێر ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌وه‌.  ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، حکومه‌تى عێراق له‌رووى مه‌عنه‌وییه‌وه‌ به‌ڕه‌سمى داواى لێبووردنى کردوه‌، «به‌ڵام به‌رپرسانى به‌عس به‌ سیفه‌تى شه‌خسى دادگایی کران، نه‌وه‌ک به‌ سیفه‌تى وه‌زیفى، که‌ ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌ گه‌وره‌که ‌بوو ، فێڵێکى گه‌وره‌ بوو وه‌ک چۆن عه‌ره‌به‌کان ئه‌نفالیانکردین، ئاوا فێڵێک بوو له‌ گه‌لى کورد کرا». جه‌ختیشیکرده‌وه‌، نه‌ده‌بوو سه‌دام حسێن و هه‌موو به‌رپرسانى عێراق به‌سیفه‌تى شه‌خسى دادگایى بکرێن، به‌ڵکو ده‌بوو به‌ سیفه‌تى وه‌زیفى بکرایه‌، چونکه‌ گه‌ر وابوایه‌ ئه‌و به‌ر پرسیارێتییه‌ ده‌که‌وته‌ سه‌ر وه‌زیفه‌ى سه‌رۆک کۆمارى ئێستا و وه‌زیفه‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و هێزه‌ چه‌کداره‌کان، بۆ ئه‌وه‌ى قه‌ره‌بووى مادى زیان لێکه‌وتووان بکه‌نه‌وه‌، به‌ڵام به‌ هۆکارى  ئه‌و جۆره‌ دادگایکردنه‌، وایکرد ئه‌وان له‌ناوبچن و دۆسیه‌که‌ش دابخرێت. شاڵاوى ئه‌نفال که‌ له‌ ساڵى 1988 ده‌ستیپێکرد، به‌ هه‌شت قۆناغ به‌ڕێوه‌چوو، به‌هه‌زاران هاوڵاتى کورد خرانه‌ گۆڕه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌کانه‌وه‌ و زینده‌به‌چاڵ کران. تائێستا به‌شێکى گۆڕه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌کان دۆزراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا چاره‌نوسى به‌شى زۆرى ئه‌نفالکراوان نادیاره‌. ته‌نها له‌ سنورى قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ، نزیکه‌ى 3214 خێزانى که‌سوکارى ئه‌نفالکراوان بونیان هه‌یه‌ که‌ ژماره‌ى شه‌هیده‌کانى هه‌ر خێزانێک له‌ یه‌ک بۆ 10 شه‌هیده‌. له‌ شاڵاوى ئه‌نفالدا 500 گوندى سنوره‌که‌ خاپورکرا. موچه‌ى هه‌ر خێزانێک ئه‌گه‌ر له‌که‌سێکه‌وه‌ بۆ سێ که‌سى ئه‌نفالکرابێت 450 هه‌زار دیناره‌، به‌ڵام خێزانێک گه‌ر له‌ سێ که‌س بۆ سه‌ره‌وه‌ شه‌هیدو ئه‌نفالى هه‌بێت ئه‌وا موچه‌که‌ى 900 هه‌زار دیناره‌. ئه‌دیب له‌تیف به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانى سلێمانى باسى له‌وه‌کرد، له‌ ئێستادا له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى پاره‌ى هاوسه‌رگیرى کچ و کوڕى شه‌هیدو ئه‌نفالکراوان که‌ پێشتر ئه‌و پاره‌یان ده‌درایه،‌ به‌بڕى پێنج ملیۆن دینار و لێیان وه‌رنه‌ده‌گیرایه‌وه‌. وتیشى له‌ پێشتردا قه‌ره‌بووى که‌س و کارى ئه‌م قوربانیانه‌ کراوه‌ به‌ پێدانى پارچه‌ زه‌وییه‌ک به‌ رووبه‌رى 200 مه‌تر و له‌ هه‌ر شوێنێک خۆیان بیانه‌وێت، له‌گه‌ڵ 27 ملیۆن نیو دینار بۆ ته‌واوکردنى خانوه‌کانیان، هه‌روه‌ها پاره‌ى خوێندن و ته‌ندرووستیان که‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌و پێیان ده‌درێت. له‌سنورى چه‌مچه‌ماڵ، گه‌وره‌ترین مۆنۆمێنتى ئه‌نفال چه‌ند ساڵێکه‌ دروستکراوه‌، که‌ چه‌ندین به‌شى وه‌کو مۆزه‌خانه‌ و گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانى له‌ خۆگرتووه‌. هابیل شێخ ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى مۆنۆمێنتى چه‌مچه‌ماڵ به‌ ‌هاوڵاتی وت، مۆنۆمێنتى چه‌مچه‌ماڵ له‌ ئێسادا خاوه‌نى 838 رووفاته‌ که‌ یه‌که‌مین رووفات هێنرایه‌وه‌ بۆ هه‌رێمى کوردسان 106 منداڵ بوو له‌ گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کاندا دۆزرانه‌وه‌ سه‌ر به‌و سنووره‌ بوون، دواتر 730 رووفاتى تر هێنرایه‌وه‌ بۆ گه‌رمیان. به‌پێی ئاماره‌کان، 1780 شه‌هید و ئه‌نفالکراو له‌سنورى چه‌مچه‌ماڵ هه‌یه‌ که‌ خه‌ڵکى 14 گوند بوون، هه‌روه‌ها گوندى جه‌له‌مۆرد یه‌کێکه‌ له‌و گوندانه‌ى له‌ سه‌رتاسه‌رى هه‌رێمى کوردستاندا، خاوه‌نى زۆرترین شه‌هید و ئه‌نفالکراوه‌ که‌ ژماره‌که‌ى 480 که‌سه‌. به‌ڕێوه‌به‌رى مۆنۆمێنتى چه‌مچه‌ماڵ وتى «ئه‌وه‌ى له‌ لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ کراوه‌ قه‌ربوو نییه‌ به‌ڵکو خزمه‌ته‌، ئه‌وه‌ ئه‌رکى سه‌رشانى حکومه‌تى عێراقه‌ که‌ ده‌بێت قه‌ره‌بووى که‌سوکارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان و سه‌رخان و ژێرخانى هه‌رێمى کوردستان بکاته‌وه‌، به‌ڵام حکومه‌تى ناوه‌ند ناچێته‌ ژێر ئه‌و باره‌وه‌«.