دكتۆر مەحمود عوسمان، كەسایەتیی سیاسیی كوردستان بۆ هاوڵاتی: دەكرێت مەسرور بارزانی بچێتە لای قوباد تاڵەبانی‌و چایەك بخواتەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: هاوڵاتی

كەسایەتییەكی سیاسی دیاری هەرێمی كوردستان كەمێژوویەكی لەخەباتی شاخ و شاردا هەبووە داوا لەمەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دەكات بچێتە لای قوباد تاڵەبانی و چایەكی لەگەڵ بخواتەوەو بیباتەوە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران.

د.مەحمود عوسمان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:» ئومێدەواربووم كاك مەسعود رۆڵی هەبوایە، چونكە ئەو لەهەموویان بەئەزموونترەو كێشەكانی چارەسەربكردایە، دەتوانێت دەوری هەبێت ئەویش نایكات و خۆی دوورخستووەتەوە».

هەروەها پێشیوایە كەئەو پەرلەمانەی ئێمە هەمانە «هەبێت و نەبێت وەكو یەكە، چونكە هیچ بەرپرسێكی تێدا نییە».

هاوكات، باس لەدۆخی هەرێمی كوردستان و رێككەوتنی هەرێمی كوردستان و عێراق و پەیوەندیەكانی پارتی و یەكێتی و ئایندەی هەرێمی كوردستان لەئاستی نێودەوڵەتیدا دەكات.

هاوڵاتی: مامەڵەی ئێستای هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا پاش رێككەوتن لەسەر بودجە چۆن خوێندنەوەی بۆ دەكەن؟

د.مەحمود عوسمان: رێكەوتنێكی باشە بەڕای من و چارەیەكی دیكەشیان نەبوو، دەبوو هەر ئەو رێككەوتنە بكەن، چونكە دادگای باڵای عێراق بڕیاریدا كەدۆسیەی نەوت ناوەندی بێت، بێگومان بۆچوونێك هەبوو كەئەم بڕیارە سیاسییە و ئەو دادگایە دادگایەكی دەستووری نییە كەبڕیار بدات، بەڵام ئێستا كەدادگای نێودەوڵەتی پاریس بڕیاریدا ناتوانرێت هیچ بووترێت و دەبێت ئەمجارە قبوڵ بكرێت، لەبەرئەوەی رێگەی تر نەماوە، پێم خۆشبوو پێش چوار پێنج ساڵ رێككەوتن بكرایە، چونكە روون بوو كە بەو نەوتەی ئێمە لەڕێی توركیاوە دەیفرۆشین بەوە سەربەخۆیی ئابووری ئێمە دروستنابێت، هیچ نەبێت توركیا ناهێڵێت سەربەخۆیی ئابووری بەدەستبهێنین، لەبەرئەوەی سەربەخۆیی ئابووری سەربەخۆی سیاسییەو توركیا دژەو دوژمنە ناهێڵێت ئەو شتانە بكرێت، لەبەرئەوە ئێستا رێككەوتن كراوە من پێم باشەو پێشم خۆشبوو زووتر بكرایە.

هاوڵاتی: ئەگەر 10 ساڵ پێش ئێستا ئەم رێككەوتنە بكرایە پێتوایە دۆخی هەرێمی كوردستان باشتر دەبوو؟

د.مەحمود عوسمان: ئەو نەوتەی كەفرۆشراوە بەهەرزان فرۆشراوە، هەروەها ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ كۆمپانیاكان كراوە نیواو نیوەو پارەیەكی زۆر خەرجكراوە لەچۆنیەتی دەرهێنان و توركیاش پشكی خۆی بردووەو بەشێكی كەمی ماوەتەوە كە 40%ە، بۆیە ئەمە زووتر بكرایەو كاتی خۆشی رای من وابوو كەنەوتی خۆمان دەرنەهێندرێت و نەفرۆشرێت  17% ی خۆمان لەبەغدا وەربگرین و پێویست بەوە ناكات نەوتی خۆمان بفرۆشین، بۆچوونێك هەبوو كەفرۆشتنی ئەم نەوتە دەبێتەهۆی ئەوەی كەسیاسەتی دەوڵەتەكان بەرامبەرمان بگۆڕێت، بۆچوونم وابوو كەئەمە وانییەو سیاسەتی دەوڵەتەكان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خۆیان بنیاتنراوەو بەهاتن یان نەهاتنی كۆمپانیایەك ناگۆڕێت بینیشمان كە نەگۆڕا.

هاوڵاتی: سەرۆكی هەرێم رۆژی هەڵبژاردنی دیاریكردووە، پێتانوایە بەم دۆخەوە هەڵبژاردن دەكرێت لەكاتێكدا كەفشاری نێودەوڵەتیش بۆ ئەنجامدانی هەیە؟

د.مەحمود عوسمان: رەنگە هەڵبژاردن بكرێت چونكە فشار زۆرە لەسەریان، بەڵام لەسەر هەڵبژاردن لەكوردستاندا لەكۆنەوە بۆچوونێكم هەیە كەئەو پەرلەمانەی ئێمە هەمانە هەبێت و نەبێت وەكو یەكە، چونكە هیچ بەرپرسێكی تێدا نییە هیچ سەرۆك حزبێك ناچێتە پەرلەمان هیچ كاربەدەست و ئەندامی مەكتەب سیاسییەكان و لقەكانیش ناچنە پەرلەمان، لەبەرئەوە هەبێت یان نەبێت جیاوازییەكی وای نییە لەگەڵ رێزم بۆ هەموویان، چونكە ئەوانە كادیری پلە سێ و چوارن و هەر دەبێت مۆبایلەكانیان بەگوێوە بێت و گوێ لەحزبەكانیان بگرن.

لەبەرئەوە پەرلەمانی وا گرنگییەكی ئەو تۆی نییەو هەڵبژاردنەكەش گرنگییەكی وای نییە، هەرچەندە پەرلەمانی كوردستان لەسەرەتادا گرنگی خۆی هەبوو، بەڵام وردە وردە هاتە دواوەو ئێستا كەسی تێدا نییە بڕیار بەدەست بێت و گرنگی نییەو پێویستە ئەو سیستەمە بگۆڕدرێت و پێویستە سیستەم پەرلەمانی بێت و سیستەمی پەرلەمانیش دەبێت ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێزی تێدا بێت، ئێستا ئۆپۆزسیۆنیشی تێدا نییە نەوەی نوێ هەیە، نەوەی نوێش لەئۆپۆزسیۆن ناچێت دژی هەموو شتێكەو لەگەڵ كەسیش دانانیشێت، لەدنیادا ئۆپۆزسیۆنی وا نەبووە.

هاوڵاتی: بەشدارینەكردنی تیمی یەكێتی لەكابینەی نۆیەم مانای پچڕاندنی زۆنی سەوزو زەرد ناگەیەنێت بەتەواوی؟ یان تاكتیكێكە لەپێناو ئەوەی كەهەڵبژاردن نەكرێت یان دۆخی سلێمانی خراپ بكرێت؟ ئایا پارتی لەگەڵ ئەوەدایە كەدۆخی سلێمانی خراپ بێت؟

د.مەحمود عوسمان: پێیان خۆشە یەكتری بشكێنن، یەكێتی پێی خۆشە پارتی بشكێت و پارتیش پێی خۆشە یەكێتی بشكێت ئەمانە بوونەتە دوژمن، زۆر لام سەیرە حزبایەتی تەسك دەكەن و حسابی كوردایەتی و بەرژەوەندی میللەت لایان دەرەجە دووە، هەریەكە دەیەوێت ئەوی تر بشكێت ئەوە سەیرە كە زیاتر لە 15 ساڵە نێوانی یەكێتی و پارتی بەو شێوەیە نەبووە، چونكە مام جەلال هەبوو، مام جەلال و كاك مەسعود پەیوەندییەكی تایبەتیان هەبوو، هەموو جارێك بەتەلەفۆنێك یان دانیشتنێك هەر كێشەیەك هەبووایە چارەسەریان دەكرد، ئێستا ئەوە نەماوە كەبێگومان كاریگەری هەیە.

ئێستا بمانەوێت نەمانەوێت دوو زۆن هەیە، زۆنی زەردو زۆنی سەوز كەدوو شتی جیاوازن، دوو یاسای جیاوازن و هەریەكە بەكەیفی خۆی واتە لەدێگەڵە تێدەپەڕی وڵاتێكی ترە لەوبەر شتێكەو لەمبەر شتێكە، بێگومان ئێستا دانانیشن لەئەنجومەنی وەزیران ئەوە خراپتری كردووە، ئومێدەوارم بتوانن دانیشن هیچ نەبێت وەك بڵێیت پەیوەندییەك بمێنێتەوە لەنێوانیان باشترە، چونكە ئەو دوو هێزە ئیدارەی كوردستان دەكەن دەبێت هاوكاربن لەگەڵ یەك.

هاوڵاتی: زۆرێك لەسەركردەكانی یەكێتی بەتایبەت قوباد تاڵەبانی دەڵێن سلێمانی سزا دەدرێت، پێت وایە پارتی دەیەوێت سلێمانی سزابدات یان یەكێتی خۆیەتی ئەم قسەیە دەكات بۆ ئەوەی فشار بخاتەسەر پارتی؟

د.مەحمود عوسمان: ئێمە وردەكاری نازانین و نازانین چی لەنێوانیاندایە، بەڵام بەدڵنیاییەوە كێشە هەیە لەنێوان یەكێتی و پارتیداو كێشەی بچووك گەورە دەكەن و زۆر لەگەڵ یەك رێك نین، بۆ نموونە ئێستا قوباد تاڵەبانی و تیمەكەی شەش مانگە نەچوونەتە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، كێشە چی دەبێت مەسرور بارزانی بچێتە لای و چایەك بخواتەوە بیباتەوە ئەنجومەنی وەزیران ئەمە عەیبە؟ بەڵام نەیانكردووە، مەعقولە نیوە تۆ بیت و نیوە ئەو بێت ئامادە نەبیت بچیت لەماڵەكەی چایەك بخۆیتەوە كە بەچا خواردنەوەیەك چارەسەر دەبوو.

لەئێستادا سلێمانی كێشەی هەیە پارتی پێی خۆشە، پارتی كێشەی هەیە سلێمانی پێی خۆشە كە بەداخەوە ئەو بارودۆخە جێی نیگەرانییە، ئومێدەواربووم كاك مەسعود رۆڵی هەبووایە و ئەو خەڵكە كۆبكاتەوە، چونكە ئەو لەهەموویان بەئەزموونترەو دەتوانێت دەوری هەبێت ئەویش نایكات و خۆی دوورخستووەتەوە.

هاوڵاتی: پێتوایە هەرێمی كوردستان ئەو سەنگە نێودەوڵەتییەی جارانی ماوە كەهەیبوو؟

د.مەحمود عوسمان: نەخێر نەیماوە، چونكە یەكگرتوو نین سەنگیان كەمتر بووە هەم هەرێمی كوردستان و هەمیش عێراق، عێراق گرنگی كەمبووەتەوەو هەرێمی كوردستانیش گرنگییەكەی كەمتر بووەتەوەو ئەو گرنگییەش ئێستا دەدرێت لەلایەن وڵاتانەوە لەبەر شەڕی داعشە.

هاوڵاتی: پێشتر چەند جارێك ئەمریكا نیگەرانی خۆی گەیاندووەتە هەرێمی كوردستان كەئەم دۆخە وابڕوات پشتیوانیان ناكەن، ئایا ئێستا ئەو مەترسییە هەیە ئەمریكا هەرێمی كوردستان و عێراق هاوشێوەی ئەفغانستان بەتەواوی چۆڵ بكات؟

د.مەحمود عوسمان: لەو باوەڕەدانیم جێی بهێڵن، چونكە بەرژەوەندیان لەوەدایەو ئێران لەوبەرەوەیە، بەڵام ئاگاداریشیان كردوون بۆ نموونە دەیانەوێت یەكخستنی پێشمەرگە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە لەگەڵ چەند كێشەیەكی دیكە لەگەڵ عێراق و لەگەڵ شیعەكان، بەردەوام ئاگاداركردنەوە دەكەن، بەڵام بەجێی ناهێڵن، چونكە وەك دەوڵەت بەرژەوەندیان هەیە كە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بن و نایانەوێت چۆڵی بكەن و روسیاو چین جێگەیان بگرێتەوە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار