كورد لەكەركوك بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار پێویستی بەڕێككەوتنە لەگەڵ لایەنەكانی دیكە

5 مانگ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

لەسەر ئاستی پارێزگای كەركوك، كورد زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، بەرپرسێكی یەكێتی دەڵێت هەر پارێزگارێك دابنێن دەبێتە پارێزگار بۆ هەموو لایەنەكان بەپارتی و نەوەی نوێشەوە، شارەزایەكی هەڵبژاردنیش پێی وایە ئەمجارە كورد بەتاك لایەنە ناتوانێت پارێزگاری كەركوك دابنێت، پەرلەمانتارێكی پێشووش دەڵێت حزبەكان لەكەركوك وایانكردووە متمانە لەنێوان پێكهاتەكان نەمێنێت و ترسیان هەبێت لایەنی بەرامبەر بیانسڕێتەوە بۆیە هیچ لایەنێك نییە گوتاری بۆ هەموو پێكهاتەكان بێت.

رۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەچوو، تێكڕای ژمارەی كورسییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لەو 15 پارێزگایەی هەڵبژاردنی تێدا كرا 285 كورسییە؛ 75 كورسی كۆتای ژنن، 10 كۆتای پێكهاتەكانی كریستیان، كوردی شەبەك، كوردی ئێزدی، كوردی فەیلی و سائیبەی مەندایین.

 206 هەزارو 429 فەرمانبەر سەرپەرشتیی پڕۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیان كردو 111 هەزارو 714 كامێرای چاودێریش لە بنكەو ناوەندەكانی دەنگدان دانرابوون بۆ چاودێریكردنی پڕۆسەی دەنگدان.

 

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لەدوای 24 كاتژمێر ئەنجامی بەرایی راگەیاند كە بەمشێوەیەیە

لیستی یەكێتی و شیوعی بەناوی كەركوك هێزو ئیرادەمانە 139 هەزارو 373 دەنگی هێناوەو لیستی یەكەمە لەسەر ئاستی پارێزگاكە، هاوپەیمانی عەرەبی كەركوك كەعەرەبە سوننەكانن، 98 هەزار و 174 دەنگیان هێناوەو هێزی دووەمن، بەرەی توركمانی بە 72 هەزارو 281 دەنگ بووە لیستی سێیەمی پارێزگای كەركوك، لیستی قیادەی عەرەبی 59 هەزارو 430 دەنگی هێناوەو پلەی چوارەمی هەیە، پارتی دیموكراتی كوردستان 46 هەزارو 749 دەنگی هێناوەو پێنجەم لیستە، هاوپەیمانی عەرەبی شەشەم لیستەو 46 هەزارو 65 دەنگی هێناوە، نەوەی نوێ حەوتەم لیستە و 24 هەزارو 620 دەنگی هێناوە، لیستی كەركوكنا پلەی هەشتەمی هەیەو 21 هەزارو 114 دەنگی هێناوە، چەند كاندیدو لیستێكی دیكەش هەرچەندە دەنگیان هێناوە بەڵام نەیانتوانیوە كورسی بەدەستبهێنن، جگە لەكورسی كۆتای مەسیحیەكان كە لەنێوان زۆرترین دەنگدا كاندیدەكانیان هەڵدەبژێردرێت.

بەپێی ئەنجامی بەرایی 94% دەنگە جیاكراوەكان، لەپارێزگای كەركووك هاوپەیمانیی كەركووك هێزو ئیرادەمانە زۆرترینی دەنگەكانی بەدەستهێناوەو پێنج كورسی مسۆگەر كردووە، پارتی دیموكراتی كوردستانیش دوو كورسیی بەدەستهێناوە، بەڵام نەوەی نوێ هیچ كورسییەكی بەدەستنەهێناوە.

بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی گشتی و تایبەت بڵاوکردەوە و رایگەیاند %41 بووە. ژمارەی دەنگدەرانی ئەو ١٥ پارێزگایە زیاتر بوون لە ١٥ ملیۆن کەس، بەمەش کەمتر لەنیوەی ژمارەی دەنگدەران بەشدارییان لە هەڵبژاردن کردووە.

بەپێی ئەو ئامارەی کۆمسیۆنی عێراق بڵایوکردووەتەوە زۆرترین رێژەی بەشداری دەنگدان لەسەر ئاستی پارێزگاکان، لە پارێزگای کەرکوک بووە بە رێژەی %66.

لەكەركوك تادرەنگانی 18-12-2023 رێژەی بەشداری كورد لەدەنگدان كەم بوو، بەڵام دواتر رێژەكە بەرزبووەوە، بەوتەی نێردراوی هاوڵاتی بۆ شارەكە، لەبنكەی 11ی ئازار لەكۆی سێ هەزارو 351 كەس تەنها دوو هەزارو 35 كەس تاكاتژمێر پێنج و نیوی ئێوارە دەنگیان داوە، بەوەش دەردەكەوێت رێژەی بەشداری لەئێوارەدا زیاتر بووە لەكاتێكدا تاكاتژمێر 12ی نیوەڕۆ 30٪ی تێپەڕاندبوو، بەڵام لەسەرلەئێوارەدا لەو بنكەیە ئەگەر بەنموونە وەربگیرێت گەیشتووەتە نزیكەی   70٪ هەرچەندە زیاتر لە 50 كەسیش نەیانتوانیوە دەنگ بدەن، لەكۆی ئەو دەنگانەی كەدراون هەزارو 150ی بۆ یەكێتی و 343ی بۆ پارتی و 264 ی بۆ نەوەی نوێ بووە.

 

سەرەكیترین كێشەی دەنگدەرانی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان 

بەپێی بەدواداچوونی نێردراوی هاوڵاتی، لەكەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان سەرەكیترین كێشەی بەردەم دەنگدەران نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر بووە كە بەهۆیەوە سەدان دەنگدەر لەناوچە جیاوازەكان لەدەنگدان بێبەشبوون.

یەكێك لەدەنگدەرانی كەركوك كە نەیتوانیبوو دەنگ بدات، بەتوڕەییەوە قسەی كردو بەهاوڵاتی وت:»لەهەر بنكەیەك 40 بۆ 50 كورد نەیتوانیوە دەنگ بدات ئەگەرنا كورد بەگەرم و گوڕییەوە چووە بۆ دەنگدان، ئەمە بەبەرنامە كراوەو تەنها لەگەڕەكە كوردیەكان روویداوە».

ژنێكی كورد كە ئەویش بۆ دەنگدان چوبووە یەكێك لەبنكەكانی دەنگدان لەكەركوك، بەنێردراوی هاوڵاتی وت:»پێیان وتم پەنجەمۆرت دەرناچێت چەند جارێك هەوڵیاندا، لەكاتێكدا پێشتر لەهیچ دامودەزگایەك نەبووە كە پەنجەمۆرم نەخوێنرێتەوە جگە لەوەش كە ئامێرەكە نایخوێنێتەوە».

ژنێكی دیكە بەتوڕەییەوە بۆ میدیاكان قسەیكرد كەنێردراوی هاوڵاتیش ئامادەیبوو، ئەو وتی:»لەهەر بنكەیەك نزیكەی 40 كەس ئەو كێشەیە هەبووەو كارتەكەم نەیخوێندەوە ئەمەش بەپلان كراوە لەگەڕەكە كوردیەكان بۆ ئەوەی دەنگی كورد كەم ببێتەوە».

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەبارەی هەڵبژاردنەكەوە وتی:»هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگاكان جیاوازبوو، پێموایە لەكەركوك مەسەلە تەنها ركابەرییەكی سیاسی نەبوو، بەڵكو مەسەلە خاك بوو».

وتیشی:»دانیشتوانی كەركوك بەهەموو ئەو كەسانەیان وت كە لەدەرەوە فەرمان وەردەگرن كە خۆیان بڕیاردەدەن لەبارەی چارەنووسی شارەكەیان، پێموایە كورد شایەنی ئەوەیە لەناوچە جێناكۆكەكان پێگەی خۆیان بەدەستبهێننەوە».

لەلایەن خۆشیەوە كەمال كەركوكی، بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی كەركوك – گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەمیدیای حزبەكەی راگەیاند: هەندێك گیروگرفت هەبوو لەكارەكانی كۆمسیۆن هیوادارین بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان چارەسەر بكرێن.

وتیشی: بەداخەوە كە ئەنجامی دەنگدانی تایبەت دواخران دەبوو هەر ئەو رۆژە ئاشكرابكرێن، ئومێدەوارین گومانەكان بڕەوێنرێنەوەو ئومێدەواریشین كۆمسیۆن سەربەرز لەپڕۆسەكە دەربچێت و نەكەوێتە ژێر گلەیی و گازندەوە.

 

پێكهاتەكانی كەركوك سەرجەمیان بەفرەلیستی چوونە هەڵبژاردنەوە

یەكەمجارە لەدوای ساڵی 2013، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە 14 پارێزگای عێراق بكرێت، یەكەمجاریشە لەدوای ساڵی 2005 هەمان هەڵبژاردن لەكەركووك دەكرێت.

ململانێی پێكهاتەكان لەكەركوك لەسەر بەدەستهێنانی زۆرترین كورسییە لەكۆی 16 كورسی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئەویش بەمەبەستی بەهێزكردنی پێگەكانیان لەئیدارەی داهاتووی شارەكە.

لەم هەڵبژاردنەدا حزبە كوردیەكان بەچوار لیست بەشدارییان كرد، سێ لیستیان هاوپەیمانین و لیستێكیشیان بەتەنها لەلایەن حزبێكەوە، یەكێتی و حزبی شیوعی پێكەوە لەژێر ناوی «هاوپەیمانی كەركوك هێزو ئیرادەمانە» ، یەكێتی لەهەڵبژاردنی ساڵی 2022 نزیكەی 85 هەزار دەنگی بەدەستهێنابوو، واتە خاوەنی سێ كورسی بوو.

پارتی كە نزیكەی مانگێك دەبێت بارەگاكانی لەكەركوك كردووەتەوە، لەگەڵ پارتی گەلی توركمانی یەك لیستیان هەبوو، پارتی لەهەڵبژاردنی 2021 لەو شارە نزیكەی 50 هەزار دەنگی هێناو دوو كەسی لەكەركوكەوە ناردە پەرلەمانی عێراق.

هەریەك لەیەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری لیستی «هاوپەیمانێتی مەشخەڵی كەركوك» یان پێكهێنا، نەوەی نوێش بەجیا بەشداری هەڵبژاردنەكەی كرد،  بانگەشەی ئەوەی دەكرد ركابەری پارتی و یەكێتی دەكات لەشارەكە لەكاتێكدا لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەو شارەوە تەنها یەك كاندیدی چووە پەرلەمانی عێراق.

ململانێی نێوان حزبە كوردیەكان لەكەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان لەكاتێكدایە، لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 ەوە كورد پێگەی لەوشارە لاواز بووەو زیاتر لە 100 پۆستی ئیداری و ئەمنیی لەدەستداوە.

هەر كورد نییە كە یەك لیست نیە لەكەركوك، بەڵكو عەرەبی سوننەش بەسێ هاوپەیمانێتی و چەند كاندیدێكی سەربەخۆ چوونە ناو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان،  كە دیارترینیان لیستی هاوپەیمانێتی عەرەبییە كە راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك سەرۆكایەتی دەكات، لیستەكانی دیكەش هاوپەیمانێتی قیادەو لیستی عروبەیە، ئەوانیش لەهەڵبژاردنی مانگی 10ی 2021ی پەرلەمانی عێراق بەهەرسێ لیستەكە سێ كورسییان هێنا.

لایەنە توركمانیەكانی كەركوك دابەشبوون بۆ دوو لیست، لیستی بەرەی توركمانی كە لە نۆ لایەنی سیاسی پێكهاتووە، هەروەها لیستی «كركوكنا» كە لیستی هێزە شیعە توركمانەكانە، توركمانەكان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەساڵی 2021 دا دوو كورسییان بەدەستهێنا.

ئەوەی دەمێنێتەوە كورسی كۆتاكانە، كە بۆ مەسیحیەكان دانراوەو دوو هاوپەیمانێـی و سێ كاندید ركابەرایەتییان لەسەركرد.

 

هەستی نەتەوەیی وەك كارتێكی فشار بۆ دەنگدان

ئەوەی جێگەی سەرنجە لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، بەدیاریكراوی لەكەركوك، سەرجەم لایەنەكان بەكوردو عەرەب و توركمانەوە، بانگەشەكانیان لەسەر ئاستی پێكهاتەیەكی دیاریكراو بوو،  هەر حزبێك لەپێكهاتەیەك پێكهاتەیەكی دیكەی وەك كارتی فشار بۆسەر دەنگدەرانی بەكاردەهێنا، واتە هەستی نەتەوەیی وەك كارتێك بەكارهێندرا تا لایەنگرانیان بەگەرموگوڕییەوە بەشداری هەڵبژاردن بكەن، لەكاتێكدا هیچ لیستێك نەبوو بەگشتی و بەبێ جیاكاری بانگەشە لەسەر ئاستی هەموو پێكهاتەكان بكات.

پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق پێی وایە حزبەكان وایانكردووە متمانە لەنێوان پێكهاتەكان نەمێنێت

شوان داودی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوكدا تائێستا ململانێكە سیاسی و ئیداری و حزبی نیە ململانێكە زیاتر نەتەوەییە ، ململانێی حزبی لەناو یەك پێكهاتەدا بوونی هەیە».

وتیشی: «تائێستا دەنگدان لەكەركوك نەتەوەییە حزبی نیە، یەكەم جار هەموو كەسێك دەنگی بۆ پێكهاتەكەی خۆیەتی ئەوە بڕاوەتەوەو گفتوگۆی لەسەر نیە، لەناو خودی هەر پێكهاتەیەكدا ململانێی حزبی دەكرێت».

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق ئەوەشی خستەڕوو: «ئەمە یەكێكە لەگرفتە سیاسیە جەوهەرییەكان بۆ پێكەوە ژیان كەنەتوانراوە گوتارێكی نیشتمانی لەئاستی شارەكەدا بێتە كایەوە  هیچ حزبێك هاوپەیمانیەك كەسێك ناتوانێت ئەوە بكات چونكە تەخوین دەكرێت».

« هیچ كەسێكیش لەهەر نەتەوەیەك ناتوانێ بەئاشكرا پشتوانی لایەنێك یان كەسێك لەپێكهاتەیەكی جیاواز لەپێكهاتەكەی خۆی بكات ئەویش هەر تەخوین دەكرێت، هۆكارەكەش ئەو سیاسەتە ناجۆرانەی دەسەڵاتەكانە كە پەیڕەو كراوە، هەمووی ترسی لەوی تر هەیە كەبیسڕێتەوەو متمانەش بەیەكتر  لەنێوان پێكهاتەكاندا بوونی نیە». شوان داودی وادەڵێت.

لەساڵی 2005ەوە تا 2017 پۆستی پارێزگاری كەركوك لای كورد بوو، ئەمجارەش بۆ بەدەستهێنانی پارێزگاری ئەو شارە پێویستی بەڕێككەوتن هەیە هەرچەندە دەنگی زۆرینەی بەدەستهێناوە لەئەنجومەنی پارێزگا.

سەعید كاكەیی، شارەزای هەڵبژاردن و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەماددەی 13 ی هەمواری سێیەمی یاسای ژمارە 12 ی ساڵی 2008 لەبڕگەی دووەمدا دەڵێت ئەنجامی هەڵبژاردنەكان نابنە بناغەیەك بۆ هەر دۆخێكی یاسایی یاخود ئیداری لەدەستنیشان كردنی داهاتووی پارێزگای كەركوك، لەبڕگەی سێیەمدا دەڵێـت بنەماكانی ئەم ماددەیە بۆ خولی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران و خولی ئەنجومەنی پارێزگا بەرقەرارە».

وتیشی:»لەبڕگەی چوارەمدا دەڵێت دابەشكردنی دەسەڵات بەشێوەیەكی دادپەروەرانە لەنێوان پێكهاتەكانی پارێزگاكەدا بەكاردەهێنرێت بەدەر لەئەنجامی هەڵبژاردن، بەڵام لەئەگەری بەدەستهێنانی زۆرینەی كورسیەكان لەلایەن كوردەوە لەكاتی بڕیارداندا لەناو ئەنجومەن زۆرینە رۆڵی خۆی دەبینێت بەو مەرجەی كە بناغەی پێكهاتەكان نەشێوێندرێت، مەبەست ئەوەیە پشك پشكێنەی پێكهاتەكان تێكنەدات».

ئەو شارەزایەی هەڵبژاردن دەشڵێت:»پێشتر هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك بەشێوەی پەنجا كۆیەك بووە، كورد ئەمجارە بەتاك لایەنە ناتوانێت پارێزگاری كەركوك دابنێت، پێشبینی من ئەوەیە بە كورسی مەسیحیەكانەوە كورد زۆرینەیە بەڵام بۆ دابەشكردنی پۆستەكان دەبێت بەڕێككەوتن بكرێت، دەبێت كوردیش لەناوخۆیدا رێكبكەوێت و یەكدەنگ بێت پاش ئەوە لەگەڵ عەرەب و توركمان رێككەوتن بكەن ئەگەرنا ناتوانن پارێزگارو پۆستەكانی دیكە دەستنیشان بكەن».

 

یەكێتی سەرەڕای ئەوەی زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی پارێزگاكە هێناوە بەڵام پێی وایە دەبێت بەڕێككەوتن پۆستی پارێزگار یەكلایی بكرێتەوە

رزگار حاجی حەمە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەهەموو عێراق وایە دەبێت پۆستەكان بەڕێككەوتن یەكلایی بكرێنەوە، بەڵام بەپێی دەنگەكانی هەڵبژاردنیش پۆستی یەكەم بۆ ئەو قەوارەیە دەبێت كەزۆرترین دەنگی هێناوە، ئەویش بۆ ئەوەیە پۆستەكانی دیكە دابنرێن، ئیتر لەعێراق وایەو لەبەسرەو كەربەلاش هەروایە».

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی وتیشی:»پێشتر زۆرینەش بووین كورد 26 كورسی هەبوو بەڵام بەڕێككەوتن پۆستەكان دابەشكران، بەڵام لایەنی زۆرینە واتە دەنگی یەكەمی هەیە پۆستی باڵا وەردەگرێت، بەڵام كەركوك لەبەرئەوەی پێكهاتەی جیاوازی تێدایە نابێت هیچ لایەنێك فەرامۆش بكرێت».

سەبارەت بەدیاریكردنی كەسێك لەلایەن یەكێتییەوە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، رزگار حاجی حەمە وتی:»دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی دەنگدانی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەوە لەلایەن یەكێتییەوە یەكلایی دەكرێـتەوە، دواتریش چاوەڕێی یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا دەكرێت تا ئەو پرسە یەكلایی بكرێتەوە».

«تائێستا یەكێتی پێنج كورسی بۆ یەكلایی بووەتەوەو رەنگە بچێتە شەش كورسی و پارتیش كورسییەك دەهێنێت و نەوەی نوێش هێشتا یەكلایی نەبووەتەوە، هەر پارێزگارێك دابنێین لەكەركوك دەبێتە پارێزگار بۆ هەموو لایەنەكان بەنەوەی نوێ و پارتیشەوە». رزگار حاجی حەمە وادەڵێت.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
هاوڵاتی ڕێكلام


سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

2 هەفتە لەمەوپێش

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

2 هەفتە لەمەوپێش


پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق ئەمەریکا و یاساناسان توڕەدەکات

3 هەفتە لەمەوپێش


هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ خێرێکی بۆ پۆتین هەیە؟

4 هەفتە لەمەوپێش