بەرپرسێكی رۆژئاوا بۆ هاوڵاتی: تا ئێستا ناڕەزایەتی لەدەرەوە لەسەر دەستورەکەی رۆژئاوا نەبووە و رەشنووسەکەش رای خەڵکی لەسەر بووە

5 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای سێ ساڵ لەگفتوگۆو راگۆڕینەوە ئەنجومەنی یاسادانانی رۆژئاوای كوردستان لەشاری رەققە دەستوری پەسەندكردو بەپێی دەستورەكە هەرێمێك بەناوی (هەرێمی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا) پێكهێندرا، بەرپرسێكی رۆژئاوا دەڵێت بەشێكی دەستورەكە سیاسییە و بەشێكی پەیوەندی بەئاوەدانكردنەوەی ناوچەكەوە هەیە، پارێزەرێكیش پێی وایە ئەو دەستورەی لەڕۆژئاوای کوردستان نووسرایەوە دەستورێکی تا ئاستێکی زۆر دیموکراسییە.

رۆژی 12-12-2023 لەشاری رەققە ئەنجوومەنی گشتی بەڕێوەبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باكوورو رۆژهەڵاتی سووریا كۆبوونەوەی ژمارە 90ی خۆی ئەنجامداو ئەو رێككەوتنە كۆمەڵایەتییەی پەسەند كرد، كە لەلایەن لیژنەی بەرفراوان بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانێتییەكە پێشكەش كرا.

یاسر سولەیمانی، جێگری هاوسەرۆكی كۆمەڵەی گشتی بەڕێوەبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری لەڕەققە، ١٣٤ ماددەی لەسەر رەشنووسی دەستوور خوێندەوەو لەلایەن بەشداربووانەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ كراو لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا، بەكۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی یاسادانان پرۆژەی دەستوور پەسەند كرا.

بەگوێرەی دەستوورەكە هەرێمێك بەناوی “هەرێمی باكوورو رۆژهەڵاتی سووریا” پێكدەهێنرێت، ئەو هەرێمەش ئەنجوومەنی نوێنەران و حكومەت و دەسەڵاتی دادوەری دەبێت.

رۆژی هەشتی ئەم مانگەش لیژنەی نووسینەوەی دەستوور كە لە ١٥٨ ئەندام پێكهاتبوو، پێشنیازی چین و تووێژەكانی لەچوارچێوەی رەشنووسی دەستووردا پەسەند كردو رەوانەی ئەنجوومەنی یاسادانانی كرد بۆ پەسەندكردنی كۆتایی.

بەرپرسێكی رۆژئاوای كوردستان باس لەناوەڕۆكی دەستورەكەو ئامانجەكەی بۆ هاوڵاتی دەكات

نورشان حسێن، ئەندامی نوێنەرایەتی خۆبەڕێوبەری دیموكراتی رۆژئاوای كوردستان لەهەرێمی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەڵێ راستە لە ١٢ی مانگ پەسەندكردنی هاوپەیمانی کۆمەڵگای باکوری رۆژهەڵاتی سوریا راگەیەندراو کارو خەبات بۆ ئەو هاوپەیمانییە کاتێکی زۆری ویست بۆ نووسینەوەی ئەو هاوپەیمانێتییە، ئەم هاوپەیمانییە دوو لایەنی هەیە، لایەنێکیان پڕۆژەیەکی سیاسییەو بەڕێوبەرایەتی خۆسەر باکورو رۆژهەڵاتی سوریا بەشێوەیەکی روون بۆ خەڵکی سوریاو دەرەوەش پێشکەشیان کردووە».

ئەو بەرپرسەی رۆژئاوای كوردستان وتیشی:»هەروەها لایەنی ئاوەدانکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هەرسێ مەجلیسی قەزایی و تەنفیزی و مەجلیسی گەل بابەتەکان شرۆڤە دەکەن و پەیوەندییەکان لەنێوان ئەو مەجلیسانەدا چۆنە، ئەم سیستەمە بەگوێرەی ئەو هاوپەیمانییەی کۆمەڵگایە کەچۆن زیاتر دیموکراسی بێت و چۆن مافەکان بپارێزرێن بەشێوەیەکی باشتر، ئێمە ماوەیەکی زۆرە گفتوگۆ لەسەر ئەم دەستورە ئەنجامدەدەین بەشێوەیەکی کۆبوونەوەو رەشنووسی ئەو هاوپەیمانێتییە نیشانی خەڵک دراوەو رای خۆیان لەسەر داوە».

«تائێستا بەشێوەیەکی ئاشکرا ناڕەزایەتی نەبووە، لەدەرەوەش تائێستا کاردانەوەیەکی نەرێنی لەسەر ئەم هاوپەیمانێتییە نییە، نووسینی ئەم هاوپەیمانێتییە جیاوازە لەنووسینی دەستورێک کە تۆ بەسەر هاووڵاتیانی فەرز بکەیت، ئەم هاوپەیمانێتییە زیاتر لەسەر شێوەی رێککەوتنێکە بۆ ئەو نەتەوەو ئاینە جیاوازانەی لەباکورو رۆژهەڵاتی سوریادا دەژین، بۆیە تائێستا ئەو کاردانەوانەی ئێمە دیومانە ئەرێنی بوون هەروەها کاردانەوەکانی باشووری کوردستانیش ئەرێنی بوون» نورشان حسێن وای وت.

پارێزەرێك باس لەوەدەكات «ئەو دەستورەی لەڕۆژئاوای کوردستان نووسرایەوە دەستورێکی تائاستێکی زۆر دیموکراسییە»

هاوكات نەریمان ئەحمەد، پارێزەر لەبارەی دەستوری رۆژئاوای كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» دەستور لەجیهاندا دایکی یاساکانە، هەر یاسایەک دەربچێت خیلافی دەستوری هەبێت ئەو یاسایە بەتاڵە ئەفزەڵیەتی هەیە بەسەر هەموو ئەو یاسایەی لەناو وڵاتداو لەناو هەموو هەرێمە جیاوازەکاندا دەردەچێت، هەموو ئەو وڵاتانەی کەدیموکراسین لەهەوڵدان کەخاوەنی دەستوربن».

ئەو پارێزەرە وتیشی:»دەستور دەکرێت بەپێی کات و شوێن گۆڕانکاری بەسەردابێت، زۆر کەسیش بەشێوەیەک سەیری دەستور دەکەن کە بنەمایەکە بۆ ئەوەی کەوڵات بخرێتە سەر سکەی خۆی و بۆ ئەوەی دەسەڵاتداران کۆت و بەند بکات و بتوانێت لەڕووی کارگێڕی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە وڵات رێکبخات».

 «دەتوانین بڵێین کاتێک وڵاتێک دەستورێکی هەبێت بەتایبەت ئەگەر دەستورێکی دیموکراسی هەبێت وڵاتیكی سەرکەوتووە، بەشێکی زۆری وڵاتان دەستور بەشێوەیەکی دیموکراسی دەنووسنەوە بەڵام عیبرەت لەجێبەجێکردنیدایە، واتە وڵات تەنیا بەنووسینی دەستور ناکەوێتەسەر سکەی خۆی و ئەوکاتە وڵات لەسەر سکەی خۆیەتی کەئەو دەستورەی نووسیویەتی جێبەجێی بکات». نەریمان ئەحمەد وادەڵێت.

نەریمان ئەحمەد دەشڵێـت:» لەچەند رۆژی رابردوودا لەڕۆژئاوای کوردستان دەستورێک نووسرایەوە وەک گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی تەماشای دەکەن، ئەو دەستورەی لەڕۆژئاوای کوردستان نووسرایەوە دەستورێکی تائاستێکی زۆر دیموکراسییە، لەو هەلومەرجی شەڕو ئاڵۆزییەو هەبوونی هێزی جۆراوجۆر کەڕۆژئاوای کوردستانی تێکەوتووە لەگەڵ ئەو کێشمەکێشمەی کەهەیە لەڕابردوودا توانیان یاسای باری خێزانی بنووسنەوەو لەئێستاشدا توانیان دەستور بنووسنەوە کەتیایدا مافی هەموو نەتەوەو ئاین و گرووپ و پێکهاتەکانی تێدایەو هەموو پێکهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان هاوبەشبوون لەنووسینەوەی ئەو دەستورەدا».

ئەو پارێزەرە زیاتر باس لەدەستوری رۆژئاوای كوردستان دەكات و دەڵێت: «ئەم دەستورە پێکهاتووە لەدیباجەیەک و ١٣٤ ماددە، لەناو ماددەکانیشدا بڕگەی جیاواز هەیە، هەر ماددەیەک لەچەند بڕگەیەک پێکهاتووە، بەشیوەیەکی گشتی دڵنیایی لەسەر ئەوە دراوە کەدەستورێکی دیموکراسیانە بنووسرێت، لەهەمان کاتدا ئەوە کەموکورتییە کەهەرێمی کوردستان نزیک دەبێتەوە لە٣٣ساڵ حوکمڕانی لەگەڵ ئەوەی ساڵانێکی زۆرە لەڕووی ئەمنی و سەربازییەوە هەرێمی کوردستان سەقامگیرە بەڵام نەتوانراوە دەستورێک بنووسرێتەوە، لەئێستادا رەشنووسێک هەیە بەڵام نەتوانراوە بکرێتە دەستورێکی هەمیشەیی، هەرچەندە دەستوری عێراق ناکۆک نییە لەگەڵ نووسینەوەی دەستورێک بۆ هەرێم کەئەمە کەموکورتییەکە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان نایانەوێت دەستور لەهەرێمدا بنووسرێتەوە، چونکە دەستور بنووسرێتەوە دەسەڵاتەکانی ئەوان کۆت و بەند دەکات و رێگر دەبێت سەرپێچی یاسایی و سیاسی بکەن، بەڵام سەرنجم لەسەر دەستوری رۆژهەڵاتی کوردستان بەحوکمی ئوەی کەئەزمونێکی گەورە نەبووە لەنووسینی دەستوردا دەکرا دەستورێکی دەوڵەمەندتر بووایە».

بەوتەی نەریمان ئەحمەد «لەم کاتەداو لەم سەروبەندەدا نووسینەوەی دەستورێکی بەو رەنگە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ رۆژئاوای کوردستان و بڕواموایە ئەم دەستورە دەبێتە هۆی بەرەوپێشتربردنی رۆژئاوای کوردستان و لەهەمان کاتدا پوچەڵکردنەوەی پلانی دەوڵەتانی هەرێمییە بەتایبەتی ئەو دەوڵەتانەی نزیکن لەڕۆژئاوای کوردستان و سوریا، بڕوام وایە چۆن سەرکەوتنە سەربازییەکانیان کاریگەری هەبوو لەسەر رۆژئاوای کوردستان ئەم دەستورەش کاریگەری گەورەی دەبێت و وردە وردە رۆژئاوای کوردستان بەرەو سەقامگیری زیاتر دەڕوات». 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار