ئایا كورد لەكەركوك لەدەنگدانی گشتی ئەنجومەنی پارێزگا دۆڕاوە یان براوە؟

5 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەگشتی لەكەركوك 526 هەزار و 790 كەس دەنگیان داوە، لەو ژمارەیە 219 هەزار و 497 دەنگ بۆ لیستە كوردیەكان بووە، بەڵام تەنها یەكێتی و پارتی كە بەدوو لیستی جیا دابەزیون توانیویانە كورسی بەدەست بهێنن، واتە 186 هەزار و 122 دەنگ بۆ بەدەستهێنانی كورسی بووە، بەدیاریكراوی 33 هەزار و 275 دەنگ كە بەشی كورسییەكی دەكرد فەوتاوە، چونكە بەپێی سیستەمی سانت لیگۆ كورد كەمترین نرخی كورسی لەسەر كەوتووە و بۆ هەر كورسییەك 31 هەزار و 110 دەنگی پێویست بووە، بەشێوەیەك هەر لیستێك لەو ژمارەیە كەمتری هێنابێت دەنگەكانی فەوتاندووە.

هەرچەندە كورد ئەگەر بەیەك لیست بەشداری بكردایە هەشت كورسی مسۆگەر دەكرد بەپێی سیستەمی سانت لیگۆ، بەڵام هێشتا بەدەنگ كورد زیاتر لە 13 هەزار و 500 دەنگ لەپێش دەنگی لیستە عەرەبیەكانەوەیە.

ئەم ئەنجامە بەپێی بەدواداچونێكی هاوڵاتی دەركەوتووە و بەدەرە لەئەنجامی دەنگدانی تایبەت كە ڕەنگە ئەنجامەكە بەڕادەیەكی كەم بگۆڕێت

لیستە عەرەبی و توركمانیەكان لەهەڵبژاردنی 2021 بەهەردوولایان پێنج كورسییان هێنا سێ لیستی عەرەبی سێ كورسی و توركمانەكانیش دوو كورسی، بەڵام لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 2023 عەرەب بەتەنیا شەش كورسی و توركمانیش دوو كورسی واتە دەنگی عەرەب دوو هێندە زیادیكردووە و توركمانەكانیش وەك خۆیەتی.

هەرچەندە كورد بەراورد بەهەڵبژاردنی 2021 ی پەرلەمانی عێراق دەنگ و كورسی زیادیكردووە بەڵام ئەوەی زیانی پێگەیاندووە فرە لیستییە كە ئەگەر یەك لیست بوایە بەپێی سیستەمی سانت لیگۆ هەشت كورسی دەهێنا و دەیتوانی بەئاسانی لەگەڵ كۆتای مەسیحیەكانی كەركوك پۆستی پارێزگار یەكلایی بكاتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار