کوردستان لە نێوان چوارگۆشەی ئەمریکا و ئێران و تورکیا و میلیشیاکان

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

گومانی تێدا نییە کە ئێران لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعسەوە ، لە ڕێی کۆمەڵێک گرووپی شیعەی جیا جیا و بە سیاسەتێکی تۆکمەی دیبلۆماسییەوە توانی خۆی بخزێنێتە ناو سێکتەرە جیاوازەکانی دەوڵەت و حکوومەتی عیراقەوە وئاخووندەکانی ئێران و دەزگا موخابەراتی و ئەمنییەکانی ، بەبەردەوامی لە رێگەی  بەکارهێنانی هێز و میلیشیا شیعەکان و گرووپە سوونە چەکدارە تووندرەوەکانەوە هەوڵی دوور خستنەوەی پریشکی ئاگری هاتنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەدا  و لە رووی ئایدۆلۆژیشەوە توانی ئەو مەرامەی بە دەست بێنێت و شەرێکی تائیفی لە نێوان سوونە و شیعەکانی عیراقدا هەڵگیرساند و دواجار توانی عیراق بۆ ماوەیەک بە شێوەیەکی کاتی بخاتە ژێر رکێفی ناراستەخۆی خۆیەوە، تورکیاش لایەنێکی دیکەی کێشەکانی عیراقی دوای ساڵی 2003 یە و ئەم ووڵاتە ئیقلیمییەش هاوشێوەی ئێران لە هەوڵی بەردەوامدایە کە پێگەو دەسەڵاتی خۆی لەناوخۆی عیراقدا فراوانتر بکات و بۆ ئەم مەبەستەش تا ڕادەیەک لە ڕێگەی پارتە هاوپەیمانەکانی خۆیەوە توانی ئەم مەرامەی بە دی بێنێت ، کە ئەمەش نیگەرانی ئێرانی دوژمنی لە مێژوویی و لە میژینەی خۆی لێکەوتۆتەوە و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئیران بەمەبەستی دوورخستنەوەی هەژموونی تورکیا  لە رێگەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە خۆیەوە ، هەموو هێزوتوانای خۆی خستۆتە گەر و ئەو  گرووپانە بەردەوام هەوڵی تێکدانی ئاسایشی هەرێم دەدەن .

هەڵبەت ئێران لە بەکارهینانی ئەو گرووپە چەکدارانە چەند مەبەستیکی ستراتیژی هەمەلایەنەی هەیە کە بریتین لە :

یەکەم / هێرشکردنە سەر هیزەکانی ئەمریکا لە عیراق و بەتایبەتیش بنکە سەربازییەکانیان لە ناو هەرێمی کوردستاندا .

دووەم/ گووشار خستنەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان .

سێیەم / گەیاندنی پەیام بە هێزەکانی ئەمریکا و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کە بەبەردەوامی و کەی بمانەوێ دەتوانین ببینە مەترسییەکی راستەقینە بۆ سەر ژیان و ئاسایشتان .

چوارەم / وەک پرۆپاگەندیەکی سیاسی و سەربازی لەناوخۆی ووڵاتدا لە کاتی پێویستدا بەکاری دەهێنێت.

پێنجەم/ پەیامێکی ناراستەوخۆشە بۆ تورکیا کە راستە ئێوە لە سنووری دەسەڵاتی پارتی دیمۆکرات دەسەڵاتێکی فراوانتان هەیە ، بەڵام ئەوە ئێمەین کە ماتماتیکی یارییەکە دادەڕێژین.

هەروەها لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی بەرپرسی سووپای قوودس لە ساڵی 2020دا هێرش و پەلامارە مووشەکی و فرۆکەبێفرۆکەوانەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان و بە تایبەتیش هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان (سنووری هەولێر) بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

هەر بە گوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی تەنها لە ماوەی دوو مانگی کۆتایی ساڵی 2023دا لەلایەن ملیشیاکانی نزیک لە ئێرانەوە  زیاد لە 100  هێرشی جۆراوجۆر کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق و سووریا و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەش 66 سەربازی ئەمریکی بە سووکی بریندار بوون.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش رایگەیاندووە ، لە چەند هەفتەی رابردوودا ، هێرش و پەلامارەکان بە رێژەی لە سەدا 45 زیادی کردووە.

هەڵبەت هەرێمی کوردستانیش بەدەر نەبووە لەو ئالەنگارییەی نێوان کۆماری ئیسلامی  ئێران و ئەمریکا و چەندین جار بەر هێرش و پەلامارەکانی هێزەکانی نزیک لە ئێران بۆتەوە .

بۆ نموونە لە 15ی شوباتی 2021دا بە چەند مووشەکێک ‌هێرشکرایە سەر فرۆکەخانەی هەولێر و لە ئەنجامدا بەڵێندەرێکی بیانی کووژرا و 6 کەسی دیکە بریندار بوون کە یەکێک لە بریندارەکان سەربازێکی ئەمریکی بوو.

کە دواتر (سرایا اولیاء الدم) ی باڵێکی سەربازی حزبوڵای عیراقی نزیک لە سووپای پاسدارانەوە ئەو هێرشەی گرتە ئەستۆ و بە پێی  وتەی پلەدارێکی ناو ئیستخباراتی عیراقی ئەم گرووپە ، گرووپێکی پەیوەستن بە سووپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و لەنەو چەکدارەکانی حزبوڵای عیراقییەوە گۆڵبژێرکراون و لە سەر ئاستێکی باڵا بۆ چالاکی تایبەی و تەقینەوە و هێرشی مووشەکی و دروونی راهێنیان پێکراوە .

هەروەها سەرچاوەکەی ناو ئیستیخباراتی عیراق ئاماژەی بەوەشکردووە ، بە پێی زانیاری دەزگا ئەمنییەکانی عیراق ،ژمارەیان 150 کەسێک دەبێت کە لەناویاندا پیاوی ئایینی و هەواڵگری و شارەزای سەربازی و لۆجیستی و هونەری دەبینرێت و لە رێگەی مەجلیسی شوراوە کە لە پێنج ئەندام پێک دێن کارەکانیان ئەنجام دەدەن و چالاکییەکانیان بە جۆرێک ئەنجام دەدەن کە کاریگەری هەبێت بۆ سەر باری سیاسی و ئاسایشی ووڵاتدا .  بۆ یەکەمینجاریش لە دوای هێرشێکی ئەم گرووپە لە کۆتاییەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی 2020دا و لە دوو هێرشیان بۆ سەر سەربازگەی (تاجی) لە باکووری بەغدا ناوی ئەم گرووپە لە میدیا ناوخۆییەکانی عیراقەوە باسکرا.

هەر لە ساڵی 2020دا نزیکەی دە گرووپی ملیشیایی جیاوازی نزیک لە ئێران بەرپرسیارێتی خۆیان لەو هێرش و پەلامارانەی کە لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تری عیراق کراوەتە  سەر هێزە ئەمریکییەکان ڕاگەیاندووە.

لە 18 ی شوباتی 2021یشدا سێ مووشەک ئاراستەی فرۆکەخانەی هەولێر کرا کە لە دووری 8 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای هەولێر کەوتنە خوارەوە و بە پێی لێدوانی بەرپرسێکی سەربازی ئەمریکی ، مووشەکەکان لە جۆری 107 ملم بوون.

لە 16ی حوزەیرانی 2021دا دوای ئەوەی 3 دروونی بۆمبرێژکراو بە دووری 3 کیلۆمەتر لە قونسڵییەی ئەمریکا لە هەولێر خرانە خوارەوە کە لەباڵی یەکێک لە دروونەکان (قاصم الجبارین) نووسرابوو کە گرووپێکی چەکداری سەر بە حزبوڵای عیراقی نزیک لە کۆماری ئیسلامی و سووپای پاسدارانن .

بە بڕوای چاودێرە سیاسی و سەربازییەکان ، فرۆکەخانەی پێگەیەکی گرنگ و ستراتیژی گرنگی لە رووی سەربازییەوە بۆ هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە و هەر لەبەر ئەم پێگە گرنگە ، ئێران هەموو هەوڵێکی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ شێواندنی ئاسایشی هەرێم و سەرقاڵ کردنی هیزەکانی ئەمریکا بەو جۆرە هێرشانەی کە دەکرێنە سەریان ، نەوەک لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان پێگەیەکی بنەرەتی و سەرەکی بێت بۆ پەلاماردان و هێرشکردنە سەر ئێران.

لە 22ی 6ی2023دا دوای هێرشێکی دروونی بۆسەر بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە فرۆکەخانەی هەولێر ، هۆشیار زێباری لە پێگەی تویتەر ، ئەو هێرشەی بە مەترسیدار لە قەڵەمدا و نووسی: شەوی ڕابردوو بەمەبەستی تێکدانی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان ، دوبارە هێرشکراوەتە سەر فرۆکەخانەی هەولێر.

 

 لە 26 ی تشرینی یەکەمی 2023دا و دوای هاویشتنی دروونێکی بۆمبڕێژکراو بەرەو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ، توانرا ئەو دروونە پێش گەیشتنی بە خاڵی دیاریکراو بخرێتە خوارەوەو لە 3ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2024یشدا ،توانرا هێرشێکی دروونی دیکە بۆ سەر بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان پووچەڵبکرێتەوە ، هەروەک چۆن لە سەریساڵدا بە دوودروونی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە .

دوابەدوای هێرشەکەش حکوومەتی هەریم بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد و داوای کرد حکوومەتی ناوەند بە ئەرکەکانی خۆی هەستێت.

چاودێرانی سیاسی و سەربازی پێیان وایە کە ئیران لە گرووپە میلیشیا شیعەکانەوە ، هەوڵدەدات دووبارە بەرنامەکانی خۆی لە عیراق و هەرێمی کوردستاندا دابڕێژێتەوە و بەتایبەتیش کوژرانی قاسم سولەیمانی بۆشاییەکی گەورەی بۆ ئەو مەبەستەی ئێران درووست کردووە و سەدان چەکداری بڕواپێکراوی خۆی لە عیراقدا لەسەر کاری تێکدەرانە راهێناوە.

مەغی جبووری چاودێری سیاسی پێی وایە ، زیاد بوونی ژمارەی هێرشەکان و گۆرانکاری لە تاکتیکی جەنگی میلیشیاکان و ئەمریکا مەترسییەکی راستەقینەن و لەوبارەیەوە دەڵێت: فراوان بوونی هێرشە دروونییەکان مەترسییەکی راستەقینەن و دەبێت حکوومەتی ناوەند بە تووندی بەرپرچی ئەو گرووپانە بداتەوەو پێی وایە زیاد بوونی هێرشەکان زەنگێکی مەترسیدارن بۆ نەمانی هەیبەتی دەوڵەت و دامەزراوە حکوومییەکان و ئەو دەستکەوتانەی کە لە دوای 2003ەوە بە دی هاتوون .

لە لایەکی دیکەوە مەحمود خۆشناوی شارەزای ئەمنی ، ئەم جۆرە هێرشانە بۆ نەبوونی هەماهەنگییەکی تۆکمە و پیادەنەکردنی لیکتێگەیشتنە ئەمنییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر دەگەرێنێتەوە و بە هۆکارێکی سەرەکی دەزانێت بۆ رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ چەکدارەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و سەرجەم میلیشیا لە یاسادەرچووەکان.

هەروەها ناوبراو ئەوەشی ڕوونکردەوە کە حکوومەتی هەرێم هەر زوو درکی بەو مەترسیانە کرد و هەر لەبەر ئەمەش بە مەبەستی کۆنترۆڵ کردنی باری ئەمنی و ئاسایشی ناوچەکانی هاوسنووری حکوومەتی هەرێم بە دووری 25 کیلۆمەتر، چەند لیکتێگەیشتنێکی ئەمنی لەگەڵ حکومەتی ناوەندا بەست تا بەم جۆرە ڕێگە لە هیرشی ملیشیاکانی نزیک لە ئێران بگیرێت ، بەڵام هیرش و پەلامارە مووشەکی و دروونییەکانی ئەو میلیشیا لە یاسادەرچووانە ، ئەوە ئەسەلمینن کە خاوەن دەسەڵاتێکی فراوانن لەناو دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی حکوومەتی ناوەند.

بە پێی بە دواداچوونەکانی هاوڵاتی سەبارەت بە هیرشی ملیشیاکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەوا لە دوای هەر زەبر بەرکەوتنێکی ئیران لە لایەن ئەمریکا و هێزەکانی دیکەوە ، ئەوا هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هەریم چڕتر دەکرێتەوە ، بۆ نموونە دوا بەدوای هێرشی ئەلەکترۆنی بۆ سەر بنکەی نەتەنزی ئەتۆمی ئێران ، هێرشکرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەولێر و 3 رۆژ بەر لە ئەنجامدانی هێرشکەکەش ، بەمەبەستی ئامادەسازی مێشکی جەماوەر میدیاکانی ئێران رایانگەیاند کە لەناو فرۆکەخانەی هەولێر بنکەی ئیسرائیلی هەیە .

ئاخۆ دواجار هەرێمی کوردستان دەبێتە قوربانی کێشمەکێش و ململانێی ئەمریکا و ئیران یان خود دەتوانێت خۆی لە پریشکی ئاگری ئەو شەڕە بە وەکالەتەی ئیران و ئەمریکا بپارێزێت؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار