بانکی جیهانی مەترسییەکی راستەقینە بۆ سەر نەوەکانی داهاتوو لە عیراقدا دەخاتە روو

 ٪36.84 ی ژینگەی کەرکووک پیسە

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە تازەترین راپۆرتی بانکی جیهانی لەبارەی عیراق و ئەو زەرەرو  زیانانەی کە بەر کەرتی نەوت و کشتوکاڵ و پیشەسازی ئەم وولاتە کەوتووە لە ئەنجامی جەنگە یەک بە دوای یەکەکانی، ئەوە خراوەتە روو کە نزیکەی 3.5 ترلیۆن دیناری عیراقی (3ملیار دۆلاری ئەمریکی) دەبێت و هەروەها ٪47 ی دارستانە سرووشتییەکانی لەناوچوون و 2.4 ملیۆن هێکتار زەوی کشتوکاڵی مینرێژکراوە .

لەراپۆرتە فراوانەکەی بانکی جیهانی کە بە ناوی " ژینگەی ناوچە پیسبووەکانی عیراق لە ئەنجامی جەنگەکانیدا ، چارەسەر کردنی پیسبوونی زەوییەکەی بەمەبەستی گەرانەوەی ژیان بۆی" دا باس لەوە کراوە کە بەمەبەستی دەستنیشانکردنی ئاستی پیسبوونی ژینگەی  پارێزگەکانی ' بەغداد و ئەنبارو وبابل و دیالە و کەرکوک و موسڵ و سەڵاحدین " کە لە ئەنجامی جەنگدا زیانیان بەر کەوتووە پێویستە کە بەرنامەیەکی نیستمانی تۆکمە دابرێژرێت و بە وردی ناوچەی ژینگەی پیسبوو دەستنیشان بکرێت ، ئەم کارەش پێنج ساڵ دەخایەنێت و نزیکەی 422 ملیۆن دۆلاری پێویستە.

هەروەها جگە لەو پاریزگایانەی کە لە سەرەوە باسکراون ، راپۆرتەکە ئاماژەی بە پیسبوونی ژینگەی ناوچەکانی باشووریش کردووە و داوای کردووە بە دواداچوونیکی بەپەلە بۆ پیسبوونی ژینگەی ناوچەکانیان بکرێت .

هەروەها راپۆرتەکەی بانکی جیهانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە جەنگە یەکبەدوای یەکەکانی عیراق هۆکاریکی سەرەکی زیانەکانی کەرتی نەوت و پیشەسازی بوون و جگە لە زیانە ئابوورییەکانی ئەو جەنگانە ، زیانێکی فراوانیان بە ژینگە و ئاو و هەواو خاکی ووڵاتەکە گەیاندووە .

راپۆرتەکە باسی لەوەشکردووە کە بە پێی هەڵسەنگاندنەکانەکان ،٪47ی دارستانە سرووشتییەکانی عیراق لەناوچوون و نزیکەی 2.4 هیکتار زەوی کشتوکاڵی مینرێژکراون و ناتوانرێت بەکاربهێنرێت ، هەروەها نزیکەی 10 هەزار و 569 هیکتار زەوی دیکەش بە هۆی پیسبوون و پاشماوەکانی کاربۆن و مادە کیمیاوییەکانی تر لەناو چوون و بۆ کشتوکاڵ و نئشتەجێ بوون ناشێن.

هەروەها بانکی جیهانی ئاماژەی بەوە کردووە گەر بێتوو ئەم مەترسییانە چارەسەر نەکرێن و پشتگوێ بخرین ئەوا دەرئەنجامیکی مەترسیدارییان لێدەکەوێتەوە و دەبنە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر نەوەکانی داهاتوو لە عیراقدا .

راپۆرتەکەی بانکی جیهانی بەم جۆرە هەندێک لەو ناوچە جوگرافییانەی کە ژینگەکانیان زیانیان بەرکەوتووە و پیس بوون دابەشکردووە : ٪36 ی پارێزگای کەرکووک کە 28 ناوچە لە خۆ دەگریت ، ٪22 ی موسڵ کە 17 ناوجە لە خۆدەگرێت ، ٪19.73 ی پارێزگای سەڵاحدین کە 15 ناوچە لە خۆ دەگرێت .

بانکی جیهانی باسی لەوەشکردووە کە لەم راپۆرتەدا تەنها زیانە ژینگەییەکانی ئەو حەوت پارێزگایەی عیراق خراوەتە روو کە راستەوخۆ ئاگری جەنگەکانیان بەرکەوتووە کە بریتین لە " بەغداد و ئەنبار و بابل و دیالە و کەرکوک و موسڵ و سەڵاحدین" و بێگومان 12 پارێزگاکەی دیکەی عیراقیش بەدەر نین لەم مەترسییانە و لە ساڵی 2022 دا دوای ئەوەی لە لایەن کادێرانی وەزارەتی ژینگەی عیراقی خاکی ئەو ناوچانەی کە گوماندەکرا ژینگەیان پیس بێت پشکنینیان بۆ کرا دەرکەوت کە نزیکەی یەک ملیۆن و 333 هەزار و 3 هیکتار زەوی ئەو ناوچانە پیسن و کاریگەرییەکی مەترسیداریشی لەسەر تەندرووستی یەک ملیۆن و 750 هەزار کەس داناوە، کە دەکاتە ٪8.55 ی ژمارەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار