تیک تۆک؛ رێگایەکی نوێی گەنجان بۆ ناوبانگ‌و پارە پەیداکردن

زانایەکی ئاینی: دەکرێت ئەو پارەیە لەهەر پڕۆژەیەکدا سەرف بکرێت کەسوودی گشتی تێدابێت بەمزگەوتیشەوە

4 مانگ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

کۆمەڵناسێک: میدیای کوردی رۆڵێکی خراپ دەگێڕێت و لایڤێکی تیک تۆک دەکاتە سەردێڕی هەواڵ

بردنەوەی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار دۆلار لەلایەن گەنجێکی شاری هەولێرەوە لەلایڤێکی تیک تۆکدا لەئێساتدا بووەتە بابەتێکی گەرم لەنێو هاووڵاتیاندا، بەتایبەت پاش ئەوەی لیژنەی فتوای هەرێم ئەو پارەیەی بەحەرام دانا ئەویش دوای ئەوە هات کەئەو گەنجە بڕیاری دا ئەو پارەیە لەدروستکردنی مزگەوتێکدا خەرجبکات.

هەفتەی رابردوو گەنجێکی پارێزگای هەولێر بەناوی (مەساری مەسعود)  لەڕێگای لایڤێکی تیک تۆکدا لەگەڵ کەسێکی لیبیایی بەناوی (کیندەر لیبی) تەحەدییەکیان ئەنجامداو مەساری مەسعود بووە براوەی تەحەدییەکە، بەمەش بووە براوەی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار دۆلار (٥٠ دەفتەر)، بەپێی یاساکانی تیک تۆک، کۆمپانیای تیک تۆک نیوەی پارەکە بۆ خۆی دەبات و نیوەکەی دیکەشی بۆ مەساری مەسعود دەبێت، مەساری  بڕیاریدا ئەو بڕە پارەیە لەدروستکردنی مزگەوتدا خەرجبکات بەڵام لیژنەی فتوا ئەو پارەیەیان بەحەرام دانا.

عەبدولحەمید سیوەیلی، زانای ئاینی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: بەئەندازەی تێگەیشتنم و شارەزایم باسی بابەتەکە دەکەم نەک وەک موفتییەک، پێموایە تیک تۆک وەک هەموو گۆشەکانی دیکەی تەکنەلۆجیا لەجیهاندا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت کەلایەنی ئەرێنی هەیەو دەکرێت بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەڕووی زانستی و ژینگەیی و ئاینی و تەنانەت ریکلامی بازرگانیش (ئەو بازرگانیانەی کەشەرعین) بەکاربهێندرێت. 

وتیشی: بەڵام دەبینین بەتایبەت لەلایەن گەنجانەوە بەفیڕۆدانێکی زۆری کات و سەروەت و سامانی تێدایە، هەروەها  بێ پلانی و بێ بەرنامەیی گەنج دەردەخات و لەئەنجامدا ئەوەی لەنێو تیک تۆکدا مامەڵە دەکات هیچ پەیامێکی دیاریکراوی نییە، ئەوەندەی کات و پارەو ژیانی بەفیڕۆدەدات.

ئەو زانا ئاینییە باسی لەوەشکرد کەشەریعەتی ئیسلام بۆ پاراستنی ئاین و  ماڵ و سامان و نەفس هاتووە،  لەهەر چوارچێوەیەکدا یەکێک لەمانە بکەونە مەترسییەوە ئاینی ئیسلام لەگەڵیدا نییەو بەحەرامی دادەنێت، بۆیە پێویستە کەسی بەکارهێنەر دەبێت خۆی لەخۆی بپرسێت ئایا بۆچی تیک تۆک بەکاردەهێنێت؟ ئایا بەلایەنە ئیجابییەکەی بەکاریدەهێنم یان بەپێچەوانەکەی؟

سەبارەت بەوگەنجەی ماوەی رابردوو بڕە پارەیەکی زۆری بردەوەو بڕیاری دا بیکاتە مزگەوت لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، ئەو مامۆستا ئاینییە وتی: پێویستە دەستخۆشی لێبکرێت چونکە پاش ئەوەی زانی پارەکەی لەڕووی شەرعیەوە حەرامە بڕیاری دا بیکاتە مزگەوت و هەڵەکەی راستبکاتەوە.

«ئەو پارەیەی بەڕێگای حەرام دەستیکەوتووە ئەگەر مافی تاکەکەسییە پێویستە بگەڕێندرێتەوە ئەگەر بتوانێت، ئەگەریش ناتوانێت و گەڕانەوەی بۆ خاوەنەکەی ئاسان نییە، دەتوانێت لەڕێگایەکەوە بەکاریبهێنێت کەخزمەتی کۆمەڵگای پێبکات، کەدەتوانێت لەهەر پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریدا بەکاریبهێنێت ئاساییە، قوتابخانە یان مزگەوت و ماڵی هەژاران بێت.» عەبدولحەمید سیوەیلی وای وت.

سەبارەت بە رای ئەنجومەنی فتوا لەسەر حەرامی ئەو پارەیەی لەتیک تۆکەوە بەدەستدەهێندرێت عەبدولحەمید سیوەیلی وتی: ئەوەی زانایان باسیان کردووە لەدەرەنجامی تێگەیشتنی بابەتی کەعبەی پیرۆزەوە بووە کاتێک ئەهلی قورەیش دروستیان کردەوە وتیان کەنابێت بەپارەی حەرام دروستبکرێتەوە، زانایان لەو چوارچێوەیەوە ئەو بڕیارەیان داوە کەنابێت مزگەوت بەپارەی حەرام دروستبکرێت.

«بەڵام ئەگەر کەسێکیش بیەوێت بیکاتە مزگەوت من ناتوانم پێی بڵێم مەیکەرە مزگەوتەوە چونکە بابەتێکی قورسە بۆیە پێم وایە دەکرێت لەهەر پڕۆژەیەکدا سەرف بکرێت کەسوودی گشتی تێدابێت بەمزگەوتیشەوە.» عەبدولحەمید سیوەیلی وای وت.

رۆژی ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، دكتۆر شێخ حهسهن موفتی، سهرۆكی لیژنهی فهتوای ههرێمی كوردستان، روونكردنهوهیهكی لهبارهی دروستكردنی مزگهوت بهپارهی تیك تۆك بڵاوکردەوەو وتی:: « ئهو كهسهی دهیهوێت لهڕێی پارهی تیك تۆكەوە مزگهوت دروستبكات، حهرامه،  كارهكهی نادروستهو  بهپارهی حهرام مزگهوت دروست ناكرێت.

جوتیار فەتاح، کۆمەڵناس لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: تیکتۆک وەک هەر یەکێک لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سۆشیاڵ میدیا کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی هەیە بەڵام خراپ بەکارهێنانی تیکتۆک بووەتە دیاردە لەنێو کۆمەڵگای ئێمەدا کە ئەمەش بابەتێکی مەترسیدارە بەتایبەت لەنێو گەنجاندا.

وتیشی: گەنجانی ئێمە بەتایبەتی هەرزەکاران ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە وەک  ئامرازێک بەکاردەهێنن کەخۆیانی تیاببیننەوە بۆ پارە پەیداکردن و بەناوبانگ بوونیش، بەڵام هەمووشیان بەناوبانگ و دەوڵەمەند نابن و دواجار کاریگەری خراپی دروونی ئابووری کۆمەڵایەتی بەجێدەهێڵێت کەدەگاتە قۆناغی نامۆبوون بەکۆمەڵگاو ژیانی واقیعی و کۆمەڵایەتی، لەبەرئەوەی ئالوودە دەبێت و بەردەوام لەو تۆڕەدا خۆی دەبینێتەوە دەرەنجام کەسایەتی پێشتری لەدەستدەدات.

هەروەها کاریگەری راستەوخۆی لەسەر خێزان دەبێت و هەندێکجار کێشەی کۆمەڵایەتی دروستکردووە، چونکە بەشێكی بەکارهێنەرانی تیک تۆک بەشێوەیەک تیک تۆک بەکاردەهێنن تەنها بەلایانەوە گرنگە  بەناوبانگ ببن و پارە پەیدا بکەن، بەلایانەوە گرنگ نییە بەچ ئامرازێک و لەسەر شکاندن و ناوزڕاندنی کەسی بەرامبەربێت. جوتیار فەتاح وای وت.

ئەو کۆمەڵناسە باسی لەوەشکرد کەبابەتێکی دیکەی مەترسیدار بریتییە لەلایڤ کردنەوە کە لەئێستادا دەبینین گەنجی کۆمەڵگای ئێمەی پێوەی ئالوودە بووەو ماوەیەکی زۆر بەدیار ئەم تۆڕەوە دەمێنێتەوە، بێ ئاگا لەوەی لەڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت تەندروستیشەوە چ زیانێکی هەیە، «ئالوودەبوون بەئامێرە ئەلیکترۆنییەکان هاوشێوەی ئالوودەبوون بەماددە هۆشبەرەکان وایە.»

«ئەگەر تەماشا بکەین ئەو گەنجانەی تیک تۆک بەکاردەهێنن کەمتر ئاگایی دەوروبەریان هەیەو وریایی و تیشکیان لەسەر دەوروبەریان نەماوە،  تەنها تیشکیان لەسەر چوارچێوەی شاشەی  مۆبایلەکانیانە بۆ ئەوەی بگەنە ئەو ئامانجەی کەهەیانە.»

سەبارەت بەڕۆڵی میدیای کوردی لەسەر ئەو پرسە جوتیار فەتاح ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کەمیدیای کوردی لەم بابەتەدا رۆڵێکی خراپ دەگێڕێت لەبەرئەوەی  کەسێک لەتیک تۆک لایڤێک دەکاتەوە دەبێتە هەواڵ و مانشێتی تەلەڤزیۆن و سایتەکان، «فڵان کەس لەشەوێکدا ئەوەندە پارەی پەیدا کرد،» ئەمە وادەکات گەنجانی دیکەش هەوڵبدەن لاسایی بکەنەوە.

« دەبێت کار لەسەر ئەوە بکرێت گەنجان هۆشیاربن و دوورکەونەوە لەبەکارهێنانی تیک تۆک، یان بەڕێگایەکی باش بەکاریبهێنن چونکە هاوکات کەسانێک هەن تیک تۆک بەڕێگایەکی باش بۆ لایەنی پەروەردەیی بەکاریدەهێنن.» جوتیار فەتاح وای وت

خزمەتگوزاری تۆڕی کۆمەڵایەتی  تیک تۆک کە لەلایەن «بایتدانس» خاوەندارێتی دەکرێت، کۆمپانیایەکی تەکنەلۆجی ئینتەرنێتیە لەشاری پەکینی وڵاتی چین، لەساڵی ٢٠١٢ لەلایەن «ژانگ ییمینگ» دامەزراوە، بۆ دروستکردنی کورتە موزیک و سەماو ڤیدیۆی کۆمیدی و بەهرەی سێ تا ١٥ چرکەو کورتە ڤیدیۆی ئەڵقەیی لەسێ تا ٦٠ چرکەدا بەکاردەھێنرێت.

زیاتر لە ٨٠ ملیۆن جار لەئەمریکا دابەزێنراوە، هەروەها گەیشتووەتە دوو ملیار داگرتن لەسەرتاسەری جیهاندا.

هاوکات،بەیاسایەک کە لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە دەرچووە دابەزاندنی بەرنامەی تیک تۆک لەسەر هەر ئامێرێک یان مۆبایلێکی سەر بەحکومەت قەدەغەکرد، هەروەها کۆمیسیۆنی ئەوروپاش ئەو ئەپڵیکەیشنەی لەسەر ئامێرەکانی قەدەغە کرد.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار