بۆچی ئێران پەلاماری عیراق و سوریا و پاکستانیدا ؟

4 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەم چەند رۆژەی رابردوودا کۆماری ئیسلامی ئێران بە بێ ئەوەی هیچ بنکە و بارەگایەکی ئەمریکی بە ئامانج بگرێت، بە مووشەک هێرشی کردە سەر 3 ووڵاتی دراوسێی خۆی کە بریتین لە "عیراق و سوریا و پاکستان" و بە بڕوای چاودێران ئێران نایەوێت کێشە و ئاڵۆزییەکانی لە گەڵ ئەمریکا لەوە زیاتر گرژی بە خۆیەوە ببینێت.

بە بڕوای چاودێران ئێران سەرەرای ئەوەی بەبەردەوامی هێزەکانی ئەمریکا بە ئاژاوە نانەوە لە ناوچەکە تۆمەتبار دەکات بەڵام  لە ئێستادا خۆی لە هەموو جۆرە روبەروبوونەوەیەکی سەربازی لەگەڵ ئەمریکا بە دوور دەگرێت و ئەو ناوچانە دەپێکێت کە لە بنکە و بارەگاکانی سوپای ئەمریکییەوە دوورن.

کاروکاردانەوەکانی سێ هێرشە مووشەکییەکەی ئێران

هێرشەکان لە درەنگانیکی شەوی دووشەمە و نیوەرۆی سێشەمە ئەنجامدران بەم جۆرە:

یەکەم/ تاران بە بیانووی بوردومانی بارەگای چەکدارە تیرۆریستییەکانی داعش بە چوار مووشەک شاری ئیدلیبی سوریای بوردومان کرد.

لەدوای بوردومانەکەش سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند : ئەم هێرشانە لە تۆڵەی کوژراوەکانی دوو تەقینەوەیکەی شاری کرمان ئەنجام دراون و لەو بوردومانانە بارەگای بەرپرسە سەرەکییەکانی ئەو کارە تیرۆریستییەی کرمان کراونەتە ئامانج.

دووەم/ تاران بە بیانووی خاپورکردنی بنکە ئیسرائیلییەکانی ناو هەرێمی کوردستان بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر.

دوبەدوای هێرشەکانی هەولێر، عیراق سەفیرەکەی خۆی لە تاران بۆ راوێژ بانگێشتی بەغداد کرد و مەسروربارزانیش لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە داڤۆس رایگەیاند : وەڵامی ئەم هێرشانە دەدەینەوە، هەروەک چۆن قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق ، ئەوەی ئاشکرا کرد کە هیچ بنکە و بارەگایەکی ئیسرائیلی لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە.

سێیەم / دوای ئەو دوو هێرشەش ، ئێران بە موشەک و دروون پەلاماری دوو بارەگای " سوپای یەکسانی – جیس العدل"ی لە پاکساتاندا ، کە گروپێکی بەرهەڵستکاری بەلوچی ئێرانین  و هەوڵی جیاکردنەوەی سیستان و بەلوچستانی دەدەن لە ئێران .

ئێرا ن خۆی بە دوور دەگرێت  لە کووشتنی سەربازە ئەمریکییەکان

لەم بارەیەوە "ویژدان ئەبدولرەحمان"ی پسپۆر لە کاروباری ئێراندا ، هۆکاری خۆبەدوور گرتنی ئێران لەو روبەروبوونەیە خستە روو و وتی : " ئاشکرایە کە کاردانەوەو وەڵامەکانی ئێران بۆ واشنتۆن وورد و خوێندراوەن ، بەجۆری کاردانەوەکانی کوژرانی هیچ ئەمریکییەکی لێ ناکەوێتەوە، هەر لەبەر ئەمەش بە بیانووی بوونی بنکەی سیخوری "مۆساد" لە هەولێردا ، هێرشی کردە سەر ئەو شارە ، و لە هەمنکاتیشدا هێرشی کردە سەر ئیدلیب لە سوریا،  تا بەو جۆرە لەلایەک شکستەکانی خۆی پەردەپۆش بکات ، لەلایەکی دیکەوە هێز و توانای خۆی لەبەر دەم لایەنگر و پشتیوانەکانی نمایش بکات ،بە تایبەتیش دوای کوژرانی فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران لە سوریا و چەند فەرماندەیەکی سەربازی حزبوڵای لووبنانی لە لایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە  ".

لەلایەن خۆیەوە "فراس ئەلیاس"ی پسپۆر لە ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ، هاوڕایە لەگەڵ قسەکانی "عەبدولرەحمان" و پێی وایە کە ، بەبەردەوامی ئێران هەوڵ دەدات بەجۆری وەڵام بداتەوە کە زۆر لەسەری  نەکەوێت و وەڵامەکانی نەبێتە مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆ سەر خۆی ، بۆ ئەمەش عیراق باشترین شوێنە بۆ ئەو پەرچەکردار و وەڵامانەی عیراق و بەم جۆرە خوێندنەوە بۆ هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر دەکات:

یەکەم / ئاماژەیە بۆ دەستگیرۆدەیی ئێران لە بەرامبەر روبەرونەوەی راستەوخۆ لە گەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و لە هاوسەنگ راگرتنی هێز.

دووەم/ هێرشەکانی ئێران ئەوە دەردەخەن کە ئەو وڵاتە توانای فراوان کردنی بازنەی جوگرافیایی روبەروبونەوەکانی نییە و خاکی عیراق بۆ دەرچوون لەو قەیرانە بە کار دینێت.

سێیەم/ سەبارەت بەو هێرشانەش کە گروپ و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لەناو خاکی عیراق لە دژی بنکەی هیزەکانی ئەمریکاوە ئەنجامی دەدەن ، دەچنە چوارچێوەی ستراتیژی یەکگرتنی مەیدانەکانی روبەروبونەوە و ئامانجی سەرەکی ئەو هێرشانەش ئیستینزافی هێزەکانی دوژمنە ،  نەک سەرکەوتنیکی یەکجارەکی بە سەریاندا و سەرقاڵ کردنی هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە تا بەو جۆرە نەپرژنە سەر ئێران.

چوارەم/ ئاشکرایە لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندی سوپای قودس لە ساڵی 2020 ، ستراتیژییەتی یەکگرتوویی مەیدانەکانی روبەروبوونەوە بە هۆی نەبوونی کەسێکی کاریگەری وەک قاسم سلێمانی ، فشارەکانی خۆی لە دەست داوە.

لەناو بردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان

لەلایەن خۆیەوە "عارف باوەجانی" ،سکرتێری حزبی سەربەستی کوردستان ی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ،جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەموو بیانووەکانی ئێران سەبارەت  بە بوونی بنکەی مۆسادی ئیسرائیلی لەناو هەرێمی کوردستان درۆیەکی گەورەیە و مەبەستی سەرەکی هیرشەکان بریتین لە :

یەکەم/ لەناوبردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان ،تا بەو جۆرە ئەم ئەزموونە بۆ ناو کوردستانی ئیران(ڕۆژهەڵات) پەل نەهاوێت.

دووەم/ ئێران وەک دوژمن لە هەرێمی کوردستان دەروانێت و پێی وایە رەنگە لە داهاتوودا ئەمریکا خاکی هەرێم بۆ هیرش کردنە سەر ئێران بەکار بهێنێت.

سێیەم/ ئیران بوونی پارتە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی وڵاتەکەی لەسەر خاکی هەریمی کوردستان ، بە هەرەشەیەک دەزانێت بۆ سەر باری ئاسایشی خۆی .

لە ماوەکانی پێشوودا عیراق بەمەبەستی ریگری کردن لە هیرشەکانی ئێران بۆ سەر خاکەکەی بە بیانووی بوونی ئەو گروپە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارییانە ، ڕێکەوتنیکی لەگەڵ لایەنی ئێرانیدا بەست و ئەو هێزانەی لەسەر سنوورەکانی خۆی لەگەڵ ئیران دوور خستەوە.

بە پێی وتەی لیژنەی باڵای رێکەوتنە ئەمنییەکەش، هەموو بنکە و بارەگاکانی ئەو هێزانە لەسەر سنووری ئێران دوور خراونەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار