رێکخستنی فیستیڤاڵەکانی کوردستان دراون بەکۆمپانیاکان لەهــــــەرێم‌و عێراق

4 مانگ لەمەوپێش



ئیمان زەندی

«ئەمساڵ نەمانتوانی کرێی جێگاکەش دابینبکەین، چونکە کەباب و جگەرو خواردنی کۆری تێکەوت، ئەمانە کەی کاری کوردەوارییە!، فیستیڤاڵ واتە خواردن و جلوبەرگی کوردەواریی».

ئەمە وتەی (لولو گیان)ە، سەرۆکی رێکخراوی گوڵەمێخەک لەگەرمیان بۆ خواردن و کاری دەستی، رێکخراوەکەی لولو لە ٢٥ ئەندام پێکھاتووە، ئەو کە بۆ هاوڵاتی قسەیکردووە دەڵێت، «پار لەگەرمیان کرێی کەپر بۆ سێ رۆژ ٦٠ ھەزارمان دەداو دواتر بۆمان دەگەڕێندرایەوە، بەڵام ئەمساڵ ١٦٢ ھەزاریان لێوەرگرتووم و دوو ھەزاریان بۆ گەڕاندومەتەوە بۆ شەش رۆژ، ئەمساڵ دەگەیەکی گەورەمان لێدرا».

لولو ناڕازییە لەبەشداربووانی فیستیڤاڵەکانی گەرمیان، چونکە «بەناوی کوردەواری شتی نوێ نوێ پەیا بووە، ھەیە دێت بۆ پاقلە فرۆشتن ١٦٢ ھەزار دەدات، رێکخەری فیستیڤاڵەکان دەڵێن؛ شوێنەکان باجیان لەسەرە، لەسەر ئەوە رۆشتین بۆلای قائیمقام وتی؛ لەسەر شوێنەکان ھیچ باجێکمان دانەناوە. بەڵام دەزانم پارەکە بۆ خۆیانە چونکە بەجۆرێک قسە دەکەن وەکو ئەوەی کەسێکیان لەپشتبێت، منیش نازانم چ کۆمپانیایەکە!».

«پار ٢٥ کەس بووین خواردن و شیرینیمان دروستدەکرد، بەڵام ئەمساڵ ١٠٢ کەس بووین، باوەڕ ناکەم کەپرێک ٢٠دۆلاری تێبچێت، بەس تەنیا ئەوەیە سەریان تێکردووەو تەواو!، بەڵێ بەدڵنیاییەوە رێککەوتنێک ھەیە».

لەبەرامبەردا عومەر نەجم، سەرپەشتیاری گشتی فیستیڤاڵی بازاڕ لەگەرمیان سەبارەت بەوەی لەگەرمیان فیستیڤاڵەکان دراوە بەکۆمپانیاکان؟ بۆ هاوڵاتی ئاشکرایکرد، «نەخێر، ھیچ کۆمپانیایەک فیستیڤاڵەکەی بەڕێوەنەبردووە».

عومەر نەجم نموونەیەک لەسەر شێوازی بەکرێدانی کەپرەکان رووندەکاتەوەو دەڵێت، لەکەلار شوێنیان ھەبووە مەتری بەھەزارو ٥٠٠ دینار بۆ رۆژێک، یان کۆشکێکی سێ بەسێیان ھەبووە بەدوو ھەزار دینار، «بەپێی شوێن نرخەکەشی دەگۆڕێت، نرخەکان لەنێوان ٥٠دۆلار بۆ ١٠٠دۆلاردایەو بۆماوەی سێ بۆ شەش رۆژە، بەنسبەت خۆمەوە ئەو نرخەم پێ زۆر نییە».

«شوێنی پارکی شاری یاری کەلار ئەھلییەو ستافەکەمان رێککەوتوون لەگەڵیاندا، ئێمە چەند جۆرێک کرێمان ھەیە، کرێی کۆشکەکانمان و تێچوی ئاوو کارەبا لەگەڵ ستافەکەمان و رێکلام و مارکێتین، سەر بەھیچ جیھەتێکی حکومی و کۆمپانیایەک نیین، بەڵام کۆمەڵە گەنجێکی دانەمەزراوین ئەم پڕۆژەیەمان دەستپێکردووەو ھەلیکارمان بۆ خۆمان و گەنجی دەوروبەر درووستکردووە»، عومەر نەجم وا دەڵێت.

سەرۆکی گروپێکی سەربەخۆ لەپارێزگای سلێمانی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت یەکێکی دیکەیە لەبەشداربووانی فیستیڤاڵەکان و بەهاوڵاتی دەڵێت، «ئەمە دیاریدەیەکەو دروستبووەو شارەوانیش بەکتابی فەرمی و بەپێی یاسا خەمڵاندن دەکات کە ئایا کۆمپانیا یان رێکخراوێکی فەرمیی بەڕێوەی ببات؟».

«پێشتر فیستیڤاڵەکان بێبەرامبەر بوو یان بڕە پارەیەک وەرگیراوەو سەرکەوتوو نەبووە، ئەم پارە زۆرەش بەداخەوە خاوەنکارو کەمدەرامەتەکان ناتوانن بەشداریبکەن». ئەو دەستڕەنگینە وای وت.

ئەو خانمە ٢٥ ساڵە بەخۆبەخشی فیستیڤاڵ و پێشانگای بۆ ئەندامەکانی رێکخستووەو ناوبراویش بەکارە دەستیەکانی بەشداریکردووە، چونکە «زۆر دەمێکە تێکەڵم لەگەڵیاندا هەستیانپێدەکەم دۆخیان باش نییە لەڕووی تەندروستی و کەمدەرامەتی و کەمئەندامی، تەنانەت توانای مێزێکیشیان نییە».

لەسەر بەڕێوەبردنی فیستیڤاڵەکان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، ئەو رایگەیاند، «بەهیچ شێوەیەک پێم خۆش نییە فیستیڤاڵ بخرێتە بەردەست کۆمپانیا، چونکە هەستیان بەرامبەر هەژاران نییەو تەنیا هەوڵی گیرفانی خۆیان دەدەن و هیچ پەیوەندیەکیان بەکاری دەستیەوە نییە، ئەندامەکانم خەریکە واز لەکارەکانیان دەهێنن، چونکە بەردەوام زەرەر دەکەن».

پەیوەست بەژمارەو ناوی کۆمپانیاکان، ئەو خانمە دەستڕەنگینە دەڵێت، «بمبورە ناتوانم ناویان بهێنم، ناترسم! بەڵام حەزناکەم ناوی هیچ کەس بەرم، کۆمپانیاکان زەق و دیارن، رێکخراوەکانیش دیارن».

لەسەر هەڵبژاردنی کەپرەکانیش وتی، «ژمارەکان هەڵدەدەن بەسەرمانداو بەپاڵنان و هاوار هاوار لەسەر زەویەکە هەڵمانگرتووەتەوە، حکومەتیش بۆیان ئیفتیتاح دەکات و دەستخۆشیان لێدەکات».

ناوبراو چەند نهێنیەک دەدرکێنێت کەچۆن فیستیڤاڵێک دەکرێتەوەو ئاشکرایکرد، بۆکردنەوەی فیستیڤاڵێک شارەوانی ٦٠٠ هەزار بۆ سێ ملیۆن دینار وەردەگرێت، «شارەوانی ئەو خەمڵاندنە دەکات، ئەویش یەک مانگ دەتبەن و دەتھێنن، جاری واش ھەیە کتابەکەت ون دەبێت یان دەچێتە بەریدەوە، بۆ بەستنی کارەباش کارەباچیەکانی پارکی باخی گشتی سلێمانی ١٠٠دۆلار دەسەنن، ٤٠ دوکانیان بەملیۆنێک بۆ بەستووم، ئەو پارەی وەریدەگرن بۆ سودی باخەکەیە، بەڵام ھەر زیانێک بگەیەندرێت بەباخەکە سزاکەی زیندانیشی تێدەکەوێت».

ئەو خانمە دەستڕەنگینە زیانێکی گەورەی ئەو فیستیڤاڵانە باسدەکات و دەڵێت، «لەھەولێر لەگەڵ خاتونێکدا بەشداریمانکرد بۆ سێ رۆژ ٥٠٠دۆلارماندا بۆ کاری دەستی، ھەبووە ٨٠٠دۆلاری داوە، یەک چێشتخانە بەشداریکردبوو بەنیو دەفتەر دۆلارو یەک قازانجیشی نەکردووەو ھەمووی کرد بەخێر. ئەو فیستیڤاڵەی بەشداریمانکرد مەسرور بارزانی کردبوویەوە لەپارکی شانەدەر».

هاوڵاتی لەبەدواداچوونەکانیدا نرخی بەکرێدانی کۆشکی فیستیڤاڵەکانی بۆ دەرکەوتووە، کە کەپرێک بۆ پێشانگایەکی ئاسایی (ڤی.ئای.پی) بە ٢٥٠ ھەزارە، بۆ کارە دەستیەکانیش بە ١٥٠ بۆ ٢٠٠ ھەزار دینارە. هەروەها فیستیڤاڵەکانیش دوو جۆرە، فیستیڤاڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، فیستیڤاڵە ناوخۆییەکان کرێی کەپرەکانیان لەنێوان ٥٠دۆلار بۆ زیاتر لە نیو دەفتەردایە، فیستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکانیش شەوی بەکرێگرتنی هوتێلێکی بەرپرسێک بەدەیان دەفتەر دۆلار بووە.

خاوەن بیرۆکەی فیستیڤاڵەکان گلەیی لەوەدەکەن کەڕۆژێکیان بەسەرهێنراوە کەسێکی دیکە دەهێننە شوێنیان و دەیانکەن بەخاوەن بیرۆکەی فیستیڤاڵەکانیان، قەیسەر رەحمان، خاوەن بیرۆکەی فیستیڤاڵی هەنارو خۆراکی گیاییە لەهەڵەبجە، لەوبارەیەوە تایبەت بۆ هاوڵاتی قسەیکردووەو دەڵێت، «لەساڵی ٢٠١٢ لەتۆڕی رێکخراوەکان ھەستمکرد دوای ساڵێک کارکردن لەوێ حزب دەستیگرتووە بەسەریدا، چونکە ھەڵبژاردنەکانیان بەشێوەی حزبی بوون ھەر ساڵەو بۆ لایەنێک بوو بێ لایەنەکانیش مافیان دەخورا، دواتر ھاتینەدەرەوە لەو تۆرە».

دەشڵێت: «ئێستا کشتوکاڵی ھەڵەبجە کەسێکیان دروستکردووە وەکو فکرەی فیستیڤاڵی ھەنار، منیش بەزیاتر لەسێ بەڵگە سەلماندووەمە کەخاوەن فکرەکە قەیسەر رەحمانە».

سەبارەت بەچۆنیەتی بیرۆکەی فیستیڤاڵی هەنار، قەیسەر رەحمان ئاشکرایکرد، «لەکۆبونەوەیەکدا داوای فکرە دەکرا، پاشان یەک مانگ گەڕانمکرد کەھەڵەبجە بەچی دەوڵەمەندە؟ پاوەرپۆینتێکی ٢٢ سڵایدیم دروستکردو بیرۆکەکەم پێشنیارکرد، یەک ساڵ فیستیڤاڵەکەمان کرد ئەویش ساڵی ٢٠١٥ بوو، دواتر رێکخراوی (نوێی ئێمە) لەتۆڕی رێکخراوەکان دەرچوو، ئەنجام لەساڵی ٢٠٢١ درا بەکۆمپانیاکان، گەندەڵیەکی گەورە ھەیە لەوەی کەناھێڵن بزانرێت کۆمپانیاو داھاتەکە چەندەو کێیە؟».

«بۆنهی میللی و فیستیڤاڵ و كولتوری كۆمهڵگایهك لهجیهاندا بهپاره نهفرۆشرا، بهڵام لهههڵهبجه فرۆشرا!»، خاوەن بیرۆکەی هەنار وادەڵێت.

بەپێی سەرچاوەی زانیارییەکان، فیستیڤاڵی ھەنار ئەمساڵ نزیکەی ١٩ ملیۆنی بۆ تەرخانکراوە، بەڵام هیچ یەکێک لەکەپرەکان لەو گوژمەیە کۆشکی پێ دروستنەکراوە.

حەسەن فەتاح، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری لەپارێزگای دهۆک لەسەر دیاردەکە بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کەئەو فیستیڤاڵانەی ئەوان رێکیدەخەن نەیانداوە بەکۆمپانیا، بەڵکو وەکو حکومەت سازیدەکەن و بودجەی بۆ دابیندەکرێت، «یەک کەپریشمان بەکرێ نەداوەو نەشمانداوە بەکۆمپانیا، تەنانەت شوێنەکانیش، تەحەدا دەکەین ئەگەر کارێکی لەو جۆرەمان کردبێت».

لەبارەی تێچوی فیستیڤاڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانیش، حەسەن فەتاح ئاشکرایکرد، «فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کە لەدهۆک کرا ٣٥ وڵات بەشداربوون، ھەشت رۆژ بەردەوام بوو، تێچووەکەی نزیکەی ٧٠٠ ملیۆن دینار بوو، بەڵام فیستیڤاڵی لۆکاڵی ١٥ ملیۆنە».

بەگوێرەی داتایەکی نافەرمی کەهاوڵاتی لەبەدواداچونەکانیدا دەستیکەوتووە، لەهەرێمی کوردستان پێنج بۆ ١٠ کۆمپانیا فیستیڤاڵە جۆراوجۆرەکان بەڕێوەدەبات، کە تیایدا کۆمپانیای عێراقیش بوونی هەیە، بەڕێوەبردنی فیستیڤاڵەکان بەجۆرێکە کەچەند کۆمپانیایەک ناو تۆماردەکەن و دواتر بەتیروپشک دەردەچن و دەبن بەڕێکخەری فیستیڤاڵەکان.

چەندین رێکخراو پێکهێنراون بۆ بەدواداچوونی ئەو گەندەڵییانەی لەفەرمانگەکانی حکومەت و چالاکییەکاندا دەکرێت، رێکخراوی هەڵوێستیش یەکێکە لەو رێکخراوانە لەهەڵەبجەو بەڕێوەبەری پڕۆژەکانیشی سەروەت محەمەدەو لەلێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتی دەڵێت، «بۆ فیستیڤاڵی ھەنار نزیکە ٤٥ ملیۆن داواکرابوو، حکومەت نەیتوانی دابینیبکات و نزیکەی ١٩ ملیۆنی دابینکرد، هەروەها لەفیستیڤاڵی ھەنار سێ کۆمپانیا تیروپشکی بۆ کراو یەکێکیان دەرچوو».

لەسەر ئەوەی ئایا کۆمپانیاکان سەر بەلایەنێکی حزبین؟ نابراو نەیشاردەوەو ئاشکرایکرد، «بەدڵنیاییەوە وەهایە کەدەستی بۆ پرسێکی لەوشێوەیە بردووە، چونکە لەبازاڕی نیشتیمانیدا مامەڵە بەدینار دەکرێت، ھەر خاوەنکارێک چوبێتە ژێر باریەوە ھەم بەلاڕێدابردنی فیستیڤاڵ و کەیسەکەیەو ھەم بەکارھێنانی خاوەن کارەکەیە بەداخەوە، ئەگەر ھەرشتێک کرا بەدۆلار دەچێتە چوارچێوەی بەکارھێنانەوە».

«سەبارەت بەوەی کەحکومەت نایەوێت پارەیەکی زۆر بۆ ئەم فیستیڤاڵانە خەرجبکات، دوو ھۆکار ھەیە، حکومەت نایەوێت خۆی بخاتە نێو گێژاوی پارەدان، دووەمیش ئەو کۆمپانیایانەی دەست بۆ ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە دەبەن؛ کۆمپانیایەکن ھەم لەڕووی حزبی و ھەم حکومی دەستیان دەڕوات و دواجار دەبنەوە خاوەن کەیسەکە». سەروەت محەمەد وا دەڵێت.

لەسەر فیستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکانیش دەڵێت، «فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەس مانەوەی کۆمەڵێک لەبەرپرسەکان لە١٥ بۆ ٢٠ دەفتەر زیاترە، نادادپەروەرییەکی زۆر بەڕووی فیستیڤاڵەکانەوە دەبینرێت».

لەبارەی ئەوەی بۆچی حکومەت فیستیڤاڵەکان دەدات بەکۆمپانیاکان؟ هێمن خۆفیا، لێپرسراوی راگەیاندنی نوسینگەی سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بۆ هاوڵاتی ئاشکرایکرد، «لەزۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو زۆربەی سێکتەرەکان لەلایەن کەرتی تایبەت بەڕێوەدەبرێت، ئەگەر بمانەوێت لەقۆناغێکی پێشکەوتوودابین دەبێت وابیربکەینەوە کەحکومەت و کەرتی تایبەت تەواوکاری یەکترین».

دەشڵێت، «لەو ڤێستیڤاڵانەی پێشتر کراوە لەپارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان، لەلایەن کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بەهەمامەنگی و چاودێری دەستەی گەشتوگوزار ئەنجامدراون، چەندین ئامانجی گرنگیان پێکاوە».

«هەر کۆمپانیاو لایەن و کەسایەتییەک دەیەوێت فێستیڤاڵی بازاڕو چالاکی گەشتیاری ئەنجامبدات، وەک دەستەی گەشتوگوزار هەردەم هاوکارو هەماهەنگ دەبین»، هێمن خۆفیا وا دەڵێت.

لێپرسراوی راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار لەسەر کۆمپانیاکان زیاتری روونکردەوەو ئاماژەی بەوەشدا، هیچ کۆمپانیایەک دەستنیشاننەکراوە بۆئەوەی فێسیڤاڵێک بەڕێوەببات، «دەرگامان واڵایە بۆهەر کۆمپانیاو لایەنێک کە بییەوێت خزمەت بەبواری گەشتوگوزار بکات، ئەو پێشانگایانەی تائێستا کراون زۆربەیان لەلایەن کۆمپانیاکان ئەنجامدراوون».

باسی لەوەشکرد، لەلایەن حکومەتەوە پارە بۆ کۆمپانیاکان خەرجنەکراوە، بەڵکو «کۆمپانیاکان دەستپێشخەربوون و تەواوی تێچوو داهاتی هەرچەند بووبێت بۆخۆیان بووەو نەگەڕاوەتەوە بۆ گەشتوگوزار».

لای خۆشیەوە، ھیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ هاوڵاتی دەڵێت، «هەوڵدەدەم هاوکاریت بکەم، بەدواداچوونێکە منیش دەبێت کاری لەسەر بکەم، رەنگە هەموو شت لای من نەبێت».

هاوڵاتی پاش ناردنی نامە لەسەر ئاراستەی بابەتەکەمان و چەندینجار پەیوەندیکردن بەڕێکخەری فیستیڤاڵی پێشانگای کتێب لەسلێمانی، کەکۆمپانیای (اتڵس اصیل)ە، بەڵام ناوبراو وەڵامی پەیوەندیەکەو نامەکەی نەدایەوە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار