ئەمریکاو چاوترساندنی ئێران؟

3 مانگ لەمەوپێش



سەردار عەزیز

پاش کوشتنی سێ سەربازی و بریندارکردنی ژمارەیەکی زۆرتر، ئەمریکا پاش پێنج رۆژ، بۆ ماوەی نیو کاتژمێر هێرشی کردەسەر بنکەو بارەگاکانی میلیشیاکانی سەر بەئێران لەعێراق و سوریا. ئەمریکا ئامانجی سەرەکی لەم هێرشە ئەوەبوو کە وەها لەمیلیشیاکان و ئێران بکات جارێکی تر هێرش نەکەنەسەر ئەمریکا. ئایا ئەمریکا لەم هەوڵەیدا سەرکەوتووبوو؟ ئەم پرۆسەیە بەڕەدع، دیتێرەنس یان چاوترساندن ناسراوە.

ئەم ستراتیژیە بەشێک بوو لەسیاسەتی بەرگریی ئەمریکا لەجەنگی سارددا، بەتایبەتی پاش گەشەی چەکی ئەتۆمی. هەبوونی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکاوە، وەهای لەئەوانیتر کرد کە بیر لەوە نەکەنەوە هێرش بکەنەسەری. پاشان کە سۆڤیەت بوو بەخاوەن چەکی ئەتۆمی، ترسی وێرانبوونی هەردوولا هاتەئاراوە. بەمجۆرە جەنگی سارد بوو بەمۆدێلی باوی شەڕ. رەدع یان چاوترساندن لەسەر کۆمەڵێک بنەما بونیادنراوە، کەترس و گەیاندنی پەیام و نمایش و چۆنێتی تێگەیشتنی ئەویتر لەمەترسییەکەو توانای رێگریی و بەرپەرچدانەوە وەستاوە. بەڕای من لەئێستادا کۆمەڵێک بنەما هاتوونەتە ئاراوە کەوەها دەکات پرسی دروستکردنی رەدعی ئەمریکی سەخت بکات. لەسەرووی هەمویانەوە، هەبوونی سیستەمێکی رەدعی ئێرانی ئاڵۆزو بەهێز، کەخۆی لەمیلیشیا دۆستەکانیدا دەبینێتەوە، لەهەناو کۆمەڵێک وڵاتی لاوازدا لەناوچەکە.

ئەم سیستەمی میلیشیایە لەسەر سیستەمی هاوتەریب بەڕێوەدەچێت کەیەکەمجار موستەفا چەمران دایهێنا. ئێران لەڕێگای میلیشیاکانەوە، چەند بنەمایەکی رەدع دادەڕێژێت، یەکەم، دروستکردنی مەترسی لەبەرامبەر هەڕەشەی مەترسی. بەو مانایە ئێران ئەوە لەئاگایی هەر هێزێکدا دروستکردوە کەبیر لەهێرشکردنە سەری بکاتەوە کەدەبێت بیر لەمیلیشیاکانی ناوچەکە بکاتەوە، وەک ئەوەی لەپاش شەڕی غەزە دەیبینین؛ ئێران لەپێناوی ئەوەی خۆی لە هێرشی راستەوخۆ بپارێزێت، هەموو میلیشیاکانی لەناوچەکە خستووەتەگەڕ. خاڵێکی تر کەپێگەی ئەمریکای لاوازکردوە لەناوچەکە، گۆڕانی دۆخی سیاسی ناوخۆی ئەمریکاو جیهانە. ئەم گۆڕانکارییانە وەهایانکردووە کەئەمریکا بیر لەجێهێشتنی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە. لەم پێناوەدا ئەمریکا لەچەند ساڵی رابردوودا، چەندین جار هەوڵی رۆشتنی داوەو هەروەها بەردەوام باس لە بەگرنگ نەمانی ناوچەکە دەکات. ئەم دۆخە وەهای لەوڵاتان و هێزەکانی ناوچەکە کردووە کەباوەڕ بەئەمریکا کەمتر بکەن و بەدوای هێزی تردا بگەڕێن بۆ پشتیوانی. ئەم دۆخە سەرتاپای خزمەت بەپرۆسەی دروستکردنی رەدع ناکات، چونکە هێزێک بیەوێت لەناوچەیەک بڕوات، ناتوانێت بەئاسانی رەدع لای ئەوانیتر دروستبکات.

هۆکارێکی تر کەڕەدعی ئەمریکی سەخت دەکات، لاوازبوونی دۆستەکانی ئەمریکایە لەناوچەکە. جاران تورکیاو ئیسرائیل وڵاتی ئیقلیمی بەهێزبوون لەناوچەکەدا، بەڵام لەئێستادا، هەردوو بەدەست کێشەی زۆرەوە دەناڵێنن. تورکیا هەرچی دەکات ناتوانێت دۆخی ئابوری هەستێنێتەوە، ئیسرائیلیش لەپاش شەڕی غەزە رووبەڕووی کێشەی زۆر بووەتەوە. ئەمە با ئەوە لەولاوە بوەستێت کەوڵاتانی عەرەبی کەدێتە سەر بواری سەربازی و ئاسایش و داکۆکی لەخۆکردن، لەدۆخێکی تەواو لاوازدان. لەهەمانکاتدا شەڕی غەزە لەئێستادا دۆخێکی وەهای لەشەقامی وڵاتانی ناوچەکە دروستکردوە کەئەو وڵاتانە بەئاسانی نەتوانن بەشداری لەهێرشی سەر بەئێران بکەن. ئەم هۆکارەشە وەهایکردوە کەئەمریکا بەتەنها هێرش دەکاتەسەر میلیشیاکان.

لەدۆخێکی وەهادا ئەمریکا هەوڵدەدات مەرجەکانی دروستکردنی رەدع بوونیادبنێت. هەر سیستەمێکی رەدع کۆمەڵێک خەسڵەتی هەیە، کە بەگشتی بریتین لەچڕیی و گەورەیی توانا، توانای گەیشتن و پێکانی ئامانج، هەبوونی نیەت و بوێری دەستوەشاندن، لەگەڵ گەیاندنی پەیام بەلایەنی بەرامبەر. لێرەدا رامانێک لەجۆری چەک و تەقەمەنییەکان کە لەبۆمبارانەکەی میلیشیا عێراقی و سورییەکان بەکار هات جێگای سەرنجە، لەنێویاندا فڕۆکەی بی یەک. ئەم فڕۆکانە کەڕاستەوخۆ لەتەکساسەوە فڕین، لەئاسمان بەنزینیان کردوەو پاش ئەنجامدانی بۆمبارانەکە، گەڕاونەتەوە ئەمریکا. لەڕێگای ئەم نمایشەوە ئەمریکا هەوڵی ئەوە دەدات کەپەیامی توانای خۆی بۆ ئێران و ئەوانیتر بنێرێت. دەیەوێت ئەوە بگەیەنێت کەتوانای دەستوەشانی پەیوەست نیە بەبوونی لەناوچەکە، بەڵکو دەتوانێت لەسەر خاکی خۆیەوە لەئەمریکا، لەدووری چەندین هەزار کیلۆمەترەوە، بگاتە ئامانجەکانی و بگەڕێتەوە. دیارە ئەو جێگایانەی کە بۆمبارانکرابوون گرنگ نەبوون، بەڵام ئەم پەیامە گرنگ بوو. بەڵام هەستناکرێت ئەم پەیامە بەباشی گەشتبێت یان رێگربێت لەڕەدعی ئێران یان ببێت مایەی گۆڕینی رەفتاری.

بەتایبەتی کاتێک هێرشەکان لەناو ئێراندانین و هەروەها نەبوونە هۆکاری کوشتنی هیچ بەرپرسێکی سەربازی یان سیاسی و هەروەها ئامانجیان شەڕ نەبوو. لێرەدا حەز دەکەم ئاماژە بەڕەهەندێکی پرۆسەی چاوترساندن بکەم، ئەویش کەلتورە. لای ئەمریکاییەکان دەرخستنی هەبوونی توانای سەربازی و تەکنەلۆجی دەبێت وەها لەنەیارەکانی بکات کەڕەفتاریان بگۆڕن، بەڵام مەرج نیە ئەم پەیامە بەهەمانشێوە لەلایەن ئێرانیەکانەوە وەربگیرێت، بەتایبەتی کاتێک کەکەسایەتیەکانیان و خاک و رژێمەکەیان سەلامەتن. لەکاتێکدا کەئەمە دەڵێین دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین، کەسیستەمی رەدعی ئێرانی لەدۆخێکی خراپدایە و هێرشەکانی ئەمدواییانە کۆمەڵێک ئاماژەی گرنگ لەو بارەوە دەدەن. یەکەم، لەکاتێکدا ئەمریکا لەئامادەکاری هێرشدا بوو ئێران ئامادەبوو بەخۆیدا بچێتەوەو وەها نیشانبدات کەجارێکی تر کاری وەها ناکات، لەڕێگای فشاری بۆ وەستانی هێرشی میلیشیاکان، داخستنی میدیاکانیان، گەیاندنی پەیامی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ کەئەوان لەپشت کارەکەوە نەبوو.

دیارە هەموو دەزانن کە ئێران لە پشت هێڕشەکەی سەر ئوردون بوو، بەڵام پاشەکشێ لێی نیشانەی هەڵەو پەشیمانییە. ئەمە لەکاتێکدا کەئێستا ئێران خۆی خستە خانەی ئەو وڵاتانەوە کەمەترسی هەیە لەسەر ئەمریکا نەک داواکاریی. هەرچەندە شارەزایەکی ئێرانی ئەوەی دووپات دەکردەوە کەئێران ناتوانێت دەستبەرداری دژایەتی ئەمریکا بێت چونکە زیانی زۆر بە ریسۆن دی تای (فەلسەفەی بونی) رژێمەکە دەگەیەنێت، بەڵام ئێران دەزانێت کە جگە لەتوانای سەربازی توانای سایبەرو هێرشی شاراوەو زۆر رێگای تر لەئارادایە، کەهەتا ئێستا ئەمریکا نەیویستوە بەڵام لەمەودوا رەنگە ناچار بێت، بەمانایەکی تر ئەگەر هەتا ئێستا رێسایەک هەبوبێت بۆ شەڕەکە، ئەوا رەنگە رێساکە گۆڕانکاری بەسەردا بێت. لایەنێکی تری لاوازبونی سیستەمی رەدعی ئێرانی لەوەدایە کە میلیشیاکانی دۆستی یان لاواز دەبن یان دەخوازن خۆیانی لێ بەدووربخەنەوە.

هەموو دەزانین ئەو میلیشیایانەی کەپارەو بەرژەوەندییان لەعێراقدا هەیە ناخوازن دژ بەئەمریکا بجەنگن. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات هەر کاتێک ئێران لاوازبێت میلیشیاکان هەر زوو خۆیانی لێ بە دوور دەگرن. بەمانایەکی تر پەیوەندییەکە عەقیدەیی و باوەڕیی و دینی نیە، بەڵکو زیاتر بەرژەوەندییە. بۆ نمونە کاتێک ئێران فشاری نەدەکرد، سەرکردەی میلیشیا عێراقییەکان خۆشحاڵ بوون بەپەیوەندی لەگەڵ ئەمریکادا. لەهەمانکاتدا هێرشەکانی ئێران بۆ هەولێرو پاکستان دەرخەری ئەوەبوو کە سیستەمی رەدعی ئێرانی لەلاوازیدایە و پێویستی بەنمایش و هێرشە. ئێستا ئەمریکا دەیەوێت ئامرازەکانی ئێران لاواز بکات. هەندێک دەڵێن، ئەمە نابێتە مایەی لاوازی، هەندێکی تریش بە نەمانی بنەماکانی ڕەدعی ئێرانی دەبینن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
هاوڵاتی ڕێكلام


سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

2 هەفتە لەمەوپێش

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

2 هەفتە لەمەوپێش


پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق ئەمەریکا و یاساناسان توڕەدەکات

3 هەفتە لەمەوپێش


هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ خێرێکی بۆ پۆتین هەیە؟

4 هەفتە لەمەوپێش