کتێبی (بیره‌وه‌رییه‌کانی نادیه‌ موراد) کچه‌ رزگاربووی ده‌ستی داعش‌و هه‌ڵگری خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی

3 مانگ لەمەوپێش



هیوا ناسیح

وابزانم کهس نییه ناوی نادیه مورادی نهبیستبێت، ئهو یهکێک بوو له‌‌و کچه ئێزیدییانهی کهکهوته دهست داعش و پاش سێ مانگ لهدهستیان رزگاری بوو. ئهو چیرۆکی کوشتوبڕی گوندهکهیان (کۆجۆ)و رفاندنیان و بهکهنیزهککردن و دواتر ههڵاتنی خۆی لهدووتۆی کتێبێکدا ساڵی ٢٠١٧ بههاوکاریی جێنه کهرهجسکی (Jenna Krajeski) بهزمانی ئینگلیزی چاپ و بڵاوکردۆتهوه، که بهدهیهها میلیۆن کۆپی لێ فرۆشراوهو دهنگێکی زۆری دایهوه، دواتر ئهم بیرهوهرییانه بۆ چهندان زمانی تر وهرگێڕراوه، بهڵام هێشتا نهکراوه بهکوردی. ههمان ساڵ لهلایهن سێ نوسهرهوه کراوه بهئه‌‌ڵمانی، کهبریتین له (Ulrike Becker, Jochen  Schwarzer،Thomas Wollermann)، لهلایهن دهزگای وهشاندنی کنورهوه بڵاوکراوهتهوه، کتێبهکه له ٣٣ بهش پێکدێت، به قهبارهی ٣٦٣ لاپهڕهیه. گێڕانهوهی رووداوهکانی ئابی ٢٠١٤یه کاتێک داعش پەلاماری شارۆچكەی شەنگال و گوندەوارەكانی دەوروبەری داو داگیریكرد، لهڕۆژێکدا نادیه دایکی و شهش برای دهکوژرێت، دواتر رفاندنی و بهکهنیزهککردنی و مانهوهی بۆ ماوهی سێ مانگ لهنێو داعش، ئینجا ههڵهاتنی و رزگاربوونی. زۆر كاریگەر، هەستهەژێن و تاسێنەرە،. دەكرێت له‌‌‌ڕووداوهکانی نێو ئهم کتێبه چەندان بابەتی رۆمان و فیلمی بهڵگهنامهیی لێ هەڵبهێنجێنرێت. چونکه به‌‌ههموو پێودانگهکان تاوانێکی زۆر گهورهبوو، بۆیه لهزۆر وڵاتانی جیهان ئهو رووداوه بهجینۆساید ناسێنراوه. پاش خوێندنهوهی کتێبه‌‌که، حهزم کرد ئهم خوێندنهوهیهی لهسهر بنووسم.

ناوی کتێبهکه بهزمانی ئینگلیزی (دوا کچ: چیرۆکی دیلیم و جهنگی من دژ بهداعش)ه، بهڵام له وهرگێڕانه ئهڵمانییهکهدا ناوی کتێبهکه کراوه به (من دهنگی ئێوهم)، پێشهکییهکهی لهلایهن (ئهمهل کلۆنی) کهپارێزهریشی بووه، نوسراوه، ناوبراو هاوسهری ئهکتهری ناوداری ئهمریکی جۆرج کلۆنییه. ئهو دهڵێت: نادیه نادیه تهنها بریگرته (موکل)ی من نییه، بهڵکو هاوڕێشمه، لهو کاتهوهی دهیناسم تهنها دهنگی خۆی نییه، بهڵکو دهنگی سهرجهم ئێزیدییهکانه، بههۆی ئهم کتێبهوه سهرجهم جیهان چیرۆکی کوشتوبڕیانی بیست. ئه‌‌م یهکێک بوو لهو کچ و ژنانهی که لهلایهن داعشهوه رفێنران و لهبازاڕو تهنانهت ئینتهرنێت و فهیسبوکیشدا بۆ بڕهپارهیهک، ههندێک جار کهمتر بوو لهبیست دۆلار دهفرۆشران!).

 

نادیه موراد کێیه؟

نادیه موراد باسی تهها ساڵی ١٩٩٣ له شارهدێی کۆچۆ، که سهر بهقهزای شهنگاله و کهوتۆته باشوری رۆژئاوای ئهو شارهکهوهو نزیکهی ٢٠ کم دووره لێوهی. ئهم لهخێزانێکی گهوره‌‌و ههژارهوه هاتووهو خاوهنی ههشت برا بووه. دانیشتوانی کۆجۆ نزیکهی ١٧٠٠ کهسێک دهبوون و به‌‌کشتوکاڵ و مهڕوماڵات بهخێوکردن پژێوی ژیانیان دابین دهکرد. سهرجهم گوندهکه له‌‌سهر ئاینی ئێزدین. سێ لای گوندهکه بهدێهاتی عهرهبی سوننه دهوره دراوه. نزیکی شارهدێی حاتهمییه بوو کهئهوان ئێزدی بوون و نزیکهی دوو ههزار دانیشتوانی ههبوو. ساڵی ٢٠١٤ کاتێک داعش هێرشی هێناو ناوچهی بهرفراوانی لەسوریاو عێراق داگیرکرد، گوندو ناوچهکهی ئهمانیش کهوتهبهر ئهو شاڵاوهو بهههزاران کهسیان لێ کۆمهڵکوژی کردن، وهک دهگوترێت نزیکهی ٦ تا ٧ ههزار کهسیشیان لهکچان، ژنان، مێردمناڵانیان و مناڵانیان رفاندن. کچهکانیان لێ کردنه کهنیزهک و مێردمناڵهکانیان دهبرد بۆ سهربازگهی تایبهت تامێشکیان بشۆنهوهو دواتر وهک خۆکوژ بهکاریان دههێنان. ههرچهنده وا بۆ نزیکهی ده ساڵ دهچێت ئهو کارهسات و گهوره تاوانه روویداوه، بهسهدان لهکچانیشیان ههڵاتون یان رزگارکراون، بهڵام هێشتا برینهکانیان سارێژ نهبووهو بهسهدان کهسیان بێسهروشوێنن، ناوچهکهشیان لهنێو ململانێی سیاسی و هێرشی جارناجاری درۆنی تورکیدایه.

لەساڵی ٢٠١٥ نادیە لەئەنجومەنی ئاسایشی نێودهوڵهتی وتاریداو قسەی لەسەر پرسی بازرگانیکردن بەمرۆڤ لەململانێکان و شەڕەکاندا کرد.  لەمانگی ئەیلولی ٢٠١٦ نەتەوەیەکگرتووەکان ناوبراوی بەفەرمی وەک باڵیۆزی نیازپاکی بۆ کەرامەتی رزگاربووانی بازرگانیکردن بەمرۆڤ دەستنیشان کرد. لە ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ بەهاوبەشی لەگەڵ دێنیس موکوێگی پزیشکی کۆنگۆیی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێناوە. جێگهی ئاماژهیه ئهو یهکهم کورده کهخهڵاتی نۆبڵی پێ درابێت! ئێستا ئهم خاوهنی خهڵاتی نۆبڵی ئاشتییهو لهجیهاندا ناسراوه، سهرۆک و پاشاکانی جیهان پێشوازی لێدهکهن، چیرۆکهکهشی بهچهندان زمانی جیهانی وهرگێڕراوه، ناسراوترین کهسایهتی ئێزدییشه لهئاستی جیهاندا.

 

رۆژی حهشر!

نادییه دهڵێت: مێژووی ئێمەی ئێزدی مێژووی ئازارو چەوساندنەوە و رەشەكوژییە بەسەرماندا، هەموو سەركوتیان كردوین، كوردە مسوڵمانەكان، شاكانی ئێران و سوڵتانەكانی عوسمانیش، بەجۆرێك تائێستا ٧٢ جار كۆمەڵكوژ كراوین، جارەهای لەژمارە نەهاتوو كچ و ژنەكانیان رفاندوین و بەكەنیزەك كراون، لەسەر ماڵوحاڵی خۆمان دەریانكردوین و تاڵان كراوین، یان بەهێز ناچاركراوین، ئاینی خۆمان بگۆڕین.عهرهبه سوننهکان لهلایهک و کوردهکان لهلایه‌‌ک ههریهک بۆ لای خۆیان رایاندهکێشاین، دهیانویست واز لەکهلتورو نهریتی خۆمان بهێنین و ببین بهوان، ئێمه بهکوردی دهدوێین و لهکوردهکانهوه نزیکترین، کهچی ئهوانیش وهک عهرهبهکان ئێمهیان پێ بێباوهڕ بوو و ههندێک جار بێزیان لێمان دهبووهوهو به (شه‌‌یتانپهرست) ناوزهدیان دهکردین!

ئهو دێته سهر سهرهتای مانگی ههشتی ساڵی ١٠١٤و نزیکبوونهوهی هێرشی داعش، کەئهوکات خوێندکاری ئامادهیی و تهمهنی ٢١ ساڵ بووه، باس لهوه دهکات که بهههزاران پێشمهرگه بهبهرگی سهربازییهوه لهناوچهکهیان بووهو هه‌‌میشه بهڵێنیان دووبارهکردۆتهوه کههیچ ترس و خهمیان نهبێت و دهیانپارێزن لەهێرشی داعش. بهڵام بهڵینهکانیان درۆ دهرچوو، چونکه پێش ئهوهی هێزی ره‌‌شی داعش بگاته ناوچهکهیان پێشمهرگه لهپڕێکدا و بێ ئهوهی ههواڵیان بدهنێ، دهکشێنهوه! ئهمه برینێکی قوڵ دهکاته ههست و نهستی ئێزدییهکان. ئهم پێی وایه، گهر هێزی پ.م بهرگرییان بکردایه، یان لای کهمی ئه‌‌مانیان پێش پاشهکشهکهیان ئاگاداربکردایه‌‌تهوه، ئهیانتوانی خۆیان بهرگری لەخۆیان بکهن، یان لای کهمی زوو ههڵبێن و خۆیان قوتار بکهن و کۆمهڵکوژ نه‌‌کرێن، کهچی لهپڕێکدا بۆ بهردهم دڕندهکانی داعشیان جێهێشتن! بۆیه بهوشه ده‌‌ڵێت (ناپاکی) بوو لێیان کرا!

دهیان ههزارکهس به‌‌رهو شاخی شهنگال ههڵاتبوون و لهوێ گیریان خواردبوو، سەرگەردان و لامسەلایی ملدەنێن، زۆربەش بڕیار دەدەن بمێننەوە، یان راستر بڵێین، هیچ چارەیەكی باشتر شك نابەن، چونكە شاخی شەنگال بەو چلەی هاوینە كەزۆر بێپەناو بێ درەخت و گەرم و رووتەنە، ژمارهیهکی زۆریان لەبرسێتی و تێنوێتیدا گیان لهدهستدهدهن. داعشیش پهلاماری ده‌‌دان، دۆخێكی وەك ئەنفالەكان دێتە ئاراوە. پاشان دهڵێت: هێزهکانی یهپهگهو پارتی کرێکاران بهیارمهتی هێزی ئاسمانی ئهمریکی راڕهوێکیان بهرهو دیوی سوریا کردهوه، چونکه نزیکی سنوره، ئهمه بووه هۆی ئهوه‌‌ی کهگیانی دهیان ههزار کهسمان رزگاری بێت.

دوای گهمارۆدانی گوندهکهیان و پاشان کۆکردنهوهی چهکهکان لێیان بهفێڵ، گوایا ئاوا وازیان لێدێنن، دێن سهرجهم خهڵکی گوندهکه لەباڵهخانهی خوێندنگهی گوندهکهدا کۆدهکهنهوه، پیاوان لەخوارهوه و ژنان و مناڵان لهقاتی سهرهوه لهوێش وهک پێشتر پێیان گوترابوو، ههموو زێڕو سامان و پارهکانیان لێ کۆدهکهنهوهو بهتاڵان دهیبهن، ئینجا ئەوەندەی پێناچێت چەند لۆرییەكی زلیان بۆ دێنن، پڕیان دهکهن لەپیاوو گەنجەكان و دهیانبهن، بەدووری كیلۆمەترێك، ئهمان گوێیان لەدەنگی تەقەو دهستڕێژ دهبێت، ههست دهکهن کهسوکاریان کوشتن، بهڵام ئهوان گوایا بهلۆری دهیانبهن بهرهو شهنگال و لهوێ ئازادیان دهکهن! بهگوێرهی سهرژمێرییهک لەماوهی سهعاتێکدا لهو رۆژهدا نزیکهی ٧٠٠ پیاویان لێ گوللهباران کردوون!

 

کهنیزه یان کۆیلهی سێکس

پاشان ژنان و کچانی گهنج کۆدهکهنهوهو سواری پاسیان دهکهن و دهیانبهن بهرهو لای موسڵ، لهوێ لەباڵهخانهیه‌‌کی گهورهدا کۆیان دهکهنهوه، دهڵێت: کچانی ده دوانزه ساڵانیشمان تێدا بوو، لهوێ لهدایکیان و ژنه بهتهمهنهکان جیایان دهکهنهوه و ئهمان دهبهن بهرهو شاری موسڵ و بارهگایهکی گهورهی داعش. لهوێ ژنێک دهبینێت لێی دهپرسێت، لێره چی دهگوزهرێت، ده‌‌ڵێت: پێشتر ٤٠٠ ژن و مناڵیان هێناو لێره فرۆشتیانن، ههندێک لهکچهکان خۆکوژیان دهکرد، بۆ فرۆشتن و کڕین، کچیان بردۆته لای پزیشک بزانن پهردهی کچێنی ماوه یان نا، دایکێکی گهنج مناڵێکی ساوای ١٦ رۆژهیان لێسهند!

لهوێ ئهم لهلایهن ئهمیرێکی داعشهوه کهدادهوریان بووه بهناوی حاجی سهلمان دهکڕدرێت، لهخانویهکی گهوره‌‌دا، کهپێشتر هی دادوهرێکی شیعه بووهو ههڵاتوه، لهگهڵ پاسهوانهکانیدا دهژی. مامهڵهیهکی زۆر خراپی لهگهڵدا دهکات، دهستدرێژی سێکسیی رۆژانه، سوکایهتی و لێدان و ...هتد. ئینجا دهیباته دادگای گشتی موسڵ و وێنهی دهگرن وهک کهنیزهک لهوێ تۆماری ده‌‌کهن، تا گهر ههڵات بیدۆزنهوه.

رۆژێکیان پێی دهڵێت: ئێوه بێباوهڕو پیسن، کافرن، ویستی خوایه کهبکهونه دهستمان، ئێمه هاتین پیاوهکانتان بکوژین و ژنهکانتان بۆ خۆمان ببهین، ئهمهش فهرمانی خوایهو جێبهجێمان کردوه! بهکورتی ناچاری دهکات، واز لهئاینی خۆی بهێنێت، ئهم دهڵێت بهناچاری و زۆر گوایا بوومهته موسوڵمان. جار ههبوو خۆزگهم بهمردن دهخواست، بهڵام هیوای دهربازبوون و ههڵاتن لێ ناگهڕا خۆم بکوژم. دهڵێت رهوشی کچه ئێزدییهکانی تریش وهک من بوو، بهزۆر سێکسیان له‌‌گهڵ دهکردین، بێ هیج مارهیی و نیکاحێک، دهیانفرۆشتین و دهیانکڕیتین و ده‌‌یانبهخشین وهک دیاری بهیهکتری.

حاجی سهلمان ههموو رۆژێک لهگهڵم جوت دهبوو، گوێی نهدهدا بهنهخۆشی و ئازارم، ناچاری دهکردم بهرگی وروژێنهر لهبهر بکه‌‌م، مکیاژ بکهم، دهیگوت: تازه تۆ بوویته بهژن، گهر بچیتهوه لای کهسوکاری خۆشت دهتکوژن، بۆیه ههوڵی ههڵاتن مهده، جاری وابوو بیانوی پێدهگرتم، رووتی دهکردمهوهو بهقامچی دهکهوته گیانم، وهک ئاژهڵ لێی دهدام.

شهوێک نادیه ههوڵی ههڵاتن دهدات، لهحهوشهکهدا پاسهوانهکان دهیگرن، حاجی سهلمان وهک سزا بهڕووتی دهیکاته ژوورێکهوه، ههر شهش پاسهوانهکهی بانگ دهکات، یهک بهدوای یهکدا تا بهیانی لهگهڵی جووت دهبن، تا بێهۆش دهبێت! مان لەخواردن و خواردنهوه دهگرێت ،سودی نابێت، دهڵێت: بۆ یهکهم جار ههستم کرد، ئهوانهی کۆمهڵکوژ کران لهمن بهختهوهرتر بوون!

سهلمان دهیدات یان دهیفرۆشێت بهکهسێکی تر. دهڵێت ههمیشه دهپاڕامهوه، نزام دهکردو دهگریام، کهس بهفریادم نهدههات! جارێکی تر سزای دهدهن و دهیبهن بۆ خاڵێکی پشکنینی نزیکی موسڵ، لهوێ تابه‌‌یانی بهنۆره موجاهیدهکان سێکسی لهگهڵ دهکه‌‌ن، تا لەپهلوپۆی دهخهن! دهڵێت: کاتێک دهمگوت ئهی هاوار نهخۆشم، ئازارم ههیه، خراپتریان دهکرد. دهڵێت لهوێ تێگهیشتم: گهورهترین مۆتیڤ بۆ جیهاد لای ئهوان سێکس بوو.

 

ههڵاتن له دۆزهخ

پاشتر لهماڵێکدا دهبێت و دهیانهوێت بینێرن بۆ سوریا بۆ ئهو شارانهی ژێر قهڵهمڕهوی داعش، ئهمیش پلان دادهنێت رابکات، شهوێکیان  لهموسڵ بهڕێکهوت پیاوهکهی خاوهنی بیریدهچێت، کهدهرگاکهی ناوهوه کلیل بدات، ئهمیش وهک ژنانی داعش عهبا بهخۆیدا دهدات و پهچه دهکات، دهچێته حهوشهکهو لهوێوه به‌‌سهر دیواره بلۆکه‌‌کهدا باز دهدات، تا هێزی تێدایه دهڕوات، کۆڵان بهکۆڵان، تا دوور دهکهوێتهوه، ئیتر تهواو ماندو دهبێت، زۆر دوودڵ دهبێت، ئایا لهدهرگای ماڵێک بدات یان نا، وه گهر ئهمجار تهسلیمی بکهنهوه، چی بهسهر دههێنن؟ بهههرحاڵ لهدهرگای ماڵێک دهدات، کهماڵێکی عهرهبی سوننه مهزههبن، خێزانێکی گهورهن و سهرهڕای پهیوهستییان بهئاینهوه، بهڵام داعشی نین و خۆشیان پێیان نایهت. دهرگای لێدهکهنهوهو ئهمیش باسی چیرۆکی خۆییان بۆ دهکات، پێی کاریگهر دهبن و ئارامی دهکهنهوه، کهنهترسێت و سهرهڕای مهترسییهکان دهیشارنهوه. دهستهڵاتی حکومهتی داعش بڕی ٥ ههزار دۆلار خهڵاتی داناوه بۆ ههر کهسێک، کهکهسێکی دیلی دهستی داعش بگرێتهوهو رادهستیان بکاتهوه، بۆیه نادیه ترسی زۆری دهبێت.

پاش ئهوهی ماوهیهک لهماڵهکه دهمێنێتهوه دڵنهوایی ده‌‌کهن، بهڵام بۆ ئهوهی ئاشکرا نهبێت دهیگوێزنهوه بۆ ماڵی کوڕێکی تریان لهشارۆچکهیهکی دهرهوهی موسڵ، پهیوه‌‌ندی به یهک لهبراکانی نادیهوه دهکهن، که لهههولێر کاردهکات و دهژی. کوڕی خاوهن ماڵ کهناوی ناسر دهبێت، بڕیار دهدات هاوکاری تهواوی بکات و رزگاری بکات بهرهو ههولێر، پێناسی بۆ دروست دهکات، کهنادیه هاوسهرییهتی، ئیتر لهکهشێکی پڕ له‌‌ترس و دڵهڕاوکهدا پلان دادهنێن، ته‌‌کسی دهگرن بهرهو کهرکوک، لهیهکه‌‌م خاڵی پشکنینی دهرچوون لهموسڵهوه پاسهوانهکه دایاندهبهزێنن و پرسیاری زۆریان لێدهکهن، لهپڕ ئهم لهژێر پهچهکهیهوه سه‌‌رنج دهدات، لهخانۆچکهی پاسهوانی خاڵهکه، سێ وێنه ههڵواسراوه بهقهد دیوارهکهوه، کەههڵاتون و بۆیان دهگهڕێن، که یهکێکیان وێنهی ئهمه. ئیتر ئهوهندهی تر ترس دایدهگرێت، بهڵام خۆشبهختانه چونکه رووی بهڕووپۆش داپۆشراوه نایناسنهوه.

ئیتر هه‌‌نگاو بهههنگاو دێن تا دهگهنه کهرکوک، کهئهوکات لهژێر دهستی هێزی پێشمهرگهدا بوو. لهیهکهم خاڵی پشکنین  نادیه رووبهندهکهی لادهدات، دهڵێت: ههستم بهئاسودهییهکی زۆر کرد، ههناسهیهکی قوڵم ههڵکێشا، شنهبایهکی ئێواره دای لهڕووم، زهردهخهنهیه‌‌کم کرد. پێشمهرگهکان پرسیاریان لێدهکهن، ناسر دهڵێن سهردانی ماڵی باوکی ژنهکهم، واته نادیه، دهکهن لەکهرکوک، نادییه کهزۆر پهست و توڕهیه لهپێشمهرگه، خۆشیانی ناوێت و بهکوردیش قسهیان لهگهڵدا ناکات. لهوێوه دهچن بهرهو سلێمانی، ئینجا بهرهو ههولێر، خاڵی پشکنینی ئاسایشی سلێمانی بهرهو ههولێر، گومانیان لێدهکهن، که دوو کهس لەموسڵهوه هاتون، بۆیه لێکۆڵینه‌‌وهیان لهگهڵ دهکهن، ناچار ئهمان چیرۆکهکه دهگێڕنهوه و راستییهکه دهدرکێنن. ئهوان زۆر رێزیان دهگرن، بهتایبهت لهکوڕه گهنجه عهرهبهکه، کههاوکاری نادییهی کردوه، مۆڵهتێکیان بۆ دهکهن که بێ کێشه هاتوچۆ بکهن، وێنهی ڤیدیۆییان دهگرن، ئهمان زۆر دهترسن، بهڵام دهڵێن بۆ بڵاوکردنهوه نییهو تهنها بۆ بهڵگهو ناوخۆی خۆمانه، دهڵێت: پێشمهرگهکانی یهکێتی زۆر خۆشحاڵ بوون، کاتێک باسم کرد، که بهههزاران لههێزی پارتی ئێمهیان بهگورگان خواردوو داو جێیان هێشتوین. ئهوان گوتیان: ئهوه پاتی بوون، ئێمه بێ تاوانین. دواتر دهگهنه‌‌ ههولێرو ئهو ئوتێلهی حوسنی برای نادییه لێی کاردهکات، لهوێ چهند رۆژێک دهمێننهوه و دهحهسێنهوه.

لهوێ نادیه لەژوورێکدا له‌‌گهڵ ژنێکی تری ئێزدی دهبێت لهتهمهنی دایکیدا، بۆی دهیگێڕێتهوه‌‌ کهساڵی ٢٠٠٧ لەتهقینهوه گهورهکه‌‌ی تهلزهعتهردا سێ کوڕی بهجارێک بوونهته قوربانی و تائێستاش گۆڕیان نییه، چونکه لاشه‌‌کانیان پارچه پارچه بووه، ئهویش بڕیاری داوه، تا لەژیاندایه خۆی نهشوات، دهڵێت: چونکه گۆڕیان نییه هه‌‌روا دهزانم زیندون و رۆژێک دێت دهگهڕێنهوهو دهڵێم ئهوکات خۆم دهشۆم، بهڵام ئێستا دهڵێم: باشتر نهمان و ئهم رۆژهیان نهبینی، کهچیمان بهسهردا هاتوه! ههردووکیان هاودهردو خهمزهده بۆ حاڵی یهکتر دهگرێن.

پاشتر حوسنی بڕیار دهدات لهگهڵ نادیه بچن بهرهو ئۆردوگای ئێزیدییهکان نزیکی دهۆک، کهههندێک لەکهسوکاریانی لێیه. کوڕه عهرهبهکه (ناسر) دێت و خواحافیزی لهنادیه دهکات، نادییه زۆر زۆر سوپاسی دهکات، بهڵام ئهو لەلوتکهی ههستی مرۆڤایهتی خۆیدا، دهڵێت: من هیچم نهکردوه، تهنها ئهرکی خۆم بهجێهێناوه! بهههق مرۆڤ کاتێک ههلوێست و کرداری ناسر و باوکی و خێزانهکهیان دهبینێت، ههستدهکات، ئهوان چهند مرۆڤدۆست و خاوهن ههڵوێست و بوێر بوونه. ئاخر کچێکی نامۆو ههڵاتوی دهستی دڕندهکانی داعش، لهژێر دهستهلاتی داعشدا داڵده بده‌‌یت، که نه ئاینه‌‌کهی، نه نهتهوه‌‌کهی خاڵی هاوبهشتان بێت. دواتریش بهوپهڕی ئازایی و دڵسۆزییهوه هاوکاری بکهیت بۆ دهرچوون و گه‌‌یاندنی بهبراکه‌‌ی. دهبێت چ مرۆڤێکی جوان و به‌‌ڕهوشت و خانهدان بێت. لهههمووی سهیرتر، پێی دهڵێت: نادیه تکایه گهر دهزانی لهسهر ئهو دهستدرێژییانهی کراوهته سهرت، براکه‌‌ت یان کهسوکارت شتێکت بهسهر دێنن، ئهوا لێره دهمێنمهوهو جێت ناهێڵم! ههردوکیان دهگریهن، نادیه ده‌‌ڵێت، نا خهمت نهبێت. دوای خواحافیزی ناسر دهڵێت: دهگهڕێمهوه بۆ لای خێزانهکهم، گهر کچانی تر بوون وهک تۆ هاوکارییان دهکهم رزگاریان بێت و دهیانهێمهوه! کێ دهڵێت، لهوانه‌‌یه ئێمه رۆژێک یهکتر ببینینهوه! نادیه دهڵێت، دواتر بیستمان داعش بهکارهکهیان زانیوهو دوو برای ناسریان گرتوه، به‌‌ڵام ئهوان حاشایان کردووه ئاگاین لهو کاره بێت.

 

ئۆردوگا یان زیندانێکی تر!

دهگهنه دهۆک پهنابهرانی ئێزدی لهچهند ئۆردوگایهکدا لهڕهوشێکی زۆر خهمگینانه و ناخۆش و ناچاریدا لهکۆنتێنهردا دهژین. کهسوکار کوژراوو بێسهروشوێنکراو، بێ پارهو کار، بێ خانوو ماڵ، کولهمهرگی دهگوزهرێنن. لهوێ براکهی تری نادیه (سهعید) دهبیننهوه، که لهکاتی کۆمهڵکوژییهکه بەئاستهم و پهرجو رزگاری بووهو هێشتا لەنه‌‌خۆشخانهیه، چونکه چهند گولهی پێوهیه. ئه‌‌و لهنێو تهرمهکان و دهسڕێژی گوللهو نێو چاڵی مهرگه‌‌کهدا پاش ئهوه‌‌ی وا دهزانن مردوه، بهبرینی سێ گوللهوه ههڵدێت و خۆی دهگهیهنێته گوندێکی نزیک، دواتر رزگاری دهبێت. دهڵێت: سهعید هێشتا ئازاری زۆر بوو، بهڵام دهیگوت، ئازاری لهشم ناگاته ئهو ئازارهی ویژدانم، کەئهوان ههموو کوژران و من ماومهتهوه!

نادیه دهڵێت لهئۆردوگا هیچمان نهبوو بیخۆین، بهرگمان نهبوو، لهڕهوشێک زۆر خراپدا بووین، تهنانهت بهرگی ژێرهوهشم نهبوو. لهههمووی ناخۆشتر ئهو بهسهرهاته ناخۆشانهو بهتایبهت دهسدرێژیکردنهکانم باس ناکرد، دڵم پڕ بوو، لهکاردانهوه دهترسام. بۆ یهکهمجار کهسهرجهم چیرۆک و رووداوه دڵته‌‌زێنهکانم بۆ پورم گێڕایهوه، بهمه دڵم زۆر ئاسوده بوو، وهک ئهوهی بارێکی گران لهسهر دڵم لاچوو بێت. پیاوێکی دهۆکی ئهم و چهندان کچ و ژنی تری ئۆردوگاکه دهبات و به نانهسکی، رۆژی ژهمێک خواردنی گهرم، تائێواره لەنێو مهزرادا کاریان پێدهکات، لهههمووی سهیرتر منهتێکی زۆریان بهسهردا دهکات، که هێزی پێشمهرگهی ئهوان رۆژانه دژی داعش دهجهنگن و شههید دهبن، ناوچهکانی ئهوانیش رزگار دهکهن و ...هتد. ئهمیش لهوه زیاتر خۆی بۆ ناگیرێت رۆژێکیان ئهم دێته وەڵام و دهڵێت: ئاخر ههزاران پێشمهرگهی ئێوه، ئێمهیان دهستخهڕۆ کرد، جێیان هێشتین، نه بهرگریان لێکردین، نههاوکاریشیان کردین خۆمان بهرگری بکهین. بۆیه بێدهنگ بی باشتره. ئیتر (کار!)هکهی لهدهستدهدات.

ئهوهی زۆر ئازاری نادیه دهدات سهرهڕای شهش براکهی، لهوێ دهزانێت کهدایکیشی کوژراوه، کهئهم زۆر خۆشی ویستوه و هۆگری بووه. دوای چەند مانگێك و لەمانگی دووی ٢٠١٥ رێكخراوێكی خێرخوازیی ئەڵمانی، کهپرۆژهیهکیان ههیه بۆ هاوکاری ژنانی ههڵاتووی دهست داعش، دێن و ناونووسی ده‌‌کهن بۆ وەرگرتنیان وەك پەنابەر لەو وڵاتەو ناردنیان بۆ ئەوێ. ئیتر قبوڵ دهکرێن و دهگوازرێنهوه بۆ ئهوێ.

 

ههڵسهنگاندن

ماوهتهوه بڵێین، کاتێک ئهم کتێبه دهخوێنینهوه، نادیه وهک کهسایهتییهکی بههێز، بوێر بهبڕوا بهخۆبوونێکی زۆرهوه، لهشکست نههاتوو دهناسین. بهتایبهت لهگێڕانهوهی بابهت و رووداوه کاریگهرو ههستیارهکان، که بۆ کچێکی رۆژههڵاتی ناوازهیه‌‌، ئینجا ههستانهوه پاش ئهو مهرگهسات و تیاچوونی زۆربهی خێزانهکه‌‌یان بهدایکیشییهوه، دواتر چالاکی و کاری زۆری دیپلۆماسی بۆ ناساندنی کۆمهلکوژکردنی ئێزیدییهکان و دڕندهیی داعش، چارهسهرکردن و هاوکاریکردنی کچان و ژنانی رزگاربووی دهستی داعش. بهڵام لهگهڵ ههموو ئهمانهدا، دهکرێت ههندێک رهخنهشی لێبگرین، بۆ نمونه، راسته ههستو پهیوهستی ئاینی لهنێو کورددا وایکردوه، ههندێک جار بهشداری لەکۆمهڵکوژی ئێزیدییهکاندا کردووه، بهڵام ئهمه زۆر که‌‌مینه‌‌ بوونه لهچاو گهلی کورد بەگشتی، کههاوسۆزی ئهوان بوونه. بۆیه تهم و گومان خستنه سهر کوردبوونی ئێزیدییهکان کارێکی خراپه. جگه لهههندێک ههڵهی تری مێژوویی و زانیاری، که نهدهبوو بیکات، بۆ نمونه لهشوێنێکدا دهڵێت: ناوچهی دژه فڕین لەباکوری عێراق بههۆی پرۆسهکانی ئهنفالهوه دانرا، لەکاتێکدا کۆڕهوهکه هۆکاری ئهوه بووه نه‌‌ک ئهنفال.

 

تێبینی و سهرچاوه:

•نزیکه‌‌ی مانگێکه دهستمکردووه بهوهرگێڕانی سهرجهم کتێبهکه بۆ زمانی کوردی. بهو هیوایه‌‌‌ی تهواوی بکهم و لهمساڵدا چاپ و بڵاوبکرێته‌‌وه.

NADIA MURAD, Ich bin eure Stimme, Das Mädchen, das dem Islamischen Staat entkam und gegen Gewalt und Versklavung kämpftISBN 978-3-426-21249-9, KNAUR; 2017

 


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
هاوڵاتی ڕێكلام


سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

2 هەفتە لەمەوپێش

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

3 هەفتە لەمەوپێش


پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق ئەمەریکا و یاساناسان توڕەدەکات

3 هەفتە لەمەوپێش


هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ خێرێکی بۆ پۆتین هەیە؟

4 هەفتە لەمەوپێش