نەقیب دێرین نەک کوێخا دێرین

3 مانگ لەمەوپێش



سیروان غەریب

زۆبەی میدیای کوردی لەبابەتی رووداوی تۆمەتبار"نەقیب دێرین" بوون بە بەشێک لەخستنەڕووی ناوی دێرین وەک کوێخایەک، لەراستیدا دێرین کوێخا نەبوو بەڵکو فەرماندەییەکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو بەپلەی نەقیب. داپۆشینی ناوی نەقیب بەکوێخا دورخستنەوەی کێشەکە بوو لەناو سیستەمی سەربازی یەکێتیدا بۆ دەرەوەی یەکێتی.

ئەو میدیایەی پێیوایە نەقیب دێرین ھەڵسوکەوتە نایاساییەکانی بەپاڵپشتی عەشیرەت بووە پێ بەپرنسیپەکانی کاری رۆژنامەوانی دەنێت‌و بەشدار دەبێت لەتەڵخ کردنی وێنە گەورەکەو شاردانەوەی حەقیقەت، دەبێتە بەشێک لەو ماشێنە میدیاییەی کە لەسەرەتای ڕووداوەکە بەپاڵپشتی سەرچاوە ئەمنییەکان بەکارھێنرا، ئەویش بریتی بوو لەخستنە دەرەوەی کێشەکە لەسیستەمی سەربازی یەکێتیدا بۆ ناو عەشیرەت.

لەوێنە ڕوونەکەدا دێرین بەتەواوی وەک نەقیبێکی دەسترۆشتوو فەرماندەیەکی پڕ تفاق‌و ھێز دەردەکەوێت ئەوەی لەبەردەمیدا دەیەوێت ھێزی خۆی بسەپێنێت بەسەر ئەوی دیدا کەرەستەکانی عەشیرەتداری نییە، بەڵکو بوونی ھەیبەتێتی لەناو سلکی سەربازیدا، بەپشتبەستن بووە بەو ھێزەی کە یەکێتی لەچوارچێوەی فەوجێکی پڕ تفاقدا بۆی دابینکردووە نەک عەشیرەتەکەی.

ئەوەی قەڵای دێرینی بەرزکردۆتەوە عەشیرەتەکەی نەبوو، بەڵکو لەرێگەی ئەو سیستەمە حزبییە سەربازیییە بەرزبۆتەوە کە لەماوەی ٣٣ ساڵی ڕابردوودا لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندایە کە باڵەکانی ناوی پڕبوون لەکارگەی بەھەرمھێنانی دەیان "دێرین".

واباشترە میدیا بۆ نیشاندانی وێنە گەورەکە لەگەڵ ئەو سەرچاوە ئەمنییانە جوت نەبێت کە کێشەکە ھەناردە بۆ دەرەوەی خۆیان دەکەن و شانۆی ڕووداوەکە بەتەواوی دەشێوێنن، بەڵکو پاشخانی کێشەکە بخوێنێتەوەو کە ھاوتابێت لەگەڵ ئەو پرنسیپانەی کە کاری رۆژنامەوانی پێ بەندە نەوەکو ببێتە بەشێک لەو روئیایەی سەرچاوە کێشەدارەکانی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەکاتی ڕووداوەکاندا دروستی دەکەن. من بەرگری لەعەشیرەت ناکەم، لەژیانیشمدا بۆ هیچ کێشەو گرفتێکم پەنام بۆ نەبردووە، بەڵام حەقیقەتی کێشەکە ئەمجارە پەیوەندی بەعەشیرەتەوە نییە، دەتوانم بڵێم لەمێژووی دوای ڕاپەڕین ئەمە یەکەمجارە عەشیرەتێک ببینم دور لەموزایەدەو دور لەھەڵسوکەوتی توندوتیژیانە زۆر ژیرانە کێشە لەخۆیان دوربخەنەوە.

ئەوان پشتگیری یاسایان کرد. پاشان لەرێگەی سەرۆک عەشیرەتەکەیان بەزمانێکی دیبلۆماسییانە وتیان: دێرین کوڕی ئێمە بووە، بەڵام ھەڵسوکەوتەکانی بەپشتی ئەو دەسەڵاتە کردووە کە لەناوچەکەدا ھەن. هەرچەندە دێرین، وەک زۆرێک لەو فەرماندە سەربازیانەی لەهەرێمی کوردستاندا بەناڕەواو لەسەر بنەمای "مەحسوبیەت‌و مەنسوبیەت"و بێ رەچاوکردنی هیچ پرەنسیپێکی سەربازیی‌و یاسایی، پلەی سەربازییان پێبەخشراوە، کاری لەسەر ئەوە کردوە پلە سەربازیییەکەی بەکاربهێنێ بۆ بەدەستهێنانی پێگەی کۆمەڵایەتی‌و بوون بەسەرۆک تیرەو هۆزو عەشرەت‌.

واباشترە دەسەڵاتی سەربازی سلێمانی لەبری ھەناردەکردنی کێشەکانی بۆ دەرەوەی خۆی دوای قەڵاکەی دێرین، قەڵای ئەو سیستەمە سەربازییەش بڕوخێنێت کەبۆتە کارگەی دروستکردنی چەندین دێرین‌و پرسیار لەخۆی بکات: دێرین لەکوێوە دروستبوو؟ کێ شیری ھەڵھاتن لەیاسای داوەتێ‌و لەکوێوە ئەم ھێزەی بەدەستھێنا کە سوکایەتی بەھاوڵاتیان بکات و پیاوەکانی بنێرێتە سەر خاوەنکاران؟ واباشترە پرسیار لەخۆی بکات لەسەرەتادا کێ بوو ڕێگەی دا قەڵا دروستبکات؟ ئەوەی خۆی بەسەرمەشقی گۆڕانکاری لەناوچەکە دادەنێت دەبێت باوەڕی بەوە ھەبێت کە سیستەمێکی سەربازی خراپ لەناو ھەناوی یەکێتیدا لە ٣٣ ساڵی ڕابردوو دروستبووە دەبێت باوەڕی بەوە ھەبێت ئەو سیستەمە کە بۆتە ھۆکاری کارەسات بۆ ئەم هەرێمە وردە وردە بیڕوخێنێت‌و سەرلەنوێ بەکەسانی ئەکادیمی سەربازی پڕی بکاتەوە‌و کار بۆ ئەوە بکات کۆی هێزی چەکداری هەرێمی کوردستان بکرێنە هێزی نیشتیمانی‌و پیشەیی‌و خاوەن دامەزراوەی تۆکمەو بەهێز کە یاسا جێبەجێ بکەن نەک فەرمانی میرەکانی جەنگ‌، بۆ ئەوەی بەتەواوی کۆتایی بەم جۆرە هێزە چەکدارە حزبی‌و شەخسییە دزێوە بهێنرێ کە لەگەڵ رەوتی خەباتی دیموکراسی‌و ژیانی هاوچەرخدا ناگونجێت.

ھەروەھا باوەڕی بەوە ھەبێت لەدوای کێشەی دێرین بەشێوازێکی یاسایانە تر کارەکانی ئەنجامبداو نەوەستێت و جیاوازی نەکات لەنێوان فڵان و فیسار. بۆ نمونە، لای زۆرێکی تر رووداوی کوشتنی ئەو دوو ھاوڵاتییە عەرەبەش بەقەدەر ڕووداوی نەقیب دێرین گرنگە بەدواداچوونی بۆ بکرێت کە بەدەستی کەسێک کوژرا کە دەڵێن سەربە یەکێک لەھێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانییە، ئایا ھەواڵی دەستگیرکردنی دەبیستین؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
هاوڵاتی ڕێكلام


سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

2 هەفتە لەمەوپێش

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

2 هەفتە لەمەوپێش


پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق ئەمەریکا و یاساناسان توڕەدەکات

3 هەفتە لەمەوپێش


هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ خێرێکی بۆ پۆتین هەیە؟

4 هەفتە لەمەوپێش