شەڕی تونێلەكانی قەندیل لەململانێی نێوان (توركیاو عێراق)دا

3 مانگ لەمەوپێش



ئەنوەر حسێن (بازگر)

دوو سەردانی، دوو وەفدی، باڵای سەربازی توركیا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان. لەمساڵدا (2024) پەیوەندی هەیە بەدۆسیەی:-پارێزگاری كەركوك ،- هێڵی شەمەندەفەری (عێراق - توركیا)، - بەشە ئاوی عێراق، - ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و عێراق لەڕێگای توركیاوە، بەڵام هەر چوار دۆسییەكە، پەیوندی هەیە بەپارتی كرێكارانی كوردستانەوە، سەردانی (22-23ی ئابی 2023)ی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەو سەرۆكی پێشووی دەزگای (میت) بۆ عێراق و كۆبوونەوە لەگەڵ حكومەت و سەرۆك كۆمارو هەموو حزبە سیاسییە عەرەبی شیعە، سوننە و توركمانەكان، جگە لەوەی تەنها لەماوەی یەك مانگی رابردوودا (18) گەشتی بۆ وڵاتان كردووەو دیداری خاریجی ئەنجامداوە.

سەردانی دووهەمیش رۆژانی (5-6/2/2024) بۆ بەغداو هەولێر لەلایەن یەشار گولەر وەزیری بەرگری و مەتین گوراك سوپاسالاری توركیا لەسەردانەكەیان بۆ هەولێر، بەڵام ئامادە نەبوون شۆڕش ئیسماعیل وەكو وەزیری پێشمەرگە بناسێنن. سەردانی سێهەمیش؛ سەرۆكی دەزگای (میت) بۆ بەغداو هەولێر (ئیبراهیم كالین). دۆسییەی تازەی توركیا، بەپلەی یەكەم لەسەر پارێزگاری كەركوكە، كە توركیا لەكەركوك بەپێچەوانەی ئێران، زۆرترین دۆست و هەژموونی هەیە. واتا، (كورسی توركمانەكان، سوننەكان و پارتی دیموكرات...) دەتوانێت كاریگەری هەبێت لەدانانی پارێزگار، كەهێشتا لانیكەم لەسەردانەكانیان رازی نیین بەپارێزگارێكی كوردی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، هەرچەندە حەشدی شەعبی بەكرداری حاكمی كەركوكن، بەڵام لە ئەنجوومەنی پارێزگا، هەژموونی تورکیا کاریگەری زۆری هەیە. واتا، لەحاڵەتی رازیبوونی توركیا بۆ پارێزگارێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پەیوەستەگی هەیە بەملدانی یەكێتی بۆ مەرج و داواكانی ئەنكەرە، كەهێشتا روون نییە، بەڵام مەسجی (رێگایەك بدۆزینەوە بۆ گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی) كەمانگانە سەدوپێنج گەشتی نێوان (سلێمانی و توركیا) بەڕێوەدەچێت، وەزیری بەرگری وای وت، رەنگە ئاماژە بێت بۆ نزیكبوونەوەی ئەنكەرەو سلێمانی، بەڵام چۆن و كەی و بەچ شێوەیەك؟ خاڵی دووەم و سێهەم؛ پەیوەندی بە مامەڵەی راستەوخۆی نێوان بەغدا - ئەنكەرەوە هەیە، چ دۆسییەی هێڵی شەمەندەفەرو چ دۆسییەی ئاو، پڕۆژەی هێڵی ئاسنی كەكەنداو بەتوركیاوە دەبەستێتەوە، پاش كۆبوونەوەی (27ی ئازاری 2023) لە بەغدا، جیالەوەی بڕی (17) ملیار دۆلار خەرجییەتی بەدرێژایی (1200)كم، هەرچەندە بۆ عێراق پڕۆژەیەكی ئابووری زۆر گرنگە، بەڵام ئێرانییەكان گومانیان لەپڕۆژەكە هەیە، كەناوچە سونییەكان بەهێز دەكات لەڕووی ئابوورییەوە و لەڕووی ئەمنیشەوە جێگەی گومانە بۆیان.

كەحكومەتی عێراقی پێویستی بەهەردووكیان هەیە، بۆ وڵاتەكەی و گەشەی ئابوورییەكەی.  ئەنكەرە هەردوو فایلەكەی خستووەتە بەردەم عێراق و ئامادەشە جێبەجێیان بكات، بەڵام بەمەرجی رێككەوتنی بەغدا، بەدەركردنی پارتی كرێكارانی كوردستان، واتا دەركردنیان لەشەنگال و موسڵ، دژایەتی لەقەندیل. كەعێراقییەكان هێشتا نە بەڵێنی وایان داوە، رەنگە سەخت بێت ئەو كارە بكەن لەبەر ئێران.  بەڵام خاڵی گرنگ كەپەیوەستەگی هەیە بە(هەولێرو بەغدا) لەگەڵ ئەنكەرە رێگاپێدانی عێراقە بەسەرلەنوێ ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركوك و شوێنەكانی تر بۆ توركیا، كە بەغدا پێی خۆش بوو نەوت نەڕوات، بۆ شكستی ئابووری هەرێم، توركیاش پێی خۆشە رێگە نەدات بەهۆی ملنەدانی عێراق بەدژایەتی پارتی كرێكاران. بەڵام ئێستا ئەنكەرە لەم سەردانەیدا لانی كەم داوا دەكات، لەڕێگای فرۆكەخانەكانی كەركوك و بەغدا رێگری لەهاتووچۆیان بكرێت و بەغدا لەناو پەیوەندی (تاران-قەندیل) بێلایەن بێت و بێتەدەر لەپردی پەیوەندی (تاران، بەغداو رۆژئاوا).

بۆ داهاتووش عێراق هەنگاوی كرداری بنێت دژی قەندیل، بەڵام دیسان سەختە عێراق بەڵێن بدات و بڕیار بدات. سەرەڕای هەموو ئەو فایلانە، بەڵام توركیا بڕیاری داوە، سەرەتای بەهار چەند ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدات بەمشێوەیە:

یەكەم: ئۆپەڕاسیۆنی بەهارە: توركیا بەنیازە لەبەهاری ئەمساڵدا سێ ئۆپەراسیۆنی زەبەلاح ئەنجامبدات.

1- پلانی ئۆپەڕاسیۆنی یەكەم، هێرشەکان لەخواكوڕك بۆ خنێرە بۆ قەندیل و دواتر ئاسۆس دەگرێتەوە، چ هێرشی زەمینی و چ هێرشی ئاسمانی و هەواڵگری.

2-پلانی ئۆپەراسیۆنی دووەم، لەشەنگالەوە بۆ گارا.

3-پلانی ئۆپەراسیۆنی سێهەم، بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر ناوچەی زاپ، ئامێدی، ئاڤەشین و برادۆست. 

دووەم: پلان و ئەجێندایەكی تری توركیا، بریتییە لەدروستكردنی سێ بەنداو لەناوچە جیاجیاكانی نێوان باشورو باكور بۆ رێگری هاتووچۆی گەریلا بەم شێوەیە.

1-دروستكردنی بەنداوێك لەئاڤەشین.

2 -دروستكردنی سێ بەنداو لەسەر زاپ و دروستكردنی سێ پردی پەڕینەوە بۆ دابڕینی ناوچەی هاتووچۆی گەریلاو چالاکییەکانی لەنێوان (چەلێ) لە باکورو (دێرەلووک) لەباشور، (گەڤەر) لەباکورو میرۆس (شیلادزێ) لەباشور، (شەمزینان) لەباکور و (ناوچەی شیروان و بارزان) لەباشور.

3-دروستكردنی بەنداوێك لەحاجی بەگ. جگە لەو پلانانە: وەفدەکەی تورکیا، خاڵی سێیەمیشیان باسکردووە، کەبریتیە لەوەی حکومەتی عێراقی (رێککەوتنی شەنگال)ی سەردەمی کازمی نێوان بەغدادو هەولێر بۆ ئامادەبوونی بلاسخارت نوێنەری پێشووی (UN) بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەچۆڵکردنی هێزی چەکدارو ناڕەسمی لەشەنگال، کەمەبەستیان دەرکردنی هێزەکانی (یەبەشە - یەکینەکانی پاراستنی شەنگال)ە و تەسلیم کردنیانە بەپارتی، بەڵام حکومەتی سودانی رازی نەبووە بەو مەرجە، چونکە گەر وابێت، دەبێت (حەشدی شەعبی)ش لەوێ دەربکەن، کەئەوەش مەحاڵە.

خاڵی گرنگی جیا لەوانە، وەفدەکەی تورکیا لەگەڵ حکومەتی عێراق داوایکردووە، چۆن بەغدادو هەرێم لەساڵی رابردوودا، رێککەوتنێکی ئەمنیان لەگەڵ ئێران واژۆ کرد بۆ دەرکردنی هێزەکانی (کۆمەڵە، دیموکرات، پژاک، خەبات) لەئۆردوگاکانیان و چەککردن و دروستکردنی کامپ و داماڵینی چەک لێیان لەبەرامبەر (پەکەکە)ش رێککەوتنی وا واژۆ بکرێت، هەموو بنكە و بارەگاكانیان دابخرێت.

بەڵام حکومەتی سودانی بەوەفدەکەی راگەیاندووە، (پەکەکە) هێزێکی چەکدارە لەشاخەكانی سنوری توركیایە، نە ئۆردوگای هەیە و نە لەناوچەکانی عێراق و کوردستان کامپی عەلەنی و ئاشكرایان هەیە. خاڵێکی تری گرنگ، تورکیا پێشنیاری کردووە، دەروازەیەکی نوێی بازرگانی لەگەڵ عێراق لەسێگۆشەی عێراق، تورکیاو سوریا لەناوچەی (دەرێ خاپور) بکەنەوە، كە وەكو بەدیلی ئیبراهیم خەلیل بێتە سەرچاوەی داهات و ئاڵوگۆڕی بازرگانی پێشنیار كراوە بۆ عێراق.

خاڵێکی تری داواکردووە، ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشی بازرگانی و سەربازی (بەغدادو هەولێر) دروستبکرێت، لەهەمانکاتدا دەست بەناردنە دەرەوەی نەوتی موسڵ و کەرکوکیش بکرێتەوە لەڕێگای هەرێمەوە، لەژێر چاودێری حکومەتی عێراقدا، كەڕۆژانە (450) هەزار بەرمیل رەوانە دەكرا، بەڵام لە (25/3/2023)ەوە بە بڕیاری دادگای پاریس راگیراوە، لەم خاڵەشدا توركیا مەرجی ئەوەیە؛ هاوكاری سەربازی و ئەمنی و هەواڵگری بدەنە توركیا لەشەڕەكانی داهاتوودا. بەڵام باسی سەرەکی ئەوەیە، ئێران چی دەڵێت؟ لەبارودۆخێكدا كە ئێران لەحاڵێكدایە پێویستی بە دۆستی زۆرو بچكۆلەش هەیە كە لەناوچەكە دەكوڵێت، ئەوەش دیارە كەئەمریكا، ئیسرائیل و توركیا لەبەرەیەكدان كە نەیاری ئێرانن. هەموو ئەو سەردانە یەك لەدوایەكانەی توركیا، فۆكەسی سەرەكی و ئامانجی هەرە گرنگ پەیوەندی هەیە بەپارتی كرێكارانەوە.

ئەنكەرە پێنج ساڵە هەموو هێزی خۆی لەشەڕی قەندیل لەهەرێمەكانی مەدیا، قەندیل، گارا، ئاڤەشین، زاپ و چیای مەتیناو ناوچەكانی تر دژی پارتی كرێكارانی كوردستان تاقی كردەوەو سەدان سەربازی تورك كوژران و شكستی خوارد، هەرچەندە توركیا لەساڵی (2018 تا ناوەڕاستی 2023)، (6058) هێرشی ئاسمانی و زەمینی لەهەرێم و رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە، لەپاڵ ئەوەشدا (30) و (3000) سەربازی بەقوڵایی سەد كیلۆمەتر لەخاكی كوردستان و عێراقدا بڵاوكردووەتەوە، بەڵام بە قسەی ئەفسەرە پایەبڵندە خانەنشینكراوەكانی توركیاش بێت ئۆپەڕاسیۆنەكان دژی پەكەكە سەركەوتوو نەبوون. 

لەئاستی سەربازی و مەیدانی شەڕدا، توركیا لەشەڕی گەریلایی و (پڕۆژەی تونێلەكانی قەندیل) كە (760) تونێلی یەكجار قایم و سەخت و كاریگەری بەبری (760) ملیۆن دۆلار لەناو چیا سەختەكان لێداوە، كە لەمێژووی شەڕی پارتیزانیدا وێنەی نییەو هاوسەنگی شەڕەكەی بەقازانجی گەریلا گۆڕیوەو ئەنكەرە تووشی شۆك و سەرسوڕمان بووە لە(شەڕی تونێلەكانی قەندیل) هەربۆیە پارساڵ (2023) لەیەكێك لەشەڕی تونێلەكان ناچار چەكی كیمیاوی بەكارهێنا. لەپلانی تازەی توركیاشدا لە (2019-2024) ئۆپەراسیۆنە زەبەلاحەكانی (چنگی پڵنگ، چنگی هەڵۆو چنگی قفڵ) بەبەشداری دەیان هەزار سەربازو شەڕی درۆنەكان و (F-16) لەقەندیل شكستی خوارد. واتا ئەنكەرە لەشەڕی هەواڵگری و شەڕی درۆنەكان و شەڕی زەمنی و تونێلەكانی قەندیل پاشەكشەی گەورەی كرد، بۆیە بەناوی هێناوەتە بەر لایەنی دیبلۆماسی و پەنجەی هاوكاریكردن بۆ (تاران، بەغدا و سلێمانی) رادەكێشێت.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
هاوڵاتی ڕێكلام


سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

2 هەفتە لەمەوپێش

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

3 هەفتە لەمەوپێش


پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق ئەمەریکا و یاساناسان توڕەدەکات

3 هەفتە لەمەوپێش


هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ خێرێکی بۆ پۆتین هەیە؟

4 هەفتە لەمەوپێش