شەڕی گەورە لەسەر شارەوانی ئەستەنبۆل دەکرێت

3 مانگ لەمەوپێش



هیوا سەید سەلیم

لە تورکیا چەندین شارەوانی گرنگ هەن کە لەپلەبەندی وەک گەورە شارەوانی هەژمار دەکرێن، بەڵام لەهەر هەموویان گرنگتر شارەوانی ئەستەنبۆلە، ئەوەیش بەهۆی گرنگی ئەم شارە لەبوارەکانی (سیاسی، ئابووری، پێشەسازی، هەروەها گەشتیاری) هەربۆیە ئەستەنبۆل بەیەکێک لەدەوڵەمەندترین شارەوانی دادەنرێت لەسەر ئاستی تورکیا.

ئاستی هەناردەکردن لەئەستەنبۆل 50%ی هەموو هەناردەی تورکیا لەخۆدەگرێت، ئەستەنبۆل دوای شاری ئیزمیر دەوڵەمەندترین شاری تورکیایە لەبواری ئابووری، ئەو شارە کەژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 16 ملیۆن کەس دەبێت بەپایتەختی ئابووری و رۆشنبیری و کەلتوری لەتورکیا ناسراوە. لەباری سیاسشەوە، راستە ئەنقەرە بەفەرمی پایتەختی تورکیایەو کۆشکی کۆماری و پەرلەمانی لێیە، بەڵام شاری ئەستەنبۆل هیچی لەئەنقەڕە کەمتر نیە، مەگەر زیاتر نەبێت، هەربۆیە لەنێو سیاسیەکانی تورکیا قسەیەکی باو هەیە کەدەڵێن:- « ئەوەی لەهەڵبژاردن ئەستەنبۆل بدۆڕێنێت وەک ئەوە وایە هەموو تورکیای دۆراندبێت» یان بەپێچەوانەکەیەوە ئەوەی ئەستەنبۆل بباتەوە هەموو تورکیای بردۆتەوە.

نموونەش بۆ ئەوەی سەرەوە ئەوەیە رەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتەکەی «پارتی دادو گەشەپێدان» AKP، پێش ئەوەی حوکمی تورکیا بگرنە دەست لەساڵی 2003 لەشارەوانی ئەستەنبۆل بوونە حاکم لەساڵانی 1998-1994 سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەنبۆل بەدەست (ئەردۆغان)ەوە بوو. رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەهەڵبژاردنی 2019ی شارەوانییەکان لەئەستەنبۆل و ئەنقەڕە تووشی شکست بوو، بەشێوەیەک کەهاوپەیمانیەتیەکەی کە لەگەڵ پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا MHP بوو، ئەو دوو شارەوانیەی بەقازانجی پارتی گەلی کۆماری GHP دۆڕاند، کەپێشتریش GHP بەبەردەوامی شارەوانی ئیزمیری دەبرەوە، واتا هەڵبژاردنی 2019 بۆ ئەردۆغان و AKP بەدۆڕانیان لە شارەوانی (ئەستەنبۆل، ئەنقەڕە، ئیزمیز) سێ گەورە شاری تورکیایان بەقازانجی GHP دۆڕاند. بۆیە بەپێوەری «ئەوەی ئەستەنبۆل بدۆڕێنێت هەموو تورکیا دەدۆڕێنێت» بوایە دەبوو ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی 2023 پەرلەمان و سەرۆکایەتی تووشی شکست بێت، بەڵام وا دەرنەچوو، کەئەوەشیان هۆکاری خۆی هەیەو جێگای قسەکردن نیە لەم وتارەماندا.

رۆژی 31ی ئاداری 2024 جارێکی دیکە دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەچنەوە سەر سندوقەکانی دەنگدان، دیسان چاوەکان زیاتر کەوتونەتەوە سەر شارەوانی ئەستەنبۆل. لەهەڵبژاردنی ئەمجارەی شارەوانییەکان هاوپەیمانیەتیەکان بۆ بردنەوەی شارەوانی ئەستەنبۆل گۆڕانیان بەسەر هاتووە، بەرەی دەسەڵات پارتی رەفای بەسەرۆکایەتی فاتح ئەربەکان، کوڕی نەجمەدین ئەربەکانی لێ جیابۆتەوە، هەروەها گرفتی کاندیدکردنی کەسێکی بەهێزیان هەیە تابتوانێت رکابەری کاندیدی GHP ئەکرەم ئیمام ئۆغلوو بکات. لەبەرامبەردا بەرەی ئۆپۆزسیۆن پەرت و بڵاوبووە، بەوەی هەریەک لە ئی پارتی بەسەرۆکایەتی مەڕاڵ ئاکشنەر لەهاوپەیامنیەتی میللەت لەگەڵ GHP نەماوە، دەم پارتیش کەجێگرەوەی هەدپەی جارانە کاندیدی خۆی بۆ شارەوانی ئەستەنبۆل ئاشکرا کرد، ئەوەش بەمانای ئەوە دێت کەئیدی دەم پارتی پشتیوانی لەکاندیدی GHP (ئەکرەم ئیمام ئۆغلوو) ناکات.

شایانی باسە، حزبی رەفا کە بۆ ئەم هەڵبژاردنە پشتی لەپارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار کردووە لەهەڵبژاردنی ئەیلولی 2023 کە لەچوارچێوەی هاوپەیمانی گەل لەگەڵ ئەکەپەو مەهەپە هاوپەیمان بووە، توانیبووی 5 کورسی پەرلەمانی بباتەوە و دەنگەکانیشی لەناو ئەستەنبۆل 3.2٪ بووە، بۆیە ئەردۆغان هەموو هەوڵێکی ئەوە بوو کەحزبی رەفا لەهەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەگەڵ ئەکەپە بمێنێتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئەو پارتە پێیان وایە کە ئەکەپە لەبەرامبەر بەڵێنەکانیان کە بەپارتی رەفایان دابوو راستگۆ نەبوونە، هەرەوها لەئێستادا ئەوان دەنگیان زیادی کردووە بۆیە بەشێوەیەکی سەربەخۆ لەهەڵبژاردنی 2024 شارەوانیەکان بەشداری دەکەن. سەبارەت بەوەی ئایا پارتی رەفا کاندیدی بۆ شارەوانی گەورەی ئەستەنبۆل دەبێت، سەرۆکی پارتی رەفا فاتح ئەربەکان، باسی لەکاندیکردنی خوشکەکەی ئەلیف ئەربەکان کچی نەجمەدین ئەربەکان سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا کردووە تاڕکابەری کاندیدەکانی دیکە بکات. لەنێو رکابەری کاندیدەکانی AKP و GHP کە لەئێستادا رکابەریەکە لەنێوان ئەکرەم ئیمام ئۆغلووی سەرۆکی ئێستای شارەوانی ئەستەنبۆل لەپشکی GHPو موراد کۆروم کاندیدی AKP کەئێستا وەزیری ژینگە و پلاندانان لەسەر پشکی AKP دەنگی دەم پارتی هەیە کەهەموو لایەک دەزانین ئەو دەنگانە لەهەڵبژاردنی 2019 شارەوانیەکان دەنگی یەکلاکەرەوە بوون بۆ بردنەوەی شارەوانیەکانی ئەستەنبۆل و ئەنقەرە بۆ کاندیدەکانی GHP.

ئەوەی دیارە تائێستا دەنگی دەم پارتی بۆ هیچ یەک لەم دوو کاندیدەی سەرەوە نیە، بگرە دەم پارتی کاندیدی خۆی هەیەو بەشداری لەشارەوانی ئەستەنبۆل دەکات. بۆچی دەم پارتی لەهەڵبژاردنی ئەم جارەدا پشتی لە ئەکەرەم ئیمام ئۆغلوو و GHP کرد؟ ئەو پرسیارە لەکاتێک دەکرێت کە تاهەڵبژاردنی 2023ی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا HDP کەئێستا لەژێر ناوی دەم پارتی کاردەکات بۆ خوولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا پشتیوانی لەکاندیدی ئۆپۆزسیۆن کەمال کلیچدار ئۆغلوو کرد، لەو بارەیەوە HDP کەوتە بەردەم دژایەتی توندی دەسەڵات و باجی زۆری ململانێی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی دا. بۆیە وەک دەرس وەرگرتنێک لەهەڵەکانی پێشوو، دەم پارتی بۆ هەڵبژاردنی 2024 بەپلان و بەرنامەی وردتر خۆی بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئامادەکردووە، هەر زووش رایگەیاندووە کەکاندیدی بۆ شارەوانیە گەورەکان دەبێت بەتایبەت بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەنبۆل. لەنێو ئەو گەمە سیاسیەدا کە دەم پارتی دەیکات هەر زوو باشاک دەمیرتاش رایگەیاند:» ئەگەر پارتەکەی رازی بێت ئەو ئامادەیە خۆی بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەنبۆل کاندید بکا» هەتا ئێستا دەم پارتی لەسەر دوو تەورە کاری کرد، یەکەمیان ئەوە بوو کەڕایگەیاندبوو کاندیدی بۆ شاری ئەستەنبۆل دەبێت، دووەمیشیان لەدانوستاندابوو لەسەر ئەوەی هەر لایەنێک ئامادەبێت داخوازییەکانی جێبەجێبکات دەم پارتی ئامادەیە کاندیدی خۆی بەقازانجی ئەو لایەنە بکێشێتەوە. دەم پارتی داوای لە AKP دەکرد بەڵێن بدات کە لەمەودوا قەیوم بەسەر شارەوانییەکان نەسەپێنێت و گۆشەگیری سەر عەبدولڵا ئۆجالان هەڵگرێت، مەرجیشی بۆ جەهەپە ئەوە بوو لەبەرامبەر پشتیوانیکردن لە کاندیدەکانیان لە (ئەستەنبۆل، ئەنقەرە، ئیزمیز) دەبێت جەهەپە کاندیدی لە سێ شارەوانی سنووری ئەستەنبۆل نەبێت و پشتیوانی لەکاندیدەکانی دەم پارتی بکات. تا نووسینی ئەم وتارە هیچ یەک لەبەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بەمەرجەکانی دەم پارتی رازی نەبوونە، بۆیە دەم پارتی رۆژی هەینی کاندیدی خۆی بۆ گەورە شارەوانی ئەستەنبۆل ئاشکراکرد کەبریتین لەهەریەک لە مێڕاڵ دانش بێشتاش و موراد چەپنی. بۆچی دەم پارتی کاندیدبوونی باشاک دەمیرتاشی رەتکردەوە؟ کۆمسیۆنی دەستنیشانکردنی کاندیدەکانی دەم پارتی داوای باشاک دەمیرتاشی بۆ کاندیدبوون لەکێبڕکێی شارەوانی ئەستەنبۆل رەتکردەوە، لەنێو ئەو کۆمسیۆنە زۆرینەی ژنان بوون کە لەگەڵ کانیدکردنی باشاک نەبوونە، ئەوەیش بەهۆکاری ئەوەی باشاک وەک کەسایەتی خۆی دەرنەکەوتووە بەڵکوو هێشتان لەبن سێبەری سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەری سیاسەت دەکات، بۆیە هێشتان ئامادەنیە بۆ ئەو ئەرکە قورسە کەڕکابەریە لەسەر پۆستێکی هەستیاری وەک سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەنبۆل. پێشتر دەم پارتی ئاشکرای کردبوو ئەگەر لەگەڵ رکابەرەکانی نەگاتە رێکەوتن ئەوا کاندیدی بەهێزی دەبێت، چونکە دەم پارتی دەزانێت رکابەری گەورە لەسەر پۆستی شارەوانی ئەستەنبۆل دەبێت. ئەگەرچی دەم پارتی باش دەزانێت کە بەدەستهێنانی شارەوانی ئەستەنبۆل نەک هەر ئاسان نیە بگرە زۆریش زەحمەتە، بەڵام نایەوێت بێ بەرامبەر کاندیدێک دەربچوێنێت کە هیچ سوودێکی بۆ ئەو نەبێت، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لەو بارەیەوە گووتبووی: ئەکرەم ئیمام ئۆغلومان کردە سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبۆل کەچی هۆڵێکی بە دەم پارتی رەوا نەدیت کۆنفرانسی خۆمانی تیا سازبکەین. رۆژی ٣١/ئاداری ٢٠٢٤، دەنگدەرانی تورکیاو باکووری کوردستان دەچنەوە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی 50 گەورە شارەوانی و سەدان شارەوانی شارەکان، بەڵام شەڕی گەورە لەو پڕۆسەیەدا لەسەر شارەوانی ئەستەنبۆل دەبێت.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
هاوڵاتی ڕێكلام


سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

2 هەفتە لەمەوپێش

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

2 هەفتە لەمەوپێش


پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق ئەمەریکا و یاساناسان توڕەدەکات

3 هەفتە لەمەوپێش


هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ خێرێکی بۆ پۆتین هەیە؟

4 هەفتە لەمەوپێش