پێگەی سینەما لەناو کۆمەڵگە و سـیاسەتی کوردیدا

3 مانگ لەمەوپێش



شوان عەباس بەدری

بێگومان سینەما پیشەسازی و هونەرێکی سەرنجڕاکێش و کاریگەرە و بەهۆی ئەو تەوژم و کاریگەرییەش دەتوانرێت لەڕێیەوە تاک هۆشیار بکرێتەوە و کۆمەڵگە ئاشنای دابونەریت و مێژووی فەرامۆشکراوی خۆی و لەڕوویەکی تریشەوە دەتوانرێت لەسەر پەردە زیوینەکەی سینەماوە ئەو ناعەداڵەتی و زوڵم و زۆرو نادادی و گەندەڵییەی ناو وڵات و کاریگەرییەکانی بۆ سەر دەروونی تاک بەتاکی نێو کۆمەڵگەکە نمایش بکرێت و هەروەک چۆن دەتوانرێت بۆ گەیاندن و بڵاوکردنەوەی دیدو ئایدۆلۆژیا و بەخواکردنی سەرکردەو سیستمی وڵات سوودێکی زۆری لێ ببینرێت، هەر ئەم تایبەتمەندییە دووفاقییەش بەدرێژایی ناسینی سینەماو قاڵبکردنی لەناو کۆمەڵگەی رۆژئاوایی و ئەمریکی و بەکەمێ دواکەوتنەوە لەناو رۆژهەڵات و ئەفریکا سەرنجی زۆربەی سیاسەتمەداران و کاربەدەستانی وڵاتانی بۆ لای خۆی راکێشاوە و بەباشترین شێوە بۆ گەیاندنی مەبەست و لەهەندێ دۆخی دیکەدا بۆ سڕینەوەی کەسانی پێش خۆیان سوودێکی زۆریان لێدیوە و بەباشترین شێوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان و هەنێ جاریش بۆ ناساندنی ئەو کارەساتانەی کە بەسەر گەل و وڵاتدا هاتووە بەکاریانهێناوەو هەروەها دەرهێنەرو نووسەرە بوێرەکانی ئەو بوارە چ بەشێوەی سەمبولی و چ راستەوخۆ لەڕێی چیرۆک و بەسەرهاتەکانی نێو فیلمەکانیان رەخنەی تووندیان لە دیکتاتۆرو سیستمی گەنیوی وڵات و بارودۆخی ناهەموارو دژواری نێو کۆمەڵگەکەیان گرتووە کەدواتر لەدرێژەی بابەتەکە دێمە سەریان و باسیان دەکەم.

خوێنەر نابێت ئەوە لە بیربکات کە راڤە و شیکاری و پەیوەندی دیالیکتی سینەما و سیاسەت لەناو کۆڕو کۆبوونەوە هونەری و فکرییەکاندا مێژوویەکی دوورو درێژی دەیان ساڵەی هەیە و گۆڕانکاری و تازەگەرییە دینامیکییەکانی نێو ئەو بوارەو هەروەها لەئەنجامی گۆڕانکارییە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکاندا دۆخێکی ئاڵۆزی گفتۆگۆیی لەباسی پەیوەندی نێوان ئەو بوارە و سیاسەت و ئابووریدا ئەفراندووە.

لەڕووی ئابووریشەوە پیشەسازی سینەما جێگەیەکی تایبەتی هەیە و بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەکان ساڵانە نزیکەی 3 ملیار کەس لەسەرانسەری جیهان سەردانی هۆڵەکانی سینەما دەکەن و ساڵانە داهاتێکی 15 ملیار دۆلاری لەڕێی فرۆشتنی بلیتی سینەماییەوە دەستدەکەوێت، ئەمە جگە لەفرۆشتن و پەخشی فیلمەکان لەلایەن کۆمپانیاکانی تایبەت بەپەخش و بڵاوکردنەوەی فیلم کەئەویش ساڵانە داهاتێکی 80 ملیار دۆلاری هەیە.

کوردستانیش هەروەک بەشەکانی دیکەی جیهان کەم تا زۆر ئاشنای ئەم پیشەسازی و هونەرە جیهانی و مەزنەیە کە بەداخەوە هێشتا بەپێی پێویست و بەشێوەیەکی قاڵبی و تۆکمە جێی خۆی لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا نەکردووەتەوەو هونەردۆستانی ئەو بوارە نەیانتوانیوە بەپێی پێویست و کارا ئەو نەهامەتی و کارەسات و خیانەتانەی بەدرێژایی مێژوو بەسەر کورددا هاتووەو بەرامبەری ئەنجامدراوە لەچوارچێوەی فیلمی سینەمایی و چیرۆکی جیاجیای تراژیدی بەدنیای دەرەوە بناسێنن و سۆزی کۆمەڵگەکانی دی بۆ لای دۆزی کورد راکێشن، هەروەک چۆن جوولەکەکانی دوای هیتلەرو نازییەت بەباشترین شێوە بەو کارە هەستان و لەڕێی بەرهەمهێنانی دەیان فیلمی سینەمایی سەرکەوتوو توانیان جیهان و کۆمەڵگە جیاوازەکان ئاشنای ئەو زوڵم و زۆرە بکەن کەدەرهەقیان کراوەو تاڕادەیەکی زۆریش توانیان سەبارەت بەهۆلۆکۆست و کۆمەڵکوژیان سۆزی جیهان بەلای خۆیانا راکێشن.

لەلایەکی ترەوە تەنانەت دەرهێنەرو هونەردۆستانی ئەو بوارە نەیانتوانیوە فیلمێکی وا بەرهەمبهێنن کەئاوێنەی بارودۆخی ناهەمواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری وڵات بێت و بینەر بە بینینیان هەستی ببزوێت و تاکی ناهۆشیاری کۆمەڵگە ئاشنای مەرگەساتەکانی نێو کۆمەڵگەکەی بکات و کاریگەرییەکی وا بەسەر بینەر بەجێبهێڵێت کە بیر لەچارەسەرو هەوڵی باشترکردنی بارودۆخی کۆمەڵگەکەی بکاتەوە، جا ئەو فیلمانە چ سیاسی بن چ کۆمیدی و تەنز چ کۆمەڵایەتی و مێژوویی.

ئاشکرایە هەموو سەردەم و زەمانێک سوژەو تایبەتمەندی خۆی هەیە کەدەتوانرێت بەباشترین شێوە سوودی لێببینرێت و بەرهەمێکی سینەمایی وایان لێ دروستبکرێت کەکاریگەرییەکانی بۆ چەندین ساڵ و بگرە جیل بمێنێتەوە هەروەک فیلمی پیانیستی رۆمەن پۆڵانسکی و کازابلانکای مایکڵ کۆرتیزو ژمارەیەک فیلمی دیکە کە لەناو مێژووی سینەمادا بەنەمری ماونەتەوە.

بۆچی گەلانی دیکەی ناوچەکەو جیهان بەباشترین شێوە توانیویانە ژیاننامەو چیرۆک و بەسەرهاتی قارەمان و شۆڕشگێڕو تەنانەت نووسەرو بیرمەندەکانیان لەچوارچێوەی بەرهەمێکی سینەمایی بەشانازییەوە بەهەموو جیهان بگەیەنن و لەڕێی سینەماوە بەنەمری بیانهێڵنەوەو جیلی نوێ ئاشنای مێژووی خەباتی رزگاریخوازی وڵاتەکەیان بکەن و لەلایەکی تریشەوە دەرهێنەرو نووسەران لەڕێی فیلمەکانیان توانیویانە گۆڕانکاری بنەڕەتی لەناو بڕگە یاساییەکانی باری    کەسێتی و سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتدا بهێنن هەروەک فیلمی (المغتصبون)ی میسری کە ماوەیەک نمایشی فیلمەکە لەلایەن بەرپرسانی هۆبەی سینەمای میسرییەوە راگیرابوو و دوای نمایشی فیلمەکەش لەهۆڵەکانی سینەما توانی کاریگەرییەکی وا لەسەر دڵ و دەروونی بینەر بەجێبێڵی کە لەئەنجامی داواکاری جەماوەر سزای نوێ بۆ ئەو کەسانەی دەستدڕێژی سێکسیان دەکردە سەر ژنان بەدیهات و کاریگەری فیلمەکە سنوورەکانی وڵاتی میسری بڕی و بەهەموو جیهانی عەرەبیدا بڵاوبووەوە، ئەمەو دەیان نموونەی دیکە.

بەڵام سینەماکارەکانی کورد لەکاتێکا دەیان و سەدان سوژەو بەسەرهاتی مەینەت ئامێزو تراژیدی و قارەمانی پڕ لەشانازی وەک لەیلا قاسم و نەمرەکانی هەڵۆی سوورو راگواستنی کوردە فەیلییەکان و ئەنفال و شەڕی ناوخۆو سەرەتاکانی لێکترازانی شیرازەی کۆمەڵگەی کوردی و مەترسییەکانی ئەو لێکترازانەو بابەتە دەروونییەکانی نێو خێزان و کۆمەڵگەو پەروەردەی تەندرووستی مناڵ و جیاوازی چینایەتی و لەباربردنی مناڵ و تراژیدیای مناڵی ناشەرعی و سەدان چیرۆکی دیکەی لەو بابەتە کەچی هێشتا لەناو گێژاوی فیلمی پلە دوو و سێ و چوارەکان گیرییان خواردووە و ئەخولێنەوە ؟! بەواتایەکی دی چ شتێک وایکردووە کەدەرهێنەرو سینەماکاران جورئەتی بەزاندنی هێڵە سوورەکانی کۆمەڵگە و سیاسەت و سیستمی وڵات و تابۆکانیان نەبێت و خۆیان بەچیرۆکێکی سادەی بێ ناوەڕۆک و چەند دیالۆکێکی هاکەزاییەوە مەشغوڵ بکەن؟!

ئایا باشتر نییە لەجیاتی ڤیستیڤاڵی سینەمایی و بەهەدەردانی پارەو هاتنی چەند بەرپرسێکی حزبی و حکومی بۆ خۆدەرخستن، بیر لەوەبکرێتەوە ئەو داهاتەی لەو جۆرە ڤیستیڤاڵ و دانیشتنانە خەرج دەکرێت بخرێتە خزمەتی پێگەیاندنی هونەرمەندو دەرهێنەری پلە یەکی سینەمایی و سەربەخۆو و دوور لەحزب و باڵەکانی حزب!؟

چ شتێک وا لەسیاسی و تەنانەت کاربەدەستە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات کەخۆیان لەقەرەی ئەم پیشەسازییە جیهانییە نەدەن و بیر لەدامەزراندنی دامەزراوەیەکی سینەمایی و هونەری سەردەمیانە نەکەنەوەو تەنانەت بیر لەوەش نەکەنەوە کە ئەو بوارە بۆ خزمەتی خۆیان بەکاربێنن هەروەک چۆن جەمال عەبدوالناسر دوای بە نیشتمانیکردنی کەنداوی سویس و هێرشە سێ لایەنەکەی بەریتانیاو فەرەنساو ئیسرائیل بۆ سەر میسر لەساڵی 1956 داوای لەسینەماکاران کرد بۆ بزواندنی هەستی خەڵکی فیلمێک لەبارەی مەزنی ئەو کارەو ئامانجەکانی و هێرش و جەنگەکەو سەرکەوتنی میسر بەبەرهەم بهێنن و هەروەها لەساڵی 1967 دوای شکستی ئابڕووبەرانەی حوزەیران و تێکوپێک شکاندنی سووپای میسرو سوریا و ئەردەن لەلایەن ئیسرائیلەوەو داگیرکردنی غەزەو سیناو قودس و جولان و کەرتی رۆژئاواو چەند ناوچەیەکی دیکە لەلایەن سووپای ئیسرائیلەوە بەفەرمانی کاربەدەستە باڵاکانی میسر سینەماکاران بۆ کەمکردنەوەی شۆکی دۆڕاندنی جەنگ و ئەو ناوچە بەرفراوانە جوگرافی و ستراتیژییە لەناو دڵ و دەروونی کۆمەڵگەی میسری هەستان بە بەرهەمهێنانی چەند بەرهەمێکی دیکەی سینەمایی جیاواز وەک عەتەبەی قەساب و گورگەکانی بەندەر.

هەر دوابەدوای ئەو شکست و نشوستییەش بەماوەیەکی کەم لەبەرئەوەی کاربەدەستان پەیمانەکەی خۆیان بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵکی و گۆڕینی بنچینەیی سیستەمی وڵات و چاکسازی نەبردەسەر، سینەماکاران هەستان بە بەرهەمهێنانی چەند فیلمێکی رەخنەئامێزی سیاسی و سەمبولی کەتێیدا رەخنەیان لەدەسەڵات و نادادی دەگرت و بەناوبانگترین ئەو بەرهەمانەش فیلمێکە بەناوی ( کەمێ ترس) کە جەمال عەبدوالناسر دووجار بەتایبەتی ئەو فیلمەی بینی، جاری یەکەم بەتەنیا و جاری دووەمیش لەگەڵ ئەنوەر سادات و دوای ئەوەی بڕیاڕی هەندێک دەستکاریان لەفیلمەکە داو گەیشتنە ئەو بڕوایەی مەبەست لەفیلمەکە جەمال عەبدولناسر نییە فەرمانیان دەرکرد فیلمەکە نمایش بکرێت لەکاتێکدا گەر بینەر بەووردی لەفیلمەکە بڕوانێ تێدەگات مەبەستی سەرەکی فیلمەکە خودی عەبدولناسرو دەسەڵاتە زۆردارو داپڵۆسێنەرەکەیەتی.

هەروەها دوای مەرگی عەبدوالناسرو لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەنوەر ساداتدا، سادات سینەمای زۆر بەباشی خستە خزمەت خۆی وسەردەمی پاکتاوکردنی دەیەی عەبدوالناسر دەستیپێکردو چەندین فیلمی سینەمایی وەک (ئێمە نەفەری پاسەکەین ) و (الکرنک) لەساڵەکانی 1979و 1975 بەبەرهەمهێنران و بەو جۆرەش سادات توانی خۆی وەک سەرۆکێکی جیاوازو نوێخوازو دوور لەهەڵەو تاوانەکانی سەردەمی جەمال عەبدوالناسر بەکۆمەڵگەی میسری بناسێنێت.

لەلایەکی تریشەوە لەسەردەمی شەڕی ساردی نێوان ئەمریکاو یەکێتی سۆڤییەت هەردوو وڵات هەستان بە بەرهەمهێنانی کۆمەڵە فیلمێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و تەنانەت کۆمێدی دژ بەیەک و کار گەیشتە ئەوەی بەبڕیاڕی بەرپرسانی کۆمیتەی ئەمنییەتی ئەمریکاوە لیستێک لەناوی سینەماکارو نووسەرە ئەمریکییە کۆمۆنیستەکان و ئەوانەی گومانی چەپ بوونیان لێدەکرا    ئامادەکراو هەموو ئەوانەیان لەکار دورخستەوە کە ((داڵتۆن ترامۆی)) نووسەرو سیناریست و ((چارلی چاپلن)) دوو کەسایەتی قوربانی ناو لیستە رەشەکەی هۆلیۆد بوون، خراپ نییە ئەوەش بزانین ((داڵتۆن ترامۆی)) دوای ئەوە بەناوی خوازراوەوە دەستیکرد بەکاری سیناریستی و سیناریۆی فیلمی ((مناڵە قارەمانەکانی )) بەناوی خوازراوی ((ڕۆبێرت ڕیچ))ەوە نووسی و ساڵی 1957 توانی خەڵاتی باشترین سیناریۆی فیلم بەدەستبهێنێت و هەروەها چارلی چاپلنیش تاساڵی 1972 رێگەی گەڕانەوەی بۆ ئەمریکا لێ قەدەغەکراو بەناچاری لە لەندەنەوە بەرەو سویسرا بەرێکەوت و تاکاتی گەڕانەوەی دووبارەی بۆ ئەمریکا لەگەڵ خێزانەکەی هەر لەو وڵاتە مایەوە، ئەمریکا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ناو بەناو فیلمی دژە کۆمۆنیستی بەبەرهەمدەهێنێت و هەر لەسەردەمی نازییەکانیشدا لەلایەن هیتلەرو گۆبڵزەوە گرنگییەکی تایبەتی دەدرا بەکارەکانی فریتس لانگی دەرهێنەر کەدواجار ئەو دەرهێنەرە لەنازییەت جیابووەوەو بەرگی دژە نازی کردەبەر.

ئاخۆ چەند بەرپرس و کاربەدەستی حزبی و حکومی بوارە جیاوازەکانی هەرێم مێژووی پەیوەندی نێوان حزب و حکومەت و سیاسەت و سینەمایان خوێندووەتەوە ئاگادارن کە پیشەسازی سینەما دەتوانێت چ رۆڵێک بۆ هۆشیارکردنەوەو ئاشتکردنەوەی تاکە تۆراوەکانی نێو کۆمەڵگە بگێڕێت و ئاخۆ دەزانن بەچ شێوەیەک دەتوانرێت بخرێتە خزمەت پەروەردەو پێگەیاندنی نەوەی دواڕۆژو ئابووری وڵات؟!

لەڕووسیای قەیسەری و لەسەردەمی نیکۆلای دووەمدا سینەما رۆڵێکی چەندانی لەناو فەرهەنگ و کۆمەڵگەی رووسیدا نەدەگێڕاو زیاتر فیلمی درامی و میلۆدرامی بەبەرهەم دەهێنران و ئەو ژمارە فیلمە کەمەش کە ناوئاخن و رووکەشێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیان هەبوو بەفەرمانی نیکۆلای دوا قەیسەری رووسیاوە کەبێگومان ئاشنای کاریگەرییەکانی سینەما بوو بۆ سەر هزرو دەروونی خەڵک لەنمایش و پەخش رادەگیران و هەندێک جاریش دەسووتێنران و لەناو دەبران!

بەڵام لەدوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر بارودۆخی سینەما گۆڕانکارییەکی بنچیینەیی بەخۆوە بینی و بەلشەفییەکان و بەتایبەتیش لینین گرنگییەکی تایبەتییان بەسینەماو پیشەسازی سینەما داو سینەما بوو بەیەکێک لەپایە گرنگەکانی هەڵمەتی ئاشناکردنی خەڵکی بەسۆسیالیزم و هەر لەو بارەیەوە لینین دەڵێت؛ (لەناو ئەم هەموو هونەرە سینەما بۆ ئێمەو هونەرەکانی تریش بۆ خەڵکی تر)) . ئەودەمەی ستالینیش دەسەڵاتی گرتەدەست زۆر زیاتر لە لینین بڕوای بە جادووی سینەما هەبوو و هەر لەبەرئەوەش سینەمای خستە ژێر دەستی خۆی و بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاریهێناو وتی؛ (لینین کاتی خۆی وتوویەتی سینەما بۆ ئێمە گرنگترین هوونەرەو منیش دەڵێم سینەما گەورەترین و کاریگەرترین ئامرازی پەیوەندی بینراوی گشتگیرەو هەر لەبەر ئەم تایبەتمەندییەش دەبێت ئەم ئامرازە بێوێنەیە بخەینە ژێر رکێفی خۆمان)) یان لەشوێنێکی دیکەدا وتوویەتی: ((سینەما بۆ ئێمە هەموو سووپاکانی جیهان بۆ دوژمنانی سۆسیالیزم )) هەر لەبەرئەمەش زۆر بەووردی چاودێری ئەو فیلمانەی دەکرد کە بەبەرهەم دەهێنران و زۆرجاریش فیلمەکان دەخرانە ژێر نەشتەری سانسۆرو قەدەغە دەکران هەروەک فیلمە 3 بەشییەکەی (( ئیڤانی سامناک )) ی ((سێرگئی ئایزنشتاین )) کە بەشی یەکەمی بێ کێشە نمایش کراو بەڵام بەشی دووەمی فیلمەکە کەباسی لەزاڵمی و خوێنڕێژی و دیکتاتۆری ئەو قەیسەرە سامناکە دەکرد بەفەرمانی ستالین لە نمایش راگیراو تامردنی ستالین مۆڵەتی نمایشی وەرنەگرت.

لەلایەکی ترەوە رەنگە چەند بابەتێکی وەک مافی ژنان و مناڵان و بارودۆخی ئاووهەواو زبڵ و زبڵدانەکان و گێچەڵ و توانجی سەرجادەکان بۆ هەندێک کەس بابەتگەلێکی سادە بێت و بۆ هەندێک کەسی دیکەش هەر جێی باس و گرنگیدان نەبێت، بەڵام لەکۆمەڵگە رۆژئاواییەکان هەر لەقۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی لەڕێی سینەماو فیلمی سینەمایی پەروەردەییەوە مناڵان ئاشنای ئەو بابەت و مەترسییانە دەکەن و لەڕێی فیلمەکانەوە فێریان دەکەن کەچۆن و بەچ شێوەیەک خۆیان لەو کێشەو مەترسییانە بپارێزن!

هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا بەشی سینەما لەزانکۆ کرایەوەو هەندێک کۆمپانیای سینەمایی خەریکە لەژێر خۆڵەمێشی فەرامۆشی چەندین ساڵەی سینەما لەهەرێمی کوردستان سەردەردەهێنن و بەپێی توانا گوڕوتینێک بەو هونەرە بێنازە دەدەن، بەڵام هێشتا بەپێی پێویست ناتوانن بەو کارە هەستن و چەندین لەمپەرو بەربەست دەخرێتە بەردەمیان، رەنگە هەروەک نیکۆلای دووەم کاربەدەستانی هەرێم لەترسی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی سینەماو فیلمە پلە یەکە جدییەکان زۆر گرنگی بەو پیشەسازییە نەدەن و خەمساردبن بەرامبەری، بەڵام دەبێت باش ئاگاداری ئەوەبن کەڕەوڕەوەی مێژوو و پێشکەوتن بەکەس راناگیرێت و درەنگ یازوو سینەما دەبێت بەبەشێک لەفەرهەنگی کۆمەڵگەو لەو رێیەوە تاکەکان زیاتر وشیار دەبنەوەو بەوشیاری تاکیش کۆمەڵگە رزگاری دەبێت لەشەڕە قۆچ و زەلکاوی کێشە ئەخلاقی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی!


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار