هەرێم.. لەناوەوە و لەدەرەوە

3 مانگ لەمەوپێش



هێرش ئەحمەد

1

دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و...هتد هەرێمی کوردستان بەچەندەها تەنگژەو ئاستەنگو کێشەی درێژخایەن سەرڕێژبووە لەدیوی ناوەوە گرفت و قەیرانەکان هەرێمەکەیان بنکۆڵ کردوەو دۆخەکە تا ئاستی کۆڵان قوڵپ ئەدات، لەدیوی دەرەوەو لەلای دۆستەکانی کوردو لەدیدی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە باوەڕو متمانەیان بەحکومڕان و دەسەڵاتداران لەئاستی سفردایەو حکومەت و دەسەڵاتەکەی رەوایەتی و کارایی خۆی لەدەستداوە! ئەم وتارە سەرپێیانە باس لەدیوی ناوەوەو دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکات.

2

راستیەكی حاشاهەڵنەگر هەیە كەدووبارەكردنەوەی هیچی نوێی تێدانیە كەئەمجۆرە لەحكومڕانی لەهەرێمی كوردستان شكستی گەورەی هێناوەو بەمجۆرە بەردەوامیدان‌و چاوداخستن لەسەر هەمان ریتمی پێشو هەر بەرەو خەرەندی قوڵتر دەڕوات. ئەوەی جێگەی داخە ئێستا كوردستان بەبەرچاوی هەمووانەوە بەرەو چارەنوسێكی مەترسیدار دەڕوات، ئەگەرچی ناڕەزایەتی‌و توڕەیی‌و حەماسی گەورە كەخۆڕسكانە رسكاوەو ساڵانێكە خەمڵیوە ئەمڕۆ قوڵپ دەدات و دۆخەکە ئاوسە بەگۆڕانکاری و جوڵان و راسان.

كێشەكەش لەوەدایە ئەگەر جارێك حكومڕانان‌و حزبەكان بەگشتی سەبەبكاربن دووجار ئەركە لەسەر كەسانێك كەلێیان رادەبینرێت‌و كوردستانی ماندووكراو چاوەڕوانی لێیان هەیە كەبێدەنگی‌و مەنگی هەرێم لەخەوهەستێنن‌و تین‌و تاوێكی جدی بەدۆخەكە بدەنەوەو دۆخی چەقبەستووی سیاسی‌و دارایی پێ‌ بنێتە قۆناغی گەشەی سیاسی‌و بوژانەوەی دارایی‌و ئابوری.

 حکومڕانانی خۆماڵی  دەستیان لەبینی هەرێم گیرکردوەو داغانیان کردوەو  هەتا لێواری هەڵتەكان‌و هەڵوەشانەوە بردوویانەو رۆژبەڕۆژ برینەكانی گەورەترو خەستەتر دەکەن، دوژمنە مێژووییەكانی چواردەوریشی رۆژبەرۆژ ددانی بۆ تیژ دەکەنەوەو هەر ساتەی لەسوچێكەوە كەڵبەی تیژییان لەجەستەی ماندووی گیردەکەن و بەلێزمە درۆن و موشەکی بەسەردا دەبارێنن.

3

بەدەم رێوە لەدیوی ناوەوە كەئاوا سەیری ئەم نیشتمانە ماندووە دەكەیت سەرت گێژدەبێت لەنەمانی ئینتما بۆ نیشتمان و هیچ بەرپرسیاریەتیەکی گشتی، نەبونی ژێرخانێکی ئابوری تۆکمەو قەرزاربونی حکومەت لەفرۆشتنی نەوت!ناكۆكی‌و ململانێی نێوان حزبە سیاسیەكان‌ لەسەر خێرو بێری گشتی، ئەو ناكۆكی‌و جەدەلە بێزەنتیەشیان گواستوەتەوە بۆ ناو زۆرێك لەهاوڵاتیان، روخانی پردی متمانەی نێوان هاوڵاتی‌و حكومەت‌و حزبەکان، دابەزینی رێژەی خزمەتگوزاری گشتی، لاوازی‌و كەمتوانایی دەزگای قەزایی‌و سەروەر نەبوونی یاساو یەكسان نەبوون لەبەردەم یاسا، قۆرخکردنی بازاڕ بەناوی (بازاڕی ئازاد)ەوە، پەرەسەندنی دیاردەی خێڵ‌و گەڕانەوە بۆ عەشیرەتگەرایی، زۆربونی رێژەی چەك‌و چەكداری‌و زیادبوونی ئاماری كوشتن‌و تاوان‌و بڵاوبونەوەی ماددەی هۆشبەر بەرێژەیەكی مەترسیدار، نایەکسانی لەداهاتو دابەشکردنی سەرچاوەکانی داهات، دواكەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن‌و لێسەندنەوەی مافی دەنگدان لەهاوڵاتی وەك سادەترین بنەمای دیموكراسی‌و بێبەشكردن لەو پرۆسە مەدەنیە، گوێنەدان بەوەی سەرجەم دامەزراوە یاسایی و دەستوریەکان لەناو بۆشایی دەستوری‌و یاساییدان، نەبوونی بودجەو دواكەوتنی زیاتری مووچەو ماندووبونی فەرمانبەران، پەككەوتنی پرۆسەی پەروەردەو تەندروستی‌و تەواوی سێكتەرەكانی دی، ناچالاکی و نەبوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ، گەورەبوون‌و زیادبوونی نایەکسانی چینایەتی‌و سستبوونی بازاڕو نەمانی جوڵەی ئابوری‌و قۆرخكردنی بازاڕ، سەرانەسەندن لەسەرمایەدارو مایەپوچبونی چەندین کۆمپانیا، بچوکبونەوەو پوکانەوەی پانتایی کۆمەڵگەی مەدەنی، شڵەژانی كۆمەڵایەتی‌و هەڵوەشانەوەو ترازانی پێكهاتە كۆمەڵایەتیەكان‌، دەوڵەمەندبوونی زیاتری كەمینەیەك لەسەر حسابی زۆرینەی كۆمەڵگاو هەژارتر بوونی زۆرینەیەك، بەرزبونەوەی رێژەی بێكاری لەنێو گەنجان‌و دانەمەزراندنی دەرچوانی زانكۆو پەیمانگاكان، سترێس‌و هەڵچونی تاك بەتاكی كۆمەڵگەو بڵاوبونەوەی بیری توندڕەوی‌و زۆربونی توندوتیژی، بەرزبونەوەی رێژەی شێرپەنجەو  یاریکردن بەتەندروستی مرۆڤەکان بۆ مەرامی بازرگانی لەنێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتدا، خراپی رێگاكانی هاتووچۆو زیادبونی گیانلەدەستدان بەرووداوی ئۆتۆمبێل.

دیاردەی هەڵهاتنی گەنجان‌و سەرهەڵگرتنیان بەرەو غەریبی و غوربەت و بێهیوابوون لەپاشەڕۆژێكی باشتر، دانەمەزراندن لەكەرتی حكومی‌و قۆرخكردنی كەرتی تایبەت لەلایەن كەسانی باڵای حزبییەوە.

نەمانی دەرفەتی یەكسانی كارو نابوتكردنی بڕوانامەو خوێندن‌و توانای زاتی‌و بێ‌ بایەخكردن‌و بەكەم سەیركردنی هەموو پرۆژەیەكی جددی‌و گرنگ.

زۆربوون‌و گەورەكردنی هێزی چەكداری زیاترو دروستكردنی تاقم‌و گروپی مافیاو بەڵتەجی كەلەژێر فەرمانی شەخسیدان‌و بۆ بەرژەوەندی تایبەت جوڵەیان پێدەكرێت و بەکاردەهێنرێن.

داگیركردنی زەوی‌و زار بەناوی وەبەرهێنان بۆكەسی پلە باڵای حزبی‌و سپی كردنەوەی پارەو بەفیڕۆدانی زیاتری سامانی گشتی، بڵاوبوونەوەی زیاتری گەندەڵی لەهەموو ئاستەكانداو شۆڕبونەوە بۆناو جەستەی حكومەت‌و حزب‌و كۆمەڵگە لەهەموو گۆشەیەكەوە، پەراوێزخستنی دامەزراوەی دادوەری‌و لاوازی چاودێری دارایی، خەساندن‌و نەهێشتنی رۆڵی میدیای ئازادو ئازاو ترساندن‌و زیندانی كردنیان، خامۆشكردنی هەموو ناڕەزایی‌و جوڵەیەكی كاریگەرو گرنگ.

4

لەدیوی دەرەوەش كەسەیری ئەم هەرێمە دەكەیت، زۆربوونی هێرشی درۆنەكان لەلایەن توركیاو ئێران‌و لەقاڵبدانی زیاتری ئەم كیانەو دەستخستنە قوڕگی هەرێم لەلایەن بەغداد، هێنانی خواردنی بەسەرچوو كەل‌وپەلی ئێكسپایەرو  بۆ بازاڕەکانی کوردستان و ساخکردنەوەی بەسەر هاوڵاتیدا، دۆخی نەخوازراوی کەرکوک و نەگەڕانەوەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم و پەرەدان بەتەعریبی نوێ.

بێ‌ ئومێدبوونی كۆمەڵگەی دەولی‌و دۆستەكانی كورد لەیەكنەگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەو پێشێلكردنی بنەماكانی دیموكراسی‌و بەرتەسككردنەوەی ئازادی بیروڕاو زیندانیكردنی رۆژنامەنوسان‌و بێ‌ ئەرزشكردنی دامەزراوە یاسایی‌و مەدەنیەكان.

5

نەمانی متمانەی هەرێم‌و دامەزراوە دەستورییەكان لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە زەنگێكی مەترسیدارەو مایەی هەڵوەستەی جددی‌و راچڵەكینە، لێ‌ لەهەمووی گرنگتر نەمانی متمانەی ناوخۆی هاووڵاتی هەرێمە بەحكومڕان‌و دەسەڵاتەكەی كەنوخبەی سیاسی لەكوردستان رۆژ بەرۆژ ئەزمونەكە لەداڕوخانی زیاتر نزیك دەکەنەوە.

رێگای چارەسەری جدی‌و بەپەلە هەر ئەوەیە حكومڕانانی كوردستان داواو خواستی گشتی جێبەجێببکەن و زۆر مەترسی و زەرەر بگێڕنەوەو لەژێر هیچ بیانویەكدا پەكی نەخەن و دوای نەخەن.

ئەمانەو سەدان كێشەی گەورەتر وەك تەوق لەگەردنی هەرێم‌و خەڵكەكەیدان ‌و حكومڕانی خەمساردو گوێنەگر لەدرێژەدان بەو هەموو ئاستەنگو قەیرانە بێباکە لەكاتێكدا دەزانن هەڵەیە، بەڵام هەر بەردەوامیشن بۆیە کەمتەرخەمی و وتنەوەی قسەی سواو چاکسازی رووکەشانە کات کوشتنە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
هاوڵاتی ڕێكلام


سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

2 هەفتە لەمەوپێش

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

2 هەفتە لەمەوپێش


پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق ئەمەریکا و یاساناسان توڕەدەکات

3 هەفتە لەمەوپێش


هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ خێرێکی بۆ پۆتین هەیە؟

4 هەفتە لەمەوپێش