چی لە ١٧ی شوبات مایەوە؟

3 مانگ لەمەوپێش



هێرش ئەحمەد

-ئەوە چی بوو روویدا؟ زللەكەی (فادییە حەمدی) ئەفسەر، لە (محەمەد بوعزیزی) كەگەنجێكی عەرەبانچی بوو پاشان خۆسوتاندنی، بووە سەرەتای تەقینەوەیەكی جەماوەری گەورە كەشورای حكومەتە عەرەبیەكانی هەڵتەكاندو هەرەسی بەو دەسەڵاتو سەرۆكە نەگۆڕانەی عەرەب هێنا كەوەك سیستمێكی بەبەرد بووی لێهاتبوو. ئیدی وەك كەوتنی پولی دۆمینە زۆرێك لەحكومەتو سەرۆكە ئەبەدییەكان یەك لەدوای یەك بەشێوەیەكی زۆر كۆمیدی كەوتنو سەڵتەنەتو حوكمڕانیان پێچرایەوە. بەئیلهام وەرگرتن لەو رووداوە گەورەو شۆكهێنەرانەی وڵاتانی عەرەبی، لەهەرێمی كوردستانیش 10 شەهیدی بەناهەقو زیاتر لە500 بریندار، ماجەرای ئەو خۆپیشاندانەو رۆژانی دوایی بوو کەدواتر بە 17ی شوبات ناسرا، رووداوێك كە لەساتی خۆیدا وەك بومەلەرزەیەك وەهابوو بەگوڕێكی بەهێز عەرشی حوكمڕانانی كوردستانی لەرزاند. چۆن بوو؟ چۆن كرا؟ كێ داڕێژەرو كێ تەنفیزی كرد؟ شتێكی ترەو ئەم وردە سەرنجە ناچێتە ئەو پێچو پەنایەوە.

٢- لەبەر شۆڕش-گێڕ! رێ نیە بڕۆیت دوای 13 ساڵ كەسەیری ئەو رووداوە دەكەم خەونو داواكاریو قەیرانو كێشەكان وەكخۆی ماون و زیاتربوون. ئەگەرچی خەڵكی بەشمەینەتو چەوساوە خوێنو فرمێسكو رەنجی زۆریدا، بەڵام بەداخەوە كەسانێك لەسەر پشتی ئەو خۆپیشاندەرانە بازیان بەسەر خوێنو ژیانی قوربانیەکان و هەموو داوایەكی رەوادا داو ئەو رووداوەیان كرد بە بەردەباز بۆ پەڕینەوە بەرەو ژیانێكی سوڵتان ئاساو چنینەوەی بەراتو دەسكەوتە كەسیەكانیان بۆ خۆیان خڕكردەوەو هەمووانیان فریودا. ئەوانە ئەفەندییە لوتبەرزەكانی ئەو حزبانە بوون كەخۆیان بەفریادرەس دادەنا، شۆڕشگێڕی موزەیەفو پاڵەوانی ساختە بوون، ئایكۆنی پووچو فیگەری بەتاڵو هیچ لەبارادانەبوو بوون كەخوێنو داوای رەوای خەڵكیان فرۆشت بەپلەو پەرلەمانتاریو راوێژكاریو چەردە دۆلار. ئەو (شۆڕش- گێڕانە) بەگوتاری عەوام فریودەری هاتن، ئەو ساختەچیانە خەونو گۆڕانكارییەكەیان دزیو مرداریان كردەوە، تەنیاو تەنها خەمی شەخسیو دەسكەوتی تایبەتیان هەبوو، ئەوانە حەزێكی شێتانەی دەركەوتن لەناو میدیای بینراوو نووسراو خۆ بەپاڵەوان بوونیان هەبوو، وەك مەحمود دەروێش دەڵێت: «جگە لەوێنەی خۆیان لەسەر شاشەكان هیچی تریان بۆ گرنگ نیە».  ئەوانە كەهاتن بەموزایەدەی بێ بڕانەوە دەستیانپێكرد، ئێ موزایەدەش ئاسانترینو هەرزانترین دیوی سیاسەتە، هەیەجانی موزایەدەیان فەزاكەی تەنیبوو، ئەوان هاتن بۆ خۆپەرستیو ناوپەرستیو بۆ هەوای نەفسو زۆر شەعبەوییانە خۆیان لێ بووبووە قەشەی راستگۆییو مەردی مەیدانەكان، ئیدی مافو داوای رەوا، شەهیدو بریندارو زیندانی، ئەو هەموو دروشمە گەورەیەو ئەو خۆپیشاندەرە ئازاو ئازادەیان بەتەنیا جێهێشتو لەكۆشكو ڤێلاكانیانەوە سەیری مەینەتی خەڵك دەكەنو هێشتا دەبێت وەك فریادڕەسی چەندین قۆناغ سەیربكرێن. لەدەسەڵاتو حزبە تەقلیدیەكان ناشیرینتر ئەم موزایەدەچیو ئەم ئەفەندییە ساختەچیانەن كەخەون دزو فریودەر بوون، كەحورمەتو رێزیان بۆ زۆرشت نەهێشتو تەنها كرداری بێ حاسڵیان هەبوو. ئەو موزەیەفو دەغەڵانە خۆیان كردە سۆپەرمانو حەكیمی وەزعەكە وەك فریادڕەسی قۆناغەكە مژدەی سەردەمێكی تریان بەخەڵكو خۆپیشاندەران وتو داهاتو بەخششی ئەو ساتەوەختە گرنگەیان دزی. هەر ئەم موزەیەفو موزایەدەچیانە حزبێكیان بەبەرنامەو پرۆژەوە خستە گۆڕەو زیندە بەچاڵیان كرد، گۆڕانكارییان كردە شتێكی كڵێشەییو لەمانا راستەقینەكەی خۆی بەتاڵیان كردەوە. خەونو پرەنسیپو جوامێریو مانەوە لەمەیدانی جەماوەریان تەڵاقداو دۆخێكیان خوڵقاند كەهیچ عەیبەیەك عەیبەو شورەیی نەبێتو بەدوای خەونی تایبەتی خۆیان رۆشتن.

٣-دەنگی پێی دەستەبژێرێک دێ! ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە: كێ قەرەبووی ئەو خەسارەتە گیانیەو ئەو تەلەفە مەعنەویو رۆحیە دەكاتەوە، كێ بەرپرسە لە لەباربردنی خەونو ئومێدە گەورەكانو نەهێشتنی متمانە؟ كێ ئەو زەرەرو زیانە گیانیو نەمانی باوەڕە جوبران دەكاتەوە؟ كاتێك ئەو ساختەچیو تیجارانە هەموو داواكارییەكی گشتی رەوایان بۆ مەبەستی شەخسیو دەسكەوتی تایبەتی بەكارهێنا، جۆرێك لەمەنگیو دۆشدامانی کۆگیر فەزای گشتی رەنگڕێژ كردووە لەئاستی میللیدا متمانەو باوەڕ بەزۆر خەونو دەستپێشخەری گەورە لەقبووەو ژینگەی كۆمەڵایەتیو فەزای سیاسی كوردستان ئالودە بووە بەبێمتمانەییو دوودڵیو دڕدۆنگیو گومانو ترسو قەلەقی، ئەمەش دەستكردی بزوتنەوەی پۆپۆلیستیو ئۆپۆزسیۆنی فەیكە كەخەونی خۆپیشاندەران و ناڕەزایی خەڵكیان هەڕاجو هەرزانفرۆش كرد. موزایەدەچیەكانو رەوتی پۆپۆلیست كارێكیان كردووە پاڵەوانی راستەقینەو فسفس پاڵەوانەكان چەشنێك تێكەڵ بن وەك جیاكردنەوەی شەكرو خوێ وابێت. موزایەدەچیەكانو شۆڕش- گێڕەكان، جۆرێك لەدوو دڵیان لەناو فەزای گشتی دروستكردووە مەگەر دەستەبژێرێكی ئاقڵەمەندو بەرپرسو بەدەروەست بێتو وەبەرهێنانو سەرمایەگوزاری لەتواناو وزەی خەفەكراوو خامۆشكرای كوردەواری بكاتو هەلومەرجی داسەپاوو لێڵو چەقبەستوو بگۆڕێت بۆ دروستبوونەوەی ئومێدو متمانەو باوەڕ بەزۆر خەونی لەبابراو. لێرەوە پێویستی دەستەبژێرێكی ئاقڵمەند بۆ دۆخی ئێستای كوردستان كەمەیینو مەنگی، بێدەنگیو كەموكوڕی، گەندەڵیو قەیرانی دارایی، نادادیو نایەكسانی بگۆڕێت بۆ عەدالەتی كۆمەڵایەتیو راستكردنەوەی حوكمڕانیو بووژانەوەی سەرجەم سێكتەرەكانو بەرەوپێشچوونی باری دارایی هەرێم، هاتنی دەستەبژێرێكی دڵسۆزو خەمخۆر زامنی دروستبوونی حكومەتێكی بەهێزو بەرپرسو ئۆپۆزسیۆنێكی سەنگینو چاودێرە لەگەڵیشیدا.

٤-تازە دەستپێدەکات ئەوانەی پێیانوایە ئەو شەپۆلی توڕەییو ناڕەزایەتیە جەماوەرییانە پەكیكەوتووەو توانای رابوونەوەی نەماوە، با دووجار بیربكەنەوە، دووجار بیربکەنەوە كەشوهەوای سیاسی ئامانی بۆ نیە، با خۆیان لەگێلی نەدەنو ئەزمونو مێژوو بخوێننەوەو پەندی لێوەربگرن. ئێستا ناڕەزاییەكان زۆرترەو نادادییەكان لە17ی شوباتو رۆژانی دوایی زیاترە، رێبواری راستەقینەو بزوێنەری ئەو دۆخە چەقبەستووە لەو رۆژانە قەرەباڵغترە هێشتا كتێبی مێژوو كراوەیەو دانەخراوەو ئەوە هەموو دیمەنەكە نیە. ئەمە ئەوسەری رێگاكەو كۆتایی مێژوو نیە روانین بۆ سبەینێیەكی لەدوێنێ‌‌و ئەمڕۆ باشتر، بۆ حوكمڕانیەكی رەشیدو بەرپرس بووە بەداواكاری گشتیو پشتیوانیەكانی زۆر زۆرن. با خاوەخاوو خۆسەپێنیو چاو داخستنو گوێنەگرتن هەبێت، با گەیشتن بەڕێگای راستكردنەوەی حوكمڕانیو وزەی گۆڕانبەخش قەدبڕو یوتێرنیشی تێدابێت هێزی خەوتووی میللەتی زوڵملێکراو باوەڕو متمانەی بەڕوانینو تینو تاوی نوێ هەیەو هەر ئەوەش دەیباتەوە.

٥-وتم بۆ نا؟ دوای 13 ساڵ لەو رووداوە گرنگ‌و ناكامەی 17ی شوبات‌و رۆژانی دوایی بارودۆخ بەگشتی زۆر گۆڕاوە، بەڵام قەیران‌و گرفت‌و كێشەو نادادییەكان زیاتربوون و وەکخۆیان ماون. ئەو موزایەدەچی‌و موزەیف‌و ساختەچیانە شەرمەزاری خوێنی ئەو گەنجانە بن كەبەنرخی گیانی ئەوان ئێستا لەژیانێکی شاهانەیان و هێشتا لوتبەرزانە خۆیان بەفریادڕەس دەزانن و خوازیارن لەشوێنی ترەوە تێهەڵچنەوە بۆیە وریابن بیان ناسنەوە!. حەیف كە رۆحیەتی گۆڕانكاری‌و عەدالەتی كۆمەڵایەتی‌و خەون بۆ ژیانێكی باشتریان فرۆشت‌و دزییان. سەت حەیف‌و مەخابن كەئەم مۆراڵ‌و رەفتارە ناشرینەیان هاوردەی ناو ژیانی سیاسی و حزبی كرد. جا منیش لەمساڵدا كەسەیری ئەو رووداوانەی ئەو رۆژەو ئەوەی لە17ی شوبات مایەوە دەكەم، بۆ ئەو ئەفەندییە فریودەرو ساختەچیانە كەزۆر خوێن ساردانە بەسەر شان و خوێنی ئەو هەموو گەنجەدا پۆست‌و پلەو ڤێلاو باخ‌و موچەی زەبەلاحیان چڕی، وتم بۆنا؟ باهەندێ‌ سەرەقەڵەم بنووسم: با ئەو ئەفەندی‌و قاچاخچیانە لەناو زەلكاوی مێژوودا بەخەتێكی رەش ناویان بنووسرێتەوە. وتم قەیدی چیە! با ناڕەزایی‌و داواكارییە رەواكان بخەسێن‌و سەركوت بکرێن، با مافە رەواكان بشەمزێنن‌و بەبیانووی جۆراوجۆرو بەهەزار بەیت‌و بالۆرەی سواوو نامەنتقی‌و بەسەرچوو دوابخرێت، ئەمما هەر رۆژ دەبێتەوەو شەوگاری یەئس و نائومێدی تەواو دەبێت و هەر هەق دەیباتەوە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
هاوڵاتی ڕێكلام


سەنتەری میترۆ: ژینگەی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان، ژینگەی دەربازبوونە لە سزای تاوان بەرامبەر رۆژنامەنووسان

2 هەفتە لەمەوپێش

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 12 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە

2 هەفتە لەمەوپێش


پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق ئەمەریکا و یاساناسان توڕەدەکات

3 هەفتە لەمەوپێش


هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ خێرێکی بۆ پۆتین هەیە؟

4 هەفتە لەمەوپێش